نهێنییەكی كوشتن لەبەردەم كامێرای چاودێریدا ون دەبێت

نهێنییەكی كوشتن لەبەردەم كامێرای چاودێریدا ون دەبێت
لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا كەم تا زۆر و بە ڕێژەی جیاواز خیانەتی هاوسەری روو دەدات، بەڵام كەمتر لە وڵاتانی پێشكەوتوودا ئەو خیانەتە سزای مەرگی بۆ دیاری دەكرێت‌ و كەم جار تۆڵەسەندنەوە بە كوشتنی خیانەتكارەكە كۆتایی دێت. ئەو چیرۆكانەی كە لە ژیانی رۆژانەی هاوسەراندا خۆی بە ناخی دیاردەی خیانەتدا شۆڕ دەكاتەوە، كەم نین! مەرجیش نییە كە هەر ناوی خیانەت هات، یەكسەر ئافرەت تاوانبار بكرێت، زۆر جار پیاوەكان خۆیان خیانەت دەكەن و زەمینەی خیانەتی هاوسەریش دەڕەخسێنن. بەڵام لە گشت كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا زیاتر ئافرەت دەبێتە قوربانی و لە كونجێكدا بە تۆمەتی «بێ‌ نامووسی» بێكەسكوژی دەكەن.
(ز) ئافرەتێكی جوان و رێكوپێك و تەمەن 28 ساڵ بوو، ئەو دایكی سێ‌ منداڵی چاوگەش بوو، كە بە هۆكارێكی نادیار كوژرا.
چیرۆكی ئەم تراژیدیایە كە رووداوێكی واقیعییە، لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە زنار بۆ ماوەیەك لەلایەن هاوسەرەكەیەوە گومانی ناپاكی لێدەكرێت‌، بەوەی كە پەیوەندیی لەگەڵ پیاوێك بە ناوی (س)ی تەمەن 34 ساڵدا هەبووە، دوای ئەوەی مێردەكەی (ز) بەم پەیوەندییە دەزانێ‌، كامیرای چاودێری لەبەر ماڵەكەیان دادەنێت، بەیانییەك (ز) بە جلی ماڵەوە دەچێتە دەرەوە و ناگەڕێتەوە، دوای دوو ڕۆژ تەرمەكەی لە پشت نەخۆشخانەی فریاكەوتنی گەڕەكی بەهار لە شاری هەولێر دەدۆزرێتەوە كە بە دەستڕێژی گوللە كوژرابوو، لە كامیراكەش تەنیا ئەوە دیارە كە ئەو ئافرەتە دەڕواتە دەرەوە و كەسیش لە بەردەرگە نییە.
كامێرای چاودێری ناتوانێت‌ نهێنی كوشتنی (ز) ئاشكرا بكات، بەڵام كەسوكاری كوژراوەكە گومان لەو كەسە دەكەن كە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ كچەكەیان هەبووە، بۆیە لەلای پۆلیس شكی خۆیان دەدركێنن، ئەو گومانەش دێتەدی، چونكە (س) خۆی ون دەكات. دوای 25 رۆژ لە كوژرانی ئەو ئافرەتە (س)یش لەلایەن برا و مێرد و كوڕە خاڵی (ز)ەوە دەكوژرێت‌، ئێستا هەرسێكیان لە زینداندان و دانیان بە كوشتنی (س)دا ناوە، بەڵام راستی رووداوەكە بە شاراوەیی ماوەتەوە، ژمارە مۆبایلەكانی هەردووكیان دراوەتە كۆمپانیاكانی هێڵی گواستنەوە تاوەكو بزانرێت‌ لەگەڵ یەكتر باسی چییان كردووە، بەڵام وەك پۆلیس ئاماژەی پێدا، ئەوان هاوكار نەبوون و تاوەكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان بە پۆلیس نەداوە.
بەمجۆرە دوو كەس كوژراون و گومانەكانیش بەڵگەی سەلمێنەریان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا گەر بەڵگەش هەبێت و خیانەتەكەش بسەلمێندرێت‌، ئایا یاسا رێگە بە كوشتن دەدات؟
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە كە شەرەف لە كوشتندا نییە، یاساش لە دژی نەریتی كوشتن لە سەر شەرەف سزای كوشتنی بەئەنقەستی داناوە، بەڵام ئایا پشتیوانییەكانی حكومەت و یاسا بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان كەی ئەنجامیان دەبێت؟ كەی تاكی كورد واز لە نەریتی توندوتیژی دێنێت و بۆ هەموو كێشە و ئاریشەیەك پەنا بۆ یاسا دەبات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای تاكە بە تاكی هاووڵاتییانە و كۆمەڵناسانیش بۆ وشیاركردنەوەی تاك و چەسپاندنی یاساكان هەموو رێگەیەكی مرۆڤانە پێشنیار دەكەن.
Top