وەفای بیست ساڵی ئافرەتێك بە تەڵاقدان كۆتایی هات

وەفای بیست ساڵی ئافرەتێك بە تەڵاقدان كۆتایی هات
ئەو ئافرەتێكی باڵا مامناوەندی و رەنگ ڕەش ئەسمەر بوو، هەمیشە لەكاتی لێكۆڵینەوەی پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوە دەكرد ئەو كاتێك شووی كردووە هەموو خولیاو و ئارەزووەكانی ئەوە بووە لەگەڵ هاوسەرەكەی ژیانێكی ئاسایی و خۆش ببەنەسەر، بەڵام هیچ كاتێك بیری بۆ ئەوە نەچووە ژنی بەسەر بێت و پاش ئەوەی باری تەندروستی تێك دەچێت، دوای زیاتر لە 20 ساڵ هاوسەرگیری لەبری چارەسەركردن، مێردەكەی پێی دەڵێت تۆ نەخۆشیت و ئیدی تۆم ناوێت.
ئەمە چیرۆكی رووداوێكی راستەقینەیەو روویداوە بەوەی پیاوێك لەگەڵ ژنی دووەمی رێكبكەوێت ئازاری دەروونی ژنی گەورەی بدات كە دەبێ ئەو ئافرەتە بەناچاری لەسەر خوانی هەوێیەكەی خۆی دابنیشێت، بێ ئەوەی بۆی هەبێت پاروویەك لەچێشتی ژنی دووەم بخوات، دوای زیاتر لە 20ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ فەتاح، سۆزان سكاڵا لەدژی مێردەكەی تۆمار دەكات،بەس بۆ ئەوەی تەڵاقی نەدات و لەهەمان كاتیش سكاڵای لەدژی هەوێیەكەی تۆمار كرد لەبەر ئەوەی هۆكاری تێكچوونی پەیوەندیی نێوان فەتاح و سۆزانە، سۆزان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا بۆ پۆلیسی ئاشكرا دەكات بەوەی ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە شووی بەفەتاح كردووە، تا 3 ساڵ بەر لەئێستا هیچ گرفتێكیان نەبووە، بەڵام لەدوای ژن بەسەر هێنانی فەتاح لەگەڵ حەلیمەی ژنی دووەمی نێوانی باش دەكات و دەست بەدژایەتی كردنی ئەو دەكات.
وەك سۆزان باسی دەكات بەم دواییە بۆم دەركەوتووە كە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵیدا، فەتاح لەگەڵی راستگۆ نەبووەو هیچ كاتێكیش خۆشی نەویستووە، من هێندە خۆش باوەڕ بووم بە فەتاح تا ئێستا منداڵمان نەبووە، فەتاح خۆی رێگەی نەدەدا منداڵمان ببێت، كەچی دەیگوت تۆ منداڵت نابێت و كێشەت هەیە منیش باوەڕم پێی دەكرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە فەتاح هیچ كاتێك منی خۆش نەویستووەو بەنیازی ئەوە بووە تەڵاقم بدات.
لەدرێژەی قسەكانیدا سۆزان لەبەردەم ئەفسەری پۆلیسدا دەیگوت: هەموو كات لەژیاندا بەئومێدەوە لێم ڕوانیوە و بەحەز و ئارەزوویەكی زۆرەوە شووم كردەوەو هەموو ئاواتێكم ئەوە بووە لەگەڵ هاوسەركەم ژیانی خۆش و ئاسایی دوور لەئاریشە ببەمە سەر، كەچی ئێستا هەموو بیركردنەوەكانم خەیاڵ بوون و پێچەوانە بۆوە.من باوك و دایك و براو خوشكم نییە تا بچمەوە لایان و نەخۆشم، بەڵام نەخۆشییەكەشم هێندە خراپ نییە نەتوانم خزمەتی خۆم بكەم، كەچی فەتاح لەبری ئەوەی زیاتر كە 20 ساڵە بەیەكەوەین چارەسەرم بكات پێم دەڵێت تۆ نەخۆشیت و من تۆم ناوێت، ئەو هەمیشە ئازاری دەروونیم دەدات، من لەژوورێكی نهۆمی دووەمی خانووەكەم دەژیم و هەوێكەشم لەنهۆمی خوارەوەیە،هەر بۆ خۆشم خواردن ئامادە دەكەم.
سۆزان ئەوەش دەخاتەروو كە ئەو ئێستا هیچ شوێنێك شك نابات تێیدا بژی، بۆیە داوا لەدادوەر دەكات فەتاح تەڵاقی نەدات و بگەڕێتەوە لای، بەهەموو ئازارو ژیانێكی لەگەڵ فەتاح رازییە. ئێستاكە سۆزان لەچاوەڕوانی دوا بڕیاری دادوەرە بەوەی بۆ دواجار سۆزان دەگەڕێنێتەوە لای فەتاح یان ئەو هەر سوورە لەسەر تەڵاقدانی و بۆدواجار نائومێدی دەكات.
Top