دایكی نۆ منداڵ لەلایەن كوڕەكانیەوە دەكوژرێ

دایكی نۆ منداڵ لەلایەن كوڕەكانیەوە دەكوژرێ
ماوەیەك لەمەوبەر بێوەژنێك كە دایكی نۆ منداڵ بوو، لەلایەن كوڕەكانیەوە كوژا، بكوژانی ئەو ئافرەتە هۆكاری كوشتنی دایكی خۆیان بۆ «رەدووكەوتن» دەگێڕنەوە، بەڵام هاوسەری دووهەمی كوژراوەكە ئەوە ڕەتدەكاتەوە و لەسەر ئەوەی لەلای مەلا مارەی كردووە پێداگری دەكات
مەبەست لە بەدواداچوونی ئەم بەسەرهاتە
ئەو بەرسەرهاتە دڵتەزێنانەی كە سەرەنجام سەر لەخانەی تاوان دەردەهێنن، كەم نین، تا ئێستاش كۆشتنی ئافرەتان لەزۆربەی وڵاتانی ناوچەكە بەهۆكاری جیاواز و بەڕێژەی جیا بوونی هەیە و بنبڕ نەبووە، كوردستانیش لەم ئاریشەیە بەدەر نییە. گوڵان لە بەدواداچوونی تاوانەكاندا، تەنیا مەبەستی ڕووماڵكردنی تراژیدیایەك نییە، بەڵكو ئامانج ئەوەیە تاكی كۆمەڵگە بەرامبەر بە یاسا و ئەرك و مافی خۆی ئاگادارتر بكاتەوە.
نیوەشەوێك بۆ تاوانی كوشتن و وتەی بكوژەكەی
تەقەی چەند گوللەیەك بە چەكی كڵاشینكۆف لە نیوەشەوی 14/6/2012 لە گەڕەكی (ك)ـی شاری هەولێر، كارەساتێكی لێكەوتەوە. ئافرەتێك بەناوی (گ. ش. ش) لە دایكبووی 1951 كە دایكی نۆ منداڵ بوو، لەلایەن دوو كوڕی خۆیەوە كوژرا. بكوژەكان هەڵهاتن و تەرمی لە خوێن گەوزاوی دایكیان بەجێهێشت. بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە ڕۆژی 15/7 هەردوو بكوژەكە دەستگیركران.
(ف. ڕ. م) لەدایكبووی ساڵی (1979)ـەو فەرمانبەری ئاسایشە، ئەو وەك بكوژی دایكی خۆی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەك لەو تاوانەی خۆی پەشیمان نییە، بەمجۆرەش هۆكاری ئەنجامدانی تاوانەكەی دەخاتەڕوو:
«ئێمە كۆمەڵێك منداڵ بووین، هەر لەمنداڵییەوە دایكمان ئێمەی پشتگوێ خستبوو، هەر خەریكی چوونەدەرەوەو سەردانی ماڵی دراوسێكان بوو، هەموو بەیانییەك دەچووە بازاڕ، باوكیشم هەر لەكار دەگەڕاوە، شتێكی بۆمان ئامادەدەكردو پێكەوە دەمانخوارد، هەرگیز دایكمان وەك دایكێك هەڵسوكەوتی نەدەكرد، هەر خەریكی چاوبازی بوو لەگەڵ پیاوەكانی دراوسێماندا، چەندینجار دراوسێ و كەسوكار ئەم شتەیان بە باوكم دەگوت، بەڵام باوكم دڵی نەدەهات تەڵاقی بدات، چونكە حەزی لە تێكچوونی خێزانەكەمان نەدەكرد، زۆری پێنەچوو باوكم نەخۆش كەوت، دایكیشم هیچ لێی نەدەپرسییەوە، هەر خەریكی گەڕان و سەیرانی خۆی بوو، لەساڵی (1992) باوكم كۆچی دوایی كرد، دوای پرسەی باوكم بەچەند ڕۆژێك دایكم كەوتە چاوچاوانێ لەگەڵ پیاوانی گەڕەك و ئەوەندەی پێنەچوو ڕەدوو كەوت، كەس نەیدەزانی چۆتە كۆی، ئەوەندە نەبێت دوای ماوەیەك پێیانگوتین لەگەڵ پیاوێكدا پێكەوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، دایكم و ئەو پیاوە چوونە سووریا، جارێكیان تەلەفۆنی بۆكردم و گوتی من لە سووریام و دەچم بۆهەندەران و دەمەوێت ئیتر بەیەكەوە ئاشت بینەوە، بەڵام من ڕەفزم كردەوە، چونكە دایكم ئەوەی هەمانبوو و پارەی سەرجەم بنەماڵەكەمانی برد، هیچ جۆرە ڕێزێكمان نەمابوو، كەس ڕێزی نەدەگرتین و تەنانەت خزمەكانی باوكیشم هەموویان حاشایان لێدەكردین، خزمەكانمان دەیانگوت ئێوە لەو ژنەن كە مێردەكەی كوشت و بۆ ڕابورادنی خۆی ڕووی لەئەوروپا كردووە، من هەر بەم شێوەیە دەژیام، هەر لەترسی تیروتوانجی خەڵكی نەمدەزانی ڕوو لە چ شوێنێك بكەم.
