پیاوسالاری و نــەریتی سەربازی بۆ مامەڵەكردن لەگـەڵ پرسی ئافرەتان

پیاوسالاری و نــەریتی سەربازی بۆ مامەڵەكردن لەگـەڵ پرسی ئافرەتان
لەسیستەمی سەربازیدا هەر هەڵەیەك سزای هەیە و هیچ بوارێك نییە بۆ سازشكردن و چاوپۆشین لەو هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر شایەنی باس كردنیش نەبێت، لەكۆمەڵگەی كوردەواریش تا ڕاددەیەكی زۆر بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئافرەت دەكرێت كە بچووكترین هەڵەی لەسەر حیسابەو دوور نییە سزاش بدرێت، لەسەری تەنانەت ئەگەر زۆر بچووك و شایەنی باس كردن نەبێت و هیچ زیانێكیش لەو كارەی نەكەوێتەوە كە بەهەڵە دادەنرێت، ئەم ڕەفتارەش زۆر لەڕەفتاری كۆمەڵگە سەرەتاییەكانەوە نزیكە، چونكە پیاو و ئافرەت وەك مرۆڤ ئاساییە هەڵە بكەن، بەڵام چاوپۆشی كردن لەهەڵەی پیاو و گەورەكردنی هەمان كار كە ئافرەت ئەنجامی بدات، ئاماژەیە بۆ باوكسالاری و جیاوازی ڕەگەزی كە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا باوە.
سووكایەتی پێكردن و بێزاركردن
ئاشتی عەزیز ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە ئافرەتی كورد تائێستا لەژێر یاسایی سەربازیدایەو دەڵێت «چونكە دەرئەنجامی ئەم كردەوانە دابوونەریتیە كەلتووری كۆمەڵایەتیەكانن، كۆمەڵگە هانی تاكەكان دەدات بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئافرەت بكات، زۆرجار پیاو بەئارەزووی خۆی ئەم شتانە بەرامبەر بەئافرەت دەكات بەبێ ئەوەی ئافرەتەكە هیچی كردبێت واتا وەك ئەوەی سەربازێك كاتێك سزا دەدرێت كە لەیاسای سەربازی هەڵهاتبێت و تاوانباربكرێت بەوەی كەخزمەتی سەربازی نەكردووە، ئەو كات دادگا سزای دەدات بەبێ هۆكار كۆمەڵگە خۆی دەكاتە دادگاو سزای دەدات واتا ئەم شتانە هەمووی دەرەئەنجامی نەریتێكی كەلتووری پیاو سالارین، ئێمە هەموومان هەستمان بەسووكایەتی كردنی ئافرەتانمان كردووە، ئەگەر سەیر بكەین سیستەمێكی عەسكەری بەرامبەر بەئافرەت پەیڕەو دەكرێت هەر لەئەتكردنی جەستەیەوە هەتا لووت بڕین كەیەكێكە لەنەریتە خێڵەكیەكان و هەتا بەردباران كردن و تەنانەت كوشتنیش ئەمانە هەمووی ئەو شتانەن كە هەندێ لە پیاوان بەرامبەر ئافرەتان دەیكەن بەبیانووی ئەوەی ئافرەت لەنەریتی كۆمەڵگە لایداوە، دەبینین چۆن لەحوكمی سەربازی ئەفسەرێك خۆی دەكاتە حاكم و حوكم بەسەر خەڵكدا دەدا، بەهەمان شێوە لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا دەبینین كوڕێكی ماڵەكە دەبێتە حاكم و حوكم بەسەر خوشك و دایكی و كچەكەیدا دەدات، واتا پیاو لەم كاتەدا دەبێتە دادوەر و دادگاش و بەئارەزووی خۆی حوكمی ئافرەت دەدات، ئەگەر وردبینەوە كۆمەڵگە لەبەركارهێنانی ئەم سیستەمە سەربازییە غەدر لەئافرەت دەكات، چونكە ئافرەت كائینێكی بەتوانایە وەك مەسەلەی منداڵبوون و مەسەلەی دایكایەتی كە نموونەی قوربانی دانی ئافرەتانن بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە.
