هودا خەلیل:بەشێكی زۆر لە ئافرەتان غەدریان لێ دەكرێت

هودا خەلیل:بەشێكی زۆر لە ئافرەتان غەدریان لێ دەكرێت
هودا خەلیل، چالاكوان و ڕاگەیاندكارەو یەكێكە لەو ئافرەتە كوردانەی لەماوەیەكی كەمدا توانیویەتی وەك كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی رۆڵی خۆی لە بواری چالاكی لەپێناوی دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتدا بگێڕێت، لەم چاوپێكەوتنەشیدا لەگەڵ گوڵان، سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا و ئاریشەكانیان و كۆسپەكانی بەردەمیان و هەروەها ژیان و خەونەكانی تایبەت بە خۆی، وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.
* سەركەوتنی مرۆڤ لەچیدا دەبینیت و ئافرەت چۆن دەتوانێت خۆی لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی ڕزگاربكات ؟
- بەر لەهەموو شتێك دەبێت یەكەمجار تاك باوەڕی بەخۆی هەبێت و بتوانێت كەسایەتی بۆ خۆی دروست بكات، دروستكردنی كەسایەتی بۆ هەردوو ڕەگەز زۆر گرنگەو لە كۆمەڵگەی دواكەوتووشدا ئەركی ئافرەت لەو بوارەدا قورسترە، چونكە دەبێت بتوانێت بۆ بەرامبەرەكەی بیسەلمێنێت كە گەر لەو باشتر نەبێت، كەمتر نییە، پیاو چۆن دەتوانێت ئیشی خۆی بكات، منیش دەتوانم ئیشی خۆم بكەم، تەنانەت هەندێكجار ئافرەت دەتوانێت زیاتر لە پیاو لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیدا سەركەوتوو بێت. ئەوەشی كە من زۆر بێزار دەكات، غەدركردنە لە ئافرەت، بەڕاستی وەك دەبینین بەشێكی زۆر لە ئافرەتان غەدریان لێدەكرێت، بەداخەوە ئێمە لە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاریدا دەژین، كۆمەڵگەی لەو جۆرەش بە هەمووشێوەیەك ئافرەتان دەچەوسێننەوە، ئافرەتی ئێمە هەموو كاتێك بندەستی پیاو بووە، هەموو كاتێك پیاو لەجیاتی ئافرەت بڕیار دەدات، واتا پیاو فەرمان بە ژنەكەی دەكات كە چۆن هەڵسوكەوت بكات و چۆن كارەكانی بكات، ڕاستە ئێستا تا ڕادەیەك ژیانی تاكەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام رێژەی باشتربوونی مافەكانی ئافرەتان زۆر كەمە و دەتوانم بڵێم تەنیا لەناو شارەكان،ئەویش تاڕادەیەك كێشەكانی ئافرەت بە هۆی كاركردن و بوونی داهاتی سەربەخۆ چارەسەربووە، بەڵام لە شارۆچكە و گوندەكاندا بەهۆی نەبوونی مووچەو داهاتی ئافرەت و نزمی ڕۆشنبیری هەتا ئەمڕۆش ئافرەت لەژێر ستەمی پیاواندایەو ژنكوشتنیش وەك دیاردە تائێستاش نەك لە لادێ بەڵكو لەناو شارەكانیش بنبڕنەبووە.
* دەگوترێت ئەو ئافرەتانەی كە خاوەن داهاتن، یان مووچەشیان هەیە، ئەوانیش تووشی كێشەی توندوتیژی دەبن، لەوبارەیەوە رات چییە؟
- بێگومان كێشەكانی نێو كۆمەڵگەی ئێمە زۆرن، كێشەی ئافرەتی كورد ئەوەیە كە ڕەگەزی بەرامبەری بەداخەوە بەشی هەرە زۆری پیاوان بەسووكی تەماشای ئافرەت دەكەن و تەنیا لە جەستەی دەڕوانن، بەڵام من لێرەوە بەو پیاوانە دەڵێم ئافرەت زۆر لەوە گەورەترە كە ئەوان تەنیا بیر لە جەستەی بكەنەوە.
* وەك چالاكوانێك چۆن دەڕوانیتە هۆكارەكانی زیادبوونی رێژەی تەڵاق كە لە هەرێمی كوردستان رێژەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات؟
- وەك تێبینیم لەسەر كەیسەكانی تەڵاق هەبووە، بەشی هەرە زۆری بەهۆی نەگونجانەوە بووە، وەك دەزانین نەگونجانیش بەهۆی لێكتێنەگەیشتنەوە دروستدەبێت، خاڵێكی دیكەش كە رێژەی تەڵاقی بەرزكردۆتەوە هاوسەرگیرییە لەتەمەنی هەرزەكاری و منداڵی، زۆر كوڕ و كچ هەیە لە تەمەنی چواردە پانزە ساڵیدا دەچنە نێو ئەم پڕۆسەیەوە، ئیتر هیچ زانیارییەكیان لەسەر ژیانی هاوسەری نییە، ئەمە هۆكارێكی كاریگەرە، بێجگە لەوەش هاوسەرگیریی زۆرەملێ هۆكارێكی دیكەیە كە تا ئێستاش بوونی هەیە، ئەمەش گرفتێكی گەورەیە، دەبێت كوڕ و كچ بیر لە واقعی ژیانیان بكەنەوەو بزانن ئایا چۆن دەتوانن لەگەڵ یەكتردا بگونجێن.
