د.چنار سەعد عەبدوڵڵا بۆ گوڵان:ئافرەتانی حزبی بەرامبەر بە گەندەڵییەكان كەمتەرخەم و بێدەنگ نین

د.چنار سەعد عەبدوڵڵا بۆ گوڵان:ئافرەتانی حزبی بەرامبەر بە گەندەڵییەكان كەمتەرخەم و بێدەنگ نین
ئا:ڕۆشنا عومەر

د.چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی رێكخراوە پیشەییەكانە، هەروەها پێشتریش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و وەزیری كاروباری شەهیدان بووە و مامۆستای زانكۆشە، هەربۆیە لەم دیمانەیەدا چەندین پرسی تایبەت بەرەوشی ئافرەتمان لەگەڵیدا تاوتوو كرد، خاتوو چنار لەگەڵ ئەوەی ئەو ئەندامی سەركردایەتی حزبێكی سیاسییە، بەڵام بە بڕوا بەخۆبوونەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئافرەتی حزبی هەرگیز بەرامبەر پێشیلكردنی مافەكانی ئافرەت و دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت بێدەنگ نەبووە .
***
* هاوكات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، كۆنفرانسێكی 16 ڕۆژە لەهەولێر بەهەمان مەبەست ڕێكخراوە، كۆنفرانسی لەوجۆرە تاچەند كاریگەری لەسەر دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەت دەبێت؟
- هەموو كۆنفرانس و كۆنگرەیەك، یان هەر دانیشتن و گۆڕینەوەی بیروڕایەك سوودی خۆی دەبێت، چونكە كۆمەڵەكەسێك دادەنیشن و پێكەوەكۆدەبنەوە قسە لەسەر پرسێك دەكەن و ڕادەگۆڕنەوەو بابەتێك دەوروژێنن، بەڵام هەندێك جاریش رەنگە دەچێتە قاڵبی ئەوەی كە زیاتر لە رووی راگەیاندن و رووكارییەوە پیشانبدرێت و لەباری كردەییدا كەمتر هەست بە ئەنجامەكانی دەكرێت، كێشەی زۆربەی ئەو كۆنفرانس و دانیشتنانەی كەلە كوردستان دەكرێن، چ ئەوەی پەیوەندی بەپرسی ئافرەت وتوندوتیژی هەیە، چ ئەوەی كە پەیوەندی بەپرسەكانی دیكەوە هەیە لەوەدایە كە زۆر قسە دەكرێت و زۆر شت باسدەكرێت، بەڵام كە دێتە سەر بواری جێبەجێكردن دەبینین ئەنجامی كەمتری هەیە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دوای كۆتایی هاتنی كۆنفراسەكە بەدواداچوون لەسەر ئەو راسپاردە و بڕیارانە ناكرێت كە كۆنفراس داویەتی، هەروەها بەدواداچوون ناكرێت بۆ ئەوەی بزانن ساڵانی پێشتر چیكراوە و چینەكراوە، لەبەر ئەوەی بڕیار و راسپاردەكانی پێشتر بەدواداچوونی هیچ بۆ نەكراوە، ئەگەر كونفرانس و كۆنگرەكان پێداچوونەوە بۆ ساڵەكانی پێشوویان بكەن خاوەن بەرنامەبن بۆ ساڵەكانی داهاتوو، ئەوكات سەركەوتووتر دەبن و پێشكەوتنەكانیش خێراتر دەبن.
