پاڵپشتی و هاوكاری ژن لە خۆبژێوی ژیانی هاوبەشدا

پاڵپشتی و هاوكاری ژن لە خۆبژێوی ژیانی هاوبەشدا
هاوبەش، هاوژین، هاوسەر و چەندین دەستەواژەی دیكە بەمانای یەكێك لەدوو جەمسەری ژیانی هاوبەش چ ژن بێت یا پیاو دێت.. بەدوای ئەم وشانەدا چەندین دەستەواژەی دیكە وەك «هاوخەم، هاوسۆز، هاودەرد....تاد. لەژیانی هاوبەشدا كە بنچینەكەی لەسەر بنەمایەكی ڕاست و بێ بەرژەوەندی و پاوانخوازی لایەنەكان دامەزرابێت، مانای واقیعی خۆیان دەبەخشن.. ژن و پیاو دوو كۆڵەكە و جەمسەری ژیانی هاوبەشن، بەبێ بوونی پاڵپشت و هاوكاری تەواو و بێ بەرامبەری یەكێك لەم دوو جەمسەرەی ژیانی هاوبەش بناغەی ئەم ژیانە لەرزۆك دەبێت و لەمەودایەكی كەمدا بەرەو داڕمان دەچێت.
لەنیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، ڕوونتر بڵێین لەدوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە، بەشداری كارا و چالاكی ژنان لەبوارەكانی كاركردن لەدەرەوەی ماڵ و كاركردن لەكارگە و كارخانەكان و ئیدارە و فەرمانگەكان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و دامەزراوە تایبەتی و حكومییەكان بەرفرەتر و ئەكتیڤتر بوو، سنووربەند نەبوونی ئافرەت تەنیا لەكاری ماڵەوە و خۆبژێوی لەژیانی ڕۆژانەدا گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی كۆمەڵایەتی و دەروونی لەچوارچێوەی كۆمەڵگە و ماڵباتدا پێكهێنا، بەجۆرێك ئافرەت بەتەواوی هەستی بەپێگەی و شكۆی خۆی لەهاوبەشی كردنی ژیانی ڕۆژانەی هاوسەرەكەیدا كرد و بڕوا و متمانە بەخۆبوون لەڕۆحییەتی ژندا و سەربەخۆیی ئابووری و چاو لەدەست نەبوون لەڕەگەزی بەرامبەری بوو بەهۆی ئەوەی كە بەدیدگایەكی دیكەوە لەجیهان بڕوانێ..
ئەم پێشەكییەی سەرەوە دەلاقەیەك بوو بۆ چوونە ناو باسێك و واڵاكردنی دەرگای پرسیارێك كە ئایا ئەنجامدانی ئەركی ژنان لەدەرەوەی ماڵەوە تا چ ڕادەیەك كاریگەری هەیە لەسەر پێكهێنانی زەمینەیەكی لەبار و ژیانێكی خۆش و پڕ لەكامەرانی لەژیانی هاوبەشدا؟ ئایا ژنان تا چ ڕادەیەك بەشدارن لەهاوكاری و پاڵپشتی كردنی هاوسەرەكانیان لەبژێوی ژیانی ڕۆژانەدا؟ ئایا بەم تێڕوانین و بیردەكەنەوە كە ژیانی هاوبەش بەتەنیا موڵكی هیچ كەس لەم دوو جەمسەرەی ژیان نییە و خۆماندووكردن و هەوڵدانیش بۆ ژیانێكی باشتر هەر پێوەندی بەپیاو یان ژنەوە نییە چ كۆمەڵگەیەك بونیاد دەندرێت.. بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری بابەتەكە ئەم ڕاپۆرتە دەخەینەڕوو.
