هاوسەرگیری لە قۆناخی خوێندندا چ كاریگەریەكی لەسەر خوێندن هەیە؟

هاوسەرگیری لە قۆناخی خوێندندا چ كاریگەریەكی لەسەر خوێندن هەیە؟
بۆ چوونە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری، پێویستە هەردوو ڕەگەز بەتەواوی خۆیان ئامادەو ساز كردبێت، بۆ ئەوەی‌ بتوانن ژیانێكی بەختەوەریان هەبێت.لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ژیانی‌ هاوسەری لەكاتێكدا پێكدەهێندرێت بە كاتی نەگونجاو دادەنرێت، وەك بچووكیی‌ تەمەن و هاوسەرگیری لەماوەی‌ خوێندندا.
هاوسەرگیری رێگە لە خوێندن ناگرێت
«لەوانەیە هاوسەرگیری لەكاتی‌ پرۆسەی خوێندندا كێشەی خۆی هەبێت، بەڵام شووكردن و ژنهێنانیش شتێكی حەتمیە و هەر دەبێت بكرێت، هەركەسێكیش بەرژەوەندیی خۆی دەزانێت، بۆ نموونە من خۆم لەكاتی‌ خوێندندا چوومە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، هەرگیزیش هەست بە پەشیمانی ناكەم چونكە بارودۆخی‌ من وایدەخواست كە زوو شوو بكەم» ئەمە پێشەكی قسەكانی سینار عەزیزی تەمەن 21 ساڵ بوو، هەر وەك خۆی باسیكرد هەر زوو دایك‌و باوكی كۆچی‌ دواییان كردووەو ئەویش وەك خوشكێكی‌ گەورە سەرپەرشتی‌ كردنی دوو برا و خوشكێكی‌ بچووكی لە ئەستۆ بووە، بۆیە كاتێك لە قۆناغی‌ چوارەمی ئامادەیی بووە، شووی بە كوڕێكی باش و خانەدان كردووە. سینار زیاتر گوتی :بڕیاری شووكردنم زیاتر بۆ ئەوە بوو كە بتوانم خوشك‌و براكانم گەورە بكەم، ئەوەبوو ئیتر وازیشم لەخوێندن نەهێناو مێردیشم كرد، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هەست بە پەشیمانی ناكەم، چونكە ئەركێكم جێبەجێكردووە كە بەرامبەر بە خوشك و براكانم و هاوسەر و منداڵیشم ئەركی سەرشانم بووە، بۆیە دەتوانم بڵێم لەو پرۆسەیەدا سەركەوتنم هەبووە، نەك شكست».
شنۆ نووری یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لە ماوەی پرۆسەی خوێندندا هاوسەرگیری كردووە، وەك خۆی باسیكرد، ماوەی‌ چوار ساڵە شووی كردووەو بەهۆی ئەوەی گۆڕانكاری‌ بەهێز لەنێو ژیانیدا روویداوە، ناچار بووە لە پۆلی‌ پێنجەمی‌ ئامادەیی شوو بكات، ئەو بەمجۆرە باسی هۆكاری ئەو ناچاربوونەی دەكات:لەئامادەیی بووم، پەیوەندیی‌ خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێكدا بەست، ئیتر پەیوەندییەكەمان بەردەوام بوو، دوای‌ ماوەیەك لەو پەیوەندییەی نێوانمان هاوسەرگیریمان كرد، بەڵام هیچ پەشیمان نیم، چونكە توانیم درێژە بە خوێندنی خۆم بدەم و زانكۆشم تەواو كرد».
تانیا جەمال كە یەكێكە لەو كچانەی بەهۆی شووكردنەوە وازی لەخوێندن هێناوە دەڵێت «لەتەمەنی هەژدە ساڵی كە لە قۆناغی تەواوكردنی ئامادەیی بووم، شووم كرد، ئیتر بەهۆی‌ زەحمەتی‌ ژیان لەدوای‌ شووكردنمەوە، وازم لە خوێندن هێنا، بەڵام ئێستاش لەدەرفەتێك دەگەڕێم بۆ گەڕانەوە بۆ خوێندن و بەنیازم هەرچۆنێك بێت دەست بە خوێندن بكەمەوە».
