لەبەرئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەرناكرێت ئافرەتان پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن

لەبەرئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەرناكرێت ئافرەتان پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن
بەپێی ئاماری توندوتیژی لەساڵی 2011 لەشاری هەولێر (23) حاڵەتی كوشتن و (9) حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە و (983) سكاڵا تۆماركراوە لەلایەن ئافرەتان، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان ئەوە ئاشكرادەكات كە لەمانگی ئەمساڵدا (2) حاڵەتی كوشتن و(94) سكاڵە هەبووە. ئەم ئامارەش ئەوە دەردەخات كە تائێستا ڕێژەی توندوتیژی ڕوو لەزیاد بوونە و بەردەوام ئافرەت دەبێتە قوربانی كێشە كۆمەڵایەتیەكان، بەڵام ڕێژەی تۆماركردنی سكاڵا ڕوو لەزیادبوونە.
نەقیب ژیلەمۆ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەشاری هەولێر وتی "ئێمە ناتوانین بڕیاربدەین ئاخۆ ئافرەت خۆی دەكوژێت یان دەكوژرێت ئەمە پزیشكی دادەوری بڕیار دەدات، ئاخۆ ئافرەتەكە خۆی كوشتووە یان كوژراوە، دەربارەی چۆنیەتی زانینی جۆری خۆكوشتنی ئافرەتان. د. یاسین بەڕێوەبەری پزیشكی دادەوەری هەولێر دەڵێت "ئێمە لەتەمەنی دوانزە ساڵی بەسەرەوە ناویان دەنوسین بەگوێرەی جۆری كوشتنەكە ئایا توندوتیژی بەرامبەر كراوە یان نا؟، هەروەها جۆری كوشتن و سووتانەكەش دیاری دەكەین، هەروەها زۆربەی خۆكوشتنەكان لەتەمەنی هەرزەكاری دان و زۆر جاریش بەپێی وەرزەكان كوشتن زیاد و كەم دەكات. سەبارەت بەكۆنتاكتكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایتی توندوتیژی ئافرەتان "د.یاسین" دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەئافرەتان دوو ساڵ بەر لەئێستا كۆنتاكتیان زۆر باش بوو لەگەڵمان، بەڵام ئێستا وەكو جاران نییە زۆر جار لەڕێگای تەلەفۆنەوە پێوەندیمان هەیە بەس چەندین هەمانگیمان هەبێت باشترە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. نەقیب ژیلەمۆ سەبارەت بەنەبوونی كوتناكت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دادوەری پزیشكی هەولێر وتی "بە بەردەوامی كۆنتاكتمان لەگەڵ سەرجەم شوێنەكان هەیە، بۆنموونە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی دادوەری پزیشكی هەولێر و نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی.

كۆمەڵگە هاوكاری ئافرەتان ناكات بۆئەوەی بتوانێت كێشەكانی خۆی چارەسەربكات
سۆزان عارف بەڕێوەبەری تواناسازی ئافرەتان لەهەولێر پێیوایە، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی كە خۆیان دەكوژن لەڕاستیدا كوژراون و دەشڵێت "چونكە زۆربەی ئەو ئافرەتانە لەلایەن كەسووكاریانەوە دەكوژرێن، بێگومان ئەو ئافرەتانەی كەخۆشیان دەكوژن هەركۆمەڵگە بەرپرسیارە، چونكە كەس هاوكاری ناكەن ئەگەر ئافەرەتێك بیەوێت چارەسەری كێشەكەی بكات هەموو كەس دژایەتی دەكات، تەنانەت ئەگەر ئافرەتێك بیەوێت كێشەكەی چارەسەر بكات سەردانی بنكەی پۆلیس یان هەر دەزگایەك بكات تووشی كێشە دەبێت، لەبەر ئەوە ئافرەت كێشەی زۆرە كەس هاوكاری ناكات سۆزان ئەوەشدەخاتەڕوو، كە تاكو ئێستا شێوازێكی باشمان بۆ لێكۆڵینەوەی كێشەكان نەدۆزیوەتەوە، بۆیە ناتوانین بگەینە ئەنجام و تائێستا بەرنامەیكی وردمان نییە تەنانەت ئەو دەزگایانەی كە بۆ كێشەی ئافرەت كاردەكەن شارەزاییان بەرامبەر بەمافی ئافرەت نییە و ئەو هەموو دامودەزگایانەی كە هەن كادیرەكانیان مەشقیان پێنەكراوە و بەپەلە دروستكراون. سۆزان ئەوەش دەڵێت "دەبێت سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان بەیەكەوە كاری جددی بكەین بۆسەرخستنی كارەكان. جەزا حەمەساڵح سەرۆكی توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەسلێمانی دەڵێت "بەڕاستی ئەگەر باسی ئەوە بكەین ئافرەتان دەكوژرێن یان خۆیان دەكوژن، بەتێڕوانینی من یان وەك توێژەرێك كە لەسەر ئەو حاڵەتە كردوومانە ئەگەر كوشتنەكە بەگوللە بێت یان بەخنكان بێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئافرەتە لەلایەن كەسانی ترەوە كوژرابێت، بەڵام ئەگەر بەحەب خواردن بێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ئافرەتە خۆی كوشتبێت، بۆئەوەی بەشێویەكی زانستی لەناوەرۆكی بابەتەكە بگەین، ئەوا دەبێت حكومەت و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەر گەڕەكێك و لەپێنج سەد ماڵ یان هەزار ماڵ ڕاوێژكارێكی دەروونی هەبێت بۆئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی زانستی كارەكان ئەنجام بدات، بەجۆرێك لەسەرجەم گەڕەكاندا چۆن بنەكەی پۆلیس هەیە چۆن قوتابخانە هەیە ئاوەهاش سەنتەرێكی ڕاوێژكاری دەروونی هەبێت بۆئەوەی توێژینەوە لەسەر ئەو حاڵەتانە بكات و ئەنجامی زانستی ئەو حاڵەتانە هەبێت.