مەهاباد و كەمال زیاتر لەدە ساڵە پێكەوە دەژین، هەردووكیان لەدەرەوەی ماڵ كاردەكەن و مەهاباد مامۆستایە و كەمالیش لەفەرمانگەیەكی حكومیدا كار دەكات، بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان 3 منداڵە. ئێستا خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێلی خۆیانن و لەڕووی ئابوورییەوە ژیانێكی مامناوەندیان هەیە. مەهاباد دەڵێت، ئێمە لەسەرەتادا هیچمان نەبوو، ژیانمان لەسفرەوە دەستپێكرد، ماوەی چەند ساڵێك لەخانووی كرێدابووین، بەڵام بەهاوكاری هەردووكمان توانیمان گۆڕانكارییەك لەژیانی ڕۆژانەماندا بكەین و بتوانین دەست بەزاری خۆمانەوە بگرین و تا هەندێك پارە پاشكەوت بكەین و ئێستا ئەوە دوو ساڵە بەشێك لەئامانجەكانمان هاتوونەتە دی و توانیومانە خانووی خۆمان هەبێت و بەقیستیش ئۆتۆمبێلێكمان هێناوە..
• مەهاباد خان تا چەندە هاوكاری و پاڵپشتی لەخۆبژیوی ژیانی ڕۆژانەی هاوسەرەكەتدا؟
- ببوورە كە ئەوە دەڵێم پرسیارەكەت بەتەواوی هەڵەیە، ژیانی هاوبەش هەر هی هاوسەرەكەم نییە، هاوبەش یانی چی؟ یانی هەردووكمان بەشین لەم ژیانەدا. لەخۆشی و ناخۆشی، لەئازار و خەم. لەنەبوونی و كەموكوڕی بەكورتی لەهەموو شتێكدا، ئێمە خاوەنی دوو ژیان نین و پێكەوە دەژین.. ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی كە كەمتر لەژیاندا تووشی گرفت ببین، ڕاستیت پێ بڵێم هەتا ئێستا لەماوەی تەمەنی ژیانی هاوبەشماندا لەسەر كێشەی مادی و دارایی تووشی بچووكترین كێشە و هەڵچوون نەبووینە.
• پارە و دارایی ماڵەوە لەلای كێیە؟ هەركامتان بەجیا پارەی خۆتان هەڵدەگرن، خەرجی ڕۆژانەی ژیانتان چۆنە؟
- باوەڕ بكە لەم چەند ساڵەی ژیانی هاوبەشماندا هیچ كاممان بەتەنیا خاوەنی پارەی خۆی نەبووە، پارە لەشوێنێك لەماڵ داندراوە، هەركەسێك پێویستی پێبێت بەگوێرەی پێداویستییەكەی پارەی هەڵگرتووە، هیچ سەیر نییە كە دەڵێم منداڵەكانیشمان هەر بەم شێوەیەن.
• هەر لەسەرەتای ژیانی هاوبەشەوە ئەوە بیركردنەوەتان بووە؟
- دەكرێ بڵێم من بەر لەوەی ژیانی هاوبەشیش پێكبێنم وابووم، چونكە دایك و باوكم تێڕوانیان لەژیاندا ئەمەبوو، بۆیە منیش بڕیارمدابوو لەگەڵ هەركەسێك بژیم، دەبێ ئەوە بیركردنەوەمان بێت.. ئەو زێڕو ئاڵتونەی كە بۆ مارەیی بۆم كڕابوو، لەدروستكردنی خانوودا فرۆشتم.. (بەپێكەنینەوە) ئەگەر هەموو گرفت و كەموكوڕیی و پێداویستییەكانی ماڵەوە كۆتاییان هات، دەست بەكڕینی زێڕ دەكەمەوە...