* سەبارەت بە هاوسەرگیری بەڕێكەوت و بەتایبەتی ئەو هاوسەرگیرییەی كە لە پرسەكان و بۆنەكانی تایبەت بە ئافرەتاندا ڕوودەدات رات چییە؟
- ئەو هاوسەرگیرییەی كە لەنێو پرسەكان یان هەر بۆنەیەكی دیكە ڕوودەدات،تابڵێی نادروستە، چونكە هاوسەرگیری لەسەر بنەمای گونجاندن و لێكتێگەیشتن دروست دەبێت، ئەگەر كوڕ وكچێك یەكتریان نەدیبێت و نەتوانن لەگەڵ یەكتر قسەبكەن، ئەو هاوسەرگیرییە هەرگیز سەركەوتوو نابێت.
* دەگوترێت ئایین هۆكارێكی سەرەكی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتانە، ئەوە تا چەند ڕەوایە؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی برایەتی و خۆشەویستییە، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە هەندێك كەس بەهەڵە تەفسیری دەكەن و لەپەنایدا توندوتیژی دەكەن. ڕۆشنبیری عەلمانیشمان هەیە بەرامبەر بە خێزانی خۆی توندوتیژی دەكات، ئافرەت هەیە زۆر لەپیاو بەتواناتر و بەهێزترە، بەڵام كۆمەڵگە ڕێگری لێدەكات و ناهێڵێت ئەو ئافرەتە سەركەوتوو بێت، كەواتە تەنیا ئایین نییە، كۆمەڵگە بەگشتی كاری بۆ ئەوە نەكردووە كە ئافرەت بەرگەی كێشەكان بگرێت و داكۆكی لە مافەكانی خۆی بكات.
* بۆچی لە زۆربەی وڵاتانی دواكەوتوودا،تەكنەلۆژیا بە هۆكارێكی زیادبوونی توندوتیژی دەزانرێت؟
- لەبەر ئەوەی بۆ شتی خراپ بەكاری دەهێنن، كاتێك بە باشی سوود لە تەكنۆلۆژیا وەرناگرن بێگومان توندوتیژی لێدەكەوێتەوە. هەموومان دەزانین كە مۆبایل و ئینتەرنێت و فەیسبووك لە كۆمەڵگەی ئێمەشدا هەیە، بەڵام پێویستە بەجۆرێك بەكاری بهێنین كە زیانی نەبێت، بەداخەوە لەلای ئێمە بەشی هەرە زۆری كێشەكان بەهۆی مۆبایلەوە ڕوویان داوە.
* نووسینگەی هاوسەرگیری كراوەتەوە، چ خوێندنەوەیەكتان بۆی هەیە؟
- بێگومان ئەوە سووكایەتی كردنە بەئافرەت، چونكە ئافرەت زۆر لەوە گەورەترە كە بەهۆی نووسینگەیەكەوە هاوسەرگیری بكات، ئافرەت زۆر لەوە پیرۆزترە لە نووسینگەیەك بەرامبەر بە 25 هەزار دینار هاوسەرگیری بكات.
* چ پەیامێكت بۆ ئەوانە هەیە لەكاتی شۆفێریدا ئافرەتان هەراسان دەكەن؟
- بێگومان هەراسانكردنی ئافرەتان لەكاتی شۆفێریدا یەكێكە لەو هەڵسوكەوتە بێزراوانەی كە ئەمڕۆ هەستی پێدەكرێت، ئەو پیاوانەی ئەم كارانە ئەنجام دەدەن، كەسانێكی دەروون نەخۆشن و دوورن لەهەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی.
* ئەدای ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بەڕای من رێكخراوەكانی مافی ئافرەت كاری باشیان كردووە، بەڵام پێویستە زیاتر خۆیان ماندوو بكەن، پێویستە ئەوان زیاتر كار لەسەر ژنانی گوندنشین بكەن، بەر لەوەی كاركردنیان لەسەر ژنانی شارنشین بێت چونكە ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان لەشارەكان تاڕادەیەك كاری باشیان كردووە، بەڵام گوندەكان كە كێشەكانیشیان زیاترە پەراوێز خراون.
* وەك دواپرسیار لە ژیانی خێزانی خۆت تا چەند ڕازیت و چ بەربەستێكیان بۆ چالاكییەكانت دروست كردووە؟
- بەر لەهەموو شتێك ڕێزم بۆ سەرجەم كەسانی نێو دەزگاكانی ڕاگەیاندن هەیە، بەڵام دایك و باوكان لە كۆمەڵگەی ئێمە بوار بە ئافرەت نادەن لە میدیاكان كار بكەن، من زۆر سوپاسی دایك و باوكم دەكەم كە هەمیشە ئازادییان بۆم ڕەخساندووە، من لەمنداڵیەوە كچێكی سەربەست بووم و خاوەنی كەسایەتیی تایبەتی خۆم بووم، بۆ ئەوەش منەتباری دایك و باوكی خۆمم.
Top