ســـــواڵـكــــەرەكــــان بە فۆرمی جۆراوجۆر ڕوو لە كوردستان دەكەن

ســـــواڵـكــــەرەكــــان بە فۆرمی  جۆراوجۆر ڕوو لە كوردستان دەكەن
سواڵ یان دەرۆزەكردن یەكێكە لەو دیاردانەی كە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا بە ڕێژەی جیاواز بوونی هەیە، هەرێمی كوردستانیش لەو دیاردەیە بەدەر نییە، بەڵام ماوەیەكە بەتایبەتی لە سلێمانی سواڵكەرەكان بە پەنابردن بۆ چەندین فۆرم و شێوازی سواڵكردن رێژەیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. لەوبارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتە راو سەرنجی خۆیان بۆ (گوڵان) دەخەنەڕوو.
رێژەی زۆرلە سواڵكەرەكان ئافرەتن
دیاردەی سواڵكردن زیاتر لەو كۆمەڵگەیانە هەستی پێدەكرێت كە رووبەڕووی چەندین ساڵ شەڕ و كوشتار بوونەتەوە، هەر بەو هۆیەوە رێژەی ڕەگەزی نێرینە دابەزیوەو بە بێسەرپەرشت بوونی هەزاران خێزان، ژیانی ئاسایی تێكچووەو ناچار ژمارەیەكی بەرچاو لە دایكان بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان و خانەوادەكەیان دابین بكەن، پەنا بۆ كاركردن لە دەرەوەی ماڵ دەبەن، هەندێكیشیان بە سواڵكردن، ژەمی سەرسفرەی منداڵەكانیان دابین دەكەن، بۆ سەلماندنی ئەوەش، پێویستە هێما بۆ ئەوە بكرێ كە لەو وڵاتانەی تووشی شەڕ و ماڵوێرانی بوون، ئافرەتان رێژەی نزیك بەگشتی لە سواڵكەرەكان پێكدەهێنن.لەوڵاتانی ڕۆژئاواشدا سواڵكردن دیاردەیەكە كە تا هەنووكە بنبڕ نەكراوە، بەڵام لە فۆرمێكی دیكەدا سواڵكەرەكان دەردەكەون، بۆ نموونە بە ژەنینی ئامێرێكی میوزیك لە شەقام یان شوێنێكی گشتی، یان ئەنجامدانی ڕەقس و سەما و...هتد، بەڵام لە كوردستان زیاتر لە چەندین جۆری سواڵكردن دەبیندرێ.
سلێمانی گیرۆدەی جۆرەكانی سواڵكەران بووە
لەئێستادا كەم شوێنی شاری سلێمانی بەدی دەكرێ كە سواڵكەری لێ نەبێت، ژمارەیەكی زۆری سواڵكەرەكان لەسەر كوچەو كۆڵانەكان و شوێنە گشتییەكاندا دەبیندرێن، هەركەسێكیان بەبیانوویەك داوای هاوكاری ماددی لە رێبواران و خاوەن دووكان و ئۆتۆمبیلەكان دەكات. ئەوان گەڕەك بە گەڕەكی شار دەگەڕێن، لەناو بازاڕ تا كۆمەڵگەكانی پیشەسازی چەندین ئافرەتی نقابدار دەبیندرێن كە سواڵ دەكەن، هەندێكیان بە فێڵی فاڵگرتنەوە تەنانەت گەنجان لەخشتە دەبەن. زۆرجاریش هەندێكیان بە تاوانی دزی و بڕینی جانتا و بردنی ئاڵتوون و پارەی هاووڵاتی، لەلایەن پۆلیسەوە كەسانێك دەستگیر كراون.