* لەو لاوازی و سستییەی كە لەپێشووەچوونی ئامانجی كۆنفرانسەكان ئاماژەت بۆ كرد، تا چەند خودی ئافرەت تۆمەتبار دەكرێت؟
- هەندێكی پەیوەندی بەخودی ئافرەت و ئاستی رۆشنبیری و تێنەگەیشتنی لەپرسە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان هەیە، ئایا لەو بوارەدا چەندە دەیەوێت خزمەت بكات؟ بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بە دامەزراوەو كەلتووری كۆمەڵگە هەیە، كۆمەڵگە لەكۆمەڵێك دامەزراوە پێكهاتووە، هەرە یەكێك لەوانە لەكۆمەڵێك لایەن پیكهاتووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیش دەبێت هەموو لایەنەكان كاربكەن، ئەگەر هەر لایەنێك كەمتەرخەمی و سستی بنوێنێت لەچارەسەركردنی گرفتێك، بێگومان پرۆسەكە فەشەل دێنێت، یان سست و خاوی دەكات.



• دەگوترێ حكومەت هەوڵی زۆری داوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی، بۆچی سەرەڕای ئەو هەوڵانە رێژەی توندوتیژی زۆرتر بووە؟
- من هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەم كە ڕێژەی توندوتیژی بەهیچ شێوەیەك زیادنەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا سەردەمێكە شتەكان ناشاردرێتەوە، بۆیە زیاتر بەرچاو دەكەون، لەم سەردەمەشدا كە هۆكاری تەكنەلۆژیا و گەیاندن دنیای كردۆتە گوندێكی بچووك، زۆر بە ئاسانی هەر پێشلكارییەك دژی ئافرەتان بكرێت بڵاودەبێتەوە، هەر بۆ نموونە جاران ئەگەر شتێك لە گەڕەكێك روویدابێت، گەڕەكەكەی تەنیشتی پێی نەزانیوە، چونكە هۆكاری پەیوەندیكردن زۆر سادە بووەو وەك ئێستا نەبووە، بەڵام ئێستا وانییە و هۆكاری پەیوەندیكردن زۆر ئاسان بووە و زۆربەی زۆری خەڵك لەماڵی خۆیدا ئینتەرنێتی هەیە. پێشتر و لە كۆندا مەسەلەی شەرەف زۆر سەختربوو و خەڵكەكە توندڕۆتر بوون، بۆیە لەوانەیە پێشتر لە ساڵێكدا چەند ئافرەتێك لە گوندەكان لەسەر تۆمەتی نامووسپارێزی لەسەر مەسەلەی شەرەف كوژران و لەوانەیە كەسیش نەیزانیوە، ئەگەریش زانیبێتیان قسەیان نەكردووە، چونكە شتێكی ئاسایی بووە بەلایانەوە، بەڵام ئێستا وانییە، لەشارێكی زۆر گەورەش كە چەندسەدهەزار كەسێكی تێدا دەژی، ئەگەر حاڵەتێك ڕووبدات، خەڵكی ناوخۆ و دەرەوەش پێی دەزانێت، بۆیە خەڵك وادەزانێت ئەم دیاردەیە زۆر بووە.
لە لایەكی دیكەوە چوونەدەرەوەی ئافرەت لەماڵ و كاركردنی لەهەموو شوێنەكان خاڵی ئیجابی و سوودیشی هەیە، بەڵام هەر ئەمە وایكردووە كە كە ململانێی دوو ڕەگەزەكە زیاتر بێت، پێشتر ئافرەت ئەگەر سووكایەتی پێبكرایە و لێی بدرایە، گوێی نەدەدا، بەڵام ئەمڕۆ قبووڵی ناكات، چونكە ئابووری سەربەخۆی هەیە، هەرچی كۆمەڵگە كراوەتربێت، كێشەكان زیاتر بەرچاو دەكەون.
