منداڵ دەبێتە قوربانی دوای جیابوونەوەی دایك و باوك

منداڵ دەبێتە قوربانی دوای جیابوونەوەی دایك و باوك
ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەی تەڵاقدان لەكوردستان ڕوو لەزیادبوونە و لەم كاتەش دا بەردەوام منداڵ دەبێتە قوربانی دوای جیابوونەوەی دایك و باوك، بەردەوامیش ڕووبەڕووی كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی دەبنەوە و هەست بەدابڕانی سۆزی دایك و باوك دەكەن. كۆمەڵگەش بەچاوێكی نزم سەیری ئەو منداڵە دەكات.
زۆر حەزدەكەم باوكم ببینم بۆئەوەی ماچی بكەم و بچمە باوەشی
هاژە ئەحمەد تەمەنی 10 ساڵە ماوەی دوو ساڵە دایك و باوكی جیابوونەتەوە و دەڵێت «زۆر تامەزرۆی ئەوەم وەك جاران بگەڕێمەوە ماڵی خۆم لەگەڵ دایك و باوكم بژیم» هاژە باس لەوەش دەكات، كەدایك و باوكی بەردەوام شەڕ و هاواریان بوو هەموو كات دایكم دەگریا، ئێستاش ماوەی دوو ساڵە باوكی خۆی نەبینیوە و زۆر حەزدەكات باوكی ببینێ بۆئەوەی ماچی بكات و بچێتە باوەشی.
لەكاتی جیابوونەوەدا ئەو دایك و باوكە هیچ حسابێك بۆ ئەو منداڵە ناكەن
چالاكوان بێریڤان خدر مەولود پسپۆڕ و شارەزای كۆمەڵایەتی و بەرپرسی ئەنجوومەنی قەزای ناوەندی هەولێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەڵێت «ڕۆژانە ئەو كەیسانە دەبینن كەتووشی لێكترازان و جیابوونەوە هاتوون، بەداخەوە زۆرجار دەیبنین ئەو كەیسانە كەدێنە لامان ئافرەت و پیاوەكە كێشەیەكی ئاساییان هەیە كەچی لەیەكتری جودادەبنەوە بەبێ ئەوەی بیر لەئاییندەی منداڵەكانیان بكەنەوە، بەجۆرێك لەكاتی جیابوونەوەدا ئەو دایك و باوكە هیچ حسابێك بۆئەو منداڵە ناكەن، لێرەدا ئەو منداڵەی كە دایك و باوكی جیابوونەتەوە بۆتە قوربانی كێشەكانی دایك و باوكان، بەداخەوە ئەو منداڵە ڕووبەڕووی زۆر گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی دەبێتەوە، لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە كەسێكی گۆشەگیر دەبێت، چونكە ئەو منداڵە ناتوانێت وەك منداڵانی تر مامەڵە بكات، منداڵەكانی تر گاڵتەی پێدەكەن و پێی دەڵێن كە تۆ بێ باوكی یان بێ دایكی، ئا لەم كاتەدا ئەو منداڵە لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە ناتوانێت ببێت بەكەسێكی كۆمەڵایەتی، چونكە كۆمەڵگە نیشانەیەكی پرسیار لەسەر ئەو منداڵە دادەنێت و كۆمەڵگە هەرگیز مامەڵەی دروست لەگەڵ منداڵێك ناكات كە دایك و باوكی لە یەكتری جودا بوونەتەوە، لەڕووی دەروونییەوە كەسێكی شەڕانگێزی لێ دروست دەبێت، چونكە لەسۆز و خۆشەویستی دایك و باوك بێەبەشبووە و بەپێچەوانەوە هەست بەنامۆبوون دەكات.
