كوژرانی ئەو ژنەی مێردەكەی خۆی كردیە كەنیزەك و بە پیاوێكی تری بەخشی..

كوژرانی ئەو ژنەی مێردەكەی خۆی كردیە كەنیزەك و بە پیاوێكی تری بەخشی..
ئا: كاندێش
كچانی لادێی جاران، شەدە بەسەرو پشتوێن كەمەر، بە لەنجەو لار، بەوپەڕی ئومێدەوە بە پێی خۆیان دەچوونە شار، لەوێ بەروبومی شیرو ماست و پەنیرو سەوزەو دۆو میوەیان ساغ دەكردەوەو قەندو چاو نەوت و جلوبەرگیان پێ دەكڕی و بە ڕووسوری و ئازادانە بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە، ماڵێك كە هێلانەی بەختەوەری و كامەرانییان بوو، چونكە كەس لەو ماڵەدا بەزۆر خۆی فەرز نەدەكرد لەسەریان، كە دەچوونە ناو ڕەزو سەركانی یان كاتێ ملی ڕێی سەفەرێكیان بگرتایەتە بەر، ئەوێ ڕۆژانێ كەسێك حەددی نەبوو لە گوڵ كاڵتریان پێ بڵێت، كەسیش نەیدەوێرا قۆرت و كەندو كۆسپیان بۆ دروست بكات، لە ناو هەندێك هۆزی كوردانی چیادا كچ هێندە بەڕێزو شكۆوە تەماشا دەكرا، بە جوانترین شێوە خۆی دەڕازاندەوەو لە پێشی كاروانەكانیانەوە دادەنرا، وەك سەربەستترین و جوانترین مرۆڤی ناو هۆز خۆشەویست بوو، كەچی ڕۆژگارێك هاتە پێشەوە بیرۆكەو داب و ئەتەكێتی بیاباناوی ڕووی كردە ناو كۆمەڵگەو لە پێگەو سەنگی بەرزی چیا ئاسای كچانی؛ لای هەندێ پیاوی بیر تەسكی سونەتی هێنایە خوارەوە، دەبێت تاوانی ژنە كارگوزارێكی رەش ئەسمەری بەژن و باڵا دەستەی خوێن شیرینی ڕەزا سووك چی بێت كە تا شەو درەنگانێك سەربەرزانە لە مۆڵێكدا بۆ وەدیهێنانی خەون و خولیای مناڵەكانی كار بكات، گەڕانی چەرخی چاخی چەپەڵ ڕۆژگارێكی بۆ ناجوامێری پیاوانێك ڕەخساندبێت و كەسانی وەك نون و دال ی تێدا هەڵبكەوێت تا لە ئافرەتێكی كاف ئاسا نزیك ببنەوەو لێی ببنە چاوی شەیتان و لە گەمارۆدا بیگەوزێنن، پێوەندی دال بە كافەوە گەرچی بە حیساب پێوەندی مێردە بە ژنەكەیەوە بەڵام وەك لە ئیفادەی شایەتەكاندا ڕادیارە كە پێوەندی كەسێكی ڕەوشت نزم بێت بە كابرایەكی دەوڵەمەندەوە كە تەنیا ئاڵوودەی سێكس و ڕابواردنە لەگەڵ لەشفرۆشەكاندا، ئیتر بەم شێوەیە یەكێكیان وەك مێردێكی سپڵە كە بە نیەتی بازرگانی كردن بە لەش و لاریەوە كاف دەخوازێت و ئەوی تریان بە ناوی عەشقی لەشولاریەوە دەبێتە دۆستی و بارودۆخی خێزانی و بژێوی زەحمەتی ئەم ئافرەتە دەقۆزێتەوە، هەر كامیان بە مەرام و شێوازێك ئەسرینی ڕوون و ئاڵ و گەش دەخەنە سەر گۆنای و دوا جاریش گرتەی مۆبایلی لەسەر بڵاودەكەنەوەو لە ئاكامدا بە چاوی چەپی غەدارێكی نزیكی خۆی كە برایەتی، سیلەی لێ دەگیرێتەوەو پەنجە بە پەلەپیتكەی تفەنگدا دەهێنرێت و دەسڕێژی گوللە دەڕژێنێتە ناو دڵیەوە..
