لەکۆی حەڤدە داواکاری کەم ئەندامان، حکومەت ڕەزامەندی لەسەر سێزدەیان داوە

لەکۆی حەڤدە داواکاری کەم ئەندامان، حکومەت ڕەزامەندی لەسەر سێزدەیان داوە
18ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- ئەندامێکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بەئامادەبوونی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ سەرجەم نوێنەرانی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوینەتەوە و لەکۆی حەڤدە داواکاری کەم ئەندامان، حکومەت ڕەزامەندی لەسەر سێزدەیان داوە.

ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی کوردستان، ژیان عومەر، لەلێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانس وڕادیۆی پەیامنێر گوتی:"لیژنەکەمان بەئامادەبوونی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، لەگەڵ نوێنەری سەرجەم کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووتەوە و لەنزیکەوە گوێی لەڕاو پێشنیار و داواکاریەکانیان گرتووە".

ژیان عومەر، گوتی:"لەکۆی حەڤدە داواکاری کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان، حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر سێزدە پێشنیار داوە".

ئەم پەرلەمانتارەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی:"لەکاتی گفتوگۆ کردن لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو، ئێمە باس لەداواکاریەکانی کەم ئەندامان دەکەین و هەوڵدەدەین داواکاریەکانیان لەناو بودجەدا بچەسپێنین".
Top