* دەگوترێ كۆمەڵگەی كوردی بە كۆمەڵگەیەكی كراوە نازانرێ، ئایا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكردنی یاساكانی تایبەت بە مافەكانی ئافرەت، تا چەند لەسەر درووستبوونی ئەو ڕایە كاریگەری هەیە و چ لایەنێك زیاتر لەو بوارەدا بەرپرسیارە؟
- لە جێبەجێكردنی یاساكانی تایبەت بە مافی ئافرەتان كەموكورتییەكی زۆر گەورە هەیەو ئەو ئافرەتانەی كە لەناو رێكخراوەكانن پێویستە هەوڵبدەن وەك چاودێرێك فشار دروست بكەن، لەبەرئەوەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وەك چاودێر دەتوانن كاربكەن و كاراكتەرێكی بەهێزبن بۆ جێبەجێكردنی یاساكان، ئەركی سەرەكیی ئەوانە گوشار بخەنە سەرحكومەت بۆ ئەوەی یاساكان جێبەجێ بكرێن، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندیی ئافرەتانە. ئافرەتان خۆیان لەوە بەرپرسیارن، ڕەنگە دادگاكانیش رۆحی جێبەجێكردنیان نەبێت و باوەڕیان بەیاساكە نەبێت، بۆیە دادوەرانی بەڕێزیش بەرپرسیارن لەو كەموكورتییانە، لایەنی دیكەش كە زۆر تاوانبارە لەجێبەجێنەكردنی یاساكان، پەرلەمانە كە زۆر كەمتەرخەمن لەو بوارەدا، بەتایبەتی لیژنە پەیوەندیدارەكان، بۆیە پێموایە كەمتەرخەمییەكە فرەلایەنەو هەموو لایەنەكان كەمتەرخەمن.
* بۆچی لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسیدا بە دەگمەن ئافرەتی سەركردە دەبیندرێت، ئایا ئافرەتی كورد باوەڕی بە كاری سیاسی نییە؟
- لە هەر كۆمەڵگەیەك بەشداریی سیاسی و رێژەی ئافرەت لە دروستكردنی بڕیار لاوازبێت، ئەو كۆمەڵگەیە بە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالار هەژمار دەكرێت، یەك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە كە ئەو ئافرەتانەی باوەڕیان بەكاری سیاسی هەبێت، ژمارەیان كەمە، چونكە زۆربەی ئافرەتان روودەكەنە كاری كۆمەڵایەتی و تەندروستی، ئەمەش نەك لەكوردستان بەڵكو لەهەموو جیهاندا وایە كە ئافرەتان كەمتر ڕوودەكەنە ژیانی سیاسی، هۆكاری دووەم پەروەردەی كۆمەڵگەیە كە وادەكات ئافرەت نەتوانێت لە بواری سیاسیدا كاربكات، واتە سیستەمی زاڵ و ئەقڵییەتی پیاوسالاری ڕێگری لە بەشداری ئافرەت لەكاری سیاسی دەكات. ئەگەر ئافرەتی سیاسیش هەبێت و بتوانێت بەشداری چالاكانەش بكات، پێگەی نابێت، ئەمە هۆیەكی مانەوەی توندتیژییە لەكۆمەڵگە.
* لە دواكۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان تا چەند ئەو بوارە بۆ ئافرەتی سەركردە ڕەخسا؟
- هاتنی ژمارەیەكی زۆر ئافرەت بۆ سەركردایەتی پارتی گۆرانكاڕییەكی باش بوو، جاران یەك ئافرەت بوو، ئێستا بۆتە چەند ئافرەتێك، هەركامیشیان لە شوێنی خۆیان و بەرامبەر بە كاری پێسپێردراویان و حزووریان لەناو كۆمەڵگە،ڕۆڵی خۆیان هەیە. ئەوەش كە تا چەند سەركەوتوون، با هاووڵاتیی خۆشەویست بڕیاری لەسەر بدات.
