پێوەندی ناپاكی خێزانیكۆتایی بە ژیانی بێستون و سیما هێنا

پێوەندی ناپاكی خێزانیكۆتایی بە ژیانی بێستون و سیما هێنا
هۆشیاری بۆ تاك گرنگە
لاوازی هەستی هۆشیاری لای بەشێك لەتاكەكانی كۆمەڵگە رەنگە زۆر جار كۆمەڵگەش بەرەو چارەنووسێكی نادیار ببات، چونكە لەرووداوێكی ئاساییدا ئەگەر وریاو شارەزا نەبیت لەمامەڵەكردندا شیمانەی ئەوە دەكرێ رووداوی گەورە بەدوای خۆی بهێنێ، بەڵام ئەگەر رووداوێكی گەورەش سەری هەڵدا لایەنە پەیوەندارەكان توانیان بە وریایەوە مامەڵەی لەگەڵ دا بكەن ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە كە چارەسەرێكی گونجاو بدۆزرێتەوەو ئەوكاتیش هەم رووداوەكە تەشەنە نەكات و كۆمەڵگەش بەرەو گرفتی گەورە هەنگاو نەهاوێژێ لەبەر ئەوەی رەنگە تەنیا رووداوێك ئاسەوارێكی خراپ بۆ ماوەیەكی زۆر بەسەر كۆمەڵگەش جێبهێڵێ.
دەبێ بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەر رووداوێك بكەین
خۆ لادانی هەر دوو رەگەزی نێر و مێ لەبەستنی پەیوەندی نا شەرعی و نا یاسایی یاخود خۆ دوور گرتن لەپەیوەندییەك كە دروست نەبێت زۆر گرنگە، بەڵام چی دەكەی كاتێك زەمەن دووچاری داوی خۆشەویستی یان هەر پەیوەندییەكی ناشەرعی و یاساییت دەكات، ئەگەر ئەمە روویداو ئاشكراش بوو ئەوكات دەبێ هەم خۆمان و هەمیش كەس و كارەكەمان بەوریایەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكە بكەین بەجۆرێك هیچ كەسێك نەبێتە قوربانی دەستی هەڵەی قەدەر.
عاشق بوونێكی سەخت
بێستون كوڕە گەنجێكی نیشتەجێی یەكێك لەگەڕەكەكانی شاری هەولێرە، ئەو كوڕە گەنجە رۆژانە ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ دەكات، بەڵام رۆژێك لەرۆژەكانی ئەم زەمەنە دەبێتە سەرەتای بەخشینی چارەنووسێكی نادیار كە لەدوا جاردا ژیانی خۆی و ئافرەتێك كۆتایی پێدەهێنێ، ئەو كوڕە گەنجە كە تەمەنی لەسەرووی 25 ساڵیەوە دەبێ دوای گەڕانەوە لەكار لەیەكێ لەكۆڵانەكانی گەڕەكەكەیان بۆ یەكەمجار چاوی بەچاوەكانی سیما دەكەوێ، سیماش كچێكی تەمەن لەسەرووی 20 ساڵیەوە دەبێ و ماوەیەكی كەمە شووی كردووەو باڵا مام ناوەندیی و سپی پێستێكی جوان دەبێ، سەیركردنی چاوەكانی یەكتر لەنێوان سیماو بێستون دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی پەیوەندییەكی خۆشەویستی و سۆزداری و عاشق بوونێكی سەختی نێوانیان، وەك بەشێك لەكەس وكاریان ئاماژەی پێدەدەن ئەو پەیوەندییە سۆزدارییەی نێوانیان بەشێوەیەك بووە رەنگە هەر یەكێك لەئێمەمانان تەنیا بەخۆشەویستیەكی بێ هاوتای بچووێنین، هیچ رۆژێك نەدەبوو لەدوای گەڕانەوەی كار بێستون بە بەردەم ماڵی ئەویندارەكەی نەچێ، هەموو رۆژێ یەكتر بینینیشیان بەشێوەیەكی زۆر گەیشتە ئاستی ئەوەی جگە لەدراوسێ بەڵكو كەس و كاری سیماو مێردەكەشی بەرووداوەكە بزانن.
پەیوەندییەكی سۆزداری نا تەندروست
پاش پێزانینی وردەكاری ئەو پەیوەندییەی نێوان سیماو بێستون كێشەو گرفت لەنێوان هاوسەرو برایەكانی بێستون و برایەكانی سیماش لەگەڵ بێستون دەستی پێكرد، پاش چەندین جار كێشەو گرفت ئەو دوو سۆزدارە ئامادە نەدەبوون دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە سۆزدارییەیان بن كە پەیوەندییەكی نادروست و نا تەندروست بوو، پەیوەندییەك سەرجەمی لەسەر ناپاكی خێزانی و خۆشەویستی راستەقینە هاتبۆوە ئاراوە بۆیە قەدەر چارەنووسێكی ڕەشی پێدان، دوای تەشەنەكردنی كێشەكان و ئاگەداربوونی كەس و كاری سیماو بێستون و هاوسەرەكەی سیماش هەوڵێكی زۆر درا بەوەی هەر چۆنێك بێ ئەو دوو كەسە واز لەیەكتر بهێنن بەڵام كاتێكیش نە سیماو نە بێستونیش ئامادە نەبوون دەستبەرداری یەكتر بن.
سیما كوژرا
دەستبەردار نەبوونی سیماو بێستوون لەیەكتر و گوێ نەدانیش بەكەسوكاریان، بێدەنگی هاوسەری سیماو كەسوكارەكەی ناچار كرد رێگەی تر بگرنەبەر جا ئەگەر ئەو رێگەیە هەڵەش بێت، بۆیە پاش ماوەیەك گفتوگۆكردن و چاودێری كردنی سیما ئەو هەر لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ بێستوون بەردەوام بوو، تا كار گەیشتە ئەوەی رۆژێك سیما لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە لەماڵەكەی خۆیدا كوژرا و كۆتایی بەژیانی هێندرا.
بێستونیش بەهەمان چارەنووس گەیشت
كەسوكاری بێستوون بە پەلە پەل هەواڵی كوژرانی سیما دەگەیننە بێستون و لەگەڵ گەیشتنی هەواڵی كوژرانی سیماش ئەوكات بێستون ئاخێكی توند كە پڕاو پڕ دەبێ لەپرسیار و بەخۆداچوونەوە هەڵدەكێشێ، بەڵام چ ساتێك ئاهێك هەڵدەكێشێ ئەوكاتەی تازە كار لەكار ترازا، لەهەمووی تراژیدیا تریش ئەوە بوو كە كوژرانی سیما گوایە بێستون ئەنجامیداوە، ئالێرەوە بێستون كەوتەخۆ بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە تا چارەنووسی ئەویش وەك سیمای لێ نەیەت، چونكە دوای كردنەوەی دۆسیە لەبارەی كوشتنی سیماوە دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریدا بەئامادەبوونی بێستون لەبەردەم دادگا بەپێی ماددەی 406 بەتۆمەتی كوشتنی سیما، بەڵام بێستون خۆی لەدادگە ون دەكات و واز لەژیانی ئاسایی خۆی دەهێنێ، تا لەئێوارەیەكی ئەم پایزەدا لەیەكێك لەگەڕەكەكانی هەولێر بێستونیش دەدرێتە بەر دەستڕێژی گووللەو ئەویش دەكوژرێ، ئێستاش گومانی ئەوە دەكرێ دوای سیما كەس و كارەكەی بێستونیشیان كوشت بێ.
Top