«لەبەر ئەوەی من لەگەڵ دایكم و زڕباوكەكەمدا دەژیام، كوشتنی دایكم بۆ من زۆر ئاسان بوو»
(ف. ڕ. م) بەمجۆرە باسی كوشتنی دایكی دەكات: «لەساڵی (2011) بۆم دەركەوت دایكم و ئەو پیاوەی كە شووی پێكردووە، گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر، وەك بیستیشم دایكم منداڵەكانی ئەو پیاوەی دەركردبوو، دەستی بەسەر ماڵەكەیدا گرتبوو، ئەو پیاوەشی ناچاركردبوو حاشا لە ژن و منداڵەكانی بكات، ئەوەبوو دایكم چەندین جار پێوەندی بەمنەوە كرد و داوی كرد من بچم لەگەڵیاندا بژیم، منیش لەبەر خاتری دایكم چووم، ماوەیەكی زۆر لەوێ ژیام، بەڵام دوای ماوەیەك بەهاندانی براگەوەرەكەم بڕیارمان دا دایكمان بكوژین، لەبەر ئەوە براكەم دەمانچەیەكی بۆكڕیم و مەبلەغێك پارەی باشی پێم بەخشی كە نزیكەی پەنجا وەرەقەبوو، ئەو كارە تەنیا بەمن دەكرا، لەبەر ئەوەی من لەگەڵ دایكم و زڕباوكەكەمدا دەژیام، كوشتنی دایكم بۆ من زۆر ئاسان بوو .من لەكۆتاییدا پێتان دەڵێم، هەرگیز پەشیمان نیم لەكوشتنی دایكم، چونكە ئێمەی سەرشۆڕكردبوو، من دەڵێم سزای ئەو كەسەی كە ڕەدوو بكەوێت و منداڵی خۆی و مێردەكەی سەرگەردان بكات، دەبێت سزای كوشتن بێت، بۆیە هیچ پەشیمان نیم و بەوپەڕی ئارامییەوە ئەم قسانە دەكەم، زۆریش هەست بە سەبووری دەكەم كە دایكی خۆمم كوشتووە، چونكە چیتر شەرمەزار نیم و لەناو كۆمەڵگەدا سەربەرزم، ئافرەتێكی بێڕەوشتم كوشتووە».
(ف. ڕ. م) لە كۆتایی قسەكانیدا داوا لەدادگاو دادوەرانی یاسایی دەكات كە خۆی و براكەی ئازاد بكرێن، چونكە «ئافرەتێكمان كوشت كە ئایین و یاسا دەبوو سزای بدایە، بۆیە داوا دەكەم كەهەرچی زووە ئازادم بكەن، چونكە ماڵ و منداڵم هەیە با ئەوانیش سەرگەردان نەبن».
براگەورە 5000 دۆلار بۆ كوشتنی دایكی بە برای بچووكی دەدات
(م. ڕ. م) لەدایكبووی (1972)ـە و كوڕی گەورەی كوژراوەكەیە، ئەو نایشارێتەوە كە هانی براكەی داوە بۆ ئەوەی داكیان بكوژێت، هەموو وتەكانی براكەشی پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت «زۆر شانازی بەوەوە دەكەم كە ڕۆڵم بینوە لە كوشتنی دایكی خۆمدا، چونكە هەرگیز هەستم بەوە نەكردووە كە دایكم هەیە، ڕۆژێك لەڕۆژان ئاگای لەمنداڵەكانی نەبوو، هەر خەریكی چوون بۆ ماڵان و بازاڕ بوو، بێجگەلەوەش لەساڵی(1992) كە باوكم كۆچی دوایی كرد، هەر لەگەڵ تەواوبوونی پرسەكەدا كەوتە عەشق و خۆشەویستی لەگەڵ پیاوان هەر شەوەو پیاوێك دەیبرد، دواتر ڕەدووكەوت، كەس نەیدەزانی چۆتە كوێ، ئەوەندە نەبێت زانیمان لەگەڵ پیاوكێدا پێكەوە دەژین، پاش ماوەیەك گوتیان ئەو پیاوە مارەی كردووە، ئەوەبوو ماڵەكەیمان دۆزیەوەو فەرهەنگ چووە لایان دەنووست، منیش هانمدا كە بیكوژێت، ئەوەبوو مەبلەغێك پارەی باشم دایە برا بچووكەكەم كە نزیكەی پەنجا وەرەقە بوو، دەمانچەیەكی ئەمریكیشم پێدا، ئەو شەوان لەگەڵ دایكم و زڕباوكەكەمدا دەژیا، لەبەر ئەوە كوشتنی بۆ ئەوە زۆر ئاسان بوو، ئیتر منیش توانیم بەهاوكاری ژمارەیەك برادەر و خزم و كەس بڕێك پارەی بۆ دابینبكەم، ئەویش بە كوشتنەكەی هەڵبستێت».
