سوێند خواردن بە تەڵاق.. نـەریتـێـكی كـۆمەڵایـەتی ناپـەسـەند و بەپیرۆز نەزانینی هاوسەرگیری

سوێند خواردن بە تەڵاق.. نـەریتـێـكی كـۆمەڵایـەتی ناپـەسـەند و بەپیرۆز نەزانینی هاوسەرگیری
لەسەرجەم ئایینە ئاسمانیەكان و تەنانەت ئایینە تەوتەمیەكانیش سوێندخواردن بەتەڵاق ناپەسەندە، زانایانی ئایینیش ئاماژە بەوە دەكەن هەر كەسێك سوێند بەتەڵاق بخوات وەك گاڵتە كردنێكە بەو گرێبەستی هاوسەرگیریەی كە لەنێوان دوو كەسدا هەیە و خێزانێكیان پێكەوەناوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەلای هەندێك پیاو لەكۆمەڵگەی كوردەواری وشەی تەڵاق بۆ هەموو مامەڵەیەكی ڕۆژانە و كار و كاسبی بەكاردێت، بەشێكیش لەو پیاوانە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان خوویان پێوە گرتووە و بۆیان تەرك ناكرێت، هەندێكی تر لەپیاوان سوێندخواردنیان بەتەڵاق بەناچاری لەقەڵەم دەدەن، چونكە هەر سوێندێك بخۆن باوەڕیان پێناكەن.
سوێند بەتەڵاق خواردن دەبێتە هۆی كەمكردنەوە نرخی هاوسەرگیری
هەمیشە مێردەكەم بەبێ هیچ هۆكارێك سوێندەكەی بەتەڵاقە، ئەمە قسەی شۆخان عەلی ماموستای بنەڕەتی بوو، شۆخان بەنیگەرانییەوە باس لەوە دەكات كە هاوسەرەكەی‌ لەشوێنە گشتیەكان و لەكۆڕ و كۆبوونەوەكان سوێند بەتەڵاق دەخوات و ڕاهاتووە لەسەری و دەڵێت: (ماوەی هەشت ساڵە شووم كردووە، چەندین جار هاوسەرەكەم لەكاتی توڕەبوون بێ بیركردنەوە سوێندی بەتەڵاق خواردووە، بەڵام زوو پەشیمان بووەتەوە، بەبڕوای من سوێند خواردن بەتەڵاق لەلایەن پیاوەوە دەبێتە هۆی بەكەم زانینی پرۆسەی هاوسەرگیری.
ئەگەر بەقسەی نەكەم سوێند بەتەڵاق دەخوات
شۆخان باس لەوە دەكات پیاوان كاتێك سوێند بەتەڵاق دەخۆن كە بیانەوێت قسەی ئەوان سەركەوێت و كەس ڕێگریان نەبێت و دەڵێت:(هاوسەرەكەم ئەو كاتەی دەیەوێت قسەی خۆی بسەپێنێت سوێند بەتەڵاق دەخوات، چونكە ئەگەر لەهەر كارێكدا بەقسەی نەكەم یەكسەر سوێند بەتەڵاق دەخوات لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم پیاوان بەو سوێندە دەیانەوێ ژنەكانیان ناچاربكەن لەقسەیان دەرنەچن و لەژێر دەسەڵاتی خۆیان دابن).
كەژاڵ نوری فەرمانبەر لەوەزارەتی كار پێیوایە ئەو كەسانەی سوێند بەتەڵاق دەخۆن زیاتر ئەو مرۆڤانەن كە بەپێوەندی هاوسەرگیرییان دڵخۆش نین، هەروەها نەبوونی هۆشیاریش هۆكارێكە بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەلایەن پیاوەوە پشتگوێ بخرێت ‌و دەڵێت:(پیاو بۆ دەرخستنی توانا ‌و دەستڕۆیشتوویی خۆی سوێند بەتەڵاق دەخوات و هیچ پیرۆزییەك بۆ هاوسەرەكەی و گرێبەستی هاوسەرگیریی دانانێت).
ئەیوب حەمەدئەمین دوكاندار تەمەن 34 ساڵ دەڵێت:(هەر لەمنداڵیەوە دوكاندارم، بۆ ڕەواجدان بەكەلوپەل و شتوومەكی دوكانەكەم زۆرجار ناچارم سوێند بەتەڵاق بخۆم، ئەگەر سوێند بەو وشەیە نەخۆیت خەڵك هەیە باوەڕت پێناكەن، چونكە زۆر متمانە لەنێوان فرۆشیار و كڕیاردا نییە) ئەیوب هەروەها دەڵێت:(لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا پیاو سەری زمان و بنی زمانی تەڵاقە، زۆربەی پیاوانیش بۆ ڕاییكردنی ئیشوكاری ڕۆژانەیان بەكاریدێنن).
