ئافرەتێك لەلایەن شووبراكەیەوە دەكوژرێت

ئافرەتێك لەلایەن شووبراكەیەوە دەكوژرێت
رۆژی 18/7/2012 لەگەڕەكێكی شاری هەولێر ئافرەتێك بە ناوی (س ك) كە دایكی دوو منداڵ بووە، لەلایەن شووبرایەكی بەناوی (ق ع) بەدەمانچە كوژرا. گەرچی دادوەری لێكۆڵینەوە لەو تاوانە، فەرمانی دەستگیركردنی تاوانبارەكەی دەركردووە، بەڵام تا ئێستا بكوژەكە دەستگیرنەكراوە، لەبەر ئەوەی بەپێی زانیارییەكان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتووە.



پاولۆ كۆیلۆ لە وتەیەكیدا سەبارەت بە خۆشەویستی دەڵێت ((تەنیا بەریەككەوتنی دوو كەسی بە ڕەگەز جیاواز نییە بەڵكو لە باوەش گرتنی ئەندامە سێكسیەكانی یەكتریشە بە خۆشەویستیەوە))، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی كۆنسەرڤاتیڤ و نەریت پارێزی وەك كۆمەڵگەی كوردەواریدا، كاتێك هەندێك لە ژن و ومێردان ئەم باوەش بە یەكداكردنەی ئەندامە سێكسیەكانی یەكتریان لێ دەبێتە ئەركێكی پەتی خێزانداریی و وەك ماشینێك بە بێ شەوق و چێژی خۆشەویستی رۆحییەوە سێكس ئەنجام دەدەن، ئیتر لێرەوە هەستە ڕۆحیەكەیان بۆ یەكتر تووشی كڵۆڵی دێن، هەر ئەم كڵۆڵ بوونیەیە ڕەنگبێ وای لە ئافرەتێكی وەك (س ك) كربێت، لە دەرەوەی پێوەندی خێزانی بە دوای خۆشەویستی ڕۆحیدا بگەڕێت و بۆ باوەشێكی تر جەستەی ئامادە بكات، چونكە وا هەست دەكات وەك كچێك لە شووكردنیدا نیوە ونبووەكەی خۆی لەو پیاوەدا نەبینیوەتەوە كە بووەتە مێردی شەرعی خۆی، ئیتر ئەمەیە ئەو كێشەیەی كە لە زۆربەی كۆمەڵگە مرۆییەكاندا بە پێوەندی ناشەرعی دەژمێردرێت، لە هەندێ كۆمەڵگەشدا سزای یاسایی بۆ دادەنرێت تا ڕێژەی فریودان و




تاوان و توندوتیژی كەوتنەوە لە ناو ئەندامانی كۆمەڵگەدا لەو ڕوەوە ڕابگرن، گەورەترین كۆسپ بۆ كیژو كوڕێكیش كە یەكتریان بكەوێتە بەردڵی یەك ئەوەیە لە ڕووی جەستەیی و ڕۆحییەوە گەشەیان نەكردبێت، خۆ ئەگەر بە تەواوی گەشەیان نەكردبێت، ڕووی هەر یەكەیان بۆ چێژوەرگرتن لەوی تر وەردەگەڕێ و ڕەنگە پێ بە پێی ئاستی خۆپەرستی و خۆویستی لایەكیان جۆرێك لە ناجێگیری دروست بێت و باڵ بكێشێت بۆ ئەوەی جۆرێك لە هەستی قەرەبوو كردنەوە لە لای كەسێكی تر بدۆزێتەوە كە ئەم بە نیوە سروشتیەكەی خۆی بیزانێت و پێویستی بە باوەش پێدا كردنی بێت، زۆربەی جاریش لەبەر ئەوەی لەم كۆمەڵگە چەپێنراوانەدا خۆشەویستی نێوان دوو ڕەگەزی جیاواز بە هەموو ئامڕازەكانی كە لە دەوروبەری مرۆڤدان بە ئایین و پەروەردەو ڕاگەیاندنیشەوە هەر لە مناڵییەوە لە مرۆڤ حەرام دەكرێت، ئیتر بێ ویستانە ئەم هەوڵە بۆ باوەش پیاكردنی ئەو ڕەگەزەی بەرانبەر لە جیاتی خۆشەویستی ڕۆحی دەبێتە خۆشەویستیەكی جەستەیی و بیركردنەوە لە سێكس بێ گوێدانە پرەنسیپ و بەهاكانی كە ئەو سێكسە بە پیرۆزی لە چوارچێوەی خێزان بە ڕەوا دەزانێت، واتە ڕوانگەی سۆزداری مرۆڤ دەبێتە پلە دوو لە بری ئەوەی پلە یەك بێت، لێرەوە دراما تراجیدیەكان تۆمار دەكرێن، ڕووداوە ڕاستەقینەكەی درامای ئەمجارەشمان كە لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر وەرمانگرتووە، بریتییە لە كوژرانی (س.ك) بە دەستی شووبراكەی خۆی و دواتر هەڵاتنی تۆمەتبار بەرەو توركیا، بێگومان ئەمە یەكەمین دراماو دوایەمینیش نابێت لە كۆمەڵگەیەكدا كە پڕیەتی لە شكستی خۆشەویستی نێوان ئەو ژن و مێردانەی تەنیا بۆ پڕكردنەوەو دامركانەوەی چێژی سێكسی چوونەتە ناو قەفەزی زێڕینەوە، ئەو ژن و مێردانەی كە هەردەم سێكسیان كردۆتە خاولیەكی قورس و داویانە بە شانی خۆشەویستیدا و باری شانیان گران كردووە، ئەو ژن و مێردانەی كە لە هەست كردن بە تەنیایی خۆیاندا ناتوانن هاوسەنگیەك لە نێوان هەستەكانی خۆیان دابنێن، لە نائاگاییدا وا دەزانن ئەو هاوسەنگیە تەنیا بە سێكس لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر پڕ دەبێتەوە، بۆیە جار هەیە لە بێزاریدا بیر لە كەسێك زیاتر دەكەنەوە بۆ پڕ كردنەوەی دەفری خاڵی خۆشەویستی خۆیان و وا دەزانن سێكس ئەو دەفرەیان بۆ پڕ دەكات لە خۆشنوودی، لە كاتێكدا كە بە هۆش دێنەوە تەماشا دەكەن هەر ڕێكنەخستنی ئەم چێژەی سێكسە ماڵوێرانیان دەكات و خوێنیان دەخاتە كاسەی كەسانێكی نەریت پارێزو خۆ بە پارێزەری ڕاستەقینە زانی شەرەف و كەرامەتەوە، لە وڵاتێكدا كە هەردەم تەنانەت لە سێكسیشدا ئافرەت ژێردەستەو پیاو باڵادەستە، هەردەم ئافرەت پێی وا بێت بە بەخشینی ئەندامانی جەستە خۆشەویستی دەست بكەوێت و پیاویش پێی وا بێت بە دەسبەسەراگرتنی ئەندامە سێكسیەكانی مێینەوە عەشقی ئافرەتەكە دەبێت، بە پێی وتەو لێدوانی شایەتحاڵەكان (س.ك) شووی بە پیاوێك كردووە كە هەم خزمی یەكتر بوون و هەم لە مناڵییەوە هۆگرو متوی یەكتر بوونە، كەچی ئەم لێكنزیكی و متوبوون و هۆگرییە نەیتوانیوە لە ناو سنووری هاوسەرایەتیدا گەشە بە خۆشەویستی نێوانیان بدات، مێژوویەكی پڕ لە گومان و ئاشكرا بوونی چەند پێوەندییەكی (س.