زۆربەی ئەو كەسانەی ئێستا لەبازاڕەكانی شاری سلێمانی سواڵ دەكەن، لەڕەگەزی مێینەن و هەندێكیان منداڵێكی ساوایان لەگەڵ خۆیاندا داناوەو زۆربەی كاتەكانیش منداڵەكەیان خەوتووە. ئەوەتا یەكێك لەو ئافرەتانەی كە سواڵی دەكرد، دەڵێت «زۆربەی كاتەكان حەبێك دەدەم بەمنداڵەكەم بۆ ئەوەی خەوی لێ بكەوێت، بۆ ئەوەی بێ ئاگا بێت لەوەی كەچۆن دایكی داوا لە خەڵك دەكات تاكو خێرێكی پێ دەكەن، یان بێ ئاگا بێت لەوەی چۆن پۆلیسێك سووكایەتیم پێ دەكات». ئەو ناوی خۆی ئاشكرا ناكات، بەڵام دوای داپۆشینی دەموچاوی مۆڵەتی بە پەیامنێری گوڵان دا وێنەی بگرێت.
ژنانی سواڵكەر رووبەڕووی كێشەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە
(خ.ع.ر) ئافرەتێكی تەمەن 38 ساڵی بەڕەگەز عەرەبەو خەڵكی شاری (بەسرە)یە. ئەو بەشەرمێكی زۆرەوە گوتی «ئەوكاتەی مێردەكەم لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە كوژرا، ئیتر ژیان لەمن و 3 منداڵەكەم تاڵ بوو، بۆیە بەناچاری پەنامان بۆ كوردستان هێنا، سەرەتا ڕوومان كردە شاری هەولێر و دواتر هاتینە شاری سلێمانی، ئێستاش ڕۆژانە دێمە شەقامی مەولەوی و بەسەرشۆڕییەوە داوای هاوكاری لەخەڵك دەكەم». ئەو ئافرەتە جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرەتا نەیویستووە سواڵ بكات و بەردەوام بەدوای كارێكدا گەڕاوە، ئەو بەمجۆرە باسی ئەو رۆژانەی خۆی دەكات:
«ویستم لەهەر شوێنێك بێت كارێك بكەم و بەسەربەرزی بژیم، بەڵام دەچوومە هەر شوێنێك دەیان گوت دەبێت كەسێكی شاری سلێمانی كەفیلیت بكات، ڕۆژێك ڕووم كردە هۆتێلێك پێیان گوتم: وەرت دەگرین، سبەینێ وەرەوە بۆلامان، بەڵام كە ڕۆیشتم گوتیان دەبێت ژووری ئەو كەسانە پاك بكەیتەوە كە سەردانمان دەكەن، منیش زۆرم پێ خۆش بوو، چونكە حەزم دەكرد بەكارێكی حەلاڵ منداڵەكانم بەخێو بكەم، ئەوەبوو ماوەیەك بەو شێوەیە كارم كرد، بەڵام ڕۆژێك یەكێك لەمیوانەكان كە ژوورەكەیم پاك دەكردەوە، دەستدرێژی كردە سەرم، دوایی پارەیەكی زۆری پێدام و گوتی خۆت بێدەنگ بكە، لەو كاتەوە خۆم وەك كەسێكی تاوانبار دێتە پێش چاو، زۆربەی ئەو میوانانەش كە روویان دەكردە ئەو هۆتێلە عەرەب بوون، بەشێكی زۆریشیان پارەی باشیان بۆ جووتبوون خەرج دەكرد، بەڵام من دوای چەند ڕۆژێك نەمتوانی ئەو گوناهە قبوول بكەم، بۆیە وازم لەو كارە هێناو پەنام بردە بەر ئەم ڕێگایە تاكو بتوانم بژێوی خۆم و منداڵەكانم پەیدا بكەم، ئێستاش خووم پێگرتووەو ناتوانم وازی لێ بهێنم».
