ئافرەت ناسی

ئافرەت ناسی
دەروونناس: سامان سیوەیلی

گەورەترین گرفت دووچاری ئافرەت دەبێتەوە لەژیانی هاوسەریدا ئەوەیە كە هاوسەرە پیاوەكەی ئافرەت ناس نەبێت، واتە لەڕووی سایكۆلۆژی و جەستەییەوە ئەم بوونەوەرە نەناسێت. ئافرەت حەز دەكات پیاوەكەی بایەخی پێبدات، ڕۆمانسییەت بنوێنێ بەرامبەری، پێكەوە بگەڕێن، ناو بەناو لەڕیستۆرانتێك نان بخۆن، ناو بەناو گەشتێك یان سەیرانێك بكەن، بۆ كڕینی پێداویستییەكانی هاوەڵی بكات لەبازاڕ. وەلی پیاوی ئافرەت نەناس گوێ بەم لایەنانە نادات، بەبیانووی پەیداكردنی بژێوی ژیانەوە زۆرینەی كاتەكانی بۆ كاركردن تەرخان دەكات، هەوڵی زۆركردنی سەروەت و سامان دەدات. ئەم جۆرە پیاوانە وایدەبینن كە دابینكردنی خانوو و تەلار و باڵەخانە یاخود ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و كەلوپەلی جوان و بەنرخی ناوماڵ هەموو شتێكە بۆ ئافرەت و چیدی پێداویستی دەروونییەكانی ئافرەت ناخوێننەوە.
ئێمە مانان هەندێ جار لەزاری ئافرەتان خۆیانەوە دەبیستین كە بریا مێردەكەم نانی نەبوایە بەڵام مامەڵەی جوانی هەبووایە لەگەڵمدا، یاخود چی لە كۆشك و تەلار بكەم كە پیاوەكەم نازم هەڵناگرێت و ڕۆمانسی نییە لەگەڵمدا. ئەو پیاوانەی لەم سەردەمەدا زۆر ئالودەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت دەبن بەشەو لەماڵەوە بەخۆیان بزانن یان نەزانن ئافرەتەكانیان هەراسان دەكەن بەم ڕەفتارانەیان، یاخود لەئەنجامی زۆر كاركردن و زۆر سەفەر كردن بەمەبەستی كاركردن شەكەت و ماندوو دەبن، كاتێك دێنەوە ماڵەوە زوو دەخەون و بۆ بەیانی زوو لەماڵەوە دەردەپەڕن، یان كاتێك دەگەڕێنەوە ماڵەوە تەنیا گرنگی بەمنداڵەكانیان دەدەن و هاوسەرەكانیان فەرامۆش دەكەن، ئەمانە تێكرا ڕەوشێكی دەروونی وەها بۆ ئافرەتان دەخوڵقێنن كە جگە لەنامۆبوون و تۆرانی ڕۆحی ئافرەت هیچی لێبەرهەم نایەت. ئەم ڕەوشە دەروونییەش هەندێ جار هاندەر دەبێت بۆ بیركردنەوە لەجیابوونەوە یان ناپاكی هاوسەریی. ستەمە ئەگەر پیاو نەزانێت كە ئافرەت پێش هەموو شتێك بوونەوەرێكی ڕۆمانسییە. تەنانەت لەپەیوەندییە سێكسییەكانی نێوان هاوسەرانیشدا فەرامۆشكردنی ئەم لایەنە بۆ ئافرەت مایەی دروستبوونی ساردی سێكسییە، ئەگەرچی ڕێژەیەكی زۆر لەپیاوان خۆپەرستانە مامەڵەی سێكسی لەگەڵ هاوسەرەكانیان دەكەن بەوەی نە لەڕووی جەستەییەوە دروست مامەڵە دەكەن نە لەڕووی سایكۆلۆژیشەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا، خۆیان لەبەرپرسیارێتی دەرهاویشتەكانی ئەم مامەڵە چەوتانە دەدزنەوە و هەمیشە دەرئەنجامە نالەبارەكان دەخەنە ئەستۆی ئافرەت و بە سارد و وشك و بێ زەوق و تووڕە تۆمەتباریان دەكەن. هەندێ جار درێژە كێشانی ئەم ڕەوشە نادروستە خێزانییە دۆزەخێك بۆ ئافرەت دەخوڵقێنێت كە جگە لە سووتانی ڕۆح و تووشبوونی بە نەخۆشی وەك دڵەڕاوكێ و خەمۆكێ و هیستیریا هیچی تری لێناكەوێتەوە.