ك) بە پیاوانی ترەوە تۆمار بووە لە نێوانیان جارێك پێوەندی ناشەرعی بە پیاوێكی دراوسێ و جارێك بە خزمێكی ترو جارێك بە كەسێكی غەوارەو تا وای لە مێردی س ك كردووە زوو زوو ماڵ بگوازێتەوە لەم گەڕەك بۆ ئەو گەڕەك تا چارەسەرێك بۆ ئەم كڵۆڵیەی هاوسەرەكەی بدۆزێتەوە و لە پاڵ خۆیدا ئاسوودەی بكات، چ بە حوكمی هاوخوێنی خزمایەتییان و چ بە حوكمی ئەوەش لە مناڵیەوە س ك خۆشەویست بووە بە لای(ج)، بۆیە وای زانیوە ئەگەر زۆرترین كەڕەت ژنەكەی خۆی بە ڕووتی بخاتە پێخەفەوەو سێكسی لەگەڵ بكات ئیتر تێر سێكس دەبێت و چیتر واز لەو ڕەفتارەی دێنێت كە چاو بۆ پیاوی تر بگێڕێت، بێئاگا لەوەی كێشەی ئەم خێزانە زیاتر ڕۆحیە بووە نەك جەستەیی، ئەم كێشەیەشە وا دەكات هەموو لێكنزیكبوونەوەیەكی زیاتری جەستەیی وای لێبكات لە ڕووی ڕۆحیەوە لە مێردەكەی دوورتری بخاتەوە، هەرچی شەوێك ئەمی بە زۆر بانگ كردبێتە ناو جێگەوە بە قەد زەڕەیەك چییە هەستی ڕۆحی لای ژنەكەی زیاد نەكردووە، بۆشاییەكەی هەر فراوانتر كردووە، وادیارە جوانی لەشو لارو ڕووخسار وەك شایەتحاڵەكان دەیڵێن و باسی لێ دەكەن كە س ك زۆر جوان بووەو لەبەرچاوانی پیاوان نێچیرێك بووە كە لە هەوڵی ڕاویدا بوون، ئەمەش جۆرێك لە هەستی خۆپەرستی لە ناخی س ك ڕواندبێت، چونكە هەرچی هاتووە قسەی باق و بریقی بۆكردووەو لە پێناوی دامركانەوەیەكی خۆیدا و دواتر پشتی تێكردبێت، واتا هەر ئەوەندە خۆش ویسترا بێت تا پرۆسە میكانیكیەكەی سێكس كردنەكەی لەگەڵ تەواوكراوەو دواتر بە جۆرێك لە بێزلێبوونەوە لێی ڕوانرا بێت، یەكەمین كەسیش دوور نییە مێردەكەی خۆی ئەم هەستەی بەرانبەر هەبوو بێت و پێی وا بوو بێت خۆشەویستی بە واتای بە موڵكایەتی كردن و كۆیلە كردنی جەستەو ڕۆحی مەعشوقە نەك ئازادی پێ بەخشینی هەستەكانی، هەر بۆیە دوای ئەم هەموو ئاشكرابوون و تەنانەت گیرانی س ك لە لایەن پۆلیسەوە لە شوێنێكی گەشتیاری و لەگەڵ پیاوێكی غەوارەشدا ئەم هەر دەسبەرداری نەبووە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم مێردەی زۆر منەتی بە كەرامەت و كبریائی خۆی نەبووە بەڵكو وەك زیندەوەرێكی كۆیلەو موڵكێكی خۆشەویست لە ژنەكەی خۆی ڕوانیوە، یان وەك پایسكیلێك ئەگەر كەسێكیش لێی بدزێت دواتر ئەم دەتوانێت بە دەستی بێنێتەوە، بۆیە هەردەم ئەو ڕەفتارو كردەوانەی ژنەكەی فەرامۆش كردووە و پێی وابووە هەر دەتوانێت بە ناوجێی و سێكس كردنی بەردەوام لەگەڵی بە حیسابی خۆی بیخاتەوە سەر ڕێی ڕاست و خێزانەكەی لە داڕووخان دەپارێزێت، هەموو ئامانجیشی لە سێكس كردنەكانی خۆی لەگەڵ ژنەكەی خۆیدا دامركانەوەی حەزی جەستەیی خۆی بووە نەك پڕكردنەوەی هەستە ڕۆحەكییەكانی نێوان هەردووكیان، واتە ئەم ژن و مێردە وەك زۆربەی ژن و مێردەكانی تر كێشەی خۆشەویستیان لەگەڵ یەكتردا هەبووە و وایانزانیوە بە سێكس ئەو خۆشەویستیە