تەلەفۆنی بۆ مێردەكەی كرد و خۆی خنكاند

تەلەفۆنی بۆ مێردەكەی كرد و خۆی خنكاند
8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- بینام رێبوار، 23 ساڵ ، تەنیا پێنج مانگ توانی لەگەڵ مێردەكەی هەڵبكات، لە ئەنجامدا خۆی خنكاند، دراوسێیەكی بینام دەڵێ "بینام بەر لەوەی خۆی بخنكێنێت، تەلەفۆنی بۆ هاوسەرەكەی كردبوو".
رۆژی 30/10/2012 لە قەزای كەلار ژنێك بەناوی بینام رێبوار، خۆی خنكاند، تائێستا كەس لەسەر خۆخنكاندنی ئەو ژنە دەستگیر نەكراوەو كەسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ، لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ساڵی 2012 لە دەڤەری گەرمیان، دوو حاڵەتی خۆكوشتنی ئافرەتان تۆماركراوەو دوو ئافرەتیش كوژراون.
بینام، ساڵێك بوو لە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی گەرمیان دامەزرابوو، هەروەها پێنج مانگیش بوو شووی بە كوڕێك كردبوو، كە ئەویش فەرمانبەر بوو، لە گەڕەكی بنگردی شارۆچكەی كەلار دادەنیشتن. هاوسەرەكەی بینام رەوشی ئابووری باش بووە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی گەرمیان بۆ (رووداو) باسی خۆكوشتنی بینامی كرد. بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، بینام لەلای ماڵە دراوسێ و خزمەكانیان گوتبووی ، ماڵی خەزووری "خۆشیان ناوێت و پێیانگوتووە، كە چارەیان ناوێت"، دواتر تەلەفۆنی بۆ مێردەكەی كردووە "دوای ئەوەی تەلەفۆنی كردووە، مۆبایلەكەی بە زەوی داداوەو شكاندوویەتی".
بینام لەنێو ماڵی خۆیان، دوای خۆرئاوابوون خۆی دەخنكێنێت، سەرچاوەكەی پۆلیس گوتی "سەرەتا وابڵاوكرایەوە، كە بینام كارەبا گرتوویەتی و مردووە، ئەوە قسەی ماڵی هاوسەرەكەی بوو، بەڵام بەشی لێكۆلینەوەی تاوان لە پۆلیسی كەلار گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، شوێنەواری خنكان لەناو ماڵیان دیاربووە، لە ژێر پانكەكە كورسییەك و چەفیەی سەری بینام هەبوو، كە بە چەفیەكە خۆی خنكاندبوو، پۆلیس كورسی و چەفییەكەی وەك بەڵگەیەك بۆ لێكۆڵینەوە هەڵگرتەوە".
تەرمی بینام رەوانەی پزیشكی دادوەری كەلار كرا، بۆ لێكۆڵینەوەو پاشان تەرمەكەی درایەوە كەسوكاری، بەپێی قسەی پۆلیسی كەلار "كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە لەسەر خنكانی بینام و فەرمانی گرتنی كەسیش دەرنەچووە، بەڵام ئیفادەی هاوسەرەكەی و خەسووی بینام وەرگیراوەو دەڵێن كێشەمان نەبووە، تائێستا دیار نییە هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو ژنە چییە، بەڵام بەهۆی قسەكانی لای دراوسێیەكانی و بەزەوی دادانی مۆبایلەكە دیارە كێشەی هەبوو، بەپێی زانیاری سەرەتایی ژنەكە دووگیانیش بووە".
سامان مەحموود، توێژەری كۆمەڵایەتی، خۆخنكاندنی ئافرەتان بە كارێكی "خراپ" وەسفدەكات و دەڵێ "لە هەموو كێشەكان دەرگایەكی چارەسەری هەیە، هیچ كێشەیەك شایەنی ئەوە نییە خۆتی لەپێناو بكوژیت، كێشەكەی بینامیش هەرچی بووایە نەدەبوو خۆی بكوژێت، ئەو فەرمانبەر بووە، دەیتوانی پشت بە خۆی ببەستێ ئەگەر تەڵاقیشی وەرگرتبا".


-رووداو
Top