ئەو ئافرەتە ئەوەشی نەشاردەوە كە بەهۆی سواڵكردن چەندین جار دەستگیركراوە، گوتیشی «ناوی تەواوم لای پۆلیس هەیە و هەر جارێك گیراوم سووكایەتی دونیام قبووڵ كردووە، بەڵام ئامادە نیم واز لەو كارە بهێنم، چونكە تەنیا ئەوە شك دەبەم بۆ ئەوەی منداڵەكانمی پێ بەخێو بكەم».
سواڵكەرەكان لە تەمەنی منداڵی تا بەساڵاچوویان تێدایە
پیرەژنێكی تەمەن 67 ساڵ، خۆی دابوو بەسەر گوچانەكەیداو پەیتا پەیتا دوعای خێری بۆ خەڵك دەكرد و داوای یارمەتی و پارەی لە رێبواران دەكرد. كاتێك زانی بۆ گۆڤارێك لە بارەی هۆكاری سواڵكردنەكەیەوە قسە دەكات، بەگریانەوە گوتی «هیچ كەسێكم نییە ئاوڕم لێ بداتەوە، كاسبكارم نییەو كەس نییە بمژیێنێت، ئەگەر ئەم كارە نەكەم بۆ بەیانی نان نییە بیخۆم، بۆیە منیش لەكاتی نوێژدا دێمە بەردەم ئەم مزگەوتە تاكو خەڵكی خێرومەند خێرێكم پێبكەن».
پیرەژنێكی دانیشتووی گەڕەكی كانی سپیكەی شاری سلێمانی گۆشەیەكی سەرپۆشەكەی درێژ كردبوو تاكو ئەوانەی لەناو مزگەوتەكە دێنە دەرەوە پارەی بۆ تێخەن، ئەویش بە چاوێكی فرمێسكاوییەوە گوتی «من خۆم و كچێكم لەخانوویەكداین و كچەكەشم دەخوێنێت، كەسمان نییە كاسبیمان بۆ بكات، بەناچاری ئەم كارەم دەكەم، ڕۆژانە بڕە پارەیەكم دەستدەكەوێت زیاترە لەپێویستی خۆم و كچەكەم، بەڵام هەركاتێك كەسێكی ناسیاوم دەبینم، دەبمە دڵۆپێك ئاو»، گوتیشی «یەكێك لەخزمە نزیكەكانم كە زۆر دەوڵەمەندە، هەندێك جار هاوكاریم دەكات، بەڵام هەمیشەیی نییە، بۆیە بەخوا بەناچاری سواڵ دەكەم بۆ ئەوەی ئێوارە كە ڕۆشتمەوە پێویستییەكانی خۆم وكچەكەمی پێ بكڕم».
حكومەت بەرامبەر بە دیاردەی سواڵ بە كەمتەرخەم دەزانن
مەسعود جاف، ماستەر لەبواری ئاییندا، وتارخوێنی مزگەوتی (الرحمن)ـەو سەبارەت بە دیاردەی سواڵكردن بۆ گوڵان دەڵێت «ئێمە وەك مامۆستای ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف چەندین جار گوتوومانە هاووڵاتیان هاوكاریی سواڵكەرەكان نەكەن، چونكە لەڕووی دینەوە بەهیچ شێوەیەك دروست نییەو گوناهبار دەبن، ئەو هاوكاریكردنەش یارمەتییان دەدات بۆ بەردەوام بوونیان و ئەمەش كارەساتێكی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت و لەدواجاردا هەمووان باجەكەی دەدەین . گوتیشی «هەر هاوكارییەك لێژنەی كاروباری ئایینی بڕیاری لەسەر بدات، ئەوا دروستە وەك ئەو هاوكارییەی ئێستا لە سەرانسەری كوردستاندا كۆدەكرێتەوە بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، چونكە ئێستا لەبارودۆخێكی ناهەمواردان و هەركەسێك بتوانێت هاوكاری ماددی یان مەعنەوییان بكات، ئەوا لای خوای گەورە ون نابێت و لەڕۆژی قیامەتدا پاداشت وەردەگرێت، بەڵام هەموو سواڵكردنێك و داواكردنی پارە لە خەڵك دروست نییە و پێویستە حاكمی شار ڕێگری لێ بكات»، جەختی لەوەش كردەوە كە «هۆكاری سەرەكیی بڵاوبوونەی ئەو دیاردەیە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە، بۆیە پێویستە بە زوویی ڕێگری لێ بكرێت»، گوتیشی «تاوانباری سەرەكی لایەنی حكوومییە كە لەڕێگریكردن لەو دیاردەیە كەمتەرخەمییان كردووە».