تێر دەكرێت بێ ئاگا لەوەی برسی تری كردون و ڕۆژ دوای ڕۆژ وەك بێگانەی لێ كردون لە بەرانبەری یەكتر، تەنیا بە سێكس كردن ژن و مێرد نابنە هاوبەش و هاوڕێی یەكتر بەڵكو گرنگیدان بە هەموو هەست و ئاوات و خەونەكانی یەكترەوە، بە هەموو ئەو شت و بابەتانەی ئەگەر جیاوازیش بن تێیدا لەگەڵ یەكتر دۆخێكی وا لە نێوانیان دروست بێت رێز بگرن لەو جیاوازییانەی یەكتر، نەبوونی هاوڕێیەتیە لە نێوان ژن و مێردا كە ئافرەتان تووشی ساردی و پیاوان تووشی پەككەوتن و زوو فڕێدان و خێرا بەتاڵ بوونەوە دەكەن، نەبوونی خۆشەویستی ڕۆحیە كە دەیانكاتە ئەو دوو ئامێرەی لە ناو جێگەدا یەكتر بگەوزێنن تەنیا بۆ بەجێگەیاندنی ئەركێكی فەرزبوو لەسەریان و بەس، گرفتی گەورەش لە كۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەوەیە پیاو هەردەم بیەوێت بەهێز بێت بەسەر ژنەكەیداو هەموو شتێكی ژنەكەی بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، ئەوەندە دەزانیت ئەم پێوەندییەی نێوانیان بووەتە پێوەندی خاوەنداری كردنی پیاو و بەشمەك بوونی ئافرەت، ئەگەر بە شمەك بوونی ئافرەت نەبێت بەلای پیاوەوە بۆچی پیاو ئامادەیە پارە بداتە ئافرەتی لەشفرۆش لە پێناوی دامركانەوەیەكی خۆیدا لە كاتێكدا خاوێنترین و جوانترین ئافرەت ژنێتی، بۆچی بە دوای پێخەفی تردا دەگەڕێت لە كاتێكدا ئاسوودەترین پێخەف پێخەفەكەی ژن و مێردایەتییە، بۆچی ئەو وزەو توانا هزری و هەستەكی و جەستەیی و مادییەی كە لە ئافرەتی تردا ئامادەیە سەرفی بكات لە ژنەكەی خۆیدا سەرفی ناكات و وەك هاوبەشی ڕاستەقینەو خۆشەویستی خۆی ژیانێكی جوانتر بۆ خۆیان پێكناهێنێت، زۆربەی پیاوان ئەم گەمەی باڵ باڵێن و چاو چاوێنەیان پێ ئاساییەو شانازیشی پێوە دەكەن و ڕەنگە خەڵكانێك هەبن وەك پاڵەوانێك ناوزەدی بكەن و پێی بڵێن پەكو چ نێرەكەرێكە!!
لە كاتێكدا ئافرەتێك حاڵەتێكی وەك حاڵەتە لادەرەكەی پیاوی لێ ئاشكرا بێت بە قوربانی گووللەیەكی بكەن و رۆحی لێ زەوت بكەن، وەك چۆن س ك لە ئاكامدا بە دەستی شووبراكەی ڕۆحی لێ زەفت دەكرێت و لە خڵتانی خوێندا دەگەوزێنرێت..
ئەم دراما ڕاستەقینەیەی لەم ڕۆژانەدا لە ئافرەتێكی تردا ریسی بۆ بە خووری كرایەوە ئەوەمان پێ دەڵێت كە پێویستە ژن و مێردەكان بەرلەوەی خاوەندارێتی لەسەر یەكتر بكەن هاوڕێی خۆشەویستی یەكتر بن، دواجار وتەیەكی مایزیل هس هەیە دەڵێت تەنیا هەستی ئاسوودەییە لە نێوان دوو كەسی خۆشەویستا تینویەتی سێكس دەشكێنێت نەك سێكس كردنە پەتییەكە، گونجانی تەواویش خۆشەویستی دروستی دەكات نەك سێكس كردن..
Top