نەبوونی دایەنگەی پێویست بۆ منداڵان ئافرەتی فەرمانبەر ماندوو دەكات

نەبوونی دایەنگەی پێویست بۆ منداڵان  ئافرەتی فەرمانبەر ماندوو دەكات
ئافرەتانی فەرمانبەر لەئافرەتانی تر ماندووترن، چونكە وەك خۆیان باسی دەكەن كێشەوگیروگرفتی ئافرەتی فەرمانبەر لە ئافرەتی ماڵ وئافرەتی مامۆستا زۆر زیاترە، گرفتەكان زۆرن و شێوازەكانیشی جۆراو جۆرن، هەر لە نەبوونی كاتی پێویست لەبەردەم ئافرەتانی فەرمانبەر بۆبەڕێوەبردنی ئەركی خێزان و فەرمانگە، زۆر گرفتی تری كۆمەڵایەتی و دەروونی كە رۆژانە رووبەڕووی زۆربەی هەرەزۆری ئافرەتانی فەرمانبەر دەبنەوە، ئەمە بێجگەلە كێشەی منداڵەكانیان چۆن و لەكوێ پەروەردەبن و هەندێك ئافرەتی فەرمانبەر ئاماژە بەوە دەكەن كە بەخێوكردنی‌منداڵ ئێستا ئەوەندە زەحمەت بووە، ئەوەندە كێشەی زۆرە ئێستا ناوێرن منداڵیان ببێت، چونكە دەبێت بیر لەوەبكەنەوە كە دوای‌ مۆڵەتی‌ دایكایەتی‌ چۆن ئەو منداڵە بەخێو‌ دەكەن ‌و لەكوێ‌ دایدەنێن.
ئافرەتان لەماڵەوە هاوسەر و دایكن، لەفەرمانگە خزمەت بە كۆمەڵگە دەكەن
ئەركەكانی ئافرەتانی فەرمانبەر، وەك خۆیان باسی لێوەدەكان، زۆر زەحمەتە چونكە لەماڵەوە كابانن و دایكن لەدەرەوەش فەرمانبەرن و ئەركی سەرشانیان جێبەجێ دەكەن، لەمبارەیەوە دوین دلێری فەرمانبەر باسی‌ لەو كێشانە كرد كە بەهۆی‌ گەیاندنی‌ منداڵەكەیەوە بۆ دایەنگا تووشی‌ هاتووەو دەڵێت (( زۆرجار بەهۆی‌ ئاڵۆزی‌ رێگەوبان و قەرەباڵغیەوە درەنگ دەكەوم، ئەمە جگە لەو بڕە پارەیەی‌ كە مانگانە دەبێت بیدەم بەدایەنگاكەو كرێی‌ هاتوچۆكردن مەسرەفێكی زیادەیەو هەموو مانگێك پێویستە پارەیەكی دیاریكراو بۆ خەرجی دایەنگە دابین بیكەین)) هەروەها دوین باس لەوەدەكات كەلەكاتی دەوامیشدا هەر دڵی لەلای منداڵەكەیەتی و دەڵێت(( هەندێكجار لەدایەنگەكەوە تەلەفۆنم بۆ دەكرێت كە منداڵەكەم نەخۆشە یان كێشەیەك هەیە بەهۆی ئەوەی دایەنگەكە زۆر دوورە لەشوێنی دەوامەكەم، ناتوانم بڕۆم بۆلای، بزانم كێشەكەی چییەو دادەو بەخێوكەرەكانی دایەنگەكەش لێی تێناگەن، هەموو ئەمانەش وایكردووە كە لەڕووی‌ دەروونییەوە نەتوانم بەباشی‌ كارەكانم بكەم)) هەروەها دوین جەختی لەوەشكردووە كەهەندێك لەفەرمانگەكان دایەنگای‌ تایبەتییان بۆ فەرمانبەرەكانیان هەیە لەبەرئەوە تاڕادەیەك كێشەی منداڵی فەرمانبەرەكان چارەسەربووە.
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات كەداب ونەریتە كۆمەڵایەتیەكان ئەركی سەرشانی ئافرەتانیان قورس كردووەو دەڵێت ((ئەركی سەرشانی ئافرەتانی فەرمانبەر زۆر گرانە،چونكە ئافرەتان لەماڵەوە هاوسەر و دایكن، لەفەرمانگەش لێپرسراوەو خزمەت بە دەوروبەرەكەی دەكات، ئەمە سەڕەرای ئەوەی كەزۆربەی خێزانەكانی ئێمە هەڵگری كەلتوری خێڵەكین و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كاركردنی ئافرەتدا نین لە دەرەوەی ماڵەوە)).