مەلا مەسعود جاف كە خاوەن بڕوانامەی باڵایە لە بواری ئایینی، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لە سیستمی حكومڕانی هەر وڵاتێكدا كە داهاتی وڵاتەكە بەسەر تاكی كۆمەڵدا بەیەكسانی دابەش نەكرێ و یارمەتی پیرو پەككەوتەكان نەدەن، سواڵكەر و سواڵكردن زیاد دەبن، نكۆڵی لەوەش نەكرد كە هەندێك لەوكەسانەی سواڵ دەكەن، بەهیچ شێوەیەك پێویستییان بەهاوكاری دارایی نییە و تەنیا خوویان پێوە گرتووە و هەندێكیشیان دەوڵەمەندن».
دیاردەی سواڵ لە روانگەی كۆمەڵناسی و دەروونزانییەوە
دڵشاد حەمەساڵح وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، رایوایە «بەشێك لەسروشتی هەر ئینسانێك وایە كە هەمیشە هەوڵ دەدات بەڕێگایەك ئەو غەریزەو حەزانەی كەهەیەتی تێری بكات، كاتێكیش نەیتوانی لەنێو ئەو چوارچێوە یاساییەدا ئەو حەزانەی خۆی بەدەستبهێنێت، ئەوا كۆمەڵێك ڕێگەی جۆراوجۆر دەگرێتەبەر، جا بەهەر هۆیەك بێت، وەكو كارتێك بەكاری دێنێت، بۆ ئەوەی حەزەكانی تێر بكات»، گوتیشی «سواڵكردنیش هەوڵدانی ئینسانێكە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێداویستییە ماددییانەی لەژیانی ڕۆژانەیدا كە زۆر بەگرانی دێتە بەردەمی، بۆیە ئەو كەسانە هەوڵدەدەن كاربكەنە سەر هەست و سۆزی خەڵك تاكو بەهەرشێوەیەك بێت ئەو پێداویستیانە بەئەركێكی كەمتر دەست بخەن، كە زۆر جار بەداخەوە پەنا بۆ سواڵكردان دەبەن».
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هەندێك لە دەرەوزەكەرەكان منداڵی خۆیان بۆ سۆزی وەرگرتنی خەڵك لە بەر سەرما و گەرما دادەنێن و زۆرجاریش رووبەڕووی سووكایەتی دەبنەوە، ئایا ئەوە بۆ كەسایەتی منداڵەكە تا چەند مەترسیدارە، ئەو توێژەرە گوتی «تەمەنی 1 تاكو 5 ساڵی منداڵ بەسەردەمی بەردی بناغەی كەسایەتی تاك دادەنرێت، تاكو تەمەنی 10 ساڵیش كەسێتی منداڵ دروست دەبێت، ئەمەش كاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر دەروونی ئەو منداڵە بەجێدەهێڵێت، چونكە ژینگەی ئەو منداڵەی سەرپەرشتەكەی سواڵ دەكات، پڕە لە مەترسی و كاریگەری زۆر خراپی لەسەر كەسێتی منداڵەكە دەبێت، كە دواتر كۆمەڵگە باجەكەی دەدات، چونكە ئەو منداڵە لەئایندەدا كەسێكی ئاسایی لێ دەرناچێت». دەربارەی ئەو كەسانەش كەتەمەنێكی زۆر لەژیانیان تێپەڕیوەو پەنا بۆ سواڵكردن دەبەن، دڵشاد گوتی «هەندێك لەو كەسانەی دەكەونە تەمەنەوەو ئەوكارە دەكەن، مەهارەتیان نییە، واتە توانای جەستەیی و فكرییان نییە، تاكو لەڕێگەیەكی دروستەوەو خۆیان بژیەنن». ئەو توێژەرە كۆمەڵاتییە جەختی لەوەش كردەوە كە «زۆربەی سواڵكەرەكان لەسەر ئەو كردەوەیە ڕاهاتوون و هەندێك جار كوڕو كچەكانی ئەم كەسانە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەیانبەن بۆ شوێنێك دایان ئەنێن و دواتر دێن دەیان بەنەوە، واتە پەككەوتنیان بۆ سوودی خۆیان بەكاردێنن».