ئەم تێڕوانینەی مەهەباد و كەمال بۆ ژیانی هاوبەش و یەك ماڵبوون و یەكدڵ بوون، بۆتە هۆی ڕەخساندنی ژیانێكی هاوبەشی پڕ لەبەختەوەری، ژیانێك كە لەودا ئەوە هی منە و ئەوە هی تۆیە بوونی نییە، كەس بەتەنیا ماڵ بەهی خۆی نازانێ، هاوماڵی وایكردووە هاورۆح و هاوگیان بن و هاوخەمی و هاوسۆزی ئاوێتەی ژیانی هاوبەشیان بێت.. بێگومان بیركردنەوەی كەمال و مەهاباد، بیركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە نییە و لەكۆمەڵگەی ئێمەدا كەم نین ئەو پیاوانەی كە ماڵ تەنیا بەهی خۆیان دەزانن و هاوسەرەكەی بەهاوبەشێك لەژیاندا دانانێن و تەنیا هەندێك مەبەست و بەرژەوەندی پێكەوەی كۆكردوونەتەوە.. كەم نین ئەو ژنانەی كە پێیانوایە ئەركی خۆبژێوی و بەدەستهێنانی پارەی خەرجی ژیان تەنیا لەئەستۆی پیاوە و، پیاو ئەركی سەرشانییەتی كە هەموو ئازار و مەینەتی بارگرانایی ژیانی ئابووری هاوبەش هەڵبگرێت.. تەنانەت ئامادە نین لەناخۆشترین ساتەكانی ژیانی هاوبەشدا و لەبوونی گەورەترین گرفتی مادیدا بچووكترین پاڵپشت بن لەژیاندا.. (رزگار و ژیان) نموونەیەكی بەرجەستەی ئەم واقیعییەتەن.
رزگار و ژیان زیاتر لەپانزدە ساڵە پێكەوە دەژین، ڕزگار جگە لەوەی كە لەیەكێك لەفەرمانگەكاندا ئەركی پاسەوانی لەئەستۆیە، دوای تەواو بوونی ئەركەكەی پاشنیوەڕۆیان كاری شۆفێری تەكسی دەكات، بەم دواییە خانوویەكیان دروستكردووە، كە هێشتا هەر هەیكەلە بۆ ڕزگاربوونی لەدەست كرێچییەتی هەر بەهەیكەلی هاتوونەتە ناویەوە، خاوەنی 5 منداڵن. (ژیان) كارمەندی بانقە و ئەوان هاوسێی ئێمەن.. دوو ساڵە لەم خانووە هەیكەلییە دادەژین كە نە سەرما دەگێڕێتەوەو نە گەرما.. زۆر جار لەڕزگارم پرسیوە كەی خانووەكەت تەواو دەكەی، دەڵێت هەر هەندێك پارەم بكەوێتە دەست تەواوی دەكەم..
(ژیان) جگە لەپارەیەكی باش زیاتر لەنیوكیلۆ زێڕی هەیە، لەسەرەتادا پێموابوو ئەوەی بەخۆی هەڵدەواسێ تەنیا ئیكسواراتە و لەشێوەی زێڕ دەچێت، بەڵام ئێستا بۆم دەركەوتووە كە هەمووی زێڕە، هەر ئەمەش هانی دام كە چەند پرسیارێك لە(ژیان) بكەم...
• خاتوو ژیان پێدەچێ دەوڵەمەند بی، ناترسی ڕۆژێك زێڕەكانت لێبدزن؟
- (بەپێكەنینەوە) نا كەس ناتوانێ، دەنا لەمێژبوو دەیاندزی..
• باشە شوكر كە وەزعی داراییت باشە، بۆ هەوڵنادەن خانووەكەتان تەواو بكەن، پێموایە گەر تۆ زێڕ و ئاڵتونەكانت بفرۆشی، لەم وەزعییەتە دێنەدەرێ؟
- نا نا نا، قەت قسەی وامەكە.. زێڕ و ئاڵتونەكان هی خۆمن، خۆ هی ڕزگار نین، بەپارەی خۆم كڕیومن. با ڕزگار خۆی زیاتر ماندوو بكات و خانوو تەواو بكات..
