ئایا ئەنجوومەنی خانمان دەتوانێت داكۆكی لە مافی ئافرەتان بكات؟

ئایا ئەنجوومەنی خانمان دەتوانێت داكۆكی لە مافی ئافرەتان بكات؟
لەگەڵ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، بەڵام پرسیاردەكرێت كە ئایا دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، وەزارەت یان ناوەندێكی حكوومی وەك (ئەنجومەنی باڵای خانمان)ـی پێویستە؟ بەشدار بووانی ئەم راپۆرتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.
پرسی ئافرەت و ئەنجوومەنی باڵای خانمان
ئەنجومەنی باڵای خانمان، دامەزراوەیەكی فەرمیی حكوومییە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە دەكات، هەروەها پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەو ئەنجوومەنەیە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان وەزارەت یان ناوەندێكی حكوومی وەك (ئەنجومەنی باڵای خانمان)ـی پێویستە، پەخشان زەنگەنە دەڵێت «لەهەرێمی كوردستان ڕاستە ڕێكخراوی ئافرەتانی پەیوەندیدار بەمەسەلەی ژنان زۆرن، بەڵام دەزگایەكی كارای حكوومی نەبووە كە تایبەتمەند بێت بە ژنان و لە هەموو بوارەكانی دەستەبەركردنی مافەكانی ژناندا چالاك بێت، بەڕێوەبەرایەتیی بەداواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیش تەنیا تایبەتە بە توندوتیژی، بەڵام مەسەلەی ئافرەت زۆر لە پرسی توندوتیژی فراوانترەو زۆر پرسی دیكەش دەگرێتەوە كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش كاری بۆ دەكرێت».



ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان نموونە بەوە دەهێنێتەوە كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان دامەزراوەی جۆراوجۆریان لەسەر ئاستی باڵا و حكوومی بۆ پرسی ئافرەت دامەزراندووە كە بەرپرسن لەبواری چارەسەركردنی كێشەكانی ئافرەتان و هەوڵی دەستەبەركردنی هەموو مافەكانیان دەدەن».
ئەنجومەنی باڵای خانمان ودامەزراوەیەكی جێبەجێكار
بەڕێوەبەری رێكخراوی ئاسوودە خانم رەحیم، رایوایە بوونی دامەزراوەیەكی تایبەت بەژنان خۆی لەخۆیدا گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەت «لەم كاتەدا كە كێشەو گرفتەكانی رەگەزی مێینە سنووریان بەزاندووە و كوشتن و توندوتیژی دژیان لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە. بۆیە ئەو دەزگایە ئەركێكی گرنگی هەیە ئەگەر بتوانێت بەپێی پێداویستیی بزووتنەوەی ژنان ئەركەكانی جێبەجێی بكات، بەڵام ئەوەمان لەیادنەچێت بوونی ئەنجومەنی خانمان بەم شێوەیەی ئێستا كە زیاتر بەشێوەیەكی تەوافوقی پۆستەكان لەنێوان لایەنەكاندا دابەش كراوە، بووەتە ئەنجومەنێكی شكڵی، ئەم رەخنەیەش مەبەست لە ئەندامەكانی نییە، بە قەد ئەوەندەی مەبەست لە ستراكچەرەكەیەتی». هاوكات گوتی «ئەم ئەنجومەنە ئێستا خەریكی داڕشتنی یاسایەكی تایبەتمەندە بە خۆی ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ خۆسازدانەوەی لە فۆرمێكی نوێدا، چونكە ئەنجومەنی باڵای خانمان سەرەتا وەك دامەزراوەیەكی ڕاوێژكاری دەركەوت، بەڵام هەندێكجار ئەم ئەنجومەنە وەك دامەزراوەیەكی جێەجێكاریش كار دەكات، بۆیە گرنگە ئەم ئەنجومەنە بەرنامەی خۆی بەشێوەیەكی گرنگ یەكلابكاتەوە».
رێكخستنی كارەكان بەیاسا
ڕۆژنامەنووس عەدنان حاجی كاكە دیبەگەیی، رای پێچەوانەی هەیەو دەزگایەكی لەو شێوەیە لەچوارچێوەی كاری حكومەتدا بەپێویست نازانێت، چونكە «لەو بوارەدا ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و خانمان و خوشكان وكچان زۆرن، هەروەها زۆربوونی ڕێكخراوەكان مەرج نییە، گرنگتر لە هەموو شتێك یاسایەكە كە مافی ئافرەتان بپارێزێت، هەروەها خۆتان دەزانن لەوڵاتانی دیموكراتی و پێشكەوتوودا تەنها شتێك كە كارەكان ڕێكدەخات، یاسایە، ئیتر ئەوە لە بواری مافەكان بێت، یان بواری باری شارستانی و هاوسەرگیری و مافەشەرعییەكانی دیكەی وەكو میرات و یاسای هاوسەرگیری و بەیەكەوە ژیان، یان مافەكانی خوێندن و گەشتكردن و هەروەها مافە سیاسی و ڕێكخراوەییەكان لە بواری كاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن و بەكارهێنانی هۆیەكانی گەیاندن و گواستنەوە و كاری دیكەی حكومەت وەكو ئەندامی باڵای حزبەكان و پەرلەمان و كاركردن لە شوێنەگشتی و تایبەتییەكان و...تاد، هەر هەموویان یاسا ڕێكیدەخات.