* دەگوترێ ئافرەتانی حزبی بەرامبەر بە گەندەڵییەكان كەمتەرخەم و بێدەنگن، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
- پێموایە ئەو رایە لەجێی خۆی نییە، بە پێچەوانەوە ئافرەتانی حزبی بەرامبەر بە گەندەڵییەكان كەمتەرخەم و بێدەنگ نین، من برادەرم لەهەموو حزبەكان هەیە، لەیەكێتی، یەكگرتوو، شیوعی، لەحزبە مۆدیرن و علمانییەكان، هەموومان كە دادەنیشین گلەییمان هەیە لەبوونی كێشەو گەندەڵی، زۆربەی ئەو ئافرەتانەش هەڵویستیان هەبووە بەرامبەر بە گەندەڵی، چ لە ڕاگەیاندن و چ بەرامبەر بە پەرلەمان و حكومەت، بەڵام پارتی لەبەر ئەوەی حزبێكی دێرینە و یەكەم حزب بووە كە ڕێكخراوی تایبەت بە ئافرەتی دامەزراندووە، بۆیە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان وەك بەشێك لە پارتی بەرامبەر بە پرسە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان، واتە بەرامبەر بە مافی ئافرەت و دژایەتیكردنی گەندەڵی مەسئولییەتی زیاتری لەسەرشانە.
* وەك پارتی تاچەند بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان كارتان كردووە؟
- بێگومان پارتی بەشێكە لەو كۆمەڵگەیەو بەشێكە لەدەسەڵات، ئەگەر كۆمەڵگە بەرەوپێش چووبێت، ئەوا پارتی بەرەوپێش چووە، ئەگەر كۆمەڵگە كێشەی هەبێت، ئەوا پارتیش كێشەی هەیە، بەڵام پارتی لەدرووستبوونیەوە تائێستا پشتیوانی لەمافەكانی ئافرەتان كردووە، لەوكاتەشەوە كە ئەم هەرێمە دروستبووە، كاری خۆی كردووە، ئەوەتا كەسایەتییەكی وەك كاك نێچیرڤان لەناوخۆ و دەرەوەش بەكەسێك ناسراوە كە هەمیشە پشتیوانی لەئافرەت و بەرگری لە مافەكانی ئافرەتان كردووە.
* سیستەمی كۆتا قسەی زۆری لەسەر كراوە، چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەو سیستەمە هەیە؟
- بێگومان ئەوە لەهەموو جیهاندا جەدەلێكی زۆری لەسەر هەیە،
كۆمەڵگەی ئێمەش دوو ئاراستەی بۆ هەیە، هەندێك پێیان باشەو هەندێكیش دژین، من خۆم پێموایە سیستەمی كۆتا لەقۆناغی ئینتقالیدا زۆرباشە، چونكە كۆمەڵگەكەمان لە ئێستادا كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارییەو ئەو متمانەیەی بە پیاوانیان هەیە، بە ئافرەتیان نییە، تەنانەت زۆر ئافرەت هەیە متمانەی بە توانای پیاو هەیە، نەك ئافرەت، بۆیە دەنگ بەئافرەت نادات، بەڵام دەبێت كەشێك دروست بكەین بۆ ئەوەی ئافرەت بۆ پۆستێكی باڵا بتوانێت ململانێ لەگەڵ پیاو بكات، ئەو كات پێویست ناكات كۆتا هەبێت .
* ڕێژەی ئافرەت لەناو ئۆرگانەكانی پارتی چەندە؟
- بێگومان ڕێژەی ئافرەت لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، بۆ نموونە لەناوچەی پشدەر و رانیە ڕێژەكەمان دەگاتە سەداپەنجا، بەڵام لەسنووری هەولێر كەمە، چونكە كەلتووری ناوچەیی ڕۆڵی خۆی لە رێژەی ئافرەتی ناو ئۆرگانە حزبییەكان هەیە، بەگشتی ڕێژەكە خۆی لەسەدا بیست دەدات، ئەم ڕێژەش كەمە و بەردەوام هەوڵی زیادكردنی دەدەین.
