خانمانی فەرمانبەر و رەخنە و توانـجەكانی بەرپرس و بەرێوەبەرەكان

خانمانی فەرمانبەر و رەخنە و توانـجەكانی بەرپرس و بەرێوەبەرەكان
* * *
كاركردنی ئافرەت لە كۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەكان خۆی لە خۆیدا ڕووبەڕووی جۆرێك لە ئاستەنگ دەبێتەوە و ئافرەت بێزار دەكات، ئەمەش بۆ سیستمی باوكسالاری دەگەڕێتەوە، هەرچەندە ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئافرەت لە فەرمانگەكانی حكومەت و كەرتی تایبەتیش كار دەكەن، بەڵام زۆر جار ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەیی دەبنەوە لەلایەن هاوسەرەكانیان چ لەلایەن سەرپەشتیار یان بەڕێوەبەرەكانیان، ئەمەش جۆرێك لە خەم و دڵتەنگی لای ئافرەتەكە دروست دەكات و دووچاری فشارێكی دەروونی دەبێتەوە، زۆر جار ڕەخنەی شوێنی كاركردن كاریگەری لەسەر ڕەفتاری ئافرەت هەیە لە ماڵەوە و بەپێچەوانەشەوە جاری وا هەیە گرفتەكانی نێو خێزان ڕاستەوخۆ لەسەر كاركردنی ئافرەتەكە ڕەنگ دەداتەوە.
* * *

رەخنەی بەڕێوەبەرەكەم وەكو ژەهرێكی كوشندە وایە
ئەژین نازم پیشەی مامۆستایە وتی: بەڕێوەبەرەكەم بە بیانووه، هەست بە نارەحەتی دەكەم لە شوێنی كاركردنم، چونكە بەڕێوەبەرەكەم هەمیشە ڕەخنەم لێدەگری و توانجەكان وەك ژەهرێكی كوشندە كاریگەرییان لەسەر من هەیە، بەڵام لەبەر پێویستی ناتوانم دەست لەكار بكێشمەوە یان واز لەو كارە بهێنم، هیوادارن ڕۆژێكیان بتوانم ئەوەی لەنێو دڵمدا وەك تۆڵە كردنەوە بەرامبەر بە بەڕێوەبەرەكەم هەڵیڕێژم.
نازە ئەحمەدی فەرمانبەر زۆر جار وای لێهاتووە كە واز لەكارەكەی بهێنێت لەدەست بەڕێوەبەرەكەی و دەڵێت «بەهۆی ناتەواوی میزاجی بەڕێوەبەر كە وات لێ دەكات هەست بەبیزاربوونێكی زۆر بكەی، كە پۆستەكەی خۆی كردۆتە وەسیلەیەك بۆ (استغلال)ـكردنی ئافرەت، هەرچەندە تۆ ناتوانی بەم شێوەیە بەردەوام بی، ڕەنگە زۆر جار حاڵەت هەبووە كە وایلێهاتووە وەڵامی بەڕێوەبەرت دابێتەوە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ناتوانی تۆ هەموو كاتێك مناقشەی لەگەڵ بكەیت، بۆیە هەموو كاتێك زەختی بەڕێوەبەر زیاتر بووە لە هاوسەری خۆت.
بەڕێوەبەری سەركەوتوو كێیە؟
بەڕێوەبەرێك كە بەڕێوەبەری یەكێك لەفەرمانگە حكومیەكانە لەشاری هەولێر دەڵێت «بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئەوەیە كە بزانێت چۆن مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ كارمەندانی خۆی بكات لە هەردوو ڕەگەزەكە لە پێناو بەرژەوەندی و پێشخستنی كارەكەیدا، بەڵام یەك جیاوازی بچووك هەیە پێویستە ڕەچاوی بكات لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئافرەتدا ئەویش پێوەندی بە بارودۆخی كۆمەڵایەتی و فسیۆلۆجی ئافرەتەوە هەیە بەوەی كە مرۆڤێكی هەستیار و ناسكترە لە پیاو، بۆیە وا پێویستە لەسەر بەڕێوەبەر كە ئەم لایەنە لەبەرچاو بگرێت، لەهەمان كاتدا لە كاتی پێویست ئەگەر ڕەخنەیەكی ئاراستە بكات زۆر ئاساییە بەمەرجێك شێوازی ڕەخنە گرتنەكە بریندار كەر نەبێت، بەشێوەیەكی گشتی بەڕێوەبەری سەركەوتوو ئەوەیە كە هیچ زەحمەتییەك نابینێ لە مامەڵە كردن لەگەڵ كارمەندانی. ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەدەخاتەڕوو، كە پێویستە بەردەوام لە كارمەندانی نزیك بێت و نابێ جیاوازی لە نێوان كارمەندانیدا بكات لەسەر ئەساسی ڕەگەز، بەڵكو ئەگەر جیاوازیش هەبێت دەبێ لەسەر ئەساسی لێهاتوویی بێت، لە هەمان كاتدا پێویستە ئافرەتیش درك بەو ئەركانە بكات كە دەكەونە سەر شانی بەڕێوەبەر و لە گفتوگۆی بەردەوامدا بێت لەگەڵی.
دانانی زیاتری خانمان
لە پۆستی بەڕێوەبەر
ئاری ئیسماعیل توێژەری كۆمەڵایەتی هەر سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت «بەڕێوەبەر یان بەرپرسی یەكەم لەداموودەزگادا دەتوانێت گوشاری زۆر بخاتە سەر ئافرەت، ئەویش بەچەند شێوازێك ئەگەر ئێمە لەم پرسیارە وردبینەوە دەبین ئافرەت لە زۆربەی جارەكاندا لەلایەن بەرپرسی یەكەمیەوە ئیستغلال كراوە نموونەشمان زۆرە، بەتابیەتی ئەو ئافرەتانەی كەپێگەیان نزیكە لەبەڕێوەبەرەوە زۆرتر دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی بەڕێوەبەر، بەجۆرێك ئەگەر تەماشا بكەن ئەو ئافرەتانەی كە پیشەیان سكرتێرە زۆربەی كات دەبێت بەئارەزووی بەرپرسەكەی جلوبەرگ بپۆشێت نەك مێردەكەی، چونكە ئەگەر جلوبەرگەكەی بەدڵی بەڕێوەبەرەكەی نەبێت، ئەوا ڕەنگە سزای بدات ئەمەش نموونەیەكە لەو نموونانەی كە ئافرەتی فەرمانبەر چەندە لەژێر گوشاری بەڕێوەبەرەكەیدایە.
ئاری دەشڵێت «ئـــەگــەر ئافرەتەكە تۆزێك جوان و بەرچاو بێت، لەو كاتەدا تووشی سەدان كێشەبووە لەگەڵ بەڕێوەبەرەكەیدا وەك ئەوەی بیستوومانە كە ئافرەتە فەرمانبەرەكان زۆرجار دەبنە نێچیری بەڕێوەبەرەكانیان، ئافرەت هەبووە لەداخی بەڕێوەبەرەكەی وازی لەدەوام هێناوە هەبووە خۆی گواستۆتەوە هەشبووە ناچاربووە كەبكەوێتە هەڵەوەو تووشی كاری نابەجێ ببێت. ئەو توێژەرە لەكۆتاییدا داوا لەحكومەت دەكات هەوڵبدرێت بەپرسی زۆربەی دام و دەزگاكان بـــــكرێــــتە ئـــافرەت ئــەوكاتە كـــێـــشەكە چـــارەســەر دەبێت.
Top