یاسای لێبوردنی گشتی 26 ئافرەت دەگرێتەوە

یاسای لێبوردنی گشتی 26 ئافرەت دەگرێتەوە
9 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، تا ئێستە بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی لە چاكسازی ئافرەتان نێزیكەی 26 سزادراو ئازاد كراون و ئافرەتی لەشفرۆشیشی تێدایە.
ئەحمەد نەجمەدین بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەو ئافرەتە لەشفرۆشانەی لە گرتییەگەكانی هەرێمی كوردستان گیراون، زۆربەیان عەرەبن، هاوكات كوردی عێراق و كوردی ئێرانیشی تێدایە.
نەجمەدین گوتی، زۆربەی ئەو ئافرەتەكان كە كاری لەشفرۆشی یان تاوانێكی بچووكیان هەبووە بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد كراون، بەڵام ئەو ئافرەتانەی مامەڵەیان بە مادەی هۆشبەر كردووە لە زیندان دەمێننەوە.
زیاتر گوتی، بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی لە سەرجەم چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان نێزیكەی هەزار سزادراو ئازاد كراون، بەم شێوەیە 26یان ژنن، 850یان پیاون و 105یان منداڵن.
Top