* دەگوترێ توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت لەناو حزب بەردەوامەو پارتیش لەو پەتایە بەدەر نییە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
- ئەوە پەیوەست نییە تەنیا بە پارتی، هەموو پارتەكانی كوردستانی و هەموو كۆمەڵگە دەگرێتەوە، زۆر جار بیستوومانە ئەو ئافرەتانەی كەلە ڕاگەیاندن ئیش دەكەن هەمیشە لەژێر گوشاری دەروونیدان و ڕووبەڕووی زۆر كێشەی فیزیكی و دەروونی و تەنانەت تەشقەڵە دەبنەوە. بەڵام زۆر ئافرەتیش هەن كە دەتوانن خۆیان بپارێزن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە وەك ئافرەت هەوڵبدەین لەگەڵ ئەو پیاوانە كار بكەین كە رۆشبیرن و باوەڕیان بەدۆسیەی مافی مرۆڤ و یەكسان بوونی كاری ئافرەت و پیاو هەیە، دەبێت پاڵپشتیش دروستبكرێت بۆ ئەو ئافرەتانە كەبەرگرییان لێبكرێت، من ئێستا پڕۆژەیەكم هەیە كە كاربكەین بۆ چارەسەری ئەم گرفتەو بەنیازین ژمارەی ئافرەتیش لەڕاگەیاندنەكان زیادبكەین.
* لەكابینەی حەوتەمی حكومەت بۆچی پارتی ئافرەتی كاندید نەكرد؟
- ئەمە خەلەلێكی گەورەبوو، دەبوو چەند ئافرەتێك هەبوایە لەوەزارەتەكاندا، نەك وەك خێر و سەدەقە، بەڕای من دەبوو ژمارەیەك ئافرەت هەبێت، چونكە ئەگەر بە ڕێژە بێت ئافرەت نیوەن، ئەگەر بەكەفائەت و بەتوانا بێت ئافرەتی باشمان هەیە، بۆیە بەر لەهەموو كەسێك گلەییم لەحزبەكەی خۆم كرد كە بۆ كابینەی حكومەت ئافرەتی كاندید نەكرد، ئێمە داوادەكەین كە لەكابینەی داهاتوودا پشكی ئافرەت هەبێت.
* باسی ئەوەت كرد، گوێتان لێنەگیراوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە، كە پێشنیاری ئافرەتانی سەركردەش پشتگوێ دەخرێت؟
- بێگومان ئەمە ئاماژە كردنە بەوەی كە گلەییەكان وەك پێویست ناگەنە ئامانج و جێگەناگرن، یان كۆمەڵێك موبەریر هەبوو، وەك ئەوەی كە ژمارەی كورسییەكان كەمبوونەتەوە، یان ئاماژە بەوە دەكرا لەشوێنێكی دیكە قەرەبووی ئافرەتان دەكرێتەوە، ئەمانە هەمووی موبەریرە و چیتر نابێت وەها بێت پێویستە هەموو شتەكان بەوردی خۆی بێت.
* ئەو هەنگاوە گرنگانەچین بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان و تا چەند كورد لەو ئامانجە نزیك بۆتەوە؟
- دەبێت سەرەتا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ بهاوێژرێت، یەكێك لەوانە گرنگیدانە بەبواری پەروەردە، بۆ ئەوەی بتوانین مرۆڤێكی بەتواناو زیرەك و كارامە دروست بكەین، لەخاڵە گرنگەكانی دیكە بایەخدانە بە دروستكردنی ژێرخانی بەهێزی ئابووری، بۆ درووستكردنی دەوڵەت نابێت نەوت بكرێتە بناغەی هەموو شتەكان، چونكە خاكی ئێمە زۆر دەوڵەمەندە بۆ كشتوكاڵ، هەروەها زۆر لەبارە بۆ گەشتوگوزار، خالێكی دیكە كە زۆر گرنگە یەكخستنی ماڵی كوردە، ڕاستە ململانێی سیاسی گرنگەو هەموو لایەنێك مافی ئەوەی هەیە كە ململانێ بكات، بەڵام ئەگەر ناوماڵی كورد پەرتەوازە بێت بەرگەی كێشەكانی ناوخۆ و هەرێمی و فشارەكانی وڵاتانی ناوچەكە ناگرێت، خاڵێكیتریش كە زۆر گرنگە، بنبڕكردنی كێشەكانە، بەتایبەتی گەندەڵی كە دەبێت پرۆگرامی تابیەتی و بەپەلە هەبێت بۆچارەسەركردنی، ئەگەر ئێمە ئەمە تەشبیە بكەین بە لەشی ئینسان، زۆر جار مرۆڤ هەڕەشەی لە دەرەوە لێدەكرێت، هەندێكجار نەخۆشیی ناوخۆی هەیە، ئەوەی گرنگە، دەبێت جارێ ئێمە نەخۆشییەكانی ناو خۆمان چارەسەر بكەین. دروستكردی دەوڵەتی كوردستانیش بەشێكە لەمافەكان و گەلانی دنیا دەبێت مافی دیاریكردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان هەبێت.