ئافرەت لەنێوان ملكەچبوون و سزاداندا
خانمی ڕەحیمی چالاكوانی ئافرەتان پێیوایە «زۆر بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا مامەڵەكردنی ئافرەت وەك مامەڵەكردنێكی سەربازی نیزامی وایە لەڕووی ئیلتیزامكردنیەوە بەكاتەوە، یان بەهەموو شتەكان واتا چۆن سەرباز پەیوەستە بەئیلتیزامی كات بەهەمان شێوە ئافرەتیش پەیوەستە بەئیلتیزامی كاتەوە، وەك دەزانین ئێستا لەهەموو جیهاندا مەسەلەی ئافرەت و منداڵ یەكێكە لەباسە گرنگەكان و هەمیشە گرنگیەكی زۆری پێدەدرێت، زۆرتر جەخت لەوە دەكرێتەوە ئەوەی بۆ نێرینە واتا پیاوان ڕەوایە، بۆمێیینە واتا ئافرەتان ڕەوانییە، واتا لەڕووی ئەوەی كە مێیینە دەبێت لەكاتی خۆیدا بگەڕێتەوە ماڵ دەبێت بەگوێی خێزان بكات و نابێت لەهیچ شتێك لابدات كە بۆی دانراوە، لەكاتێكدا كە نێرینە كەتەمەنی دەگاتە هەژدە ساڵ تاڕادەیەك ئازادی پێدەدرێت، بەڵام ئافرەت بەپێچەوانەوە هەتا گەورەدەبێت تەنانەت دەشبێتە دایك هەر لەلایەن ئەو منداڵەوە كە خۆی بوویەتی سزا دەدرێت و زۆربەی شتەكانی لێی قەدەغە دەكرێت.
خانم ئەوەدەخاتەڕوو، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە كە ژیانی ئافرەت سیستەمێكی سەربازییە، وەك ئەوەی ئەگەر سەربازێك لەكاتی خۆیدا نەگەڕێتەوە بۆ سەربازگە سزا دەدرێت بەهەمان شێوە ئافرەتێك ئەگەر ئێوارە درەنگ بگەڕێتەوە ماڵەوە سزایەكی قورسی وەك سەربازەكە دەدرێت، من نامەوێت لەو ڕوانگەیەوە لێكچوواندن بكەم، چونكە سەربازێك بۆماوەی چەند ساڵێك لەو سیستەمەدا دەژی. كەچی ئافرەتێك بە درێژایی تەمەنی لەوانەیە پەنجا شەست ساڵ بێت بەم شێوەیە ژیان دەباتە سەر، بێگومان ئەم سیستەمە سەربازییە بەرامبەر بەئافرەت بەهۆی هەڵقوڵاوی ئەو دابوونەریتە كۆمەڵایەتیەیە.
گۆڕانكاری لەكۆمەڵگەی كوردەواری لەسەرخۆیە
توێژەری كۆمەڵایەتی هانا عوسمان سەرۆكی سەنتەری چارەسەری دەوروونی پێیوایە كۆمەڵگە هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە تەنیا لەلایەنی ماددی گۆڕانی بەسەر هاتووە، هەر كۆپیەكی جارانەوە وەك خۆی تەنیا لەئۆتۆمبێل و خانوودا ئێمە پێشكەوتووین، بۆنموونە زۆر كەس پییانوایە بەزیادكردنی ئافرەتان لەپەرلەمان و حكومەت مافەكانی ئافرەتان زامن دەبێت، كە ئەمەش نابێتە پێوەر، چونكە ئەگەر هەموو پەرلەمان و وەزیرەكان و تەنانەت ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكان ئافرەت بن هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، بەڵكو تاكە ڕێگە چارەسەری كۆمەڵگەیە بەڕێگەی وشیاركردنەوە، ئەو هەموو ئافرەتە پەرلەمانتارە هەتا ئێستا بیرێك لەپاراستنی مافی ئافرەتی فەرمانبەر ناكەنەوە، بیر لەوەناكەنەوە ئەو ئافرەتانەی فەرمانبەرن منداڵەكانیان لەكوێ و لەچ شوێنێكدا دابنێن.
