دڵپیسی لەنێوان ژن و مێردا..

دڵپیسی لەنێوان ژن و مێردا..
ئا: محەمەد ئەحمەد

زۆرن ئەو زاناو دەروونناسانەی كە پێناسی دڵپیسییان كردووەو پێوەی سەرقاڵبوون، هەیانە وتوویەتی: دڵپیسی دەشێ روو بدات لەنێوان دوو كەس چ لە خێزاندا بن چ لە قۆناغی دڵداری و دەزگیرانێتیدا بن، كە ئەگەر ئاسایی بوو نەگەیشتە حاڵەتی گومانكردن و بێباوەڕی و بێمتمانەیی، ئەگەر ماوەی هەفتە یان دوو هەفتەی خایاند، ئەوا دەكرێت بە دۆخ یان حاڵەتێكی سۆزداری و پاسەوانێتی پێوەندییەكی خۆشەویستی دابنرێت و رەنگە لەبەر جوانی و شۆخ و شەنگی كەسی بەرامبەر بێت. رەنگە لەبەر ترسی فەوتاندن و مەیسەر نەبوونی پرۆسەی هاوسەرگیری بێت لەنێوان دوو دڵداردا، بەڵام هەیانە دەڵێت: دڵپیسی نەخۆشییە، چونكە گەیشتۆتە ئەو دۆخەی كە سنوورەكانەی ئەو چەمكانەی سەرەوەی تێپەڕاند (كە باسمانكردن)، بۆیە چووەتە قۆناغی نەخۆشیی دەروونییەوەو پێویستە كەسی دڵپیس سەردانی پزیشكی دەروونیی تایبەت بكات و دەرمانی چارەسەری وەربگرێت..

دڵپیسی دیاردەیەو لە زۆربەی كۆمەڵگاكاندا هەبووە، دیارە تاكی كوردیش لەم دیاردە نەگریسە بێبەش نەبووە، وا تێدەگەین كە ئەم دیاردەیە نەخۆشی بێت نەك دۆخ و حاڵەتێكی ئاسایی، چونكە كەسی دڵپیس گومان لە هەموو كەسێك و شتێكی دەوروبەری خۆی دەكات، جاروبار دەشێ كە هاوسەرێك پێكەنینی هاوسەرەكەی لەگەڵ بێگانەیەكدا قبوڵ نەبێت یان چوونە دەرەوەی بە تەنیای قبوڵ نەبێ، خۆڕازاندنەوەو خۆجوانكردنی ژنەكەی نیگەرانی بكات، بەڵام ئەگەر ئەم حاڵەتە بەردەوام نەبوو زوو هاتەوە دۆخی جاران و بە دیالۆگ كردنی نێوانیان دووبارە نەبۆوە ئەوا ئەم دڵپیسییە جۆرێكە لە غیرەی سروشتی و گوزارشتە لە خۆشەویستی، بەڵام دڵپیسی گوماناوی لە هەموو شتێكی هاوسەر ئەوا ئەمە نەخۆشییەو ماڵوێرانییە، چونكە متمانەو بڕوابوون بەیەكتر ناهێڵێ. دڵپیسی نەخۆشییەكە كەسانی ناڕۆشنبیرو نەزان و نامەدەنی دووچاری ئەبنەوەو لە ناو ئەواندا تەشەنەی كردووە، چونكە كەللەڕەقن و گومان لە هەموو كەسێك دەكەن و خۆیان پیسن و داوێن پیسی دەكەن بۆیە وا دەزانن كە هاوسەرەكەشیان كە دەچێت بۆ بازاڕ یان بۆ دەوام، ئەوا داوێن پیسی دەكەن.

