پاش ناوزڕاندن

پاش ناوزڕاندن
ئاشتى عبدالله

پێشتر لە چیرۆكەكانی تاردا ئەو چیرۆكەم بۆ گێڕانەوە كە من ناوم سۆلینە و كچێكم لە قۆناغی دووەمی زانكۆ دەخوێنم، هەروەها ئەو خەنجەرەش كە سامانی هاوڕێم لەپشتەوە لێی دام تاوەكو ناوم بزڕێنێ و بوختان و درۆم بۆ هەڵبەستێت.
ئێستا لەم بەشەدا دوایی چیرۆكەكەتان بۆ دەگێڕمەوە كە لە من ڕوویدا، سامان بە ناردنی نامە دزێوەكانی تەواو ناڕەحەتی كردبووم، ڕۆژێك لەدەرەوەی زانكۆ گرتم و پێم وت: سامان هەرگیز ئەوەم لێ چاوەڕوان نەدەكردیت، چۆن ئەو نامە ناشیرینانەم بۆ دەنێریت؟! من و تۆ چی هەیە لەنێوانماندا و چیم كردووە وا بوویتە دوژمنم؟! سامان وتی: دەبێ هەر منت خۆشبوێت نەك ئەو دیلمانەی كەس نازانێت لەكوێوە خۆی كرد بە هاوڕێت، من دەزانم ئێوە یەكتریتان خۆشدەوێت، بەڵام بەزەییت بە حاڵی مندا بێتەوە لەبەر تۆ چیم لێ بەسەر هاتووە، وتم من ڕێزت لێدەگرم و تۆش سنووری خۆت بپارێزە، خۆشەویستی ئەگەر بكرێت بەزۆر نییە و ناتوانیت زۆرم لێ بكەیت، تۆ یەكلایەنە منت خۆشدەوێ و منیش وەك برای خۆم تەماشات دەكەم و تكا دەكەم لەوە زیاتر ڕەفتاری نابەجێ مەنوێنە و وێنەكەی من لەناو زانكۆدا مەشێوێنە، دوایی لەسەر ئەو كارەت هەڵوێست وەردەگرم و با وەك دوو هاوڕێی دڵسۆز و پاك بمێنینەوە.
بە دیلمانم وت و ئەویش قسەی ناو زانكۆی بیستبۆوە، ئەو دواتر ئەو ڕاستییانەی بۆ گێڕامەوە كە چۆن وەسفی من كراوە و چەند لق و پەلی لێ كردۆتەوە سامان، من دوای ئەوەی ئاشت بوومەوە لەگەڵ دیلماندا هەموو ئەو شتانەم زانی، چونكە نێوان من و دیلمانیش تێكچوو و وامدەزانی دیلمانیش یەكێكە لەو كەسانەی بە قسەكانی سامان فریویان خواردووە، بەڵام دیلمان دواتر بۆی ڕوون كردمەوە و وتی: سۆلین گیان ئەو قسانە ئەوەندە ناخۆش بوون لەبەر پێگە و ناوی تۆ لێت دووركەوتمەوە، ئەوان دەیانوت ئیتر لە سامان بێزار بووە و جگە لە كەسانی دەرەوەی زانكۆ هەر لەگەڵ دیلماندا پێی خۆشە ئەو شتانە بكات.
ناڕەحەتیم گەیشتبووە ئەوپەڕی، سامان نامەی یەك لەسەر یەك بۆ دەناردم و كە دەچوومە ماڵەوە تەواو بێدەنگ دەبوو، ئەوەم بۆ هاوڕێكانم گێڕایەوە و هەندێك بڕوایان دەكرد و هەندێكی تریشیان كەوتبوونە گومانەوە.