عەمیدی مافپەروەر دڵشاد شێخ سەعید ئەوەش دەخاتەڕوو كە یاسای سەربازی هیچ گۆڕانێكی گرنگی بەسەردا نەهاتووە تەنیا لێدان و قسەی ناشرین نەماوە تەنیا سزای جەستەین وەك مەشقپێكردنی زیادە واتا بەهیچ شێوەیەك هیچ پۆلیسێك یان قوتابیەكی كۆلێژی پۆلیس یان سەربازێك یان هەركەسێكی تر لەكاتی مەشقدا ئیهانە ناكرێت، بەهیچ شێوەیەك جنێو بەكارنایەت.
ئافرەت لەڕوانگەی ئایینەوە
بەشێكی زۆر لەو كەسانەی كە ڕاڤەی ئایین دەكەن ئەم كەسانە وایانكردووە كە ڕاڤەیەكی زۆر تایبەتیان بۆ ئەم باسە هەبێ، واتا بەهۆی تەفسیری هەڵەی دینەوە ئافرەت هەمیشە تووشی كێشەبووە و هەمیشە ئافرەت باجی هەڵەی ئەو كەسانەی داوە كەبەئارەزووی خۆیان تەفسیری دین دەكەن، واتا زۆرجار هاتوون دەقێكی ئایینی بەشێكیان لێ لابردووە ئەو بەشەیان بۆ ئارەزووی خۆیان بەكارهێناوە واتا پیاوە ئایینیەكان ئەو بەشانەی كە گرنگی بەئافرەت دەدەن فەرامۆشی دەكەن و تەنیا باسی ئەو بەشانە دەكەن كە ئازاری ئافرەت دەدەن.
دواتر مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەی وتارخوێن و پێشنوێژ بەڕێوەبەری نووسین لەگۆڤاری پەیامی زانایان دەڵێت «بێگومان بەر لەهاتنی ئایینی ئیسلام ژیانی هەموو مرۆڤەكان زۆر سەختبووە، ئافرەتیش وەك هەموو مرۆڤەكانی تر هیچ مافێكی نەبووە، هەمیشە ئازار دراوە و چەوسێندراوەتەوە، بەڵام دوای ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئافرەت وەك هەموو مرۆڤەكان ئازادی دەست كەوت، ئەگەر ئێمە تەماشای ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەین سێ تەوەرەی گرنگی دەستنیشان كردووە كە ئەویش بنەمای لێبووردەیی و بنەمای ڕێزگرتن و بنەمای كارئاسانیە، چونكە ئامانجی هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆئەوەبووە كە مرۆڤەكان بەختەوەر بكات، بەهیچ شێوەیەك ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەگەڵ ئەوەنییە كە ئازاری مرۆڤەكان بدات وەك مرۆڤێك، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێزی لەئافرەت ناوە. هەرگیز ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگە بەوەنادات ئافرەت بچەوسێنرێتەوە، لەیەكەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەتا ئەو ڕۆژەی كە پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت لەدوا وتاری لەتەمەنیدا پێشكەشكرد كە نزیكەی سەد هەزار موسڵمان لەحەجی ماڵئاوا لەو وتارەدا ئامادەبوون، پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت سێ جار داوای لەهەموو موسڵمانان كرد كەڕێز لەئافرەتان بگرن، بەجۆرێك لەهەموو ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەگەر بگەڕێین ناتوانین دەقێكی ئایینی بدۆزینەوە كە ئازاری ئافرەتی تێدابێت، واتا هیچ لەدەقەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا باسی ئازاردانی ئافرەت نەكراوە و هەموو دەقەكان باسیان لەبەرگری كردن لەئافرەتان كردووە وەك مرۆڤێك، چونكە ئایینی پیرۆزی ئیسلام زامنی سەرجەم مافەكانی مرۆڤ دەكات بەئافرەت و پیاوەوە.
Top