رۆڵی خێزان لەسەرخستنی پرۆسەی هاوسەرگیریدا
سەیران كەریم باس لە ڕۆلی خێزان دەكات كە تاچەند دەتوانێت رۆلێكی كاریگەر لە سەرخستنی پرۆسەی هاوسەرگیریدا ببینێت و دەڵێت : من زۆر سوپاسی هەر دوو خێزانی خۆم و هاوسەرەكەم دەكەم، بەڕاستی رۆڵیان‌ بەرز دەنرخێنم، چونكە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی لەماوەی خوێندندا زۆر زەحمەتە، جگە لە ئەركی‌ خوێندن، ئەركی‌ ماڵ‌ و منداڵیشی‌ دێتەسەر، بەڵام بەهاوكاری‌ كەسوكاری‌ هەردوولامان كە قوتابی بووین، توانیمان خوێندن تەواو بكەین و هیچ كێشەیەكمان بە درێژایی ئەو ماوەیە نەبوو.
تریفە مەحمودی تەمەن 32 ساڵیش هەمان رای هەیە و پێیوایە پاڵپشتی خێزان رۆڵی گرنگی لەو بوارەدا هەیە و خۆیشی بە نموونە هێناوە و گوتی : من لەقۆناغی‌ سێیەمی‌ زانكۆ شووم بە كوڕێك كرد كە لەهەمان زانكۆ بوو، ئەویش دوای ئەوەی ماوەی‌ سێ ساڵ بوو پەیوەندیی‌ خۆشەویستیمان هەبوو، بۆیە نەدەكرا پرۆسەكە دوابخەین، شووكردنی منیش نەبووە هۆی‌ لەدەستدانی‌ خوێندنەكەم، چونكە من و هاوسەرەكەم و خێزانی هەردوو لامان رێككەوتین لەسەر ئەوەی‌ دەبێ زانكۆ تەواو بكەین.
هێمن عەزیز ئاماژە بەوەدەكات باش بوونی لایەنی ئابووری ناتوانێت بەتەنیا هۆكاری سەركەوتنی پرۆسەی هاوسەرگیری بێت، بە بڕوای هێمن ئەمڕۆ گەرچی لایەنی ئابووریی خەڵك لە كوردستان زۆر باش بووە، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە لەكاتی‌ خوێندن هاوسەرگیری بكات.
هاوار نەجیب، ئەو یەكێكە لەو كوڕانەی كە قوتابی كۆلێژ بووەو دوو ساڵ لەمەوبەر ژنی هێناوە دەڵێت: ژنهێنان راستە گرفتی خۆی هەیە، بەڵام دەكرێت بەسەریدا زاڵ بیت، من بۆ خۆم هیچ كێشەیەكی ئابووریم نییە، هەرچەندە قوتابی كۆلێژم، بەڵام لەهەمانكاتدا فەرمانبەریشم، ئەمە بێجگە لەوەی كاروكاسبیش دەكەم، بەڕای من هەر كەسێك نیازی ژنهێنانی هەبێت، ئەوا زوو ژن بهێنێت باشترە، چونكە لانیكەم لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان دوور دەكەوێتەوە».
هەروەها زۆرجار ئاماژە بە ئەوە دەكرێت كە خوێندن ‌و هاوسەرداری و سەرپەرشتی ماڵ ‌و منداڵ لەیەك كاتدا زەحمەتە، ئازاد كەریم، ئێستا لە زانكۆ دەخوێنێت ‌و لەهەمانكاتدا هاوسەرگیری كردووە دەڵێت : ئەوانەی كە لە قۆناغی خوێندندان و هاوسەرگیری دەكەن، زۆربەیان لەلایەن خێزانەكانیانەوە پشتیوانی دەكرێن، چونكە خۆیان هیچ داهاتێكیان نییە.
بەڵام شاناز عەزیز توێژەرێكی دەروونییەو ئاماژە بەوەدەكات هاوسەرگیری لەناو قۆناغی زانكۆ و هەرزەكاریدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی زۆربەی هەرە زۆری گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان .
كەژاڵ نامیق توێژەری دەروونییەو ئەویش سەبارەت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات كە زانایانی دەروونی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە هاوسەرگیری دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی مێشكی مرۆڤ و بەبڕوای زۆریان هاوسەرگیری دەزگای بەرگریی مرۆڤ دەورووژێنێت‌و بەرگریی بەرانبەر بە نەخۆشی زیاد دەكات‌».
Top