سۆلین خۆی شەرمی لەو قسانە دەكرد كە لەبارەیەوە دەوتران و حەزی نەكرد لە دەمی خۆیەوە بیبیستن، یاخود تەواوتریش ئەو ئاگای لە قسەوباسی ناو زانكۆ نەبوو كە سامان هەر لێی زیاد دەكرد، لەناو زانكۆدا سامان ڕایگەیاندبوو كە سۆلین ژنی نهێنی ئەوە و هەموو شتێكی لەگەڵدا كردووە، سۆلین زۆر سێكسسە و بە هیچ شێوەیەك تێر نابێت، خۆی داوای كردووە پەردەی كچێنی لێ بستێنێ و بەئازادی لەگەڵیدا ڕابوێرێت، بەڵێنی داوە بە سامان كچەكانی دیكەی ناو زانكۆشی بۆ بهێنێ تاوەكو سێكسان لەگەڵدا بكات، بەهار ناوێكی بۆ بهێنێ كە دەڵێی ئاگرە لە كاتی سێكسدا و هێشتاكە هەر كچە، خوێندكارەكانی تری بۆ كەشف دەكات چەندیان بوونەتە ژن و كەس پێیان نازانێت، نامەی هەڵبەستراوی بەناوی سۆلینەوە بۆ خۆی دەنارد گوایە سۆلین ئەم شتانەی نووسیووە: سامان گیان سبەینێ خۆم حازر دەكەم و بە ئارەزووی خۆت سێكسم لەگەڵدا بكە، من جنسیم و لە تۆ زیاتر پیاو نابینم، بۆی نووسیبۆوە كە ئەو پیاوە كێ بووە كە بە لاندكرۆزەر بردوویەتی، سۆلینیش بۆی ناردۆتەوە و تیایدا دەڵێت: بەتەمایە بمهێنێ و نازانێت من ژنی نهێنی تۆم، ئەگەر حەزدەكەیت شووی پێدەكەم بۆ سەروەت و سامان، بەڵام سامانی من هەر سامانە و تا مردن عەشقبازیی ئازاد و سەربەستت لەگەڵدا دەكەم و شێتت بووم.
سەرۆكی بەشەكەیان ڕۆژێك سۆلین بانگ دەكات و دەڵێت: سۆلین وامانزانی زۆر پاكیت و زیرەكیت، بەڵام دەبێت باوكت بهێنی و ئەم شتە شاراوانەی تۆ بزانێت، ئێرە زانكۆیە نەك تیاترۆخانە و دیسكۆ.
ڕۆژێك سۆلین لەناو حەوشەی زانكۆدا بە تەنیا لە پەنا درەختێكەوە وەستابوو و سامانیش لە سوچێكدا هەر خەریكی تۆمەت هەڵبەستن بوو لەبارەیەوە، سۆلین دەیڕوانییە مۆبایلەكەی و چاوەڕێی هێزەكانی ئاسایش بوو تاوەكو بێن و سامان دەستگیر بكەن و بیبەن بۆ لێپێچینەوە وەك تاوانبارێك، لەو كاتەشدا سامان بە هاوڕێكانی دەوت: ئەها هەر دەڕوانێتە مۆبایلەكەی، ئێستا لەگەڵ كۆمپانیاكاندا بەینی خۆشە و شەوانیش لایان دەمێنێتەوە. سۆلین وەڵامی زەنگی مۆبایلەكەی دایەوە و ئەوانیش هەر تەماشایان دەكرد و پێدەكەنین، خوێندكاری تریان كۆدەكردەوە بۆ باسە گەرم و تازەكانی سۆلین، لەناكاودا هێزەكانی ئاسایش هاتنە ناو زانكۆوە و بەپێی ئاماژەی سۆلین كە وتی: ئەوەتا بیگرن، بەرەو لای سامان ڕۆیشتن و كەلەپچەیان خستە ناو مەچەكییەوە و لەبەردەم هاوڕێیان و خوێندكاران و مامۆستاكاندا پێش خۆیاندا و سۆلینیش وەك سەركەوتوویەك، بەوپەڕی هاوسەنگییەوە هەنگاوی بوێرانەی هەڵدەهێنایەوە، هەروەكو كۆترێكی سپی بداتە شەقەی باڵ و لە هیچ شتێك نەسڵەمێتەوە.
Top