كــچان لە زانكۆ و پەیمانـگاكـان

كــچان لە زانكۆ و پەیمانـگاكـان
بوونی كۆلێژ و پەیمانگاكان ئەو شوێنە زانستیەن كە هەموو كوڕ و كچێك هیوا دەخوازێت بچێتە ئەم شوێنە بخوێنێت، بۆئەوەی داهاتوویەكی پرشنگداری هەبێـت، بەڵام ئەوەی جێگای داخە كچان كاتێك دەچنە ئەم شویێنە دەڵێن لەبری ئەوەی فێری زانست ببین بۆئەوەی خزمەتی وڵاتەكەمان بكەین، ڕووبەڕووی توندو تیژی و تەحەروش قسەی نەشیاو ناوزڕاندن دەبین، ئەمەش نائومێدیەكی زۆر لای كچان دروست دەكات و زۆر جار ئەو كچە دەگاتە ئەو حاڵەتە كەبڕیاری خۆكوشتن یان خۆسووتان بدات.

چەندین جار تەحەرووش بەوێنەكەم كراوە
شنۆ محەمەد قوتابیە لەیەكێك لەكۆلێژەكانی شاری هەولێر دەڵێت "چەندین جار ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتانە بوومەتەوە وێنەم بڵاوكراوەتەوە و تەحەروش بەوێنەكەم كراوە بەفۆتۆشۆپ لەگەڵ وێنەیەكی وروژێنەر دانراوە ئەمەش وایكردووە كە كاریگەری هەبێـت لەسەر كەسایەتی خۆم هەست بەنائومێدیەكی زۆر دەكەم لەم كاتەدا كە چەندین جار ڕووبەرووی ئەم كارەبوومەتەوە.
هاژە سلێمان قوتابی لەپەیمانگایەو هەست بەنائومێدیەكی زۆر دەكات و وتی: نازانم كەی خوێندنەكەم تەواو دەبێت، چونكە زۆر بێزاربوویمە ڕۆژانە كە دێمە پەیمانگا بەس گوێم لەقسەی نەشیاو توانج لێدان و ناوزڕاندن دەبێت. ئەمەش تووشی نائومێدیت دەكات و چەندین ڕووبەڕووی ئەم كێشانە بوومەتەوە و قسەی نادروستم لەسەر كراوەو هەموویان دوور بوونە لەڕاستی.
خۆزگە مۆبایل قەدەغەكرابا لەنێو كۆلێژ و پەیمانگاكان
كیژان فەتاح قوتابی كۆلیژی ئاداب جەخت لەوەدەكاتەوە كە ڕێژەیەكی زۆر لەكچان ڕۆژانە لەكۆلێژ و پەیمانگاكان ڕووبەڕووی زۆرگرفتی جۆراوجۆر دەبنەوە بەتایبەتی ئەگەر كچەكە جوان بێت و خاوەن كەسایەتیەكی سەركەوتوو بێت ڕووبەرووی بوختان و قسەی ناخۆش دەبێتەوە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاو سالارییە شتێكی ئاساییە كە كچ ڕووبەرووی كێشە ببێتەوە، لەبەرئەوە هەموومان واتا كچە قوتابیەكان ڕۆژانە تووشی گرفت دەبین و ناوێرین جلێكی جوان لەبەر بكەین یەكسەر وێنەمان بەمۆبایل لەلایەن كوڕانەوە دەگیرێت بەجۆرێك تەكنۆلۆژیا بۆتە مالوێرانترین شت بۆهەموومان، كەس نییە لە ئێمە ڕەسمی بەنهێنیەوە نەگیرابێت، من دەڵێم خۆزگە مۆبایلی خاوەنی مواسەفات قەدەغە دەكرا كەس نەیدەتوانی بەكاری بهێنێت.
ئەم دیاردانە كارەساتی كۆمەڵایەتی دەنێنەوە
نارین عبدالقادر صالح چالاكوان لەبواری ئافرەتان و بەرپرسی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان دەڵێت: بەداخەوە هەروەكو دەزانین زانكۆ شوێنێكی زۆر پیرۆزە نەك وەك ئەوەی كە كوڕان لەزانكۆدا ببنە هۆی بێزاركردنی كچان، ئەمەش بۆچەند هۆكارێگ دەگێرمەوە لەوانە كۆمەڵگە یان پەروەردەكردنی تاك، چونكە تاك پەروەردەكردنی هەرچونێك بێت هەرئاوەها ڕەنگ دەداتەوە، ئەو كەسانەی بەم دیاردە بزێوە هەڵدەستن ئاستێكی ڕۆشنبیری نزمیان هەیە و تێڕوانینێكی هەڵەیان بۆ كچان هەیە. نارین وتیشی: بێگومان كاتێك كچێك تەحەروشی پێدەكرێت ڕاستەوخۆ تووشی گرفتی دەروونی دەبێت لەخۆی دەپرسێت بۆ وام لێدەكرێت و چەندین پرسیار دروست دەبێت، ئەگەر تووشی تەحەروشیش بێت لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە تووشی گرفت دەبێت، چونكە ئەو كچە دواتر كە دەچێتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە تووشی زۆر گرفت دەبێت بەهۆی ئەو شتانەوە بەتایبەتی ئەگەر كچێك وێنیەیەكی لەناو مۆبایلدا بڵاو بووبێتەوە هەمیشە جێگەی پرسیار دەبێت، بۆئەو كوڕەی كەدواتر دێتە خوازبێنی زۆرجار بەهۆی شتێكی وەهاوە كارەساتێكی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت.
