د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان:لە شەش مانگدا 265 كێشەی كۆمەڵایەتیمان چارەسەر كردووە

د.ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان:لە شەش مانگدا 265 كێشەی كۆمەڵایەتیمان چارەسەر كردووە
ئا:ڕۆشنا عومەر
خاتوو د.ڤیان سلێمان سكرتێری گشتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەم دیدارەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، تیشكدەخاتە سەر پێگەی ئافرەتی كوردو سەبارەت بە كاروچالاكی خۆیان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان و ڕۆڵیان لە نەهێشتنی توندوتیژی و جیاوازی جێندەری لە كۆمەڵگادا، هەروەها جەختیش لەوە دەكاتەوە كە لە جێبەجێكردنی یاسای توندوتیژی كەمتەرخەمی هەیەو هەركەس و لایەنێكی حزبی و مەدەنی و حكومەتیش بەقەوارەی خۆی لێی بەرپرسیارە. ئەمەش دەقی ئاخاوتنەكەیە:
* د. ڤیان وەك سكرتێری گشتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان چۆن بارودۆخی ئێستای ئافرەتانی كوردستان دەبینێت؟
- ئەگەر لەمێژوو وردبینەوە، ئەوا بەدرێژایی مێژوو ئافرەتانی كوردستان رۆڵی خۆیان هەبووە و لەپێناوی بەدەستهێنانی ئازادی زیاتر و مافی زۆرتر و یەكسانی لەگەڵ پیاودا خەباتی كردووە، ئێستاش كە لەكوردستان تارادەیەكی زۆر ئازادی دەستەبەربووە، دەتوانم بڵێم بارودۆخی ئێستا هەلێكی زێڕین و سەردەمێكی زێڕینە بۆ ئافرەتانی كوردستان رەخساوە، ئاشكرایە بەدرێژایی مێژوو ئافرەتانی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ كۆمەڵگاكانی دەوروبەرمان ئافرەتێكی ئازاد بووە و، لەناو كۆمەڵگەشدا رێزێكی تایبەتی هەبووە و هەمیشە خاوەنی پێگەیەكی باش بووە، ئەمە وێڕای ئەو تێبینی و سەرنجانەی لەسەر جۆری پەیوەندی نێوان هەردوو رەگەز هەمانبووە و ئێستاش هەرهەمانە، بەڵام ئەگەر خۆمان بە كۆمەڵگاكانی دەوروبەرمان بەراورد بكەین دەتوانین ئەم جیاوازیانە بەدی بكەین:
1- بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بەڕووی دەرەوەدا هەلی كاركردنی یەكسان بۆ ئافرەتان ڕەخساوە.
2- ئاراستەیەكی یەكسانبوون لەناو بڕیاری سیاسی كوردستان و لەناو دەستەبژێری دەسەڵاتی سیاسیدا هەیەو هیچ ڕێگرییەكی یاسایی، یان كۆمەڵایەتی بەرامبەر بەئافرەتان لەكۆمەڵگەدا بوونی نییە.
3- بەهۆی كرانەوەی پارتە سیاسییەكانی كوردستان كە باوەڕیان بەكرانەوە بەڕووی ئافرەتان هەیە، هەلێكی دیكە بۆ ئافرەتانی كوردستان ڕەخساوە.
4- هاوكات ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی برەو بەخۆیان دەدەن و دەتوانن پشتگیری لەئافرەتان بكەن بۆ دەستكەوتنی مافەكانیان.
* بەڵام ئافرەت ناتوانێت لەسیستەمی سیاسی بە شێوەیەكی یەكسان لەگەڵ پیاو بەشداربێت، تائێستاش لە هەرێمی كوردستان سیستەمی كۆتا بۆ ئافرەتان پەیڕەو دەكرێت، ئەوەش ناڕەوایی هەندێك لە ئافرەتانی لێكەوتۆتەوە، لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- هەر بابەتێك پەیوەندی بەباری كۆمەڵایەتییەوە هەبێت، پەسەندكردنی رێژەییە، هەموو مەسەلەیەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، بەداخەوە زۆر لەئافرەتان تەنیا لایەنە نەرێنیەكانی سیستمی كۆتا دەبینن، بەڵام من وەك خۆم سیستمی كۆتا بە باش دەزانم و بەردەوام بەرگریشم لێ كردووە، لەبەر ئەوەی كۆتا دەرفەتێكی زیاتر بۆ بەشداری ئافرەت دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارییەو لە پەروەردەی پیاوسالاریدا متمانە بەكارامەیی پیاو زیاترە، پیاو بەكارامەتر و بەتواناتر دەزانن، ئەمەش جۆرە پاشكۆیەتیەك بۆ ئافرەت دروست دەكات، بۆیە بوونی كۆتا ئەم پاشكۆیەتیە كەمدەكاتەوە و ژمارەیەك ئافرەت دەباتە پلەی سیاسی و ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كۆمەڵگە.