بەشێك لە قەرەجەكان سواڵكردن بە كاسبی دەزانن
دڵشاد حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو كە جۆرێكی دیكەی دەرۆزەكەر بریتین لە خێڵە كۆچەرییەكان (قەرەج) و بە هۆكاری جیا و بەتایبەتی لەبەر ئەوەی كە كۆچەرن و نەناسراون، بەشێكی زۆریان لە هەموو شوێنێك بە»بێ شەرم سواڵ دەكەن و وەك كاسبییەك تەماشای ئەو كارە دەكەن» . هێمای بۆ ئەوەش كرد كە زۆربەی ئەو سواڵكەرانەی كە ڕوو لە كوردستان دەكەن، كۆچەرن و لە سەفەر و گەڕان و گۆڕانی شوێنی نیشتەجێبوونیان بەردەوامن.
رێگەچارەو رێكارەكانی بنبڕكردنی دیاردەی دەرەوزەكردن
كۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری كۆمەڵایەتی دەربارەی هەوڵی بنبڕكردن، یان كەمكرنەوەی ئەو دیاردەیە، جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستی بە پلان و بەرنامەی بابەتییانە بۆ هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە هەیە، وەك دڵشاد حەمەساڵح ـی كۆمەڵناس گوتی «پێویستە بۆ نەهێشتن و لانیكەم كەمكردنەوەی ئەو دیاردەیە، لەئاستێكی باڵادا كاری بۆ بكرێت، واتە پێویستە حكومەت ئەو كەسانە كۆبكاتەوەو هەركەسێك كە بەڕاستی پێویستی بەو بڕە پارەیە هەیە، كە لەو ڕێگەیەوە دەستی دەكەوێت، دەستنیشانی بكات و وەكو مافێكی سەرەتایی ژیان، بژیوی رۆژانەیان بۆ دەستەبەر بكات. ئەوانەشی پێویستییان پێی نییە و تەنیا ڕاهاتوون لەسەر ئەو كارە، پێویستە ئاگادار بكرێنەوە و رێنمایی بكرێن بەوەی كە ئەگەر بەردەوام بوون لەسەری، ئەوا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە».
هەروەها ئەو كۆمەڵناسە دانانی یاسایەكی تایبەتی بۆ ڕێگەگرتن لەوكەسانەی كە بە هەر هۆكارێك پەنا بۆ سواڵكردن دەبەن، بە پێویست زانی و وەك دواقسەشی گوتی «پێویستە بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە بە هەموو شێوەیەك و بە هەموو لایەكەوە هەوڵی جددی بدرێت، چونكە ئەوە تەنیا ئەركی سەر شانی حكومەت نییە، بەڵكو كۆمەڵ و رێكخراوەكانی ناحكوومیش دەبێت هەوڵی بۆ بدەن و بە ئەركی خۆیانی بزانن، كوردستانیش لەڕووی داراییەوە بەهێزەو دەبێت بۆ ڕێگریكردن لەو دیاردە نەخوازراوانە هەوڵی بەهێزكردنی توانای كارگێڕی بدرێت».
Top