چەندین كچ هەیە لەسەر ئەوكێشانەی لەنێو كۆلێژ و پەیمانگاكان ڕووبەڕووی بۆتەوە خۆی كوشتووە
شوان شێرزاد توێژەری دەروونی، قوتابی ماجستێر لەبواری دەرونزانی و لەمبارەیەوە دەڵێت: ئەو كەسانەی ئەم كارانە دەكەن لەنێو كۆلێژو پەیمانگاكان لەلایەنی دەروونیەوە هەست بەكەمی دەكەن یان ئەوەتا بێبەشبوون لەتێكەڵاوبوون تا تەمەنێكی دیاریكراو نەیانتوانیوە تێكەڵاوی ڕەگەزی بەرامبەریان ببن، هەست بەوەدەكەن كە لەو ڕەگەزە بێەبشبوون یان زۆرجار ئەو كوڕانە بەدوای تۆڵەكردنەوەدا دەگەڕێن بۆئەوەی كە تۆڵە لەڕەگەزی كچان بكەنەوە، چونكە ڕەنگە لەتەمەنێكی دیاریكراودا نەتوانێت بەخۆشەویستی خۆیان بكەن. هەروەها كاتێك كچێك لەناو كۆلێژ تووشی ناوزڕاندن دەبێت، زۆرجار باوك و براو و كەسووكاری ئەو كچە دەچن كچەكەیان ئازاردەدەن وادەزانن ئەو قسە هەڵبەستراوانە ڕاستە تەنانەت زۆرجار بەهۆی قسە هەڵبەستنەوە ئەو كچە دەكوژرێت .
لەڕووی دەروونیشەوە گرفتی زۆر بۆ ئەو كچە دروست دەبێت، هەمیشە ئەو كچانەی ڕووبەڕووی تەحەروشپێكردن دەبنەوە تووشی نامۆبوون دەبن. تەنانەت هەمیشە هەست دەكەن كە لەناو كۆمەڵگەدا بەهۆی ئەو قسانەوە كەبۆیان هەڵبەستراوە ناشرین بوون، چونكە هەموو مرۆڤێك كاتێك كەتەحەروشی پێبكرێت یان توانجی لێبدرێت تووشی قەیرانی دەروونی دەبێت، تەنانەت ئەگەر كچەكە تووشی تەحەروشێكی گەورەبێت و وێنەی بڵاوبكرێتەوە یان گرتەی ڤیدیۆیی بلاوبێتەوە، پەنادەباتە بەر خۆكوشتن و چەندین حاڵەتی لەم جۆرەمان هەیە.
ڕووخۆش عەزیز توێژەری كۆمەڵایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: تەحەروشپێكردن لەناو كۆلێژدا چەند هۆكارێكی هەیە لەوانە پەروەردەكردنی تاك بەتایبەتی ئەو كەسانەی كە لەگەڵ میللییەكاندا گەورەدەبن مسەلەی تەحەروش بەلایانەوە ئاسایی دەبێت، چونكە دەست بۆبردن بۆكچان لەگەڕەكێكی میللیدا بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا ڕوودەدات، بێگومان بەڕای من تەحەروشپێكردنی كچان لەناو كۆلێژدا ئەمڕۆ زۆر هەیە وەك ناوزڕاندنی كچان، بەهۆی بوختان پێكردنەوە، زۆرجار ئەم دیاردانە لەناو كۆلێژەكان دەبنە نەریت، ئەمەش خاڵێكی سلبی كۆمەڵگەی ئێمەیە، ئەم حاڵەتانەی كە باسمكرد لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر ژیانی ئەو كچە ئیتر ئەو كچە بۆ هەتاهەتایە ناوی دەزڕێت و ناوبانگی دەكەوێتە بەر پڕوپاگەندە كردن و ئەم بوختانانە كاریگەری لەسەر ئاییندەی ئەو كچە دروست دەكات، بێگومان بڵاوكردنەوەی وێنەی كچان و گرتە ڤیدۆیۆییەكانیان لەناو كۆلێژەكان لەلایەن كوڕانەوە كارەساتی زۆر ترسناكی كۆمەڵایەتی لێوە دروست دەبێت، تەنانەت زۆرجار دەگاتە كوشتنیش.
Top