ئافرەتانی فەرمانبەر
نازانن منداڵەكانیان لەچ شوێنێك دابنێن
وەك دەوترێت سەرجەم ئافرەتە فەرمانبەرەكان گرفتی زۆریان هەیە یەكێك لەو گرفتانە ئەوەیە كەنازانن منداڵەكانیان لەكوێ دابنێن، بوونی شوێنێكی ئارام بۆ منداڵەكانیان جێگەی پرسیارە، لەمبارەیەوە ئەوین كامەران فەرمانبەر لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی باس لەوەدەكات بەهۆی نەبوونی دایەنگەیەكی گونجاو بەناچاری منداڵەكانی لەلای دایكی بەجێدەهێڵێت، ئەوین پێیوایە ئەگەر ئافرەتی فەرمانبەر منداڵی هەبێت، مەحاڵە كێشەی دایەنگەو باخچەی ساوایانی نەبێت، دەڵێت : ((بەدرێژایی‌ كاتی‌ دەوامكردنم دڵم لای‌ منداڵەكانمە، جگە لەوە بڕە پارەیەكی‌ زۆر لەكرێی‌ دایەنگاو هاتووچۆكردنیدا خەرج دەكەین، سەرجەم ئەو ئافرەتانەی كەفەرمانبەرن گرفتی منداڵیان هەیەو نازانن منداڵەكانیان لەچ شوێنێك دابنێن، بەتایبەتی زۆرجار نەبوونی داینگە وباخچەی ساوایان لەناو فەرمانگەكاندا دەبێتە گرفتێك بۆهەموو ئەو ئافرەتانەی كەدایكن)).
هەندێك هاووڵاتی لەكاتی سەردانی بۆ فەرمانگەكان تیرو توانج لە ئافرەتانی فەرمانبەر دەگرن
كوردستان عومەر توێژەری كۆمەڵایەی لەسەنتەری چاودێری خێزان ئاماژەی بەوەدا كە زۆربەی ئافرەتانی فەرمانبەر رووبەڕووی فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەشێكی زۆر لەگرفتی ئافرەتانی فەرمانبەر پەیوستە بە كۆمەڵگەوە چونكە كێشەی هەندێك فەرمانبەر ئەوەیە كە هاوسەرەكانیان بەهیچ شێوەیەك هاوكاریان ناكەن، بەڵام كێشەی بەشێكی تریان ئەوەیە كە هەردوو هاوسەرەكە لەیەكتری تێدەگەن و دەزانن چۆن ژیان بەڕێبكەن بەڵام خزم وكەس بەشێویەكی فزوڵیانە خۆیان لەژیانی هاوبەشیان َهەڵدەقورتێنن و دەڵێت : (( گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونیە جۆربەجۆرەكان گرفتی سەرەكی ئافرەتن زۆرجار ژنەكە لەدەوام دێتەوە ماندوو مێردەكەشی دەزانێت ژنەكەی ماندووە بەڵام لەناكاو خزمێكیان بەبێ هۆ دەڵێت بۆچی تائێستا خواردن ئامادە نەكراوە، ئتیر بەمە كێشە دروست دەبێت، هەموو ئەمانەش دەبنە فشاری كۆمەڵایەتی ودەروونی بۆ ئافرەتانی فەرمانبەر، ئەمە بێجگە لەوەی هەندێك هاووڵاتی لەكاتی سەردانی بۆ فەرمانگەكان تیرو توانج لە ئافرەتانی فەرمانبەر دەگرن، ئەمەش بەشێوەیەكی زۆر كاریگەری خراپ دەخاتە سەر لایەنی دەروونی و هەستی ئەو ئافرەتە)).
