ئەوگەنجەی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناو شیرازەی خێزانێكیشی تێكدا

ئەوگەنجەی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناو شیرازەی خێزانێكیشی تێكدا
زۆرن ئەو كوڕانەی هەمیشە دەیانەوێت شیرازەی خێزانان بەهەڵخەڵەتاندن و فریودانی كچان تێك بدەن، بەڵام تائێستاش كەسانی ئێمەش هێندە هۆشیار نین لەئاست هەوڵە بێ ئاكامەكانی ئەو جۆرە كوڕانە راوەستنەوە، ئەوانە بێ ئەوەی بیر لەدوا رۆژی خۆیان بكەنەوە سەرشێتانە دەكەونە هەڵخەڵەتاندنی كچان، بەڵام لەدوا جاریشدا خۆی و كەسانی بێ تاوان دەكەنە قوربانی و رووداوەكان بە كارەساتی گەورە و تراژیدیا كۆتایی پێدێت.
خوێنەری خۆشەویست ئەوەی لەم چیرۆكەدا دەیخوێنیتەوە رووداوێكی راستەقینەیە كە بریتییە لەوەی كە چۆن گەنجێك بەقسەی خۆش و بەناوی هاوسەرگیری كاری بۆ هەڵخەڵتاندنی هەندێ لە كچان دەكرد، بەڵام لەدوا جار جگە لەوەی ژیانی چەند ماڵباتێك تێك دەدات، بۆ دواجار خۆی ماڵئاوایی لەژیان دەكات.
دەستپێكی چیرۆك
كەژاڵ ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 19 ساڵانە بوو، ئەو قوتابی قۆناغی ئامادەیی بووە لەهەولێر سەرەداوی رووداوەكەی بەم شێوەیە بۆ گوڵان خستەروو، رۆژانە لەكاتی چوونم بۆ قوتابخانە وریا رێگەی پێدەگرتم و بەناوی خۆشەویستی داوای هاوسەرگیریشی دەكرد، وریا هەمیشە دووپاتی لەوە دەكردەوە كە ئەو تەنیا مەبەستی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییە لەگەڵ ئەودا، بۆیە هەر دەبێ رازی بم تا پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵدا ببەستم.
سەرەتاییەكی تاڵ
كەژاڵ ساتێك قسەی بۆ ئێمە دەكرد،چاوەكانی پڕ لەفرمێسك بوون و ئاخی هەڵدەكێشا بەوەی چۆن چارەنووسی بەدەستی خۆی ڕەش كردووەو ژیانی هاوسەرگیری دوو خوشكی خۆشی تێكدا، بەردەوامی بەقسەكانیدا و گوتی: پاش زیاتر لە سێ مانگ رۆژانە وریا رێگەی چوونی قوتابخانەی لێدەگرتم، منیش وتم دیارە ئەو بە راستییەتی كە دەیەوێ بمهێنێت بۆیە دوو خوشكی لەخۆم بەتەمەنتر كە هەر دووكیان شوویان كردووەو لەماڵی خۆیانن لەم مەسەلەیە ئاگادارم كردنەوە، چونكە نەمدەویست بێ ئاگاداریی ئەوان هیچ هەنگاوێك بهاوێژم و نەشمدەوێرا بە برایەكانم بڵێم.
لێرەوە ژیانی تاڵی من دەستی پێكرد.
هەروەها گوتی: پاش زیاتر لە دوو مانگ هەر دوو خوشكەكانم رازی بوون لەماڵی یەكێكیان وریا ببینن و بۆ ئەوەی ئەگەر بزانن بەكردەوە منی خۆش دەوێت تا بێتە خوازبێنیم، دوای دەست نیشانكردنی ساتەكە، رۆژێك وریا لەماڵی یەكێك لەخوشكەكانم بینی، خوشكەكانم وتیان یان دەبێت واز لە كەژاڵ بهێنێت یان دەبێ بێیتە خوازبێنی، بۆیە ساتێك ئەو پرسیارە لەوریا كراو بۆی روون بووەوە پەیوەندیی خۆشەویستی نابەستم و ئەگەر منی دەوێت دەبێ بێتە خوازبێنیم، لەو ساتەوە هەوڵ دەدات خۆی لەپرسی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بدزێتەوەو ئێمەشی ناچار دەكرد بەوەی گوایە هاتۆتە لامان و نهێنی ئێمەی لایە دەیگوت وازی لێ ناهێنم.
كار لەكارترازا
كەژاڵ هەمیشە دووپاتی لەوە دەكردەوە كە نە خۆی و نەك خوشكەكانیشی هەڵسوكەوتەكانی وریایان بەدڵ نەبوو بەڵام رۆژگار ناچاری كردبووین بەیەك بگەین، ئەو كەسێك هەمیشە شەڕانگێز دیار بوو بەئاسانیش دەستبەداری من نەدەبوو، ناوبراو درێژەی پێداو وتی: بۆ دواجار پاش ئەوەی بۆ من و خوشكەكانیشم روون بۆوە كە وریا كەسێكی درۆزنە لەماڵ دەرمانكرد تا كار گەیشتە ئەوەی هەر دوو مێردی خوشكەكانم و برایەكیشم بەرووداوەكە بزانن، وریا تا داهات كێشەكەی گەورەتر دەكرد و وازیشی لەمن نەدەهێنا، پێی دەگوتم بكوژرێم وازت لێ ناهێنم تا ئەوكاتەی رۆژێك زاواو برایەكەم زۆریان لێدا.
كۆتاییەكی مەرگەسات
ئەو كچە قوتابیە لەرووی دەروونییەوە لەبارێكی خراپدابوو، ئەو دەیگوت ماڵی خۆم وخوشكەكانیشم تێكدا و پاش چەند جارێك شەڕو پێكدادان وریا بەوەش نەوەستا لای خەڵكی گەڕەك پرۆپاگەندەی ئەوەی دەكرد كە لەماڵی خوشكەكانم منی بینیوە و زاوایەكانیشم قسەیان نەكردووە، چونكە هەردوو مێردی خوشكەكانم بەوەیان نەدەزانی، ئەمەش كاریگەریی خراپی هەبوو لەسەر ناوزڕاندنی ماڵباتی خوشكەكانم، بۆیە وەك تۆڵەسەندنەوەیەك ئەو دوو برایە هەر دوو خوشكەكانم تەڵاقدا و لەناو یەكێك لەبازاڕەكانی هەولێریش وریایان كوشت، ئێستاكەش خوشكەكانم تەڵاقدران و منیش لەخوێندن و ژیانیش دابڕام و وریاش بۆ دواجار بووە قوربانی هەڵەكانی ژیانی خۆی.
Top