ســــــارا: خـــۆم ســووتــانـد بۆ ئــــــــــەوەی بمرم نەك ڕیسوایی ببینم

ســــــارا: خـــۆم ســووتــانـد بۆ ئــــــــــەوەی بمرم نەك ڕیسوایی ببینم
كچێكی خاوەن بڕوانامە، دوای ئەوەی پوورزاكەی دەستدرێژی دەكاتە سەری، خۆی دەسووتێنێت، راشكاوانەش بۆ گوڵان دەدوێ و پەردە لەسەر هەموو نهێنییەكانی لادەدات.
كچێكی خاوەن بڕوانامە، دوای ئەوەی پورزاكەی دەستدرێژی دەكاتە سەری، خۆی دەسووتێنێت، ڕاشكاوانەش بۆ گوڵان دەدوێ و پەردە لەسەر هەموو نهێنییەكانی لادەدات.
خۆسووتاندنی ئافرەتان تا هەنوكەش دیاردەو قەیرانێكی ناو كۆمەڵگەیە كە بنبڕ نەكراوە، هۆكارەكانیشی زیاتر بۆ نائومێدی لە ژیان، نەخۆشی دەروونی و تۆڵەكردنەوە دەگێڕنەوە. قوربانیانی ئەم دیاردەیە زۆرجار ڕێژەی سووتانەكەیان زۆرە و گیانیان لەدەست دەدەن، لە ئەگەری مانەوەشیان دەبێت تا دوا هەناسەی ژیانیان بە پەشیمانی بژین.
سارا ناوی خوازراوی كچێكی دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێرە كە لە تەمەنی 24 ساڵیدا پێشوازی لە مەرگ كردووە. ئەو لەسەر قەرەوێڵەیەكی نەخۆشخانە ڕاكشابوو، دایكی بە چاوێكی پڕ فرمێسك لێی دەڕوانی. جەستەی بەگشتی لەفاف كرابوو، تەنیا سەری بەدەرەوە بوو، بە چاوە ڕەش و گەشەكانی سەیری دەوروبەری خۆی دەكرد، سەرەتا ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك بكات، تەنیا بە تووڕەییەوە گوتی «خۆم سووتاند بۆ ئەوەی بمرم، نەك ڕیسوایی ببینم». بەڵام كە خۆی و دایكی دڵنیابوون ناوی ئاشكرا ناكرێت و مەبەستی (گوڵان) تەنیا وریاكردنەوەی هاووڵاتییانە، هێور بوویەوەو گوتی «باشە هەموو نهێنییەكانم ئەدركێنم با بۆ كچانی دیكە ببێتە پەند».
سارا خۆی بە تاوانبار دەزانی و بە شەرمەوە چاوەكانی لە هەر نیگایەك دەدزییەوە، بەڵام پرسیارەكانی ڕاستگۆیانە وەڵام دەدایەوە. دایكی كە هاوەڵی نەخۆشخانەی بوو، ئێمەی بەجێهێشت، ساراش سفرەی دڵی كردەوە.
وەك خۆی باسیكرد ئەو كچی گەورەی دایك و باوكێكی خوێندەوار و ڕۆشنبیرە، كە باپیرەی كۆچی دوایی كردووە، داپیرەی تەنیا بووە، چونكە هەموو كچ و كوڕەكانی لە ماڵ و حاڵی خۆیاندا بوون، سارا بە ڕەزامەندی دایك و باوكی لەلای داپیرەی دەژی. لە تەمەنی شەش ساڵی خراوەتە بەر خوێندن و لە قوتابییە زیرەكەكان بووە. سارا زۆر هۆگری داپیرەی دەبێت و هەردووكیان لەو ژیانە هاوبەشەیان زۆر ڕازی دەبن.
سارا كاتێك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە كە هۆكاری خۆسووتاندنەكەی چی بووە، فرمێسكە قەتیس ماوەكانی بە سەر گۆنای ئاڵیدا گلۆرە دەبێتەوە و هێدی هێدی بەمجۆرە نهێنییەكانی دەدركێنێ.