وەلید عەلی خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە، یەكێكی ترە لەو كەسانەی كە زۆر سوێند بەتەڵاق دەخوات، وەلید پێیوایە پیاوە گەورە و ڕیش سپیەكان هۆكارن بۆ فێربوونی خەڵك بەسوێندخواردن بەتەڵاق و دەڵێت:(زۆر جار پیاوە ڕیشسپی و بەتەمەنەكان سوێند بەتەڵاق دەخۆن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا كارێكی ناڕێكە، چونكە وا دەكەن خەڵكی زۆر چاویان لێبكات)، وەلید ئەوەی نەشاردەوە زۆر كات لەكاتی ئەنجامدانی كاروكاسبیدا سوێند بەتەڵاق‌ دەخوات و دەڵێت:(ئەگەر لەكاتی كڕین و فرۆشتنی زەویەكدا سوێند بەو وشەیە نەخۆیت بڕوات پێناكەن، لەبەر ئەوە هەندێك جار تەڵاق بەكاردێنم و لەسەری ڕاهاتووم).
سۆلین عەلی توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەنتەری چارەسەری دەروونی ئاماژەی بەوەدا سوێند خواردن بەتەڵاق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆربەی تاكاكانی كۆمەڵگەی ئێمە وەك نەریت مامەڵە لەگەڵ درۆ كردن دەكەن و تەڵاق تاكە ڕێگەیە بۆ ئەوەی كە تاكەكان باوەڕ بەیەكتری بكەن، سۆلین دەڵێت:(بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا سوێند خواردن بەتەڵاق بووەتە كەلتوور و زۆر كەس سوێند بەهەرشتێكی تر بخوات باوەڕی پێناكەن ئەگەر بەڕاست یان بەدرۆش بێت، بەڵام كە وتی(بەتەڵاقم)ئیتر مەسەلەكە كۆتایی پێدێت و باوەڕی پێدەكەن، ئەمە بێجگە لەوەی سوێند خواردن بەتەڵاق بۆ بڕینەوەو كۆتایی هێنانە بەمەسەلەكان و بەڕای هەندێك كەس ئاساییە سوێندەكانی تر درۆی تێدا بێت و نا واقیعی بێت، بەڵام كە تەڵاقی خوارد درۆی تێدا نییە، سەبارەت بەو پیاوانەی كە لەسوێندەكانیاندا تەڵاق بەكاردێنن، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی كە زۆر لەو پیاوانە لەپلەیەكی پیشەیی بەرزدان و ئاستی ڕۆشنبیریشیان باشە، كەچی لەكۆڕو كۆبوونەوە و لەشوێنی ڕەسمیدا سوێند بەتەڵاق دەخۆن.
ئەو كەسانەی پەنا دەبەنە بەرسوێند خواردن بەتەڵاق لەڕووی دەروونییەوە كێشەیان هەیە، چونكە غەدرێكی زۆر گەورە لەخۆیان و بەرامبەرەكەیان دەكەن، لەمباریەوە هانا كەریم توێژەری دەروونی لەسەنتەری چارەسەری دەروونی پێیوایە گرێبەستی هاوسەرگیری پیرۆزترین بنەماكانی ژیانی ئادەمیزادە و دەڵێت: (هەندێك پیاو هەن بۆ هەر شتێك سوێند بەتەڵاق دەخۆن ئەمەش خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئەوەیە كە ئەو كەسانە لەڕووی دەروونییەوە گرفتیان هەیە، چونكە سوێند بەپیرۆزترین ڕوكنی ژیان دەخۆن)، هانا پێیوایە گرفتی دەروونی هەندێك جار بەسەر لایەنی زهنی مرۆڤدا زاڵدەبێت و دەڵێت:(زۆر جار كەسێك بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە تووشی گرفتێكی دەروونی دەبێت لەبەر ئەوە ئەو كەسە بیر لەوە دەكاتەوە بەشتێك خۆی ڕزگاربكات، ئا لەم كاتەدا دەگاتە حاڵەتێكی دەروونی كە پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات و هەندێكجار كەسانێك هەن كەهیچ گرفتێكی كۆمەڵایەتیان نییە، بەڵام سوێند بەتەڵاق دەخۆن ئەمانە نەخۆشی دەروونیان هەیە)).
غەدرێكە لەئافرەت دەكرێت
كۆمەڵگەی كوردەواری كۆمەڵگەیەكی نەریتیە زۆر حساب بۆ هەستی ئافرەت ناكرێت پیاوان بەئارەزووی خۆیان یاری بەو گرێبەستە دەكەن كە هەموو ژیانی ئەو ئافرەتەی پێوەی بەندە، لەمبارەیەوە هێژا ئەنوەر چالاكوان لەبواری مافەكانی مرۆڤ پێیوایە ئەم جۆرە كۆمەڵگەیانە بەشێوەیەكی زۆر سادە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ئەو بەندو گرێبەستانە دەكەن كە پێوەندی بەژیانی ئافرەتانەوە هەیە و دەڵێت:(سوێندخواردن بەتەڵاق تاوانێكە پیاو دەرهەق بەهاوسەرەكەی دەیكات، چونكە وشەی تەڵاق زۆر قورسە، بۆ ئەوەی هەر كەسێك بەئارەزووی خۆی بەكاری بهێنێت، لەڕووی یاساییەوە زۆر بەوردی مامەڵە لەگەڵ وشەی تەڵاق دەكرێت، بەڵام ئەوەی كە زۆر سەیرە زۆر كەس بەئارەزووی خۆیان یاری بەو وشەیە دەكەن لەهەر كارێكدا تووشی ڕێگری بن ڕاستەوخۆ بەكاری دەهێنن، ئەوەی من تێبینم كردووە یاسا و ئایینیش زۆر بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمكە دەكات، بەڵام نەبوونی هۆشیاری یاسایی و ئایینی هۆكاری ئەوەیە كە خەڵكانێك سوێند بەتەڵاق بخۆن، من وای بەباش دەزانم كە لیژنەی یاسایی و لیژنەی ژنان و ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان یاسایەك هەموار بكەن كە سزای تایبەتی دابنێت بۆ ئەو كەسانەی چەمكی تەڵاق زۆر بەكاردەهێنن، چونكە بەكارهێنانی ئەو وشەیە غەدرێكە لەژن دەكرێت، و كاری پەرلەمانتارانە سنوورێك بۆئەم حاڵەتە دابنێن).
ئومێد عەبدولسەلام پارێزەر و شارەزا لەبواری یاسای باری كەسی جەختی لەوەكردەوە كە لەڕووی یاساییەوە بەسوێندخواردن كەس تەڵاقی ناكەوێت، چونكە یاسا ئەم جۆرە تەڵاقانە وەرناگرێت و دەڵێت:(دەقێكی یاسایی نییە ئاماژەی بەم بابەتە دابێت، لەبەر ئەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەم جۆرە تەڵاقانە بەتەڵاقی هەڵواسراو دادەنرێت و هیچ بایەخێكی نییە، واتا كەس بەسوێند خواردن تەڵاقی ناكەوێت، بەڵام ئەو كەسە بۆ هەتاهەتایە متمانەی لەناو خەڵكدا لەدەست دەدات).
لەڕووی شەرعەوە تاچەند ئایین گرنگی بەم بابەتەی داوە، لەمباریەوە مامۆستا عەبدوڵڵا شێركاوایی ئیمام و خەتیب لەسۆران و بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری پەیامی زانایان ئاماژەی بەوەدا كە سوێندخواردن بەتەڵاق دەچێتە خانەی تاوان و سوێند خواردن تەنیا بەخوا جائیزە و دەڵێت:(بێگومان ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕوونی كردۆتەوە كە سوێند تەنیا بەخوایە وەك پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەفەرموێت:(من كان حالفا فلیحلف بالله أو لیصمت) واتا ئەو كەسەی كەدەیەوێت سوێند بخوات تەنیا بەزاتی خودا سوێند بخوات یان خۆی لێبێدەنگ بكات و سوێند بەهیچی تر نەخوات) لەدەقێكی تری پیرۆزدا پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەفەرموێت:(لاتحلفوا بابائكم ولا بامهاتكم والانداد ولاتحلفوا باللەالا وانتم صادقون)، واتا دەڵێت نابێت سوێند بەدایك و باوك و نەژاد بێت، ئەگەر سوێندتان بەخوداش خوارد با ڕاستگۆ بن). واتا لەڕووی شەرعەوە نابێت سوێند بەتەڵاق بخورێت و سوێند خواردن بەتەڵاق دەچێتە خانەی تاوانەوە.
مامۆستا عەبدوڵڵا باس لەوە دەكات كە سوێندخواردن بەتەڵاق لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا بۆتە كەلتوور، ئەمەش دەچێتە قاڵبی گوناهەكانەوە، سەبارەت بەو كەسانەی كە سوێند بەتەڵاق دەخۆن ئایا تەڵاقیان دەكەوێت مامۆستا عەبدوڵڵا دەڵێت:(زۆربەی هەرە زۆری زانایانی ئایینی پێیانوایە كە بەهۆی سوێندخواردنەوە پیاو تەڵاقی ناكەوێت، بەڵام سوێندخواردن خۆی لەخۆیدا وشەیەكی قورسە ناكرێت بۆ هەموو شتێك بوترێت واتا تەنیا لەچەند حاڵەتێكی تایبەتیدا مرۆڤ بۆی هەیە سوێند بخوات ئەویش تەنیا بەخودا.
Top