دڵپیسی شتێكی زۆر خراپەو گرێی دەروونییە، كە لە مرۆڤدا پەیدا دەبێ و چارەسەركردنیشی كارێكی زۆر زەحمەتە بەتایبەت لەم رۆژگارەدا، چونكە كەس بڕوای بە كەس نەماوەو كاری لەشفرۆشی ژنانیش زۆر بەربڵاو بۆتەوەو بە ئاسانی بەهۆی مۆبایلەوە پەیوەندی دروست دەكرێ و كاری سێكسیش زۆر ئاسانترە وەك لە جاران، بەڵام ئەگەر مرۆڤ توانی هاوسەرێكی چاك و رێكوپێك بدۆزێتەوە ئەوا متمانەشیان بەیەكتر زیاتر دەبێ ورێزو خۆشەویستی ئەگەر هەبوو، كاری خیانەتیش سەرهەڵنادات كەوا لە لایەكیان بكات، دڵپیس بێ. دڵپیسی دوو هۆكار دروستی دەكات، یەكەم نەبوونی متمانەو بڕوابەخۆبوون، دووەمیش، خۆشەویستی لەڕادەبەدەر كە ئەویش نەخۆشییەو وەسواسی و زێدەڕەویی و حەساسییەت دروست دەكات، بۆ وێنە كەسێك متمانەی بە خوشك یان ژنی خۆی نەبێت و ئینجا زۆریشی خۆش بوێت، غیرەی لێدەكات و ئەمەش پەرە ئەسێنێ تا دەبێتە دڵپیسی و ئیتر شەڕوشۆڕ لەسەر ژیانی یەكتر دروست ئەبێ، ئەو كەسەش كە متمانەی كەمە بێگومان گرێی دەروونی یان جۆرە نەخۆشییەكی دەروونی لەگەڵدایە، چونكە گومان لە هەڵسوكەوتی ئاسایی كەسی بەرامبەر دەكات. ئەمەش ترسناكەو رەنگە ئەنجامی خراپ و كارەساتی لێبكەوێتەوە، چونكە ڕەنگە مێردی دڵپیس ژنەكەی و كچی خۆی یان خوشكەكەی خۆی لەسەر دڵپیسی بكوژێت. دڵپیسی، نەخۆشییەو لەو كەسانەدا دروستدەبێ كە پەروەردەی خێزانیان ئاڵۆزو بێسەروبەر بووە، شەڕوشۆڕ هەبووەو متمانەو خۆشەویستی نێوان دایك و باوكەكە كەمبووە یان هەر نەبووە، نەزانی و نزمی ئاستی رۆشنبیری و هزری خێڵەكی هۆكارن بۆ ئەوەی كە تاكی بێ متمانەو باوەڕ پەروەردە بكەن، بێ متمانەیی بەرامبەر بە رەگەزی دووەم، وا لە مرۆڤ دەكات كە بیر لە شتی وەهمی و خەیاڵێكی بێ بنەما بكاتەوە، مرۆڤی ئاست نزم و خێڵەكی راستی لێ ون بووەو بە چەواشەیی تەماشای دەوروبەری دەكات وبۆ وێنە كە ئافرەت چووە دەرەوەو ماكیاژی كرد وا دەزانێ خۆی بۆ كاری سێكسی و داوێن پیسی دەڕازێنێتەوە.

