پزیشكێك ئەندامی نێرینەی دوو منداڵ دەبڕێت

پزیشكێك ئەندامی نێرینەی دوو منداڵ دەبڕێت
11ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- پاش ئەوەی خانەقین لە لایەن پزیشکێک و دوو یاریدەدەری پزیشکییەوە ئەندامی نێرینەی دوومنداڵ تێکدرا، لەکاتی وروژاندنی ئەو رووداوە، چەند لایەن و بەرپرسێک لە حکوومەتی ھەرێم بڕیاریاندا ئەو منداڵانە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن بۆ چارەسەر کردن، بەڵام تا ئێستا ھیچ شتێکیان بۆ نەکراوە .
لەمبارەیەوە محان عەلی باپیری منداڵەکان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: پاش وروژاندنی کارەساتی تێکدانی ئەندامی نێرینەی ئەم دوو منداڵە، حکوومەتی ھەرێم دەستپێشخەری کرد بۆ چارەسەرکردنیان لە دەرەوەی وڵات، بەڵام بە داخەوە ھێشتا نەیانتوانیوە منداڵەکان بۆ نەخۆشانەکانی دەرەوەی وڵات بنێرن.
یەکێک لەو بەرپرسانەی لە راگەیاندنەکانەوە ناردنە دەرەوەی ئەو منداڵەی گرتە ئەستۆ جێگری سەرۆکی حکوومەت عیماد ئەحمەد بوو، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی لەوبارەیەوە نەناوە.
محان عەلی ئاماژەشیدا، ئێمە دەستمان بە بەرپرسان ناگات و تا ئێستاش وەڵامیان نەدراونەتەوە کە منداڵەکانیان دەبەنە دەرەوەی وڵات یان نا بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە لیژنەی بەرگری لەبەرژەوەندییەکانی خەڵک لە خانەقیین کردووە کە داواکەیان دیسانەوە بگەیەنن بە دەزگاکانی راگەیاندن بۆ ئەوەی وەڵام بدرێنەوە.
باپیری منداڵەکان راشیگەیاند: بارودۆخی ئەو دوو منداڵە خراپتر بووە و ناتوانین چیتر چاوەڕوان ببین، بۆیە تکا دەکەین وەڵاممان بدەنەوە.
لای خۆشییەوە ئەندامی لیژنەی بەرگری لە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵک لە خانەقین سەلام عەبدوڵا بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ئەمڕۆ باپیری ئەو دوو منداڵە ئاگاداری کردینەوە کە بارودۆخی مناڵەکان خراپتر بووە و ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێشتر بەلێنیدا بۆ مەبەستی چارەسەر ھەردوو منداڵەکە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکات دوای تێپەربوونی دوو مانگ تا ئێستا ھێچ وەڵامێکیان نەبووە,بۆیە لێرەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین داواکاری کەسوکاری منداڵەکان بە بیری حکومەت و ئەو لایەنانە بھێننەوە کە پێشتر بەڵینیاندا بە چارەسەرکردنیان.
ئەو دوو منداڵە کە برای یەکترن بە ناوەکانی ھەیسەم تەمەن چوارساڵ و ھەمام تەمەن سێ ساڵ بە رەگەز عەرەبن و دانیشتووی گوندی ئەخوەی سنووری خانەقینن، لە رۆژی ١٧/٧/٢٠١٢ لە کاتێکدا لە گەڵ باوکیان بۆ مەبەستی خەتەنەکردن سەردانی نەخۆشخانەی خانەقین دەکەن لە لایەن پزیشکێک و دوو یاریدەدەری پزیشکییەوە بە ھەڵە خەتەنەکەیان بۆ دەکرێت و دەبێتە ھۆی لە دەستدانی ئەندامی نێرینەیان، لە کاتێکیشدا مناڵەکان دەبردرێنە شاری بەغدا بۆ لای پزیشکی پسپۆر لەوەڵامدا پزیشکەکان راگەیاندووە چارەسەریان نییە و پێدەچێت لە دەرەوەی وڵات چارەسەری ھەبێت. لە لایەکی دیکەشەوە باوکی منداڵەکان سکاڵای لەسەر پزیشک و دوو یاریدەدەرە پزیشکیەکە تۆمارکردووە و تا ئێستا دۆسیەکە لە دادگای خانەقینە.
Top