لە هەولێر دوو كەس لەسەر خنكانی كوڕێك دەستگیر دەكرێن

لە هەولێر دوو كەس لەسەر خنكانی كوڕێك دەستگیر دەكرێن
22 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- تەرمی هەزرەكارێك بە خنكاوی لەنێو كابینەیەكدا دۆزرایەوە، كە بە سەقفی كابینەكەوە هەڵواسرابوو. كەسوكاری ئەو گەنجە دڵنیانین لەوەی خۆی خنكاندووە، یان خنكێنراوە، پۆلیس دوو كەسی دەستگیركردووە، بە گومانی دەستهەبوون لەو رووداوەدا. باوكی هەرزەكارەكە دەڵێ "بەر لە خنكانی كوڕەكەم پیاوێك هەڕەشەی لێكردبوو، 2 رۆژی نەخایاند خنكا".
ئەنوەر. ل، 14ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی مامزاوەی هەولێر، رۆژی 6/9/2012 لە رووداوێكی نادیاردا خنكا، پۆلیسی هەولێر كوڕ و باوكێكی لەسەر ئەوە دەستگیركردووە و دەڵێن هێشتا ئەنجامی لێكۆلینەوەكە دەرنەكەوتووە.
گەڕەكی مامزاوە، پێشتر گوند بووەو ئێستا تێكەڵی شاری هەولێر بووە، ئەنوەر لەو گەڕەكە دەژیا. ئەنوەر لەگەڵ برایەكی لە خۆی گەورەتری كاری پاسەوانی دەكرد، لەسەر رێی هەولێر- مەخموور. لە كارگەی جام، بەڵام رۆژی رووداوەكە لەگەڵ برایەكی لە خۆی بچووكتر بووە، كاتێك براكەی بۆ ماوەیەك بەجێیهێشتووە خنكانەكە روویداوە.
سەمیر كە ناوی خوزاراوی ناسیاوێكی ماڵی ئەنوەرە، بە (رووداو)ی گوت "كاتێك براكەی دەچێ بۆ لای، لە كابینەیەكی نزیك خۆیان لەكاتی نیوەڕۆ، دەبینێ ئەنوەر بە بنمیچی كابینەكەوە هەڵواسراوە، براكەی هەر ناوێرێ لێی نزیك ببێتەوەو هەواڵ دەداتە ماڵەوەیان و پۆلیس دەگاتە شوێنی رووداوەكە".
پۆلیس زیاتر لە 3 كاژێر لێكۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەكە دەكەن و ناهێڵن تەرمەكە لێبكرێتەوە، پاشان تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری دەكرێت، دوای ناشتنی ئەنوەر هەر لە مامزاوە پرسەی بۆ دادەنرێت، سەمیر دەڵێ "دوو گومان هەیە بۆ خنكانی ئەنوەر، یان خۆی خنكاندووە، كە دیار نییە بۆچی خۆی خنكاندووە، هیچ باسی خۆخنكاندن و كێشەی نەكردووە، یان خنكێنراوە".
ئەگەری خنكاندنی ئەنوەر لەناو خزمەكانیان زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە كێشەیان لەگەڵ كەسێكی دیكە هەبووە، وەك سەمیر دەڵێ، شوێنی پاسەوانی ئەنوەر و براكەی لە تەنیشت شوێنی كشتوكاڵی ماڵێكە، كە ئەوان حەزیان كردووە ئەو پاسەوانییە بكەن "لەسەر خنكاندنی ئەنوەر گومان بۆ پیاوێك دەچێت، چونكە پێشتر كێشەیان هەبووەو خاوەن ماڵەكە كە زانیوێتی مانگانەی پاسەوانییەكە یەك ملیۆن دینارە، پێی خۆشبووە ئەو پاسەوان بێت، داوایان لەو دوو برایە كردووە ئەو شوێنە بەجێبێڵن، بەڵام ئەوان رازینەبوونە".
سەمیر باسی لەوەكرد، شەوێك ئەو ماڵە كارەبا لەسەر ئەو دوو برایە دەبڕن، جارێكیش سەگەكەیان دەكوژن "زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر دەچنە سەریان و پیاوی ماڵەكە بە پاساوی ئەوەی سەگی ئەوان بۆ مەڕەكانیان بووەتە كێشە، لە پێش چاوی برای ئەنوەر، ئەو سەگە دەكوژێت، بە دەمانچە دوو گوللە لە سەگەكە دەدات، برای ئەنوەر داوای قەرەبووی سەگەكەی دەكاتەوەو دەڵێت: دوو سەگتان هەیە سەگێك بدەنە ئێمە لە جیاتی كوشتنی ئەو سەگە، بۆیە كێشە دەكەوێتە نێوانیان و دوو رۆژ بەر لە رووداوەكە هەڕەشە لە ئەنوەر دەكەن و دەڵێن هەتا 3 رۆژی دیكە ناهێلین بمێنیت".
دوو رۆژ دوای ئەو هەڕەشەیە، ئەنوەر دەخنكێت، بۆیە كەسوكاری ئەنوەر، زیاتر گومانیان بۆ ئەوە دەچێ كە ئەوانە دەستیان لە خنكاندنی ئەنوەردا هەبێت، باوكی ئەنوەر گوتی "هیچ شتێك لەبارەیەوە نازانین، هەرچی بڵێین لەوانەیە راست دەرنەچێت، چونكە كوڕەكەم یان خۆی خنكاندووە، ئەگەر وابێ ئەوە چووە رێگەی خۆی، ئەگەریش خنكێندرابێت، ئاشكرا دەبێت، داوا لە خوای گەورە دەكەم مافم بۆ وەربگرێتەوە، ئەو كەسەش پێشتر هەڕەشەی كردووە بۆیە گومانمان بۆی چووە، بەڵام سكاڵامان لە دژی تۆمار نەكردووە".
عەمید عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، نووسراویان رەوانەی پزیشكی دادوەری هەولێر كردووە، بەڵام هێشتا ئەنجامەكەیان وەرنەگرتووەتەوە "ئەگەر رووداوەكە خنكان بوو، ئەوا دوو كەسمان دەستگیركردووەو لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ئەگەر حاڵەتێكی خۆخنكاندن بووە ئەوە شتێكی دیكەیە، هێشتا لێكۆڵینەوە ماوە".
Top