مەرگی گوڵە

مەرگی گوڵە
كاتێك مەهدی گوڵاڵەی بێوەژنی خواست، چیتر نە ئەم ئاگای لە خێزانی یەكەمی و ڕەوە مناڵەكانی خۆی ما، نە گوڵاڵە بە تەمەنی سەروو پەنجا و پێنج ساڵییەوە كوڕو كچەكەنی خۆی لا مانەوە، بۆیە هەرچی خزمانی مەهدی و گوڵاڵەبوو كە ڕوویان تێبكردنایە لێیان لالووت بوون و بە بێ ئەمەك و بوودەڵەیان دەزانین، مێردی كۆن و برای گوڵاڵە پێیان ئاسایی بوو ملی گوڵە لەسەر تاشەبەردان دابنێن و بە تەورداسان بیپەڕێنن، بەو هەنجەتانە بە نەحلەتیان دەكرد گوایە كە ئاگای لە ژیان و مناڵ و گوزەرانی كوڕو كچەكانی نەماوەو شووی بە پیاوێكی بیست ساڵێك لە خۆی بچووكتر كردووەتەوە، نەیاندەزانی هەرچۆن دەست بە ئاسمانەوە ناگیرێ تا بەفر نەبارێت، ئاوهاش دەست بە دڵی دوو كەسەوە ناگیرێت كە عەشقی یەكتر بووبن و، تا قەفەزی زێڕین كۆیاننەكاتەوە، ئیتر جار هەیە ئەم عەشقە وا لە عاشق دەكات خۆپەرستانەو كوێرانە سۆزی بەكار بێنێ و بەرپرسیارێتیەكانی تری خۆی بۆ بكاتە قوربانی، ئەو شەوە ئەستێرە باڵیان لێكدەخشاندو بە حوزنەوە لە ڕووداوی كوژرانی گوڵاڵەیان دەڕوانی كە لە لایەن كوڕە گەورەكەیەوە بەرگووللان دەدرێت، خۆ گوڵاڵە شیری مانگای بە ئەركانی كوڕی نەدابوو تا بەو ڕقەوە هەڵكوتێتە سەری و لە شیرین خەودا گیانی دایكی خەڵتانی خوێن بكات و هیچ وەفایەك بۆ ئەو دایكە دانەنێت كە ئەوەندە مانگان لە زگیدا بە ئارامی گەورەی كردو بە شیری مەمكانی ئەو مەلۆتكەیەیی و حەوتی تری وەك ئەمی خۆی پەروەردەی كرد، لە دوای پەروەردگار دایك ڕۆحی بە كوڕی داوە، كەچی كوڕە ڕۆح لە دایكی دەسێنێتەوە، ئاخۆ چەند ئەم دایكە ئەو قاتیلەی خۆی بە مەلۆتكەیی بە گەردنی خۆیەوە نوساندبێت و بۆنی پێوە كردبێت، ئەوا ئێستا كوڕە بە نەریتی بیابان گولە بە گەردنی دایكەوە دەنێت، لە دوای تاوانەكەشی وەك پۆڕ بۆی بفڕێت و خۆی لە دەست پۆلیس و یاسا بشارێتەوەو ئەی چۆن خۆی لە پەروەردگار دەشارێتەوە، خۆ ئەركان ماسی نییە تا لە دوای گەورە بوونی بە یاسای تاریكی بنی دەریایەوە دایكەكەی خۆی بخوات، ئەم كارەساتە بەردی شاخان دێنێتە قسان، خۆ ئەم كوشتنە لە پای نامووسیش نەبووە تا هەنجەتانی ناقۆڵای لەو بابەتانەی تەك بخرێت، هەموو مرۆڤێك كتێبێكە ئەگەر دوو ڕستەی هەڵەشی تێدا بێت ئەمە ناكاتە ئەوەی خوێنەرێك بێت و ئاگری تێبەربدات یان لاپەڕەكانی بدڕێنێت، خۆ ئەگەر گوڵە هەڵەشی كردبێت كە هەڵە نەبووەو بە پێی شەرعی خودا شووی بە مەهدی كردووە.
ئەوا هیچ مافێكی كەس نییە لەوەدا ڕۆحی كەسێكی تر دەربكێشێت لەسەر هەڵەو كەموكورتی كە داب و نەریتێكی ڕزیوو لە ڕۆحی خەڵكیدا چاندبنی، بەڵام وادیارە ئەو باوكەی ئەركان وا كوڕەكەی پەروەردەكردووە كە بە سووكی تەماشای ڕەگەزی بەرانبەر بكات، سوپاس گوزاری دایكیشی نەبێت، وەك دەڵێن كەمی سوپاس گوزاری یان نەبوونی سوپاسگوزاری بەرانبەر ئافرەت ئیتر ئەو ئافرەتە دەزگیران یان دایك یان هاوسەر یان خوشك یان هاوڕێ بێت بریتییە لە كەمی ڕێزو پێزانین بەرانبەر خودی ژیانی مرۆڤایەتی، چۆن كەسێك دەتوانێت چاوەڕوانی ئەوە بێت ژیان پاداشتی بداتەوە كە ئەو كەسە نەتوانێت ڕێز بۆ ئەو كەسانە دابنێت كە بەهاو نرخی بەرز بۆ ژیان دادەنێن و وەك مۆم دەسوتێن تا ژیانی كەسانی تر ڕووناك بكەنەوە، لە پێش هەمووانەوەش دایك، دوای ئەوەی مناڵەكانی گەورە دەكات و لەگەڵ مێردیدا ناگونجێت ئیتر ئەو ئافرەتە كە تەمەنی لەسەرو پەنجا ساڵانەوەیە كەس گەورەی ئەو نییە لە خۆی زیاتر بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی كەسێكی تر بۆ تەواوكردنی تەمەنی لەگەڵ ویدا، خۆ ئەگەر هەڵبژاردنەكەشی هەڵە بێت و سەرگەردانی ماڵو مناڵی پیاوێكی تری تێدا بوو بێت، ئەمە یەكسان نابێت لەگەڵ ئەوەی ڕۆحی دەربكێشرێت، هەموو پەنجەكانی تاوان ئێستا درێژن بۆ كوڕەكەی خۆی، ئەمە ئەگەر بە تەواوی ساغ بێتەوە لەسەری ئەوپەڕی كارەسات و تاوانە كە ئەو خانەوادەیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم تاوانە زۆر زەحمەتە چاوی لەسەر دابخرێت و بڕیاری كوێرانەی لەسەر بدرێت، هەموو ئەو هاندەرو هۆكارانەی پشتەوەی تاوانەكە شرۆڤەكردنیان پێویستە.
Top