عیشقێكی هەڵە خەریك بوو ژیانی بێریڤان بكاتە دۆزەخ

عیشقێكی هەڵە خەریك بوو ژیانی بێریڤان بكاتە دۆزەخ
پەروەردەی دروست لەنێو هەر ماڵباتێك لەدواجاردا كۆمەڵگەیەكی پەروەردە كراوی دروست بەرهەم دێت، كاتێكیش تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە لەئاستێكی باشی پەروەردە تاكێكی هۆشیاری پەروەردەكراوێكی دروست دێتە بەرهەم ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو پێگەكانی كۆمەڵگە دەبێت بۆ گەیشتنیش بەو ئاستە هۆشیارییەی لای تاكەكانی كۆمەڵگە دەبێت لەماڵباتەوە دەست پێ بكەین،لەنێو ماڵباتیش باوك و دایك رۆڵی هەرە سەرەكی دەبینن لەپەروەردەكردنێكی دروستی تاكەكانی ئەو ماڵباتە، بەشێوەیەكی گشتی هۆشیاری دایك و باوك و ئابوورییەكی باش و كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر رۆڵی گرنگ لەبەرهەم هێنانی ئەو تاكە تازە پێگەیشتووەی كە لەدوا جاردا تاكێكی بەرهەمهێنەر بێت بۆ كۆمەڵگە دەبینن.
تەنیا ئابوورییەكی باش ئایندەیەكی گەش دابین ناكات
ئێمە و مانانی گەنج و تازە پێگەیشتوو پێمان وایە ئەگەر ماڵباتەكەم ئاستی ئابوورییان بەرز بێت خۆشگوزەرانی لەنێو ماڵباتەكەمان دەهێنێتە كایەوەو خۆشمان لەدواجاردا ئەوەی ئارەزووی دەكەین بەدی دێت و دەبینە كەسێكی بەرهەمهێنەری كۆمەڵگە، بەڵام كەسانی لەخۆمان بەتەمەن تر بەپێچەوانەوە پێیان وایە ئابووری ئەو رۆڵە گرنگانە نابینینێ كە ئێمە وای بۆ دەچین، بەڵكو ئەوان بوونی دایك و باوكێكی هۆشیار لەئابوورییەكی باش گرنگترن، بۆیە لێرەوە پەلكێشی ناو رووداوێكی راستەقینەتان دەكەین بەوەی چۆن كچێك كە لەناو ماڵباتێكی خوداپێداو گەورە دەبێت، بەڵام لەرووی پەروەردەوە لەئاستێكی خراپدا دەبن نازانن پەروەردەیەكی دروستی منداڵەكانیان بكەن، چۆن چارەنووسێكی نادیار چاوەڕوانی بێریڤان دەكات، بەڵام بابزانین كێ رزگاری دەكات.
بێریڤان كێیە
بێریڤان كچێكی تەمەن لەسەرووی 20 ساڵیەوە و قوتابی قۆناغی ئامادەییە و ئێستاش لەخوێندن بەردەوامە، ئەو رووخسارێكی هێندە جوانی هەیە وادەزانێت هەر كوڕێك بەرێگادا بڕوا عاشقی ئەوە، ئەو كچە وەك خۆی باسی دەكات لەرووی پەروەردەییەوە وەك پێویست پەروەردەیەكی دروست نەكراوە ئەمەش خەریك بوو چارەنووسێكی تاریك بەقسمەتی خۆی بكات، بێریڤان لەدرێژەی گێرانەوەی ژیانی خۆی باس لەوە دەكات ماڵباتەكەی جگە لەدایك و باوكی 3 براو 2 خوشكی لەخۆی بەتەمەنتر پێكهاتووە، ئەو دەڵێت باری ئابووریی ماڵباتەكەم هێندە باش بوو هەر چییەكم داوا بكردابوایە بۆم جێبەجێ دەكراو زۆر بەناز گەورە كراوم، كاتێك بەرێگا دەرۆیشتم وامدەزانی هەموو كوڕێك عاشقم بووە، بەڵام هەمیشە بەخەیاڵی ساتێك پیاسەی ئەو كوڕو كچانەش بوومە كە وەك دوو عاشقی سەر شێت لەنێو گوڵ و گوڵزاری پاركەكانی ئەو شارە پیاسەیەك دەكەن و هەناسەیەكی عاشقبوون هەڵدەمژن.