تارا ئەسعەدی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و جێگری لیژنەی مافەكانی منداڵ هەر سەبارەت بەم پرسە وتی: بە بەردەوامی هەوڵی چارەسەری كێشەكان دەدەین، ئەوەی شوێنی سەرنج بێت هەتا ئێستا لەو یاسانەی كە تایبەتبێت بەمنداڵ ئیشی ئەوتۆی لەسەرنەكراوە كە زۆرتایبەت بێت بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی تەڵاق، بەڵام ئەوەشمان لەیاد نەچێت وەك یاسا ناتوانرێت ڕێگری لەجیابوونەوە بكرێت، بەڵكو بەوشیاركردنەوەی خێزان و منداڵ دەتوانین زیاتر كار لەمبوارەدا بكەین، ئەو یاسایەی كەئێستا لەبەردەست دابێت یاسایەكە بۆبینی منداڵ و هەوڵی ئەوە دەدەین كە یاساكە بەشێوەیەك بێت منداڵ لەسۆز و خۆشەویستی دایك و باوك دانەبڕێن.
هەروەها دانیشتنمان لەگەڵ سەرجەم ڕێكخراوەكان و لایەنە پێوەندیدارەكان وەك وەزارەتی كار كردووەە بۆئەوەی هەڵمەتێك دەستپێبكەین قەناعەت بەو دایك و باوكانە بهێنین كە كێشەیان هەیە هەوڵی ئەوە بدەین بزانن ئەوان هەر كێشەیەكیان هەبێت چارەسەری بكەن لەوە باشترە كە ئاییندەی ئەو منداڵە بخەنە مەترسییەوە، واتا بزانن كە ئەوان منداڵێك لەنێوانیاندایە، لەوانەیە ئەو دوو هاوسەرە كێشەیان هەبێت و دەبێت بزانن كە ئەوان منداڵ كۆیان دەكاتەوە. تارا ئەوەش دەخاتەڕوو و دەڵێت «ئێمە وەك پەرلەمان بەردەوام هەوڵ دەدەین چارەسەری سەرجەم گرفتەكان بكەین و ڕێژەی جیابوونەوەش كەمبكەینەوە، بەداخەوە ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە زۆر بەرزبووەتەوە بەهۆی نەگونجاندن و تێگەیشتنی هەڵەی هەندێك لەتاكەكان كە وادەكەن بەهۆیەوە جیابوونەوە ڕووبدات، واتا مافێك دەدرێت بەكەسێك، بەڵام لەكەسێكی تر دەسەندرێتەوە.
منداڵ ڕووبەڕووی گرفتی دەروونی دەبێتەوە
د. یوسف حەمەساڵح سەرۆكی بەشی دەروونی لەكۆلێژی ئاداب سەبارەت بەو كێشەو گرفتە دەروونیانەی كەمنداڵ دوای جیابوونەوەی دایك و باوك بەسەری دێت وتی «لەهەموو كاتێكدا جیابوونەوەی دایك و باوك ئاسەواری زۆر خراپی دەروونی لەسەر كەسایەتی منداڵ دروستدەكات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئێمە بمانەوێت كەسایەتیەكی سروشتی و باش بۆ منداڵ دروست بكەین، پێوستی بەكەشو هەوایەكە سەرجەم پێداویستی ماددی و مەعنەوەی لەلایەن دایك و باوكیەوە بۆدابین كرابێت، بێگومان ئەو دایك و باوكە پێویستە خاوەنی هەستێكی مەعریفی گرنگ بن بۆئەوەی بتوانن هەستێكی جوان و پڕ لەسۆز بەو منداڵە ببەخشن، بەڵام ئەگەر نەیانتوانی ئەو سۆز و خۆشەویستیە بەو منداڵە ببەخشن، ڕەنگە ئەو منداڵە ڕووبەڕووی گەورەترین گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتی ببێتەوە، ئا لەم كاتەدا ئەو منداڵە بەر لەوەی دایك و باوكی لەیەكتری جودابنەوە لەماڵێكی پڕ لە كێشە و گیروگرفتدا دەژی و ئەوەی گرنگە دوای ئەوەی كەجودابوونەوە ئەو منداڵە چی بەسەردێت و لەكوێ دەژیت؟ بۆیە پێویستە ئەو منداڵە ببرێتە كەشێكی باشتر و ئەو ماڵەی تێیدا دەژی ئارامتربێت لەماڵی خۆیان لەو ماڵەی كەدایك و باوكی تێیدا ژیاوە. زۆر كاریگەرییەكی سلبی لەسەر ژیانی ئەو منداڵە بەجێنەهێڵێت، ڕەنگە تاڕاددەیەك ژیانی گۆڕانی بەسەردا بێت لەبەرئەوەی دایك و باوكەكە نەیانتوانیوە وەك پێویست ژیانێكی ئارام و پڕ لەخۆشگوزەرانی بۆئەو منداڵە دابین بكەن.