مۆڵەتی دایكایەتی مافی سروشتی ئافرەتانە
گەشە دارا سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە بوونی مۆڵەتی دایكایەتی بەمووچەی تەواو یان بەبەشێكی موچە مافێكی سروشتی ئافرەتانەو هەموو ئافرەتێكیش دەتوانێت ئەو مۆڵەتە وەربگرێت، دەڵێت(( هەموو ئافرەتێك مافی خۆیەتی كە لەكاتی منداڵبووندا مۆڵەتی دایكایەتی بە موچەی تەواو وەربگرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە كەئەو ئافرەتە بتوانێت هەم دایكایەتی بكات و لەهەمانكاتدا بتوانێت فەرمانبەریش بێت لەبەر ئەوە ناكرێت ئافرەتی فەرمانبەر لەو مافە بێبەشبكرێت)) هەروەها خاتوو گەشە دارا جەختی لەوەكردەوە كە ئەوان وەك لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژنان و ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان هەمیشە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی كەبتوانن مافەكانی ئافرەتانی فەرمانبەر دەستەبەربكەن و چ بەشێوەی یاسای داڕێژارو بێت یان بەداڕشتنی بەرنامەی گونجاوبێت بۆ حكومەت تا لەرێگەیەوە بتوانن گرفتەكانیان چارەسەربكەن .
ناوبراو باسی بابەتی پلە بەرزكردنەوەو گرنگیدانی بەرۆڵی ئافرەتی فەرمانبەر كرد ودەڵێت ( بابەتی دەستەبەركردنی مافەكان و ئیمتیازەكانی ئافرەتانی فەرمانبەر دەچێتە نێو یاسای خزمەتی شارستانیەوە كە خۆی لەخۆیدا سەرجەم ئەرك و مافەكانی فەرمانبەران دەستنیشان دەكات بەڵام ئێمەش بەردەوام لەهەوڵداین كێشەكانی ئافرەتان چارەسەربكەین).
زۆربەی ئافرەتانی فەرمانبەر ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان ماڵەوەو فەرمانگەدا ڕابگرن
توێژەری دەروونی هانا كەمال سەرۆكی سەنتەری چارەسەری دەروونی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە حكومەت بەرنامەی تایبەتی بۆ هۆشیاركردنەوەی فەرمانبەران هەبێت بۆئەوەی بەشێوەیەك ژیانیان بگونجێت نەكەونە ژێر فشاری دەروونی و كۆمەڵایەیتەو (( بەداخەوە ئافرەتی فەرمانبەر لەگشت چینەكانی تری ئافرەتان ماندووترن فشاری زۆریان لەسەرەو ژیانیان زەحمەتە چونكە دەوامی فەرمانگەكان زۆر لە دەوامی قوتابخانەكان زیاترە لەبەر ئەوە زۆربەی ئافرەتانی فەرمانبەر ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان ماڵەوەو فەرمانگەدا ڕابگرن، بەڵام ئەو ئافرەتانەی كەمامۆستان كەمتر كێشەیان هەیە)) هەروەها ناوبراو باس لەوە دەكات بەهۆی ئەو دابوونەریتە كۆمەڵایەتیەكانەوە بەشێوەیەكی گشتی ئافرەتەكان رووبەرووی زۆر گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبنەوە، چونكە كۆمەڵگە زۆربەی كارەكان بۆ ئافرەت سنوورداردەكات، هانا بەگرنگی دەزانێت فەرمانبەری ئافرەت لەكاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا هەندێك خاڵ ڕەچاوبكات بۆئەوەی لەگەڵ ژیانی پراكتیكی وكارو پیشەكەیدا بگونجێت و ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا كاتێك هاوسەر هەڵدەبژێرێت گرنگە ئەوەیە ئەو پیاوەباوەڕی بەماف و هاوكاری ئافرەت هەبێت وتاڕادەیەكیش رۆشنبیر بێت،چونكە ئەگەر پیاو یارمەتی هاوسەرەكەی بدات، زۆر كاتی بۆ دەگێڕێتەوە، دەڵێت (( باشتروایە ژن و مێرد منداڵی كەم دروستبكەن وبەجۆرێك منداڵەكانیان یەك لە دوای یەك نەبێت بۆ ئەوەی منداڵ نەبێتە هۆی رێگری لەپرۆسەی ژیانی كاركردنی رۆژانەیان، هەروەها زۆر گرنگە كە هەردوو هاوسەر بەپێی پێویست بەشداری رێوڕەسمە كۆمەڵایەتییەكان بكەن و بۆ ئەوەی ژن بتوانێت لەكەسوكار و خەڵك و هاوڕێ و خزمەكانی بگەیەنێت كە ئەو فەرمانبەرەو كاتی كەمە)).
Top