* ئەگەر تەماشای كابینەكانی حكومەتی هەرێم بكەین، دەبینین لەكابینەی پێنجەمدا پێنج ئافرەت هەبوون، بەڵام لەكابنیەی شەش كەمتر بوو، لە كابنیەی حەوتیش هەر ژمارەی ئافرەتان كەمە، ئێوە وەك یەكێتی ئافرەتان بۆچی لانیكەم لە دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی پارتی، كاریگەری ئەوەتان نەبووە كە چەند ئافرەتی وەزیرمان هەبێت؟
- پێش ئەوەی كابینەی حەوتەم پێكبهێنرێت، وەك یەكێتی ئافرەتانی كوردستان داوامان لە بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی كرد كە ئافرەت لە كابینەكەی لەبیر نەكات، بۆ ئەوەی لەهەموو ئۆرگانەكانی حكومەتدا ئافرەت بوونی هەبێت، بۆیە داوامان لەكاك نێچیرڤان بارزانی كرد لەسەرجەم ئۆرگانە حكومییەكاندا مەسەلەی كۆتا ڕەچاوبكرێت، بەڵام وەك بینیتان هەر هەمان وەزیری ئافرەت لەناو كابینەی حەوتەم دانرایەوە، زۆربەی وەزیرەكانیش وەك خۆیان مانەوە، لە كابینەی حەوتیش نەك تەنیا پارتی، بەڵكو سەرجەم ئەو حزبانەی بەشدارن لە حكومەتدا، هەر پیاویان بۆ پۆستە باڵاكان كاندیدكردەوە.
* ڕێژەی ئافرەت لەهێزی كاری هەرێمی كوردستاندا چەندەو بۆچی لە پلە ئیدارییەكان تا بەرەو سەرەوە دەڕوا، ژمارەی ئافرەت كەم دەبێتەوە؟
- رێژەی لە (42%)ی هێزی كاری هەرێمی كوردستان ئافرەتن، ئەمەش ڕێژەیەكی دڵخۆشكەرەو ئەوە پیشان دەدات كە ئافرەت توانیویەتی ڕۆلی لەگشت بوارەكانی ژیاندا هەبێت، بەپێی ئاماری سەندیكای رۆژنامەنووسان (14%)ی رۆژنامەنووسان ئافرەتن، بەڵام بەداخەوە لە پلە ئیدارییەكاندا وردە وردە ئەو ڕێژەیە بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، بەتایبەتی دوای رێژەی پلە تایبەتییەكان.
* زۆر جار دەگوترێ ئەو ئافرەتانەی كە حزبەكان لە حكومەتدا جێگەیان بۆ دەكەنەوە، كارامە نین و تەنیا وەك گوڵی سەر مێز بوونی شكڵییان هەیە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟
- كاتێك پەروەردەی كۆمەڵگە جیاوازی جێندەری دروست دەكات، پاساو بەوە دەهێننەوە كە ئافرەتان ناتوانن پلەی بەرپرسیارێتی وەربگرن، بۆیە هەندێك ئافرەتیش هەن لەوانەیە وەك باست كرد گوڵی سەر مێز بن و نەتوانن هیچ بڕیارێك بدەن، بەڵام ئافرەتیشمان هەبووە زۆر سەركەوتوو بووە، بێگومان ئەزموونی حوكمداری ئافرەتیش لەلای ئێمە شتێكی نوێیەو تازە ئێمە بۆمان رەخساوە كە ئافرەت لەگشت بوارەكاندا كاربكات.
* ئێوە وەك ئافرەتانی كوردستان تاچەند توانیوتانە ئافرەتی سەركردە دروست بكەن؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان بایەخێكی زۆری بە ئافرەت داوە و ئەوەش جێگەی شانازی و جێگەی دەستخۆشییە، بێگومان دروستبوونی یەكێتی ئافرەتانیش بۆ ئەوەیە كە توانای ئافرەت زیاد بكات، پارتی باوەڕی بە تواناكانی ئافرەت هەیە، لەو ڕوانگەیەشەوە یەكێتی ئافرەتان لە پێگەیاندنی ئافرەتی كارامە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، زۆربەی ئافرەتانی پەرلەمانتار و پۆستە سیاسییەكانی نێو پارتی دەرچووی ریزەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و لە كادیرەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانن.
* پەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتییەكان تا چەند توانیویەتی توندوتیژی كەم بكاتەوە و بەگشتی لەو بوارەدا چ چالاكییەكتان هەبووە؟
- پەیمانگەی پرسە كۆمەڵایەتییەكانی یەكێتی ئافرەتان لەماوەی ساڵێكی تەمەنیدا لەهەموو بوارەكانی وشیاركردنەوە و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكان كاری بەرچاوی كردووە. بڕیاریشە سیمینارێك سازبكات و لەو سیمینارەشدا لە ژمارە سفری گۆڤاری (شیكار) كە گۆڤارێكی ئەكادیمی وەرزییەو تایبەتە بە كێشە كۆمەڵایەتی و هزرییەكان بخاتە بەرباس و توێژینەوە، بۆ ئەوەی بزانین لە چ قۆناغێكی كاركردنداین لەكوردستان، هەروەها تەنیا لە ماوەی هەشت مانگدا 49 سیمینار سەبارەت بەچمكی توندوتیژی كراوە. لەقوتابخانەكانی هەولێر نزیكەی 30 سیمینار لەسەر بابەتی ئاشنابوون بە چەمكی هەرزەكاری و بواری گشتی پەروەردەیی خێزانی كراوە، هەرەوەها لە ماوەی شەش مانگدا 265 كێشەی كۆمەڵایەتیمان چارەسەر كردووە، ئەمە جگە لەبەشی راوێژكاری كە بە بەردەوامی هەوڵی داوە كێشەكان چارەسەر بكات و دوو خەتی تەلەفۆنی بەردەوام كراوەیە بۆ چارەسەری كێشەكان و تەنانەت هەندێك كێشە لە گەرمیان و چۆمان و ناوچە دوورەپەرێزەكان بووە، بەڵام توانراوە چارەسەربكرێن. هەروەها توێژینەوەی زۆر لە ناوچەكانی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی بزانین كە لەچ ناوچەیەكدا و چ جۆرە كێشەیەك زیاترەو كاریگەری چییەو چۆنیش چارەسەردەكرێت.
* هۆكاری سستیكردن لە جێبەجێكردنی یاسای توندوتیژی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بەداخەوە لەو بوارەدا كاری دەستەجەمعی نەكراوە، ئێمە لەسەر یاسای توندوتیژی كۆبوونەوەیەكمان كردو داوامان لەهەموو رێكخراوەكان كرد كە هەڵمەتێكی وشیاركردنەوە بكەین، من داوام كرد هەر رێكخراوێك یەك نوێنەرمان بداتێ، مەبەستی ئێمەش تەنیا ئەوە بوو كاری تیمی دروست بكەین، بێگومان لە جێبەجێكردنی یاسای توندوتیژی كەمتەرخەمی هەیەو هەركەس و لایەنێكی حزبی و مەدەنی و حكومەتیش بەقەوارەی خۆی لێی بەرپرسیارە.
* تا ئێستاش توندوتیژی لەناو خێزان و حزب و حكومەت بەدی دەكرێت، هۆكاری ئەوە بۆ چی دەگێڕیتەوە؟
- لەناو خێزان و حزب و حكومەتیش دەبێت ئەو بوارە هەبێت كە گفتوگۆ بكەین و بیروڕا بگۆڕینەوەو لەیەكتر بگەین، هەموومان پێویستیمان بەو ڕاگۆڕینەوە هەیە، ئەگەر دەرفەتی ئاڵۆگۆرڕی بیروڕا نەما، ئەو كات توندوتیژی دروست دەبێت. واتە داخستنی دەرگای لێكتێگەیشتن هۆكاری سەرەكی توندوتیژییە.
* بەڵام زۆرجار ئاماژە بەوەدەكرێت كە توندوتیژی لەناو حزبەكان زیاترە بە بەراورد بە دامەزراوەكانی حكومەت، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بێگومان تایبەتمەندیی دامەزراوە حكومی و حزبیەكان جیاوازە، پەیوەندییە حزبییەكانیش جیاوازە لەگەڵ پەیوەندی كاركردن لەناو حكومەت، بۆ نموونە حكومەت فراوانترە و یاسای زۆری هەیە، گەرچی حزبیش دیسپلین و پەیڕەو پڕۆگرامی خۆی هەیە، واتا كارەكان دیاری كراوەو هەر كەسەو سنوورێك بۆ كارەكانی دانراوە، بەجۆرێك كەس ناتوانێت لەكاری خۆی زیاتر بكات، بۆ نموونە لە حزب ئەگەر كەسێك توندوتیژی بەرامبەر كرا، دەتوانێت سەرووی خۆی ئاگادار بكاتەوە، بەڵام لەحكومەت دەسەڵاتی دادوەری و داداگا هەیە، بەڵام لەحزب دادگا نییە. بەگشتی توندوتیژی لەناو هەموو حزبەكاندا هەیە، بۆیە پێویستە كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان بكرێت. زۆر جێگەی شەرمیشە كە ئافرەتێك توندوتیژی قبووڵ بكات.