هەر سەبارەت بەم بابەتەش پارێزەر ئومێد عەبدوسەلام وتی «بەپێی یاسا منداڵ دوای جیابوونەوە مافی دایكە ئەو منداڵە دەدرێتە دایك، ئەو باوكە ئەوكات دەتوانێت مانگی دووجار ئەو منداڵە ببینێـت. تاكو منداڵەكە تەمەنی دەگاتە 18ساڵ دوای ئەوە منداڵەكە بڕیار دەدات لای باوكی بێت یان لای دایكی، بەڵام منداڵ لای كێ گەورەبێت هەر لای ئەو دەبێت هەر ئەوی دەوێت، ئینجا دایك بێـت یان باوك.
ئومێد ئەوەش دەخاتەڕوو ئەگەر دایكی شووبكاتەوە ئەوكات دەتوانێت تەعەهودێك بدات بۆئەوەی مێردە تازەكەی منداڵەكە بەخێو بكات، ئەگەر دایكەكەش كۆچی دوایی كرد ئەوكاتە یاسا ئەو منداڵە دەدات بە باوكەكە بۆئەوەی بەخێوی بكات، چونكە باوك مافی بەخێوكردنی ئەو منداڵەی هەیە لەدوای دایكی.
مامۆستا ئەحمەدی شافیعی سەرۆكی لیژنەی فەتوا لەیەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان دەڵێت (بێگومان لەڕووی شەرعیەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە دوای جیابوونەوە منداڵ دەدرێت بەدایك هەتا ئەوكاتەی منداڵ دەگاتە (سن التمیز) واتا تەمەنێك كەتوانای جیاكردنەوەی چاك وخراپەی هەبێت خۆی بتوانێت بڕیار بدات لەسەر ئەوەی چ هەڵدەبژرێت و خۆی كەسی بڕیاردەردەبێت، لەو كاتەدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام منداڵەكە سەرپشك دەكات، بەڵام ئەوەی شوێنی سەرنجە لەڕووی شەرعیەتی ئیسلامەوە كاتێك كەدایكەكە شوودەكاتەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام منداڵ دەدات بە داپیری ئەگەر داپیری واتا دایكی دایكی نەبێت، منداڵەكە دەدرێت بەدایكی باوكی منداڵەكە، لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی منداڵدا نییە لەدوای شووكردنەوەی دایكی لەگەڵ پیاوێكی نەناسراودا بژی، بێگومان لەڕووی شەرعەوە بۆیە بەمشێوەیە دانراوە لەبەر ئەوەی كە كاتێك ئافرەت شوودەكاتەوە منداڵەكە دەبات بۆ ماڵی مێردەكەی، ئەوا لەبەرژەوەندی منداڵەكەدا نییە تەنیا لەحاڵەتێكدا نەبێت ئەگەر زۆر بچووك بێت، بەڵكو ئەگەر كرا ئەو منداڵە كەسێكی تر پەرەوەردەی بكات باشترە، چونكە لەبەر ژەوەندی منداڵدا نییە بچێت لەماڵێكی نامۆدا گەورەبێت و لەگەڵ پیاوێكدا بژی كەباوكی ڕاستەقینەی نەبێت، ئەمە لەڕووی شەرعیەتی ئیسلامیەوە دانراوە كە نابێت منداڵ لەگەڵ كەسێكی غەیرەدا بژی).