«تەمەنم 17 ساڵ بوو، كوڕێكی پوورم لە هەندەران گەڕایەوەو لای داپیرەمان میوان بوو، ئەو زۆر سەیری دەكردم، منیش پێموابوو عەتفێكی برایانە و خزمانەیە، بۆیە بەلامەوە زۆر ئاسایی بوو، بەڵام نەمزانی ئەو نیازی چەپەڵە. چەند ڕۆژێك لە ماڵی داپیرەم مایەوە، بەیانییەك داپیرەم لەگەڵ ژنانی دراوسێ چوونە پرسەیەك، كوڕە پوورەكەم هێشتا خەوتبوو، منیش دوای تەواوكردنی كارەكانی ناوماڵ چوومە گەرماو بۆ جل شوشتن، نازانم چۆن بوو، زۆر گەرم بوو، منیش جلەكانی سەرەوەم دەرهێنابوو، لە پڕ دەرگاكە كرایەوە و كوڕە پوورەكەم خۆی كرد بە ژووردا، دەستم برد مەكسییەكەم لەبەر بكەم، دەستی گرتم، لێی تووڕە بووم، دەمی گرتم، ئیتر زۆر دڕندانە پەلاماری دام و دەستدرێژی كردە سەرم».
سارا كچە خاڵی ئەو كوڕەیە و بەردەوام كوڕە پوورەكەی بە«نەفرەت» دەكات. دوای سڕینەوەی فرمێسكەكانی گوتی «دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورەیە، دنیام لەبەر چاو تاریك بوو، پێمگوت: تۆ منت بێچارە كرد، دەتەوێ یاری بە كەرامەتم بكەی؟ بەڵام ئەو گوتی: تۆ دەبیتە هاوسەری خۆم و هیچ كێشەیەكمان نابێت، بەڵام من پەشۆكا بووم، بەبێ ئیرادەی خۆم ماڵی داپیرەم بۆ چەند ڕۆژێك جێهێشت و چوومەوە بۆ ماڵی باوكم، كوڕە پوورەكەشم بە پەلە هەڵهات و بۆ هەندەران گەڕایەوە، پێیوابوو، دایك و باوكم ئاگادار دەكەمەوە».
وەك سارا باسیكرد، داپیرەی زۆر بێ ئۆقرە دەبێت و دەچێت بە شوێن سارادا و لەگەڵ خۆی دەیهێنێتەوە بۆ ماڵەكەی، بەڵام ڕەنگ زەردی و خەمۆكی سارا، لەلای دەبێتە جێی پرسیار و بەردەوام بەرۆكی سارا دەگرێت بۆ ئەوەی هۆكاری خەم و ئازارەكانی ئاشكرا بكات.
«داپیرەم زۆر جێی متمانەیە، ئەو دایكایەتیشی بۆ كردووم، هیچم لێنەدەشاردەوە، بۆیە ناچار بووم لە ڕاستی ڕووداوەكە ئاگاداری بكەمەوە، داپیرەشم داوای كرد ئەو نهێنییە بپارێزین، چونكە گەر باوكی بەم كارەساتە بزانێ، نەك هەر كوڕە، بەڵكو دایكەكەشی دەكوژێت كە خوشكی خۆیەتی، دوای ماوەیەك داپیرەم پوورمی لەو تاوانەی كوڕەكەی ئاگادار كردەوە، داواشیكرد بەپەلە مارەم بكەن، بەڵام كوڕە حاشای لە كردنی ئەو كارە كرد، پووریشم زۆر هەوڵیدا كوڕەكەی بمخوازێت و كۆتایی بە كێشەكە بهێنرێت، بەڵام ئەو ناپاكەی دەستی بڕیم، حاشای لە تاوانەكەی كرد».