* ئەنجومەنی باڵای خانمان دامەزراوەیەكی حكومییە، چۆن لەو ئەنجومەنە دەڕوانی و تا چەند لە ئاستی خەونەكانی ئافرەتاندایە؟
- من یەكێك لەو كەسانەبووم كە كاتێك ئەنجومەنی خانمان كراوەیە، زۆر پێشوازیم لێكردو پشتگیرم كرد، بەتایبەتی كە ئەنجومەنی خانمان بۆردێكی راوێژكاریی هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی پێویستە لەگەڵ هەموو وەزارەتەكان هەماهەنگی بكات، بەڵام ئەوەی كە ئێمە تا ئێستا بینیومانە ئەوەیە كە ئەنجومەنی باڵای خانمان تا ئێستا ئەو خەونەی بەدی نەهێناوە كە چاوەڕاوانی بووین.
* ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەكێشەكانی ئافرەت چۆن دەبینی؟
- ڕاگەیاندنەكان گرنگی بەكاروچالاكییەكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نادەن، بۆ نموونە ئەگەر هەر رۆژەو یەك سیمینار و چالاكی ئەو ڕێكخراوانە بگوازنەوە، جۆرە كاریگەرییەكی دەبێت بۆ ئەوەی بابەتێكی كۆمەڵایەتی بەبیر خەڵكی بهێننەوە، بێگومان كتێبخانەی كوردیش هەژارە لەبواری هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان، چالاكوانانی رۆشنبیریشمان كەمە كە لەسەر كێشەی ئافرەتان كاربكەن، بەداخەوە هەندێك لە ڕاگەیاندنەكانیش جوانییەكان دەشارنەوە و وادەكەن بگوترێ لەو وڵاتە هیچی جوانی تیا نییە، و هیچ شتێكی جوانی كۆمەڵگەی خۆیان پیشان نادەن.
* زۆرجار دەگوترێ كەلتووری رژێمەكانی پێشووی عێراق تائێستا لەكوردستان ماوە، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەوە هەیە؟
- بێگومان ئاسەواری رژێمەكانی پێشوو لەسەر هەموو كۆمەڵگەی عێراق هەبووە بە كۆمەڵگەی كوردستانیشەوە، هەر ئەمەش وایكردووە مرۆڤی كوردیش بە شێوەیەكی توندڕەوانە هەڵسوكەوت بكات، چونكە ئەو سیستەمە وایكردووە تاك وەك كەسێكی توند بەرهەم بێت.
* یەكێتی ئافرەتان تا چەند خاوەن بڕیاری خۆیەتی، ئایا تاچەند پارتی وەك حزب كاریگەری لەسەر بڕیارەكانتان هەیە؟
- یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك رێكخراوێك كە بەرگری لە ئافرەتان بكات، بەرهەمی بیركردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە رامبەر بە ئافرەتان و كاتێك ئەم رێكخراوە دامەزراوە پارتی وەك حزبێكی كوردستانی ركابەری نەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی خۆی بڕوای بەوە هەبووە چەترێك بۆ ئافرەتانی كوردستان بكات بۆ ئەوەی خۆیان بە ئازادانە بڕیاری خۆیان بدەن، ئێستاش راستە پارتی یارمەتی لۆجیستی ئەم رێكخراوە دەدات، بەڵام ئۆرگانێكی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان نییەو وەك رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی كار دەكات، كاری ئێمە برەودانە بە تواناكانی ئافرەتان و خزمەتكردنە بە پێشكەوتن و توانای ئافرەتی كورد، لەناو یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كادیرمان هەیە سەربەخۆیەو پارتی نییە، هەشمانە كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانە، ئەنداممان هەیە، هەر كورد نییە، واتە عەرەب یان توركمانە و لەگەڵ ئێمە ئیش دەكات، هەروەها یەكێتی ئافرەتان سەیوانێكە بۆهەموو ئەو ئافرەتانەی كە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی كاردەكەن.
Top