جیاوازی لەئامارەكانی كوشتن هەیە
نەقیب ژیلەمۆ سەبارەت بەجیاوازی نێوان ئامارەكانی توندوتیژی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پزیشكی دادوەوری وتی "ئەو ئامارەی لەبەڕێوەبەرایەتی پزیشكی دادوەری هەیە جیاوازە، چونكە ئافرەتێك بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل دەمرێت یان دەخنێكێت یان بەكارەبا دەمرێت هەمووی لەلای ئەوان تۆمار دەكرێت، یان ئافرەت هەیە مانگی یانزەو دوانزەی پار ساڵ مردووە كەچی تەرمەكەی هەر لەتەبابەی عەدلی ماوەتەوە لەبەر ئەوە ئامارەكەی ئەوان لەگەڵ هی ئێمە جیاوازە.
هەربۆیە كێشەی ئێمە لەوەدایە هەرگیز ئافرەت ڕاستیەكە ناڵێت، زۆر كێشە هەبووە ئافرەت كە سووتاوە لەپێش ئەفسەری لێكۆڵینەوە و دادوەر وتوویەتی كە سووتاوم بەقەزاو قەدەر كەچی كاتێك كەوەفات دەكات كەسووكارەكەی دێن و شكایەت لەپیاوەكە دەكەن دەڵێن لەداخی مێردەكەی خۆی سووتاندووە و یاخود خۆی كوشتووە، ئەمەش كێشەیە، چونكە دوای مردنی ئەو ئافرەتە هەرچەندە شكایەت بكرێت ئەوكات ئیسپات زەحمەتە، كێشە دەكەویتە نێوان دادگاو خێزانەكە. ئەوكات خێزانەكە گلەیی دەكەن و خۆیان بەمافخوراو دەزانن، بەڵام ناشزانن كە كچەكەیان بەر لەوەفاتی كێشەكەی گەورە كردووە ڕاستیەكەی باس نەكردووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئافرەت پەنا دەباتە بەرخۆكوشتن بۆچی دەكوژرێت، جەزا سەرۆكی توێژەران وتی "هۆكاری كوشتەنەكە ئەگەر لەلایەن كەسانی ترەوە بێت دەگەڕێتەوە بۆ مومارەسەكردنی حەزەكانی ئافرەتان لەژیاندا، لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی كە دەكوژرێن دەیانەوێت مومارەسەری حەزەكانی خۆیان بكەن لەژیاندا و بەس لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە تاڕاددەیەك خاوەنی كەلتوری پیاو سالارییەو خاوەنی دابوونەریتی كۆنە، قبوڵی حەزەكانی ئافرەت ناكات و لەم حاڵەتەشدا ئافرەت ڕووبەڕووی كوشتن و توندوتیژی دەبێتەوە، بەشێكی تری هۆكارەكان كەئافرەت خۆی خۆی دەكوژێت دەگەڕێتەوە بۆئەو فشارە دەوونی و فیزیكیەی لەسەر ئافرەت هەیە، بەتایەبەتی لەحاڵەتی ژیان وەك مرۆڤێك ئەو ئافرەتە لەلایەن كۆمەڵگەو خێزانیشەوە ڕووبەڕووی فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبێتەوە، ئا لەم كاتەشدا ئەو مرۆڤە كەسێكی نامۆی لێدروست دەبێت و پەنا بۆخۆكوشتن دەبات.
Top