سارا ئەوەش ناشارێتەوە كە داپیرەی دوای ئەوەی لەو هەوڵە نائومێدی دەبێت، لەگەڵ پووری ڕێكدەكەون و «بە پارەیەكی زۆر ڕاپۆرتێكی پزیشكی ساختە» دروستدەكەن و دواتر باوكی سارا ئاگاداردەكەنەوە كە سارا لە سەربان بەربۆتەوە و ڕاپۆرتی پزیشكییان هەیە كە بە هۆی ئەو ڕووداوە كچێنی نەماوە.
ئەو كارەساتە لەلای سارا ببوو بە گرێیەكی گەورەی دەروونی، سەرەڕای ئەوەش لە خوێندن دانەبڕا و دڵشكاوانە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی تەواو كرد، بە درێژایی ماوەی خوێندنی لە پەیمانگە بە هۆی ڕێكوپێكییەوە زۆر لە كوڕەكان خۆیان لێی نزیك دەكردەوە، بەڵام ئەو هەموویانی ڕەتكردەوە، چونكە كچێكی ئاسایی نەبوو.. «رۆژ لە دوای ڕۆژ داواكاریم زیاتر دەبوو، منیش بێ بیر كرنەوە ڕەتمدەكردنەوە، ئامادە بووم هەموو تەمەنم تەنیا بم، بەڵام كەس بەم نهێنییە قێزەوەنەم نەزانێ، كچانی تر كە خوازبێنییان دەهات، باسی ماڵ و خشڵ و سەروەت و سامان و بڕوانامەیان دەكرد، منیش پێچەوانەی ئەوان تەنیا باس باسی ڕاپۆرتە لەعنەتییەكەم بوو، لەم دواییە كوڕێكی پۆلیس هاتە داوام، تەنیا بڕوانامەی سەرەتایی هەبوو، داپیرەم پێیگوتم: لە كەلی شەیتان وەرەخوارێ و لەم كوڕە باشترمان دەست ناكەوێ، دواجار دایكیشم ڕازی كردم، بەر لە هەموو شتێكیش باوكم هەواڵی ڕاپۆرتە پزیشكییەكەی پێدان و گوتی بە منداڵی لەسەربان بەربووەتەوە، ئەوانیش ڕۆیشتن و گوتیان بیری لێدەكەینەوەو وەڵامتان دەدەینەوە، بەڵام هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو نەگەڕانەوە، دواجار كوڕێكی ناسیاوی خۆمان هاتە داوام، من زۆر پاڕامەوە كە چیدیكە بریندارم نەكەن و لەوە زیاتر ئازاری دەروونیم نەدەن، بەڵام ئەوان گوتیان ئەوە خزمی خۆمانە و خزم گۆشتیشت بخوا ئێسقانت ناشكێنێ، بەڵام دیسان ئازارەكان دووبارە بوونەوەو برینەكانیش كولانەوە، كوڕە قەرداریشی كردینەوە و گوتی: مادام كچەكەتان بە كەڵكی شووكردن نایەت، بۆ خەڵك ماندوو دەكەن؟ ئەو شەوە خەو نەچووە چاوم، ڕاپۆرت بوو بە دێوەزمە و مۆتەكە، كە ڕۆژ بووەوە چوومە ناو گەرماوەكە و لە شوێنی تاوانەكەدا ئاگرم لە جەستە بێنرخەكەی خۆم بەردا، بۆ ئەوەی ئەو نهێنییە خەفەكراوەی دەروونم نەدركێنم».
پزیشكانی سارا ئاماژەیان بەوە دا كە ڕێژەی سووتانەكە زۆر نییە و هیچ مەترسییەكی لەسەر نەماوە، بەڵام سارا لە كۆتاییدا ئامۆژگاری هاوڕەگەزەكانی دەكات كە «هیچ كاتێك فریو مەخۆن و هەرگیزیش پەنا بۆ خۆسووتاندن نەبەن».
Top