دەردی كوژانەوەی چرای عومر.. گەنجێكی تری گەیاندە پەتەكە

دەردی كوژانەوەی چرای عومر.. گەنجێكی تری گەیاندە پەتەكە
نەسەختی و زەحمەتیەكانی ژیانە، نە بێ ئەمەكی ڕۆژگارانە، نە شكست و تێكشكانەكانی زەمانە، هەموو ئەمانە هەنجەتن و وا لە كەس ناكەن كۆتایی بە چرای عومری خۆی بهێنێت، ئەوە حەتمەن دەردێكی دەروونییە لای هەر كەسێك كە بیر لە خۆكوشتن بكاتەوە، سەردەمانێكی زۆر لە ناخیدا ئەم دێوەزمەی مەرگە چەكەرەی كردووە، تا كەسە دەردەدارەكە دەگاتە ئەوەی دەگەڵ شاخ و بەردو چێوو چیلكە بدوێ و دواجار خۆی بگەیەنێتە پەت و خۆهەڵواسین، ئەم كوڕەش بە ناوی ئەلیف كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خۆی بە پەتەوە هەڵواسیوەو ئێستا براكانی سكاڵایان لەسەر كەسانی تر تۆماركردووە، گوایە فشارو هەڕەشەوگوڕەشەی كوڕەخەزوورانێتی ئەمیان وا لێ كرد، بیر لە خۆكوشتن بكاتەوە، هەنجەتی وا بۆ خۆ لەناو بردن، ناكاتە هیچی هیچێك، چونكە ئەمێك كە ئەسپەشێی بیری بەلای مەرگەوە لە پەرژینگەی خەیاڵاندا سمكۆڵانی كردبێت، لە نەستیدا بۆ هەنجەتێ دەگەڕێت تا ڕەوایەتی بداتە خۆكوشتنەكەی خۆی، مخابن كە هەنجەتانیشی زۆر بوون، هەر لە هەنجەتی وازهێنانی ژنەكەی كە پێشتر زۆر شێت و شەیداوهۆگری یەكتر بوون، تا ئەو هەنجەتەی لە ئیفادەی براكانیدایە گوایە كوڕە خەزوورانی(ئەلیف)بە هەڕەشەوە تەنگیان پێ هەڵچنیبێت..
ڕاستیەكەی لەم گەردوونە پان و بەرین و پڕ هەڵكەوتەیەدا، رووداوی لەم چەشنە گەلێك زۆرو بێ شومارن، چ هی ئەو كچانەی یان ئەو كوڕانەی لە پرۆسەی عیشقدا شكستخواردون چ ئەو ژن و مێردانەی لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا لێكترازاون و ئاكام تەرەفێكیان كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت، زۆربەی ئەوانەی شكستی هاوشێوەیان بەسەرهاتووە، ئەگەر دەروونیان تەندروست و ورە بەرز بووبن، ئەو كەوتن و شكستە بەهێزتریانی كردون تا دەروازەی تر بدۆزنەوەو هیوای عیشق و ژیانی لەسەر بینا بكەنەوە، بەڵام ئەوانەیان كە تا چاو هەتەر بكات هەر لە منداڵییەوە ڕەشاییان دیتبێت و بە تروسكایی ڕەنگەكانی تر دیدەیان گۆش نەكرا بێت، هەر زوو چۆكیان دەشكێت و دەقوپێنەوەو بە دووركەوتنەوەی عیشق و ئەوینەكە وا سەری لێ دەشێوێت ڕەنگە لە ئاكامدا بیر لە خۆكوشتنیش بكاتەوە، ئیتر هەشیانە لەو بڕیارە سامناكە كۆچبارەی خۆی چێژبەخش دەبێت، بە تایبەت ئەو كەسانەی كە هەموو هەست و ئەوین و بیرو هۆشی خۆیان تەنیا بەكەسێكی تر دەسپێرن و لەو زیاتر لە بوولێڵدا كەسانی تریان پێ نادیدە دەبێت، كاتێك پەت و ڕایەڵەی ئەم گیرۆدەبوونە دەپسێت، ئیتر وا دەزانن دنیا كۆتایی دێت و هەناسەسوار دەبن و لە ناخەوە دەنركێنن، لە بارەی ئەم كەسانەوە بیستومانە لە فۆلكلۆراندا شاعیرواتەنی:
دڵ وەتاسەی غەم دەردم كارییە
دوور لە باڵاكەت خاك وەسەری من
ژینێ بێ تۆ بێ خاكەسارییە
