ده‌رماڵه‌ به‌كچ و كورِی شه‌هیدانی ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كانیش ده‌درێت

ده‌رماڵه‌ به‌كچ و كورِی شه‌هیدانی ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كانیش ده‌درێت
19 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كار و باری شه‌هیدانی و ئه‌نفالكراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رِای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌مه‌ودوا ده‌رماڵه‌ و پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری به‌كچ و كورِی شه‌هیدان له‌ناوچه‌ دابرِێندراوه‌كانیش ده‌درێت.

به‌ختیار فه‌ره‌ج به‌رِێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی كارو باری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رِۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌گای وه‌زاره‌ت رِای گه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی برِیارى خه‌رجكردنى مینحه‌ى هاوسه‌رگیرى بۆ كورِان و كچانى شه‌هیدى ناوچه‌ دابراوه‌كان ده‌ركرد ، ئێمه‌ ئه‌مرِۆ وه‌كو وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان برِیاری خه‌رج كردنی ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ رِاده‌گه‌یه‌نین.

رِوونیشكرده‌وه‌: به‌هه‌وڵى لێژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانى په‌رله‌مانى كوردستان و به‌برِیارى وه‌زاره‌تى دارایی حكوومه‌ت هه‌رێمى كوردستان ، كورِان و كچانى شه‌هیدى ناوچه‌ دابرِاه‌كان هه‌رێمى كوردستان ئه‌وانه‌ى له‌ 1/1/2010ه‌وه‌ هاوسه‌رگیریان ئه‌نجامداوه‌ ، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ و له‌رێگاى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان برِى پێنج ملیۆن دینار وه‌ك مینحه‌ وه‌رده‌گرن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: به‌گوێره‌ى ئامارێك كه‌ له‌ده‌ست وه‌زاره‌تى كاروه‌بارى شه‌هیدانه‌ ، زیاتر له‌ 400كه‌س له‌ كورِانى و كچانى ئه‌و ناوچه‌ له‌ و مینحه‌یه‌ سوودمه‌ند ده‌بن.

زیاتر وتی: هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى برِیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌رماڵه‌ى خێزان و منداڵ هاوشێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بۆ وارسی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت ئه‌ویش له‌ 1/1/2012ه‌وه‌ هه‌ژمارده‌كرێت .

له‌به‌شێكی تری كۆنگره‌ رِۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا گوتی : بۆ هاوسه‌رى شه‌هید 50 هه‌زار دینار و بۆ منداڵ 10هه‌زار دینار داندراوه‌ ، ئه‌وه‌شى خسته‌روو: به‌هۆى ته‌واوبوونى لیستى موچه‌كان پێشبینى ده‌كه‌ین خه‌رج كردنى ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ بكه‌وێته‌ مانگى داهاتوو واتا مانگى 10.
Top