نەقیب ژیلەمۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەشاری هەولێر وتی «ئێمە ناتوانین بڕیاربدەین ئاخۆ ئافرەت خۆی دەكوژێت یان دەكوژرێت ئەمە پزیشكی دادەوری بڕیار دەدات، ئاخۆ ئافرەتەكە خۆی كوشتووە یان كوژراوە، دەربارەی چۆنیەتی زانینی جۆری خۆكوشتنی ئافرەتان. د. یاسین بەڕێوەبەری پزیشكی دادەوەری هەولێر دەڵێت «ئێمە لەتەمەنی دوانزە ساڵی بەسەرەوە ناویان دەنووسین بەگوێرەی جۆری كوشتنەكە ئایا توندوتیژی بەرامبەر كراوە یان نا؟، هەروەها جۆری كوشتن و سووتانەكەش دیاری دەكەین، هەروەها زۆربەی خۆكوشتنەكان لەتەمەنی هەرزەكاری دان و زۆر جاریش بەپێی وەرزەكان كوشتن زیاد و كەم دەكات. سەبارەت بەكۆنتاكتكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایتی توندوتیژی ئافرەتان «د.یاسین» دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان دوو ساڵ بەر لەئێستا كۆنتاكتیان زۆر باش بوو لەگەڵمان، بەڵام ئێستا وەكو جاران نییە زۆر جار لەڕێگای تەلەفۆنەوە پێوەندیمان هەیە بەس چەندین هەمانگیمان هەبێت باشترە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. نەقیب ژیلەمۆ سەبارەت بەنەبوونی كونتاكت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دادوەری پزیشكی هەولێر وتی «بە بەردەوامی كۆنتاكتمان لەگەڵ سەرجەم شوێنەكان هەیە، بۆنموونە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی دادوەری پزیشكی هەولێر و نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی.
كۆمەڵگە هاوكاری ئافرەتان ناكات بۆئەوەی بتوانێت كێشەكانی خۆی چارەسەربكات
سۆزان عارف بەڕێوەبەری تواناسازی ئافرەتان لەهەولێر پێیوایە، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی كە خۆیان دەكوژن لەڕاستیدا كوژراون و دەشڵێت «چونكە زۆربەی ئەو ئافرەتانە لەلایەن كەسووكاریانەوە دەكوژرێن، بێگومان ئەو ئافرەتانەی كەخۆشیان دەكوژن هەركۆمەڵگە بەرپرسیارە، چونكە كەس هاوكاری ناكەن ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت چارەسەری كێشەكەی بكات هەموو كەس دژایەتی دەكات، تەنانەت ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت كێشەكەی چارەسەر بكات سەردانی بنكەی پۆلیس یان هەر دەزگایەك بكات تووشی كێشە دەبێت، لەبەر ئەوە ئافرەت كێشەی زۆرە كەس هاوكاری ناكات سۆزان ئەوەشدەخاتەڕوو، كە تاكو ئێستا شێوازێكی باشمان بۆ لێكۆڵینەوەی كێشەكان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە ناتوانین بگەینە ئەنجام و تائێستا بەرنامەیەكی وردمان نییە تەنانەت ئەو دەزگایانەی كە بۆ كێشەی ئافرەت كاردەكەن شارەزاییان بەرامبەر بەمافی ئافرەت نییە و ئەو هەموو دامودەزگایانەی كە هەن كادیرەكانیان مەشقیان پێنەكراوە و بەپەلە دروستكراون. سۆزان ئەوەش دەڵێت «دەبێت سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان بەیەكەوە كاری جددی بكەین بۆسەرخستنی كارەكان. جەزا حەمەساڵح سەرۆكی توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەسلێمانی دەڵێت «بەڕاستی ئەگەر باسی ئەوە بكەین ئافرەتان دەكوژرێن یان خۆیان دەكوژن، بەتێڕوانینی من یان وەك توێژەرێك كە لەسەر ئەو حاڵەتە كردوومانە ئەگەر كوشتنەكە بەگوللە بێت یان بەخنكان بێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئافرەتە لەلایەن كەسانی ترەوە كوژرابێت، بەڵام ئەگەر بەحەب خواردن بێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئافرەتە خۆی كوشتبێت، بۆئەوەی بەشێویەكی زانستی لەناوەرۆكی بابەتەكە بگەین، ئەوا دەبێت حكومەت و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەر گەڕەكێك و لەپێنج سەد ماڵ یان هەزار ماڵ ڕاوێژكارێكی دەروونی هەبێت بۆئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی زانستی كارەكان ئەنجام بدات، بەجۆرێك لەسەرجەم گەڕەكاندا چۆن بنەكەی پۆلیس هەیە چۆن قوتابخانە هەیە ئاوەهاش سەنتەرێكی ڕاوێژكاری دەروونی هەبێت بۆئەوەی توێژینەوە لەسەر ئەو حاڵەتانە بكات و ئەنجامی زانستی ئەو حاڵەتانە هەبێت.