لێرەوە دەبێ وردتر باس لەم ڕووداوە بكەین كە لە بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوان دۆسیەكەیمان لێ داوا كردن:
رەنگە شاری گەورەش وەك لادێی گچكە ئاكارو كردەوەی مەزنی مرۆڤەكانی كە تێیدا نیشتە جێن پیرۆزو جوانی بكەن، ئەگەر ئاكارو هەڵوێستی مرۆڤەكانی لە بەرانبەر یەكتر جوامێرانە نەبن، شار وەك گۆمی لیخنی لێ دێت كە ئۆكسجینی تێدا نامێنێ، نون و دال دوو پیاوی داوێن پیسن كە گۆمەكە لیخن دەكەن و ئافرەتێكی وەك كافی تێدا دەخنكێنن، كاف ئەو ئافرەتە شەنگەیە كە بەردی بەختی بە ناسینی دال كەچ دەبێت و بە نابەدڵی و لەبەر بارگرانی ژیانی ماڵە باوانی خۆی، شوو بە دال دەكات، كاتێ كاف بە ناوزڕاوی دەكەوێتە دارستانی شارەوە، دالی مێردی گەلەگورگێكی دڕندەی پێ دەناسێنێت، تا لە ئاكامدا براگەورەی كاف هەر بەو پەنجەیەی كە لە مناڵیدا ئاماژەی بۆ مانگ دەكرد تا كاف بیبینێت، دەستی بە پەلەپیتكەی تفەنگدا دەنێت و ڕۆحی دەبات بە ئاسماندا، كاف كە قوربانی دەستی دوو پیاوی وەك دال و نونە، بە دوای قرمژنی گوللەوە چاوی لێكدەنێت بەڵام نەك وەك ئەو چاولێنانەی كە لە تاریكیدا بە مناڵی چاوشاركێی لەگەڵ براكانیدا دەكرد، ئەمجارە هەر لە تاریكایی شەودا لە دوای چاولێكنان، ژوورێك پڕ لە خڵتانی خوێن دەبێت، ئەو ڕەنگە سوورەی لەو ژوورەدا جۆگەلەی دەبەست، لەو ڕەنگە سوورە نەدەچوو كە لە ژێر دارهەنارەكەی باخچەكەیان بە گوڵەكانەوە نیشتبووەوە، هێشتا بۆنی بارووتی شێدارو گەرمایی تەرمەكە مابوو كە برا بكوژەكەی بە گریانەوە خۆی بە مەخفەری پۆلیسدا كردو هاواری بۆ كردن ((تاوانم كردووەو لێی پەشیمانیش نیم)) پەشیمان نەبوونی برای كاف لەسەر كوشتنی خوشكەكەی ئەو حەقیقەتە تاڵە دەكێشێت بەسەر تاشە بەردەكانی كەلتوورێكدا كە لە لایەكەوە نامووس دەپەرستێ و لەلایەكی تریشەوە زۆر بە ئاسانی هەوڵی دەركێشانی رۆحی ئەوانە دەدات كە بۆ چێژێكی كاتیی لەشیان سەوداو مامەڵەی پێوە دەكرێت، كەلتوورێكە وەك قوماشێك مەرگی لەناودا شاردراوەتەوەو یەكاڵادەكرێتەوە بۆ ئەوانەی دەكەونە داوی گەلەگورگەوەو لە ئەندامانی جەستەیان چێژ وەردەگرن، لە دوای لمۆز سوور بوون ئیتر گەلە گورگ دەڕۆنەوە پشتەوەی چیا نوتەك و پڕ دەهلیزەكانی هەست نەكردن بە بەرپرسیاری، لەوێ بەو چەند دڵۆپە خوێنە سوورەی كاف ئاساكانەوە كە نە لە هەورەوەو نە لەئاسمانەوە دەبارێت، خەیاڵی بەدمەست بوون دەیانباتەوە، هەر ئەو كەلتوورە بە عەقڵیەتی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاری لە مێینە دەكات كە نابێت بە ئازادی و بە میزاجی خۆی كچان هەڵسوكەوت بكەن، ئەگەر نا كەلتوورەكە كچەكە دەكاتە تەرم و لە بەشی توێكاری نەخۆشخانەیەك فڕێ دەدرێت و كەسوكاریشی بە شەرمەوە دەیبەنەوەو پرسەشی بۆ ڕاناگەیەنن، كە كەسێكی وەك كاف پێی بەرەو ئەو لێرەوارە سامناكە هەڵدەخلیسكێنن، كەسانی دەوروبەری لە بری ئەوەی فریای بكەون و هەوڵی ڕزگاركردن و چاكبوونەوەی بدەن، ئەوانیش یان پشتی تێدەكەن و بە چاوی خائین لێی دەڕوانن و لێی بێ بەری دەبن،وەك چۆن زیاتر لە ساڵێك كەسوكاری نزیكی كاف بە خوشكەكەشیەوە لێیان نەپرسیبۆوە، یان جەستەی خەڵتانی خوێن دەكەن، وەك چۆن براكەی بە ویژدانی حەساوەوە ئەو ئەركەی كەلتوورە بەردینیەكەی جێبەجێ كردو زاڵمانە كافی دایە بەر گووللە، ئەم كەلتوورە ڕۆژهەڵاتیە پڕە لە دژیەكی و گرێ و پابەندە بە جۆرەها داب و نەریت و توندڕۆیی ئایینیەوە، تەنانەت لە كاتی كوشتنی ئافرەتەكەدا كردەوەی دژ بە ئاینیش ئەنجام دەدرێت و بە ڕواڵەت دروشمی ئاینی دەكرێتە هەنجەت لای بكوژەوە، خۆ گەر ساغ بێتەوە دال مامەڵەی لەشفرۆشتنی بە خێزانی خۆی كردبێت ئەمەش بێ سزا دەرناچێت یان نون كە ئەویش بە بەشی خۆی لەم سەودا ومامەڵەیە بەشداری كردبێت پێویستە سزا وەربگرێت، چونكە تەنیا بكوژی سەرەكی تاوانبار نییە بەڵكو كەسانی تریش ڕێ خۆشكەر بوون بۆ ئەم تاوانی كوشتنە، مرۆڤ كەلوپەلێكی نزم نییە تا مرۆڤێكی تر چۆنی بوێت ئاوها بەكاریبهێنێت و ئاڵووشی سێكسی كەسانی تری پێ دامركێنێتەوە، وا دەردەكەوێت هەر لەسەرەتای خواستنی كاف لە لایەن دالەوە هیچ بایەخێك بە بیرو ڕای كاف نەدراوە لە هەڵبژاردنی هاوسەری خۆیدا،ئیتر لە ژێر سێبەری نێرسالاریدا كافیان توانۆتەوەو نەیانهێشتووە ببێتە خاوەن كەسایەتییەكی مرۆڤانە، وەك چۆن زمان و دەنگ و جەستەو گیرفانی هەر بۆ پیاو قۆرخ دەكرێت بەو شێوەیە هەر پیاویش خوێنی دەڕژێنێت و لە ناوی دەبات.
Top