* ئەدای ڕاگەیاندنی كورد چۆن دەبینیت؟
- ڕاگەیاندنێكی بەربڵاو لەكوردستاندا هەیە، كە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر زیاترە، بەڵام سەبارەت بەئەدای كاركردنی میدیا من مولاحەزەم هەیە، هەندێكیان كاری جوان دەكەن، لە بواری كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت بۆ وشیاركردنی كۆمەڵگە، بەڵام بەشێكیان فەوزا دروست دەكەن، بەجۆرێك كە بەشێك لە میدیای كوردی خەریكە كەلتوورێكی نامۆ دروست دەكات، و ململانێی نادروست لەكوردستاندا پەرە پێدەدات. ڕاستە ئازادی راگەیاندن هەیە، بەڵام نابێت بەم شێوەیە بێت و هیچ سنوورێكیان نەبێت.خودی ئازادیش سنووری هەیە.
* ئێستا لە كوردستان ئوپۆزسیۆن هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە فەزایەكی زیاتر كراوەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر قسە لەسەر پرسی ئافرەتان بكرێت، ئایا تاچەند ئەم فەزا كراوەیە خزمەتی پرسی ئافرەتی كردووە ؟
- لە بواری دەستەبەری مافی ئافرەتان ئۆپۆزسیۆنیش بەشێكن لەو كۆمەڵگەیەو لەو بوارەدا ئەوانیش هەر وەك حزبەكانیترن، بگرە دواكەوتووتریشن، كارێكی بەرچاویان بۆ ئافرەت نەكردووە، تەنانەت گۆڕانی ئافرەتی نەهێناوەتە پێشەوە، ڕەنگە لەپەرلەمان حزووریان هەبێت، بەڵام ئەوانیش پێویستە گرنگی زیاتر بە مەسەلەی ئافرەت بدەن.
* وەك دواپرسیار، ئایا چ پەیامێكت بۆ خوێنەران هەیە و كەموكوڕی گۆڤاری گوڵان لە چیدا دەبینی؟
- لەكۆتاییدا هیوادرام ئەو ماوەیەی كە دانراوە بۆ بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی، تەنیا ئەو دوو هەفتەیە نەبێت، چونكە ئەم پرسە بەو چەند ڕۆژ چارەسەر نابێت، بەرنامەیەكی تایبەتمەندو و بەردەوامی پێویستە، سەبارەت بە (گوڵان)یش، گۆڤارەكە بەشێكە لە دەزگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕەنگە تا ڕادەیەك كراوەتر بووبێت لەچاو دەزگاكانیتر سەبارەت بەدۆزی ئافرەت، بەڵام پێوستە ژمارەی ئافرەتانی زیاتر بكرێت، بەكاركردنی ئافرەت و رۆشنبیركردنی ئافرەتان زەمینەی زیاتر بڕەخسێنن بۆ پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگە، بایەخی زیاتر بەئافرەتان بدەن و ڕادیكاڵتر كار لەسەر كارەكان بكەن .
Top