دڵپیسی دوو جۆرە، یەكێكیان ئەو حاڵەتەیە كە گومان لە كەسی بەرامبەر دەكرێت بەڵام بنەمای هەیەو هۆكارەكە ئاشكرایە، چونكە رەفتار یان قسە یان شتێك بینراوەو لەسەر بناغەیەك دڵپیسی لەكەسی نزیك یان خۆشەویست ئەكرێت و ئەمەش ناكرێت بە نەخۆشی ناو ببرێت، بەڵام ئەوەی كە ئەبێتە دیاردەیەكی ناوازە یان كەسەكە نەخۆشی پارانۆیای لەگەڵدایە كە رۆڵێكی گەورە ئەگێرێت و دڵپیس وا لێدەكات كە گومان لە هەموو شتێك بكات، بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەك لە ئارادا بێ، لە هەموو كەسێك یان رەفتارێك یان شتێكی نزیك بە ئەو گومان و شكی هەیە، وا ئەزانێ هەموو قسەو كردەوەیەك دژ بەو دەكرێ و ئاڕاستەی ئەو دەكرێت ئەمەش خەسڵەتی كەسایەتی نەخۆشی پارانۆیایە. هەروەها لەو پرسەدا كە دەڵێت، ئایا دڵپیسی لای كامیان زۆرترە، لای مێرد یان ژن؟ هەندێك دەڵێن، لای مێردی كورد زۆرترە، چونكە ئەم كۆمەڵگایەی ئێمە مێردسالارییەو مێرد خۆی بە ئاغای ژنەكەی و ماڵەكەی دەزانێ و دەیەوێت فەرمان دەركات و لە هەموو رەفتارێكی ژنەكەی بپرسێتەوە. مێردی كورد زۆربەیان دڵیان لە ژنەكانیان پیسەو من هاوڕێكانم زۆربەیان بەدەست ئەو حاڵەتەوە ئەناڵێنن و هیچ چارەسەرێكیشیان نییە بە بەردەوامی شەڕیانەو هەندێكیان بە زۆرەملێ داوای تەڵاقیان كردووە. مێردان زۆرتر دڵیان پیسە، چونكە دەزانن كە ژنان زوو هەڵدەخەڵەتێن و كاری خراپەیان لەگەڵدا دەكرێت، مێردان سەرچاوەی دروستبوونی دیاردەی دڵپیسین و ژنانیشیان فێر كردووە و ناچارە دڵی لە مێردەكەی پیس بێت. هەندێكی دیكە دەڵێن، مێرد و ژن وەكو یەك هەن كە دڵپیس بن و رێژەكەیان لەیەكەوە نزیكە، هەروەها هەندێكیتر دەڵێن: ژنان زۆرتر دڵیان لە مێردەكەیان پیسە، چونكە حەز ناكەن ژنی دووەمیان بەسەر بێت، حەزیان لە خیانەت نییە، بەتایبەت لەو دۆخانەدا كە باری ئابووری مێردەكانیان باشەو قۆزو جوان و گەنجیشن. ژنی كوردیش لەبەرئەوەی زۆر چەوساونەتەوەو مەینەتی و دەردەسەریان چەشتووە متمانەو بڕوایان بە مێرد نەماوە، بۆیە ئەوان هەمیشە دڵیان لە مێردەكەیان پیسەو زۆرێك هەن دەڵێن، لەنێو ژنانی كوردا وا باوە كە زۆرینەیان دڵپیسن.

دواجار ئایا چارەسەری دڵپیسی چییە؟ بەڕای كۆمەڵناسان، پێویستە هەر لە سەرەتاوە هیچ لەو هاوسەرانە دڵپیسی لەیەكتر قبوڵ نەكەن، چونكە چارەسەری نییەو ژیان لە یەكتر دەكەن بە دۆزەخ، بگرە تەڵاق و قسەوقسەڵۆكی خەڵكی زۆر باشترە لەوەی لەگەڵ كەسی دڵپیس یان رەزیل و پیسكەدا ژیان بەریتەسەر. چارەسەریش ئەوەیە كە بڕواو متمانەی زۆرتریان بە یەكتر هەبێ، هیچ شتێك لە یەكتر نەشارنەوەو پرس بە یەكتر بكەن، خۆشەویستی زیاتریش بۆ یەكتر دەرببڕن، نەك زوو زوو شەڕ بكەن. چارەسەر ئەوەیە كە بەتایبەت كچەكانمان ئەوەیان بۆ روون ببێتەوە كە ئایا ئەو كوڕەی شووی پێدەكەن ئەگەر دڵپیسە ئەوا بە هیچ جۆرێك شوو نەكەن و پرچی سپی بهۆننەوە زۆر باشترە. دڵپیس پێویستە چارەسەری خۆی بكات یان با زەواج نەكات باشترە. تاكی دڵپیس پێویستە بچێتە لای پزیشك و ئەو نەخۆشییەی چارە بكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگا بەتەواوی تووشی ئیفلیجی نەكات. زۆرێك هەن دەڵێن، ئەم دیاردەیە پێی ناوترێ نەخۆشی و شتێكی ئاساییەو ئیتر چارەسەر بۆچی؟ بەڵام بۆ چارەسەری ئەو دڵپیسییەی گرێدراوە بە نەخۆشی پارانۆیا، لەبەرئەوەی رادەی گومانی زۆر بەرزەو بڕوای بە هاوسەرەكەی نییە، پێویستە كە سەردانی پزیشكی دەروونی بكات و دانیشتن و جەلساتی لەگەڵدا بكرێ و دەرمانی تایبەت وەربگرێت.
Top