باوكێك دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر هەموو مناڵەكانی

باوكێك دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر هەموو مناڵەكانی
24 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- له‌ شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن باوكێكه‌وه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر چوار له‌ كوره‌كانی خۆی و به‌ پێی مادەكانی 393 و 394 لە یاسای سزادانی عێراقی بێت كه‌ هەركەسێك دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر كەسی مەحرەمی خۆی ، ئەگەر بە رەزامەندی هەردوولاش بێت ، سزاكەی لەسێدارەدانە .

له‌وباره‌یه‌وه‌ بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر به‌ رۆژنامه‌ی روداوی راگه‌یاند : ئێستا چوار براكە لە یەكێك لە خانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان چاودێری دەكرێن و توانیویانە بیانگەڕێننەوە "سەر دۆخی ئاسایی خۆیان".

زەیتۆ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر ئه‌وه‌شی وتوه‌ : باوك و دایكی چوار براكە پێشتر لێك جیابوونەتەوە و "باوكەكە چەند جارێك ئافرەتی لەشفرۆشی لەگەڵ خۆیدا بردووەتەوە ماڵەوە و لەبەرچاوی منداڵەكانی لەگەڵیاندا رایبواردووە".

لای خۆشیه‌وه‌ پرۆفیسۆر د. كەریم شەریف قەرەچەتانی ، شارەزا لە بواری دەروونناسیی منداڵان و هەرزەكاران بۆ رۆژنامه‌ی ناوبراو وتویه‌تی : ئەو كەسانەی لەلایەن كەسانی نزیك (مەحرەم)ەوە دەستدرێژییان دەكرێتەسەر، تووشی شۆكی دەروونیی گەورە دەبن ، "ئێستا ئەو منداڵانە نەك رقیان لە باوكیانە، بەڵكو رقیان لە هەموو باوك و پیاو و مرۆڤێكە ، چونكە لەڕووی دەروونییەوە زۆر رووخاون، بۆیە دەبێ تیمێكی چاك سەرپەرشتییان بكات " .

پرۆفیسۆر د. كەریم شەریف قەرەچەتانی وتویه‌تیشی : دەبێ لە شوێنێكی زۆر هێمن و پارێزراوبن كە وا هەست بكەن ئیدی كەس ناتوانێ دەستدرێژییان بكاتەسەر.
Top