گوتیشی «بوونی ئەنجومەنی باڵای خانمان تا ئێستا بواری ئەرێنی كەمترە لە نەرێنی، چونكە دەمێكە ئەم ئەنجومەنە هەیە و چ هەنگاوێكی نەهاویشتووە لە پێناو پەرەپێدانی واری خانمانن، زۆرجار توندوتیژی و زوڵم و زۆر بەرامبەر بە خانمان دەكرێت، ئەوان تەنیا لەنێو بارەگاكەیان دانیشتوون و جاربەجاریش كاریان هۆشیاری دانە بە هاووڵاتی نوخبە و ڕۆشنبیر كە پێویستیان بەوە نییە، پێویستە ئەو هۆشیارییە بۆ سەرجەم تاكی كۆمەڵگە بێت».
یاساكان و دەزگای حێبەجێكار كێشەكانی ژن چارەسەر ناكەن
پارێزەر و یاساناس رازاو عەبدول، ئەنجومەنی باڵای خانمان بە «ئەنجومەنێكی تەشریفی» دەزانێت و دەڵێت:
«هێندەی ئەم ئەنجومەنە هەوڵێكە بۆ پێگەیاندنی ژنان بە مەبەستی گەیشتن بە پلەو پۆستی سیاسی و وەزاری و پەرلەمانی هێندە نەبۆتە كاراكتەرێكی چالاك بە مەبەستی لێكۆڵینەوەو دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشەكانی خانمانی كورد. من دەپرسم: تا چەند خزمەتی بە كۆی خانمانی كورد كردووە لە گوندو قەزاو ناحیەو شارەكانی كوردستان و داخڵی وردەكاری كێشەكانی ژنانی كورد بوون؟ تا چەند توانیویانە كارئاسانی بۆ دایكان بكەن لە نێو خێزاندا تا چیدی بە هۆی ئەركەكانی ناو خێزانیانەوە لە پێگەیاندنی خۆیان بێبەش نەبن ؟
رازاو عەبدول ڕایوایە «ئەنجومەنی باڵای خانمان نەبۆتە دەزگایەك بۆ دیراسە كردن و لێكۆڵینەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە رێگەی دروست بۆ بە كیانكردنی ئافرەتی كورد لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و تاد». گوتیشی «لە سەرەتای ساڵی نەوەتەكانەوە لە كوردستان هەر رۆژەو دامەزراوەیەك دروست دەبێت و بودجەی بۆ تەرخان دەكرێت، بە بیانووی پاراستنی مافی خانمان، هەمووشمان دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ماف و ئازادییەكانی ژنان زیاتر پێشیل دەكرێت. من لێرەوە لەو ئەنجومەنە دەپرسم تاكو ئێستا چەند جار نوێنەریان ناردۆتە ناو دادگاكانی باری كەسێتی بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگایان لە پێشێلكردنی مافی ژنان بێت، یاسا سواو و تۆز لێنیشتوو كێشەكان چارەسەر ناكات».
ئەنجوومەنی خانمان و تێكەڵیی زیاتر لەگەڵ ئافرەتاندا
شەرمین كەریم، وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بواری ژنان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «بێگومان بوونی هەر دەزگایەك لە ئان و ساتی خۆیدا ڕەنگە كاردانەوەی تایبەتیی خۆی هەبێت، جا ئەو كاردانەوەیە ڕەنگە پۆزەتیف بێت یا نێگەتیف، ئەوە جگە لە قسەو باسی خەڵكی تا ڕادەیەكیش دەزگا و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ژنان بڕیاری لەسەر دەدەن كە پێویستە یا پێویست نییە». شەرمین ئەوەشی خستەڕوو كە ڕێكخراوەكانی تایبەت بەكاروباری ژنان لە كوردستان دەمێكە بوونیان هەیەو كار بۆ مەسەلەكانی ژنان دەكەن، گوتیشی «لە كابینەی پێنجەم بڕیاری دامەزراندنی وەزارەتێكی هەرێم درا بۆ كاروباری ژنان و لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەزیرێكی ژنی بۆ دەستنیشان كرا، بە گەرموگوڕییەكی پتەویش كاری تێدا دەكرا، بەڵام بەداخەوە بەڕێمان كردو دواتریش ئەو وەزارەتە لە بری ئەوەی ئەكتیفتر بكرێت و ببێت بە وەزارەتێكی فیعلی، بەداخەوە هەڵوەشێنرایەوەو هیچی جێی خۆی نەگرت، تەنیا هەندێ بڕگەو یاسا نەبێت كە ئەوسا گەیەنرایە دەست لێژنەی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان و كارمەندانیشی پەرت و بڵاوەیان پێ كرا». دامەزرانی ئەنجومەنی باڵای خانمانـی بە گرنگ زانی و گوتی «ئەوانیش لەئێستادا جێی پێی خۆیان كردووەتەوە، چونكە لایەنی جێبەجێكارن و سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانن، كۆنتاكی باشیان لەگەڵ هەموو دامودەزگاكان هەیە و خاوەنی كارو بەرنامەی خۆیانن». هیوای سەركەوتنیشی بۆ ئەنجومەنی باڵای خانمان خواست و گوتی «دەخوازم بتوانن زاڵ بن بەسەر ئاریشەو گرفت و بەربەستەكانی بەردەم سەرجەم ژنانی وڵاتەكەم و پێویستە خانم ئاسا كۆڵان و ماڵی شار و گوند بەسەر بكەنەوەو هیواداریشم لە كابینەی حەوتدا بتوانن بەتەواوی بوونی خۆیان بسەلمێنن و ئەنجومەنەكەیان لەسەرتاسەری كوردستان فراوانتربكەن».
Top