ئەو شەوەی سالار درایە بەر نووكی چەقۆ

ئەو شەوەی سالار درایە بەر نووكی چەقۆ
هەر لە سەرەتای خوازبێنی و پێكهێنانی خێزانیەوە ڕادیار بوو كە سالار شایستەی فریشتە نەبوو، چونكە سالار وەك كوڕێك لاسارو چەتوون پەروەردەی ئەو شوێنانە بوو كە زۆر گرنگی بە هەست و سۆزی راستەقینەی مرۆڤی تێدا نادرێت، بە هەمان نەفەسی كاركردنی ئەو شوێنانەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەكردو قسەی خۆشی رۆژانەی سەرزارانی جنێودان بوو، بە خۆیی و ماڵە باوكی فریشتە، بە بەردەوامی تان و تووتی لێ دەدان، بە تایبەتی گەڵتەو گاڵەكردنی بە بیرو بڕوایان كە جیاواز بوون لە بیرو بڕوا سەرەڕۆیەكانی سالارەوە، فەریدی برای فریشتە هەمیشە بە ژیانی پڕ لە زوخاڵی خوشكەكەی ئاخی هەڵدەكێشاو نەیدەزانی چۆن لە دەست سالاری زاوایان ڕزگاری بكات، تا ڕۆژێكیان و بەر لەوەرگرتنی تەڵاقنامە فریشتە خۆی دەرمانخوارد كردبوو، فەریدو دوو برا بچكۆلەكەی بەهەڵەداوان گەیشتبوونە سەری و دەرگای حەوشەیان شكاندبوو، فریشتەیان لە مەرگێكی ڕاستەقینە ڕزگاركردووەو لە دوای دوو رۆژ مانەوە لە ئیمرجینسی و شووشتنەوەی ناو گەدەی لەو حەبانەی قووتی دابوون، چیتر فریشتە نەگەڕاوەتەوە ماڵی مێردەكەی و سالاریش پاش دوو ساڵان لە سیلەكوژكردنی ژنەكەی، ئەوجا قەناعەتیان پێ كردبوو كە لێی جودا بێتەوەو و تەڵاقی بدات، دوایی بۆیان دەركەوت كە بەرلەوەی سالار لە هەندەران بێتەوە بۆ كوردستان و فریشتە بخوازێت یەكێك بووە لەوانەی كە لە یانەی كلۆپی شەوانەدا سفرەچی مێزی نانخواردنەكان بووەو بۆ ڕابواردنی شەوانەی خۆیشی چەندین عەشیقەی بیانی هەبوون و شەوانی تا بەیانی لەگەڵ ئەوانەدا بەسەر بردووە، بۆیە كاتێك هاتەوە كوردستان و فریشتەی خواست، هەمان مامەڵەی ئەو عەشیقانەی لەگەڵ كردووەو هێندەش دڵی لێ پیس بووە، تەنانەت وردە وردە هاتوچوونی ماڵە باوانیشی لێ بڕیوە، هەمیشە چاودێری مۆبایل و هەڵسوكەوتەكانی فریشتەی كردووە، جارێكیان فەرید غیرەتی دابووە خۆی و بە سالاری وتووە ((فریشتەی خوشكم ڕەنگی مردووی لێ نیشتووە، ژیانی لەگەڵ تۆدا تاریكە، داوات لێ دەكەم ئاگاداری بیت، پارە هەموو شتێك نییە، ئارامی و ڕێزی خوشكەكەمم لێت دەوێت، ڕاستی ئەگەر بمانزانییایە كەسێكی كە وا بێ مەعریفەو زانستیت فریشتەمان پێ نەدەدایت)) ئەویش بە تووڕەیی بە فەریدی وتووە (( هەی سپڵە، ئەمە ئەو پرسیارەی مامۆستای سەرەتاییم بیر دێنێتەوە كە لە تاقیكردنەوە پێی وتم زانست باشترە یان سامان، منیش بە درۆوە نووسیم زانست، كوڕە من نەبومایە، خۆت و براكانت بەو زانستەی هەتانە لە برسانا دەمردن، بیرتان چۆتەوە كە هەمووتانم لەسەر كار بە پارەی باش دامەزراند، تۆ كە بەندەیەكی وا ناشوكریت، هێشتا كۆمەڵێ پارە قەرزاری منیت، فریشتەش تا ماوە لە ژیانیدا ئەبێ پێڵاوەكانم بخاتە بان چاوی خۆی كە ئاوها براكانیم لە برسێتی ڕزگاركردون، ئیتر شەكری چی دەشكێنن، ئەوە لە باتی سوپاسگوزارم بن، هاتویت پێم دەڵێیت ژیانی فریشتەم تاریك كردووە، بۆ ئەو خوشكە ناشوكرەشتان تا لای ئێوە بووە، لە ژیانیدا توانیوتانە كراسێكی بۆ بكڕن، باوكتان هەتا مردیش خانوویەكی بۆ دانەمەزراندن و هەر لە كرێچێتی بەجێی هێشتن، دایكیشتان لەبەر ئەوەی پارەی نەشتەرگەریتان پێ هەڵنەسوڕاوە، نەخۆشییەكەی سەخت بووەو دواتر بە ڕەزالەتەوە مردووەو زانستەكەتان فریای نەكەوت، بۆ من نازانم بەرلەوەی ببم بە تووشتانەوە چ تاریكاییەك لە ماڵتاندا هەبووە، ئەبێت مەمنوونی خوا بن كە ئەم سالارە سەخیفە بۆتان بووەتە چرا و ماڵی ڕووناك كردونەتەوە، سەبارەت بە فریشتەی خوشكیشت بە پێی شەرع و یاسا ژن ژنی خۆمە، ئیتر سەمای پێ بكەم، یان هەڵیپەڕێنم، یان بیگریێنم، یا لە ماڵ دیلی بكەم، ئەوە پێوەندی بە ناو ماڵی خۆمەوەیە، تۆ لە بری ئەم قسە زلانەت جارێ بچۆ مشوورێكی گەڕانەوەی ئەو پارانەم بۆ بخۆ كە بە قەرز لێت وەرگرتووم، هەی فاشیل، باشە هەرگیزاو هەرگیز چۆن ئەوەم لەبیردەچێتەوە كە چەندین جار ئەو تووتەڵانەی برات دەستیان بە ناو گیرفانەكانمدا گێڕاوەو پارەی گیرفانم لە كەمی داوەو، ئەگەر لە بەرخاتری فریشتە نەبوایە، من چۆن چاوم لە دزیەتیەكانیان دەپۆشی))
ئیتر بەم شێوەیە هەموو جارێك سووكایەتی بە فەریدو كەسوكاری فریشتە دەكردو لە دوای چەندین جار زیزبوون و تۆرانی فریشتەش، ئاكامەكەی هەموو جارێك، هەر بەوە تەواو دەبوو، ئەو نەگبەتە گەڕاوەتەوە لای سالارو ئەژنۆی خەمی گرتۆتە باوەش، سالار لەو پیاوانە بووە كە حەزی دەكرد ژنەكەی لە ماڵەوە دیل و خانەنشین بكات، نەوەك هەتاو و تیشكی مانگەشەو بیبینن، كەسێكی ناشارەزا ڕەفتارەكانی بدیتبایە، وایدەزانی كە لە ناو ئەشكەوتەوە هاتووە، نەك لە یانەی كلوپی شەوانەی بەلجیكاوە، فریشتەش قوربانییەك بوو بەدەستی كەسێكەوە، كە لە فەرهەنگی شەوانی سووری كلووپی شەوانەی ئەوروپاوە لەگەڵ ژناندا فێری مامەڵەكردن بووە، باوەڕی بە خۆی نەكردبوو كە فریشتەیەكی ڕۆح شیرین و خاوێنی چنگ كەوتووە، فریشتەیەك كاتێك قسەی لەگەڵ پیاوێك بكردایە ئارەقەی شەرم بە ناوچەوانی دەهاتنە خوارەوە، كەچی سالار دڵی لەو مێروولانەش لێی پیس دەكرد، كە لە باخچەی ماڵیان شارە مێروولەیان هەڵبەستبوو، وەك لە سەرەتاوە باسم كرد ئاكامی ئەم پێوەندییەی ژن و مێردایەتی نێوان فریشتەو سالار بە جیابوونەوە گەیشت، براكانی فریشتە لەسەر كارەكانیان وەدەرنران و دوو جاریش شاگردەكانی سالار سەروپۆتەڵاكی فەریدی برای فریشتەیان داگرتبۆوە، تا لە درەنگانێكی شەودا بە شپرزەیی فەرید تەلەفون بۆ فریشتەی خوشكی دەكات و پێی دەڵێت ((ئەوە پۆلیس بەڕێوەن بێنە ماڵمان، چونكە ئەو سالارەی كۆنە مێردت، بە سەرخۆشی و بە چەقۆوە هاتبووە سەرمان تا لە من و مناڵەكان بدات، منیش مەجبووربووم هەر بەچەقۆ لە حەوشەكەدا بیكوژم، هێشتا بۆنی عارەق لە تەرمەكەی هەڵدەستێت و كۆڵان و گەڕەك لەبەر ماڵمان كۆبوونەتەوە..)) پاشان بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵام بكات مۆبایلی قەپات كردەوەو خۆی دا بە دەستی پۆلیسەكانەوە.
(( ئەم ڕووداوە لە بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوان سەرەداوەكانی زانراوەو لە دوای هێڵكاری شوێنی تاوان و وەرگرتنی ئیفادەكان، بەم شێوەیە دەیگێڕینەوە))
Top