• مەگەر ژیانی هاوبەش هی هەر دووكتان نییە؟ بۆ تۆ ئامادە نی لەم ژیانە هاوبەشەدا هاوكار و پاڵپشتی هاوسەرەكەت بی؟
- نا پیاو دەبێت هەموو خەرجییەكانی ژیانی ڕۆژانەی بۆ هاوسەر و منداڵەكانی ئامادە بكات، ئەدی بەچی پیاوە؟ پیاوێك نەتوانێ ژن و منداڵەكەی بەخێو بكات بۆ ژن دێنێ؟
• چونكە خانووەكەتان هەیكەلەو سەرما و گەرما ناگێڕێتەوە، ئەگەر بەم هۆیەوە منداڵەكانت تووشی نەخۆشی بوون، چ هەڵوێستێكت دەبێت، مەگەر منداڵەكان هی تۆ نین؟
- ئەوان بابیان هەیە، با خەمیان لێبخوات...
لەبیركردنەوە و تێڕوانینی (ژیان) بۆ ژیانی هاوبەش ئەو ڕاستییە تاڵە دەردەكەوێت كە ئەو هاوسەرەكەی وەك هاوبەش، هاوخەم و هاوسۆز ناناسێ و ئامادە نییە ببێتە پاڵپشت و هاوكارێك بۆ هاوسەرەكەی، لەژیانی هاوبەشێكی وادا تەنانەت منداڵەكانیش بەچاوی سۆزی دایكانە لێیان ناڕواندرێت و بەرژەوەندی شەخسی و كۆكردنەوەی پارە لەسەرووی هەموو شتێكە. ژیان تەنانەت بۆی گرنگ نییە منداڵەكانیشی نەخۆش بكەون.. مەزنی و شكۆی ئافرەتێك كە لەدەرەوەی سنووری ماڵەوە كار دەكات لەوەدایە كە ئەو سەرەڕای ئەركی دەرەوە و پاڵپشتی كردنی ژیانی هاوبەش، ئەركی ماڵەوەش بەئەستۆ دەگرێت. هەروەك لەكۆمەڵگەی ئێمەدا مەهابادەكان زۆرن و نموونەیان گەلێكە، (ژیان)ـەكانیش نموونەیان زۆرە، هەن ئەو ئافرەتانەی كە خشڵ و زێڕێكی زۆریان هەیە، بەڵام ڕۆحێكی هەژارانەیان هەیە و لەبواری مادیدا باشن، بەڵام لەبواری خۆشەویستی هاوسەرێتیدا كەمیان هەیە.. بناغەی ژیانی هاوبەش كاتێك پتەو و بەهێز دەبێت كە یەكدڵی و یەك گیانی هەبێت.. دوو جەستەبن و لەیەك گیان و یەك بۆتەدا بتوێنەوە.. ئەو منداڵانەی كە بەرهەمی ژیانێكی پڕ لەتەباین، ئاسۆی داهاتوویان گەشترە. منداڵەكانی مەهاباد و كەمال بە پەروەردەیەك گەورە دەبن كە پارە و سامان ژیانێكی بەختەوەریان بۆ فەراهەم دەكات، نەك ژیان فیدای پارە و سامان بكەن.. بەپێچەوانەوە منداڵەكانی ڕزگار و ژیان ڕۆحی پاوانخوازی و بەشداری نەكردن لەخۆشی و ناخۆشییەكانی كۆمەڵگەدا لەگیانیاندا چەكەرەی كردووە.. لەبواری كۆمەڵناسییەوە، خیانەتی هاوسەری بەتەنیا ئەوە نییە كە جەستەت بەیەكێكی دیكە بسپێری، ئەگەر ڕۆح و گیانیشت لەگەڵ هاوسەرەكەتدا نەبێ و هاوگیان و هاودڵی نەبی، دیسان بەشێكە لەخیانەتی هاوسەری.. وتاری دەربڕینی بەڵێنی هاوسەرگیری لەئایینی بۆزاییدا بەم شێوەیە «من بەڵێن دەدەم، هەستم، سۆزم، گیانم بوون و مانم لەگەڵ هاوسەرەكەم دابێت». بێگومان وتاری مارەیی هاوسەرگیری لەزۆربەی ئایینەكاندا وەك ئەم بەڵێنە دەچێت..
Top