ئایە دوای خۆشەویستی هاوڕێیەتی دروست دەبێت

ئایە دوای خۆشەویستی هاوڕێیەتی دروست دەبێت
خۆشەویستی بەدرێژای مێژوو یەكێك بووە لەپەیامە پیرۆزەكان هەرچەندە خۆشەویستی‌ نێوان كوڕ و كچ بەهێز بێت، بەڵام ئەگەری‌ كۆتایی‌ هێنانی‌ پێوەندیەكە شتێكی‌ ئاساییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە ئایا كاتێك چاوت بەخۆشەویستە كۆنەكانت دەكەوێت چی‌ دەكەیت؟ یاخود دەگونجێت كچ و كوڕێك پاش ماوەیەكی‌ زۆر لەخۆشەویستی‌ لێك جیا ببنەوە و دواتریش وەك دوو هاوڕێ‌ پێوەندیان هەر بمێنێت، زۆربەی كچان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان هەرگیز ئامادەنین جارێكی‌ دیكە لەگەڵ كوڕێكدا هاوڕێیەتی‌ دروستبكەنەوە كە لەخۆشەویستیدا پێكەوە نەگونجاون، سەبارەت بەم دیاردەیە هێرۆ جەمال 25 ساڵ‌، ئاماژە بەوەدەكات كە لەقۆناغی یەكەمی زانكۆ كەوتۆتە داوی خۆشەویستییەوە لەگەڵ‌ كوڕێكی‌ هاوپۆلیدا‌، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێك هەڵسووكەوتی نەشیاوی كوڕەكە لێكجیادەبنەوە، هێرۆ دەڵێت: ((سەرەتا لەیەك پۆلدا هەردووكمان قوتابی بووین وەكو دوو هاوڕێی‌ ئاسایی پێكەوە مامەڵەمان دەكرد، بەڵام ئەو زیاتر خۆی نزیك دەكردەوە و حەزی بەوەدەكرد كە پێوەندیەكەمان بكەین بەخۆشەویستی‌، منیش تاڕاددەیەك قایلبووم بەوە لەبەرئەوەی سەرەتا كەسێكی‌ باش دیاربوو، بەڵام بەداخەوە ڕووخسار و قسەكانی‌ شتێكی‌ دەوت و لەناخیشەوە شتێكی‌ تر، لەكۆتاییدا نەگەیشتین بەیەك))، هەروەها باسی ئەوە دەكات ئێستا زۆر پەشیمانە لەوەی كە هەر لەسەرەتاوە متمانەی بەو كوڕە كردووە و دەشڵێت: ((ئامۆژگاری سەرجەم كچان دەكەم متمانە بەكوڕان نەكەن، ئێستا من ئەوەندە پەشیمانم لەو خۆشەویستیە، لەبەر ئەوە بەهیچ جۆرێك ئەگەر خۆشەویستە كۆنەكەم بینیەوە تەنانەت ئامادەنیم سڵاویشی‌ لێبكەم، چونكە تەنیا بۆتە یادەورەیەكی‌ ناخۆش لەلام)).
ڕاز سەردار قوتابی كۆلێژی یاسا لەزانكۆی جیهان پێیوایە كە زۆر ئاستەمە دوو كەس خۆشەویستبن و دواتر خۆشەویستییەكەیان لەبەر هەرهۆیەك بێت كۆتایی بێت و ببنەوە بەهاوڕێ، دەڵێت: ((كاتێك دووكەس لەخۆشەویستیدا سەركەوتوونابن، ئەوا بەیەكجاری كۆتایی بەهەموو شتێك دێت لەنێوانیاندا و بەشێوەیەك مامەڵە لەگەڵ‌ یەكتر دەكەن كە هەرگیز نەیەكیان دیوە و نەیەكیان ناسیووە، چونكە خۆشەویستی زۆر پیرۆزە كە شكستیشی هێنا زەحمەتە ئەو دووكەسە بتوانن وەك هاوڕێ مامەڵە بكەن))، هەروەها ناوبراو لەدرێژەی قسەكانیدا باس لەوەدەكات ئەگەر خۆشەویستی ڕاستەقینە كەوتە نێوان دوو كەسەوە، ئەوا هەرگیز كۆتایی پێ نایەت، تەنیا مەرگ دەتوانێت كۆتایی بەو خۆشەویستیە بهێنێت و دەشڵێت: ((هەرگیز خۆشەویستی ناگۆڕێت بۆهاوڕێیەتی، بەڵام هاوڕێیەتی دەگۆڕێت بۆ خۆشەویستی)).
