ئەو ژنەی مێردە ناپاكەكەی ئاشكراكرد

ئەو ژنەی مێردە ناپاكەكەی ئاشكراكرد
ئا: ئاشتی عەبدوڵا


جوانە لەگەڵ مێردەكەیدا مشتومڕیان دەست پێكرد، دواجار مێردەكەی پێی وت: بەڵێ ژن دەهێنمەوە و ژن ژنی نەخواردووە، تۆ لێرە و ئەویش لەماڵی خۆی. جوانە وتی: سەرەتا من تەڵاق بدە و با جیابینەوە، ئیتر چی دەكەیت بیكە، ئەی بێوەفای خۆویست، من هەر زوو وتم ئەو نازەنینە كچێكی تەفرەدەرە و تۆش بەگاڵتە نەتكردووە بەسكرتێری خۆت.
پاش مشتومڕ و دەنگە دەنگ، جوانە ماڵی بۆ جێهێشت و ڕۆیشت، كاردۆخ خوشكەكەی هێنایە ماڵی خۆیان بۆ ئاگاداربوون لەمنداڵەكانی، خوشكەكەی لەو بارەیەوە زۆر شتی بۆ كاردۆخ باسكرد و دواجار لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كە جوانە بهێننەوە بۆ ماڵەوە و بەڵێنی پێ بدات ئەو كچە نەهێنێتەوە، جوانە پاش ئاگاداركردنەوەی كەسوكارەكەی هەردوو لایان، پێشنیاری كرد نازەنین لەكۆمپانیاكە دەربكات ئەگەر نا ناگەڕێتەوە بۆ لای و جیابوونەوەیان باشترین ڕێگەچارەیە. نازەنین دەركرا و جوانە ئارام بۆوە، بەڵام لەناوەوەیدا هێشتاكە گومانی نەڕەویبۆوە و هەمیشە عوسمانی كارمەندی بانگ دەكرد و بەتەلەفۆن ئاگاداری دەكردەوە كە دوای مێردەكەی بكەوێ و بۆ كوێ دەڕوات پێی بڵێ.
دوای ماوەیەك كاردۆخ دەستی عوسمانی كەشف كرد و لەكارەكەی دوورخستەوە، هەرچەندە جوانە زۆر هەوڵی گەڕاندنەوەی دا، بەڵام بێسوود بوو.
نازەنین لەماڵەكەی خۆی كاردۆخی لەجاران زیاتر دەبینی و هەردووكیان ناپاكیان لەهاوسەرەكانیان دەكرد، مووچەی خۆی وەردەگرت و هەندێ جاریش بڕە پارەیەك بەناوی دەست و دیارییەوە، جوانە ماوەیەك پارەی دەدایە عوسمان تاوەكو لەچاودێریكردن بەردەوام بێت.
عوسمان بەتەلەفۆن بەجوانەی وت: كاك كاردۆخ چووە ماڵی نازەنین و كاتێك ڕۆیشت لەدراوسێیەكیانم پرسی، پێیان وتم نازەنین مێردی هەیە. جوانە لەنزیكەوە عوسمانی بینی و وتی: كەواتە هێناویەتی؟! عوسمان وتی: نا، ئەو مێردی خۆی هەیە و ناپاكیی لێدەكات.
دواتر ناوی مێردەكەی نازەنین و شوێنی دوكانەكەی پیشانی جوانە دا و ئەویش چوو بۆ لای، هەموو شتێكی بۆ باسكرد و هەردووكیان وەك تەفرەدراوێك قسەیان بۆ یەكتری كرد، مێردەكەی نازەنین تەواو حەپەسا و وازی لەدوكان و حاڵی خۆی هێنا و كەوتە چاودێریكردنی ماڵەكەی خۆی. كاردۆخ ئاگادار بوو ژنەكەی چووەتە لای مێردەكەی نازەنین و بۆ ئەو مەبەستە بەهیچ شێوەیەك نەدەچووە ماڵی نازەنین، دواجار نە جوانە، نە مێردەكەی نازەنینیش نەگەیشتنە هیچ بەڵگەیەك، ئیتر جوانە كەوتە گومانەوە لەعوسمان و وای بەخەیاڵدا دەهات درۆ هەڵدەبەستێ تاوەكو ماڵوێرانیان بكات.
كاردۆخ لەبری ئەوەی بچێتە ماڵی نازەنین، ناوبەناو نازەنینی دەهێنایەوە ماڵەكەی خۆیان لەو كاتانەدا كە جوانە دەچووە وەرزشی ڕۆژانەی، ماوەیەك هیچ بۆ جوانە ڕوون نەبۆوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕێی نەدەكرد ئەوەبوو ڕۆژێك كاردۆخی بینی لەگەڵ كچێكی تردا، بەئۆتۆمبێلەكەی دوایان كەوت و بینی دەچنە ماڵی كچەكە، لەدەرگای دا و ڕووبەڕووی كاردۆخ بۆوە، كاردۆخ خۆی تێك نەدا و ئەوەی پێ ڕاگەیاند كە ئەو كچە ئێستا لەلای ئەو كار دەكات و ماڵەكەش چۆڵ نییە وەك لێی تێگەیشتووە و ئەندامانی خێزانەكەش بەخێرهاتنیان كردن و ماوەیەك كاردۆخ هیچ قسەی لەگەڵ جوانەدا نەكرد و خۆی لێ زویر كرد، دواتر جوانە ئاشتیكردەوە و لەناوەوەشیدا خەم و گومانی تا دەهات زۆرتر دەبوو.
ڕۆژێك نازەنین لەهەڵوێستێكی چاوەڕوان نەكراودا چووە ماڵی جوانە و هەموو پێوەندییەكی خۆی لەگەڵ كاردۆخدا بۆ باسكرد، پاشان ئەو كچەشی بەبیر هێنایەوە كە جوانە چووبووە ماڵیان، نازەنین پێی وت:
-ئێستا وازی لەمن هێناوە و دەیەوێت ئەو كچە بهێنێت، جوانە وتی: من ماڵیان دەزانم، ئەو كچە كێیە بابزانم؟! نازەنین وتی:
- ئێستا لای ئەو كار دەكات و سكرتێریەتی، ئەو كچە خوشكی منە و ئەو ماڵەش كە چوویت ماڵی باوكمە، بەڵێ حەزی لەخوشكەكەم كردووە و بۆ منیش وەفای نەبوو. جوانە هەموو قسەكانی نازەنینی تۆمار كردبوو و پاش ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مێردە ناپاكەكەیدا بڕیاری یەكجارەكی دا و لێی جیابۆوە، ئینجا ئەو تۆمارە دەنگییەشی بۆ مێردی نازەنین و ماڵی باوكی نازەنین و ماڵە خەزووری خۆشی لێدایەوە و هەمووانی خستە دۆخێكی شپرزەوە كە كاردۆخ دروستكەری یەكەمینی بوو.
Top