جیاوازی لەئامارەكانی كوشتن هەیە
نەقیب ژیلەمۆ سەبارەت بەجیاوازی نێوان ئامارەكانی توندوتیژی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پزیشكی دادوەوری وتی «ئەو ئامارەی لەبەڕێوەبەرایەتی پزیشكی دادوەری هەیە جیاوازە، چونكە ئافرەتێك بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل دەمرێت یان دەخنێكێت یان بەكارەبا دەمرێت هەمووی لەلای ئەوان تۆمار دەكرێت، یان ئافرەت هەیە مانگی یانزەو دوانزەی پار ساڵ مردووە كەچی تەرمەكەی هەر لەتەبابەی عەدلی ماوەتەوە لەبەر ئەوە ئامارەكەی ئەوان لەگەڵ هی ئێمە جیاوازە.
هەربۆیە كێشەی ئێمە لەوەدایە هەرگیز ئافرەت ڕاستیەكە ناڵێت، زۆر كێشە هەبووە ئافرەت كە سووتاوە لەپێش ئەفسەری لێكۆڵینەوە و دادوەر وتوویەتی كە سووتاوم بەقەزاو قەدەر كەچی كاتێك كەوەفات دەكات كەسووكارەكەی دێن و شكایەت لەپیاوەكە دەكەن دەڵێن لەداخی مێردەكەی خۆی سووتاندووە و یاخود خۆی كوشتووە، ئەمەش كێشەیە، چونكە دوای مردنی ئەو ئافرەتە هەرچەندە شكایەت بكرێت ئەوكات ئیسپات زەحمەتە، كێشە دەكەویتە نێوان دادگاو خێزانەكە. ئەوكات خێزانەكە گلەیی دەكەن و خۆیان بەمافخوراو دەزانن، بەڵام ناشزانن كە كچەكەیان بەر لەوەفاتی كێشەكەی گەورە كردووە ڕاستیەكەی باس نەكردووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئافرەت پەنا دەباتە بەرخۆكوشتن بۆچی دەكوژرێت، جەزا سەرۆكی توێژەران وتی «هۆكاری كوشتنەكە ئەگەر لەلایەن كەسانی ترەوە بێت دەگەڕێتەوە بۆ مومارەسەكردنی حەزەكانی ئافرەتان لەژیاندا، لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی كە دەكوژرێن دەیانەوێت مومارەسەری حەزەكانی خۆیان بكەن لەژیاندا و بەس لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە تاڕاددەیەك خاوەنی كەلتوری پیاو سالارییەو خاوەنی دابوونەریتی كۆنە، قبوڵی حەزەكانی ئافرەت ناكات و لەم حاڵەتەشدا ئافرەت ڕووبەڕووی كوشتن و توندوتیژی دەبێتەوە، بەشێكی تری هۆكارەكان كەئافرەت خۆی خۆی دەكوژێت دەگەڕێتەوە بۆئەو فشارە دەروونی و فیزیكیەی لەسەر ئافرەت هەیە، بەتایبەتی لەحاڵەتی ژیان وەك مرۆڤێك ئەو ئافرەتە لەلایەن كۆمەڵگەو خێزانیشەوە ڕووبەڕووی فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبێتەوە، ئا لەم كاتەشدا ئەو مرۆڤە كەسێكی نامۆی لێدروست دەبێت و پەنا بۆخۆكوشتن دەبات.
Top