بۆ ڕەزامەندی كوژراوەكە هەشت منداڵ و هاوسەری یەكەمی لە ماڵی خۆی دەردەكات
(م. ئ. ئەحمەد) لەدایكبووی ساڵی (1972)ـە و هاوسەری دووەمی (گ)ـی كوژراوە كە ئەویش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە. وەك خۆی باسیكرد، پێش ئەوەی لەگەڵ (گ) ڕێكبكەوێت، لە هاوسەری یەكەمی كە كچی پووری خۆی بووە، هەشت منداڵی بووە، كە شەشیان كوڕن و دووانیان كچن. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ژیانێكی خۆشیان بووە و لە ماوەی پێكەوە ژیانیانیاندا هیچ كێشەیەكیان نەبووە، نهێنییەكانی ژیانی خۆیشی سەبارەت بە (گ)ـی كوژراو بەمجۆرە دەخاتەڕوو:
«ساڵی (2006) عاشقی بێوەژنێكی ناسیاومان بووم كە ناوی (گ) بوو، ئەو نزیكەی بیست ساڵ لە من گەورەتر بوو، دایكی نۆ منداڵیش بوو، بەڵام من بەجۆرێك عاشقی بووم، نەمدەتوانی وازی لێبهێنم، ئەوەبوو دوای ماوەیەك ڕێككەوتین كە بچمە داوای و بیهێنم، ئەویش مەرجی ئەوەی دانا كە دەبێت من منداڵەكان و ژنی یەكەمم دەربكەم و هیچ پێوندییەكم لەگەڵیاندا نەمێنێت، منیش ناچار ئەوەم كرد، چونكە زۆرم خۆشدەویست. بۆیە هەر هەشت منداڵەكەی خۆمم لەگەڵ دایكیان دەركردو ئەوان چوونە ماڵی باوكم، ئیتر من ئاگام لێیان نەما، باوكم بەخێوی دەكردن، منیش لەساڵی (2006)ـەوە هەتا پار هیچ مەسرەفێكی ژنی یەكەمم و منداڵەكانی خۆمم نەكردووەو سەردانیشم نەكردوون، چونكە (گ) ڕازی نەبوو، خۆشترین ماوەی ژیانیشم لەگەڵ ژنی دووەممدا بردەسەر، لەگەڵ ئەوەی كەسوكاری كێشەیان بۆم دروست كرد، هەر چوومە داخوازی، براكانی كەسیان ڕازی نەبوون شووبكات، دوای ئەو هەموو ناڕازیبوونە ناچار لە لای مەلایەك مارەم كرد، چونكە كەسوكاری نەیانهێشت لە دادگا مارەی بكەم، ئەوەبوو هەموو منداڵەكانی جگە لەیەك كچی نەبێت، حاشایان لە (گ) كرد و هەمیشە گرفتان بۆمان دروست دەكردو نەیاندەهێشت بەئارامی بژین، دوای ماوەیەك من لەكاتی كاركردندا كەوتمە خوارەوەو ئیتر لە نەخۆشخانە ژنی یەكەمم هات بۆلام و گەردنی ئازاكردم و منی بردەوە ماڵەوە، زۆر خزمەتی كردم، بەوەش دوای چەند ساڵێك لەگەڵ منداڵەكانم و ژنی یەكەمم ئاشت بوومەوە، زۆرهاوكاری من و (گ)یشیان كرد. دواتر من گەڕامەوە بۆلای (گ)، چونكە هەمیشە دەترسام كەسوكاری شتێكی لێبكەن، بەتایبەتی برایەكی كە مەلای گوندێكی نزیك ئاكرێیە، لەگەڵ كوڕەكانی دەیانویست بیكوژن، هاوكات كوڕێكی (گ) بەناوی (ف) هات لەگەڵماندا ئاشتبووەوە، هاتە ماڵمان و گوتی من لەگەڵتان دەژیم، ئەو لەگەڵماندا دەژیا هەتا ئەو ڕۆژەی دایكی كوشت، ئەو شەوە لە كاتژمێر (12:30) دەنگی تەقە هات، منیش هەستام بنیم (گ) خەڵتانی خوێن بووە، بەپەلە گەیانمانە نەخۆشخانە، هەر لەوێ زانیم (گ) مردووە.

تێبینی: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە هەولێر - نووسینگەی كوشتن لە ڕووماڵكردنی ئەم تاوانەدا هاوكاری كردووین.
Top