دیاردەی تەحەروش و دەستدرێژی

دیاردەی تەحەروش و دەستدرێژی
ئا: ئاشتی عەبدوڵا


تاقە دیاردەیەك كە هەموو كۆمەڵگەكانی جیهان كۆكن لەسەری و هاوشێوەن، بریتییە لەدەستدرێژی كردنە سەر ڕەگەزی مێ، دەستدرێژییەكەش جۆر و شێوەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر لەجیاوازی ڕەگەزی و جێندەرییەوە بگرە تا دەگاتە بەكارهێنانی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی و فیزكی و دەستدرێژی سێكسی بە تۆپزی و كوشتن و سووتاندنی ئافرەت بەگشتی. بەڵام لەڕووی یاساییەوە ئەم دەستدرێژییانە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دەگەیەنن و بەتاوان ناوزەد دەكرێن و سزا چاوەڕێیانە، لەزۆربەی وڵاتەكانی دنیادا یاسا سەروەرە و بەبێ جیاوازی و بەیەكسانی بەسەر پادشا و گەدادا جێبەجێ دەكرێت و دەستدرێژكار بەسزای ڕەوای خۆی دەگات!
بەڵام هەندێك شێوازی دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەت لەئارادان كە زۆر ئاشكرا نین و شاردراوەن و بەپێی دابونەریت و كولتووری هەر كۆمەڵگەیەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ڕێژەیەكی زۆر لەدەستدرێژكاران وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن و بۆیان دەچێتە سەر. ئەم دیاردەیە حاڵەتێك فەراهەمدەكات لەلایەكەوە تاوانبار و كەتنكار بەردەوام دەبن لەڕشتنی ژەهری خۆیان و لەلایەكی ترەوە ڕەگەزی مێ (دەستدرێژی بۆ سەركراو) دەبنە قوربانی و فێردەبن ببنە كۆیلەو كەسێكی وەرگر و بێدەنگ و ڕازی و دەستەمۆ. فێردەبن ڕاستی بشارنەوە و بەدزییەوە خیانەت بكەن. بەڵام بابزانین ئەم حاڵەتە چۆن وەها هەڵدەسووڕێ و كێن ئەوانەی كە دەستدرێژی دەكەنە سەر ئافرەت؟
ئەوەی كە مەبەستە، تەحەروش یان دەستدرێژی سێكسیە بۆ سەر ئافرەتی كورد و لەكۆمەڵگەی ئەوڕۆماندا. لەڕاستیدا لەزۆر جێگە تەعدا و دەستدرێژی و هەوڵی لاقەكاری دەكرێتە سەر ئافرەت و كچی كورد و زۆربەشیان ڕوو دەدەن و ئاشكرا نابن و چەند جارەش دەبنەوە و تاوانكار بریسكەی سمێڵی دێت؟ ئافرەتی كورد لەنێو خێزاندا، بەڕێژەیەك كە (داتاكان ونن و هیچ لەبەردەستدانین) لەلایەن باوك یان برا و بەرێژەیەكی كەم لێرە و لەوێ دەستدرێژی دەكرێتە سەر، بەڵام لەلایەن مێردی دایكەوە (باوەپیارە)وە بەڕێژەیەكی زۆرتر هەوڵی لاقەكردنی ئافرەت یان كچی كورد دەدرێت. لەلایەن ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزاوە ڕێژەكە بەرزتر دەبێتەوە. هەروەها لەلایەن دەرو دراوسێ و كەسووكارەوە بەگشتی، ئافرەت و كچی كورد دەستدرێژییان دەكرێتە سەر و هەر ڕەگەزی مێیە كە گورزی كوشندەی بەردەكەوێتەوە و دەستدرێژیكار لێی قووتار دەبێت.
لەنێو دامودەزگاكانیشدا دیسانەوە، زۆرێك لەبەڕێوەبەر و بەرپرسی دەستگای حكومی و حزبی دەتوانن بەئاسانی دەستدرێژی بكەنە سەر ئافرەتان و لەبەر شەرم و ناوزڕاندن و بەرژەوەندی لایەنی ئافرەتەكە پەردەپۆشی لێدەكرێت و ئاشكرا ناكرێت. لەسەر شەقام و لەبازاڕدا و لەكۆڵانەكانیشدا دیسانەوە ئافرەت نقورچی لێدەگیرێت و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی دەكرێتە سەر، ئافرەت لەدیدی پیاوەوە حسابی نێچیر و دامركەرەوەی سێكسی بۆ دەكرێت. بەجەستەیەكی نەرمونیان و خۆراكێك دادەنرێت كە لەكەسێتییەكی لاواز و بێهێز و شەرمن و بێدەنگ و ڕەزامەندا حەشار دراوە، شەرعییەت و ڕەوایەتی دەست بۆ بردن و پەلاماردانیشی لای پیاوەوە فەرمانی بۆ دەدرێت!
لەدوو جێگەی دیكە، بوار دەڕەخسێت بۆ دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەت، كە ئەوانیشی لەنێو تاكسی و دوكانی جل و بەرگ و ماكیاژ فرۆشی ئافرەتانەیە. بەڵام لەزانكۆ و لەكلینیك و لەعەیادەی پزیشكی و لەخەستەخانەدا بوار بڕەخسێت بۆ پەلامار و دەست بۆ بردن و دەستدرێژیكردنی سێكسی بۆ سەر ئافرەتان جێگەی داخ و خەفەتە. ئەو سێ جێگایە مینبەر و شوێنی ناچاری و پێویستی و پیرۆزن سێ شوێنن كە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو خەبات و كۆششی نەپساوە و بەردەوامی بۆ بەرپاركراون كە لەخزمەت و هاوكاری مرۆڤدان. ئەوانەی لەم سێ شوێنەدا كاردەكەن دەبێت وەكو گاندی و ڤۆڵتێر و مادام تێرێزا و عیسای مەسیح لەخزمەت بەرز ڕاگرتنی بەهای مرۆڤ و ئاسوودەتركردنی تەندروستی و ژیانی مرۆڤدا بەردەوام و بێهەدادان كارو كۆشش بكەن و وەكو فریشتە ڕەفتار بنوێنن. بەڵام زۆر بەپێچەوانەوە لەو جێگایانەدا بەنهێنی و نیوە ئاشكرا پەلاماری ئافرەت دەدرێت. دەستدرێژی دەكرێتە سەر نامووس و بەهای بەرزی ڕەگەزی جوان و بێگوناهی ئافرەت و بكەرەكانیش لەدكتۆرەوە بۆ كاڵفام و مالۆسە زۆرەكانی ئەمڕۆژگارە شوومە، بێخەم و بێوەی و بێتاوان بۆی دەردەچن!
Top