یەكێك لەمامۆستا كارامەكانی سەردەمی زانكۆم لەهەشتاكاندا كە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بوو لەدەروونناسیدا و ماوەی (30) ساڵ وانەبێژی زانكۆكانی عێراق بوو ڕۆژێكیان لەناو هۆڵی خوێندن دیالۆگێكی لەنێوان كچان و كوڕانی دوا قۆناغی دەروونناسیدا وروژاند دەربارەی ژیانی هاوسەرێتی دەرئەنجامی دیالۆگەكە وتەیەكی بەبەهای دا بەگوێی كوڕاندا و داوای لێكردین باش لێی تێبگەین كە كورت و پوخت وتی(مامەڵە كردنی ئافرەت هونەرە، هەموو پیاوێك نایزانێت، هەروەكو چۆن هەموو كەسێك نازانێت و ناتوانێت ئامێرێكی مۆسیقا بژەنێت)، لەڕاستیدا ئەم وتەیە كتومت ئەوە ڕووندەكاتەوە كە ڕەگەزی نێر بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە ژیانی هاوسەرییەوە پێویستی بەوە هەیە كە ڕەگەزی مێ بناسێت بەتایبەتی لایەنی سۆزداری ڕەگەزی مێینە كە دەبێت بەهەند وەربگیرێت لەمامەڵەكردنی ژیانی هاوسەریدا.
ئەوەی جێی نیگەرانییە بەشی هەرە زۆری پیاوان بەرلەوەی بچنە ژیانی هاوسەرییەوە وەها دەزانن كە كارامە و لێزانن لەمامەڵەكردنی ئافرەتاندا، سوكرات وتەنی نازانن كە نازانن. بۆیە ئافرەت ناسی نەك هەر پێویستە بۆ هەر ڕەگەزێكی نێر كە دەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە، بەڵكو زامنی بەختەوەری خێزان و دووركەوتنەوەیە لەئاژاوە و گرفتی خێزانی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و تەنانەت زامنی كەمكردنەوەی ناپاكی هاوسەرییە.
لە كەلتوری ئێمەی كورددا قۆناغی دەستگیرانی ئەو قۆناغەیە كە بەشێك لەكوڕان زۆرترین نمایش دەكەن و خۆیان ڕۆمانسیانە پیشان دەدەن، بەڵام هەرهێندە كەوتنە ژیانی هاوسەرییەوە ئیدی وردە وردە ڕووە ڕاستەقینەكەی خۆیان دەردەخەن و ئافرەت وەك نێچیرێك تەماشا دەكەن كەتەنیا و تەنیا بۆ خاڵیكردنەوەی ئارەزووە سێكسییەكانیان خۆیان لێیان نزیك دەبنەوە، ئەمەش ترۆپكی خۆپەرستییە لەژیانی هاوسەریدا، هەربۆیە ئەم ڕەوشە چاوەڕوان نەكراوە بۆ ئافرەت هەر زوو ڕۆحی دەتۆرێنێت و هەست بەشكستی دەروونی دەكات.
هەندێك لە پیاوانی كۆمەڵگەی ئێمە وەك هۆتێل و ڕیستۆرانت لە ماڵەكانی خۆیان دەڕوانن، واتە تەنیا بۆ خەوتن و نانخواردن ڕوو دەكەنەوە ماڵەوە، خۆشییەكانی ژیانیان دەبەستنەوە بە كۆڕ و كۆمەڵی هاوڕێیانەوە لە یانە و شەقام و بازاڕەكاندا، بێئەوەی ئەوە بهێننە بەرچاوی خۆیان كە هاوبەشێك لەژیانیاندا هەیە و بەردەوام لەچاوەڕوانی ئەواندایە.
Top