خۆ ڕەنگە كەسانێك هەبن گەر لەو شكستەدا خۆ بە پەتەكەش نەگەیەنن، لەبەر بێ ورەیی خۆیان سست و لاواز دەبن و بە تەواوی دەبەزن و لە ناچاریدا بەهۆش و گیانیانەوەو بە پێچەوانەی ویست و هۆگرییەكەیان بیر لە تۆڵەو خراپەكاری و زەبر وەشاندنێك بكەنەوە، گەرچی بەكارهێنانی ئەم هێزەش ئازاری ویژدانییان دەدات، چونكە لە بێئاگاییدا ئەم كەسە دەكەوێتە بەر ڕەهێڵەی ڕق و تووڕەیی و لەوانەیە بە بەركەوتنی كوتەكێك وەخەبەر بێتەوە، ئەو كاتە دەزانێت كە چ نەهامەتییەكە مرۆڤ دەسبەرداری هەستە جوانەكانی مرۆیی خۆی بێت، چونكە هەر لە سەرەتاوەش ڕۆح و گیانی پاك و بێگەرد بووە، ئیتر وای لێ دێت بێز لەو تۆڵەكاری و ناپەسەندییانە بكاتەوە كە ئەنجامی داون، لەو كاتەیدا كە لە بەد ڕەفتارییەكانی پەشیمانە، ئەگەر كەسوكارو هاوڕێی باشی لە دەور نەبن، دیسان هانا بۆ خۆكوشتن دەباتەوە، تەبیعەتەن ئەم كەسانە لەبەردەم هەر ڕووداوگەلێكی ژیانا بڕستی گیانیان كوتەكی وێ دەكەوێت، چونكە هۆشیان داینەمۆ نییە بۆ ڕاگرتنەوەی هاوسەنگی سۆزو هەستەكانیان، بە دروستتر تاڵە دەزووەكانی ڕووداوەكەیان پێ لێك نابەسترێتەوە، بۆیە كوێرانە سۆزیان بەسەر بیرو هۆشیاندا زاڵ دەبێت، هەر یەك لە ئێمە ڕۆژانە ئەو كەسانە دەبینین كە لە كاتی تووڕەییدا یان لە دڵڕەنجانێكی ئازیزانیاندا یان لەبەر گوشاری گیروگرفتێكیان كە تووشیان دێت یان لە ساتەوەختی بەد مەستبوون و بێ هۆشییاندا لەبەر خۆیانەوە قسە لەگەڵ خۆیان دەكەن یان لەگەڵ سێبەری خۆیان دەكەونە شەڕو شۆڕەوە، یان ڕەفتارێكی سەیرو سەمەرەی وا دەنوێنن كە دواتر پەشیمانی دادیان نەیەت، جاریش هەیە كە دەگەنە ئەو پەڕی نائومێدبوون، ئیتربیرۆكەی كۆتایی هێنان بە ژیان بریسكە بە مێشكیدا دەهێنێت و وا دەزانێت چیتر مەرگە تەنیا فریادڕەسەكەیی وبەو شێوەیە هەزاران ڕێگەچارانی تری لێ بزر دەبێت، هەورێكی بێ دەنگ بەسەر هۆشیەوە دەوەستێت و ئیتر چ بە گولەیەك یان بە پەتێكەوە لە دوای بروسكەیەكەوە، ئەم سۆزە كوێرە بە ئاسمانی خەیاڵیەوە دەگرمێنێت، هێندە خۆپەرستانەو دڵڕەقانە كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت بێ ئەوەی بیر لەو كۆمەڵە كەسەش بكاتەوە كە لە دوای مەرگی ئەمەوە گرفتار دەبن وكە جگە لە خەم و تاسان ڕەنگە لێپێچینەوەی یاسایی و بێنەو بەردەی پۆلیسخانەو قسەو لۆمەی دنیایەك خەڵكیش بێتە وێزەی كەسوكاری و هەر بابایەو ببێتە نەسیحەتكاروناسیحی ڕێگەو بیریان، واتە بە بیستنی ڕووداوەكەش كۆمەڵگەیەك بۆ چەند وەختانێك دەكەونە گێژاووی ئەوەی بۆچی و لەبەر چی و لە پێناوی چیدا فڵانە كەس خۆی كوشت، ئیتر چیرۆك و داستان لەدووی مەرگی دەووترێتەوەو، بەو ڕووداوە كۆمەڵێ بابەتیش بۆ بێكاران دەخوڵقێت تا لە چایخانان مەجلیسی قسەی پێ گەرم دەكەن، لەوانەیە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندنیش بۆ دەرخستنی سۆزو وەفای پڕ لە مەرامی تایبەتی خۆیان گەرمە بازاڕێكی سیاسی پێ تاو بدەن و ڕەنگە هەشبێت بە نوكتەو سەربوردەی سەیرەوە سەردولكانی بۆ بهۆنێتەوە، یان برادەرەكانی خۆكوژ بەستەی دڵداری بۆ هەڵببەستن و لە دوای سێ ڕۆژ فرمێسك ڕشتن هەر لە بیریشیان نەمێنێت یادێكیشی بكەنەوە، دەشبێت بەهارانێك پەپولەیەك ببینن و بڵێن ئەها ئەوە ڕۆحیانەتەكەی فڵانە كەسە كە خۆی كوشت، ئەمەتا بە پەپولەیی هاتۆتەوە بۆ ناو مێرگوزاران و پەشیمانە لەو كارەی زاڵمانە لە بەرانبەر جەستەی خۆی نواندی، ڕەنگە ئەوسا تەنیا ئەگەر خۆشەویستەكەی نووزە مەیلێكی بۆ مابێت و، پێی بڵێت:
ئازیز كۆچەكەت.. بێگانەی كردم
خۆهەڵواسینت .. لە بەینی بردم

(ئەم بابەتە لە بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوان وەرگیراوە و ئامادەكراوەتەوە)
Top