بێریڤان دەكەوێتە داوی عیشقەوە
بێریڤان ساتێك قسە بۆ یەكێك لەتوێژەرانی كۆمەڵایەتی دەكات ئەو لەبارێكی دەروونی زۆر خراپدا دەبێت، ئەو بەئەستەم دەتوانێت چیرۆكی تاڵی ژیانی خۆی بگێرێتەوە، لەگەڵ دركاندنی هەر وشەیەك ئاخێك هەڵدەكێشێت، ئاخێك بۆ ئەو رۆژانەی كە چۆن قەدەر بەم رۆژەی گەیاندووە، بێریڤان بەردەوامی بەقسەكانی دەدات و دەگێڕێتەوە، بەیانییەكی ئەم پاییزە كاتێك بەرەو قوتابخانە بەرێگاوە بووم چاوم بە پیاوێكی تەمەن كەمتر لە 30 ساڵە كەوت، ئەو پیاوە سەیری چاوەكانمی دەكردو چاوەكانی ئەویش سەرنجی راكێشام، ئەم هاتنە سەر رێگایەو سەیركردنم زیاتر لە دوو هەفتەی خایەند تا گەیشتە ئاستی ئەوەی پەیوەندیی خۆشەویستی دابنێین.
دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبێت
بێریڤان بەهۆی كاریگەرییە خراپەكانی بەهەڵە تێگەیشتن لەژیان لەگەڵ دركاندنی هەر وشەیەك ساتێكیش بێ دەنگ دەوەستاو ناوە ناوەش درێژەی پێدەدا، ئەو گوتی، من یەكەمجارم بووە تووشی داوی خۆشەویستی ببم، شەمیران بەشێوەیەك قسەی بۆ دەكردم كە ئەو لەهەموو تەمەنیدا عاشقی هیچ كەسێك نەبووە جگە لەمن نەبێت، ئەو نازی رۆژانە بۆ دەیان جار پەیمانی خۆشەویستی بۆ نوێ دەكردمەوە و دەیوت كە ئەو تائێستا ژنی نەهێناوەو ئامادەیی خۆشی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵمدا نیشانداوە، بەقسەكانی شەمیران باوەڕم كرد بوو، خۆم وەك پاشایەك لەسەر ئەو زەمینە داهاتە بەردەوام و گوتیشم تازە من ئەو كەسەی لەژیاندا دەمویست دەستم كەوت و بەخۆشەویستیی راستەقینەی ژیانم گەیشتم، بەڵام نەمدەزانی هەڵەم، بۆیە لەناكاو شەمیران كوردستانی بەرەو یەكێك لەوڵاتانی ئەوروپا بەجێهێشت و بۆ دواجار ماڵئاوایی لەبێریڤان كرد، دوای گەڕان و سۆراخێكی زۆر لەدواجاردا بۆم دەر كەوت ئەو قسانەی شەمیران بۆ منی دەكرد هیچی وا نەبوو، ئەو ژنی هێنا بوو و خاوەنی 4 منداڵیش بوو، كاتێك سەفەری یەكجارەكیشی كردووە نەك من،بەڵكو ژنەكەشی ئاگادار نەكردۆتەوە.
بەئومێدەوە لەژیان دەڕوانێ
دوای ئاشكرا بوونی راستییەكانی ژیانی شەمیران و بەجێهێشتنی یەكجارەكی، بێریڤان دووچاری بارێكی دەروونی یەكجار خراپ دەبێت و بیر لەرووداوێك دەكاتەوە كە هیچ ساتێك بیری بۆ نەچوو بوو ئەویش خۆ كوشتن بوو، بیریڤان بەرێنمایی چەند هاوڕێیەكی لەبری ئەوەی هەوڵی خۆ كوشتن بدات دەچێتە لای بەشی دەروونی سەر بەیەكێك لەرێكخراوەكانی ئافرەتان و توێژەرێكی كۆمەڵایەتی رێنمایی پێویستی دەكات و ئێستا هەوڵ دەدات هەموو ناخۆشییەكانی ژیانی لەبیر بكات و بەئاسۆیەكی روونتر سەیری ژیان بكاتەوەو لاپەڕەیەكی سپی هەڵبداتەوە، بێریڤان پاش رێنمایی كردنی لەلایەن ئەو توێژەرە دەروونی بەرەو دۆخی باش هەنگاو دەنێ و ئێستاش بەئومێدەوە لەژیان دەڕوانێ، بۆیە بێریڤان ئێستا هەموو یادگارییە تاڵەكانی پێشوو و بیركردنەوەش لەخۆ كوشتن وەلاوە دەنێت و روونتر لەژیان دەڕوانێت و ئایندەیەكی گەش لەچاوەڕوانیدایە.

ئەم چیرۆكە رووداوێكی راستەقینەیە و لەپەیمانگای پرسە كۆمەڵایەتیەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەرگیراوە.
Top