وەك باس دەكرێت ئەستەمە دوای هەرەسهێنانی خۆشەویستی هاوڕێیەتی بەرهەمبێت و لەمبارەیەوە ڕاز دەڵێت: ((مەحاڵە لەدوای هەرەسهێنانی خۆشەویستی دووكەس بتوانن وەك هاوڕێ بەردەوامبن، ئەگەر روویدابێش، كەم ڕوودەدات دوو كەس واز لەخۆشەویستی بهێنن و جارێكیتر سەرلەنوێ ببنەوە هاوڕێ و دووبارە لەخاڵی سەرەتاوە دەستپێبكەنەوە، ئەوە تەنیا لەناو ئەو كەسانەدا ڕوودەدات كە هێشتا لەمانای عەشق و خۆشەویستی‌ نەگەیشتوون و هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێكی ئەم ژیانە یاری دەكەن)).
بەپێچەوانەوە كوڕان گۆڕینی‌ پێوەندی خۆشەویستی‌ بۆ هاوڕێیەتی‌ بەكارێكی‌ ئاسان دەزانن و لایان ئاساییە، زۆریان ئەو چیرۆكە بەسەریاندا ڕوویداوە كە خۆشەویستیان كردووە و دواتر چیرۆكەكەیان هەرەسی هێناوە، هەندێك لەكوڕان ئاماژە بۆئەوە دەكەن كە زۆر ئاسانە هاوڕێی كچێك بیت و دواتر ببیت بەخۆشەویستی و پاشان دووبارە ببیتەوە بەهاوڕێی‌، چونكە ئەوە بەشێكە لەسوننەتی ژیان وەك دەوترێت (ژیان یەكتر ناسین و لێك جودابوونەوەیە).
هەردی فەریق ئاماژەی بەوەدا كە پێشتر لەگەڵ كچێكدا پێوەندی خۆشەویستیان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی كە نەگیشتوونەتە یەكتر، ئێستا پێوەندییەكەیان بۆتە هاوڕیێەتی، و دەشڵێت: ((لەگەڵ‌ كچێكی هاوپۆلم لەزانكۆ پێوەندیەكی‌ هاورێیەتیمان هەبوو، بەڵام دواتر پێكەوە بڕیارماندا ببین بەخۆشەویستی‌ یەكتر و پێكەوە ژیانێكی‌ خۆش بەرینەسەر، بەڵام دواتر بەیەكەوە نەگونجاین و كێشەو گیروگرفتێكی زۆر لەنێوانمان دا دروستبوو، ئیتر هەردووكمان ڕامانوابوو كە ئێمە پێكەوە ناگونجێین، لەبەرئەوە منیش پێموت كە ناتوانم وەكو خۆشەویست مامەڵەت لەگەڵ‌ بكەم و باشتروایە ببینەوە بەهاوڕێی یەكتری)).
شارەزایانی بواری كۆمەڵایەتی پێیانوایە كە‌ بنەمای‌ هاوڕێیەتی‌ لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر و لەكۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی‌ تر و لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی‌ تر دەگۆڕێت، لەبەر ئەوە چەمكی هاوڕێیەتی وابەئاسانی شی ناكرێتەوە، لەمبارەیەوە توێژەری كۆمەڵایەتی هۆزان عەزیز دەڵێت: ((ئەگەر تەماشا بكەین زۆرجار لەڕێگەی‌ هاوڕێیەتیەوە پێوەندی‌ خۆشەویستی‌ دروست دەبێت و دواتر هەست دەكەن ناگونجێن پێكەوە و ناگەن بەیەك یا ئەوەی‌ ئەیانەوێ‌ نایەتەدی‌، یاخود كوڕ و كچ هەیە كە نایانەوێ‌ دەستبەرداری‌ یەكتربن بۆیە پێوەندیەكەیان وەك یەكەمین جار كە هاوڕێبوون دروستدەكەنەوە، بەپێچەوانەشەوە زۆرجار ئیتر پێوەندییەكەیان بۆهەتا هەتایی كۆتایی دێت)).
Top