ئافرەت خۆی دەسووتێنــێت یان دەسووتێندرێت؟

ئافرەت خۆی دەسووتێنــێت یان دەسووتێندرێت؟
پار ساڵ 351 ئافرەت لەهــەرێمی كوردستان سووتاون
* * *
ئا: رۆشنە عومەر

ڕێژەی سووتانی ئافرەتان لەهەرێمی كوردستان تا دێت ڕوو لەزیادبوون دەكات و توێژەرێكی دەروونی دەڵێت ئافرەت چ خۆی بسووتێنێت یان بیسووتێنن، ئەوا كۆمەڵگە تاوانبارە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەساڵی 2011دا لەهەرێمی كوردستان 228 حاڵەتی سووتان و 123حاڵەتی خۆسووتان هەبووە. لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە لەشاری هەولێر 84 حاڵەتی سووتان و 37 حاڵەتی خۆسووتان هەبووە، لەپارێزگاری سلێمانی 87 حاڵەتی سووتان و 37 حاڵەتی خۆسووتان هەبووە، لەپارێزگای دهۆكیش 34 حاڵەتی سووتان 51 حاڵەتی خۆسووتان هەبووە، هەروەها لەسنووری گەرمیانیش 27حاڵەتی سووتان و 7 حاڵەتی خۆسووتان دیاریكراوە. جێگەی ئاماژەیە ئەم ڕاپۆرتە ئەوە دەخاتە ڕوو بەشێك لەو ئافرەتانە بەهۆی قەزاو قەدەرەوە سووتاون یاخود لەئەنجامی بوونی نەخۆشی دەروونییەوە خۆیان سووتاندووە، بەشەكەی تریش بەهۆی توندوتیژی بەرامبەریانەوە خۆیان سووتاندووە.
* * *
بەرگەی ئەو هەموو سووكایەتیەم نەگرت
(س.م) ئافرەتێك بوو بەوتەی خۆی بەردەوام سووكایەتی پێدەكرا، پار ساڵ خۆی سووتاند، (ن.م) كە دەكاتە خوشكی (س) دەڵێت «باوكم (س)ی دا بەپیاوێك كە تەمەنی زۆر لەو گەورەتر بوو، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام سووكایەتی پێدەكردو توندوتیژی بەرامبەر بەكاردەهێنا. (ن) وتیشی: ڕۆژێك پێوەندیان پێوەكردم وتیان خوشكەكەت لەنەخۆشخانەیە و خۆی سووتاندووە، كاتێك چوومە لای گریا و وتی: زۆر بێزاربووم لەژیانی خۆم حەز دەكەم بمرم، چونكە بەر‌گەی ئەو هەموو سووكایەتیەم نەماوە كه ڕۆژانە بەرامبەرم دەكرێت، ئەوە بوو دوای 3 ڕۆژ گیانی لەدەستدا، بەڵام هۆكاری مردنی خوشكەكەم باوكم بوو، چونكە بەزۆر دای بەو پیاوە.
ئافرەتێكی تر بەناوی (ر.ح) كەتەمەنی 25 ساڵه و سێ ساڵ بەر لەئێستا لەداخی براكەی خۆی دەسووتێنێت، بەڵام ماڵەوەی زوو فریای كەوتن و لەمردن ڕزگاریان كرد. ئەو ئافرەتە دەڵێت «لەگەڵ براكەم بووە شەڕمان زۆر توڕە بووم و لەئەنجامدا خۆم سووتاند، بەڵام ماڵەوەم زوو فریام كەوتن ڕزگاریان كردم، (ر.ح) پەشیمانی خۆی دەربڕی لەهەوڵەی خۆسووتانی».
لەماوەی (دە) مانگ 340 حاڵەتی خۆسووتان لەشاری هەولێر و دەوروبەری تۆمار كراوە
دكتۆر سامان حوسێن بەرزنجی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر سەبارەت بەحاڵەتەكانی خۆسووتان دەڵێ «ئەو نەخۆشانەی كە سووتاون زۆربەیان ئافرەتن خۆیان دەسووتێنن و ئیرادەی خۆكوشتنیان هەیه،‌ لەبواری تەندروستیشەوە بەكەسێكی دەروون ناجێگر دادەنرێت و هەر بۆیەشە ئێستا بەشی دەروونیمان كردۆتەوە بۆئەوانەی كە حاڵەتی دەروونیان باش نییە». (د.سامان) وتیشی «پار ساڵ لەمانگی 3 تاكو كۆتایی مانگی 12 دا 340 سووتانی ڕەگەزی مێ هەبووە لەهەولێر و دەوروبەری كە بەشێكی زۆریان ئافرەت بوونە و لەڕووی پزیشكییەوە لەتەمەنی ناوەند بوونە واتا له تەمەنی گەنجی». دواتر نەقیب ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری‌ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژی‌ دژی‌ ئافرەتان لەبارەی جیاوازی نێوان ئاماری توندوتیژی لەگەڵ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی، وتی «ئەوان هەموو حاڵەتەكان دەنووسن و تۆماری دەكەن، كەچی ئێمە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكەین كەبەهۆی توندوتیژییەوە سووتاو،ن واتە توندوتیژی دژیان بەكارهاتووە. ساڵی (2011) نزیكەی (37) حاڵەتی خۆسووتانمان هەبووە بەپێی ئیفادەكانیان دەركەوتووە كەخۆیان سووتاندووە لەداخی كەسوكاریان، و‌ (84) سووتانمان هەبووە كە بەقەزا و قەدەر سووتاون، بەڵام لەساڵی(2010) نزیكەی (64) خۆسووتان و(102)سووتانمان هەبووە، لێرەدا دەردەكەوێت كە لەسالی 2011 بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی خۆسووتان كەمی كردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2010».
(د. سامان) ئاماژە بەوەش دەدا، كە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی خۆیان دەسووتێن لەنەخۆشخانە دەڵێن بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی غاز و زۆپا و پەرەمێز بووە، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆربەیان لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی خۆیان سووتاندوه و ویستویانە كۆتایی بەژیانیان بهێنن، هەروەها زۆربەی ئەو كەسانەی كە خۆیان دەسووتێنن سووتانەكەیان لەپلە سێیە و ئەوانەی سووتانەكەیان لەو پلەیەیە زۆربەیان ئافرەتن.‌
بەردەوام پێوەندیمان لەگەڵ نەخۆشخانەكان هەیە
(د.سامان) سەبارەت بەوەی تا چەند كۆنتاكتیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی هەیە وتی «تائێستا بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی بەشێوەیەكی كارا نەهاتوونەتە لای ئێمە، ئەوان تەنیا داوای ئامار و زانیاری دەكەن بۆ دیراسەت كردن و ناشزانم تاچەند توانیویانە كاری لەسەر بكەن، چونكە ئەوان دەبێ كاری لەسەر بكەن». سەبارەت بەنەبوونی كۆنتاكت لەگەڵ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر دەڵێت «ئێمە كۆنتاكتی بەردەوامان لەگەڵ نەخۆشخانەی ئێمێرجنسی هەیه،‌ چەندین جار نووسراومان بۆ وەزارەتی داد كردووە داوامان كردووە كە لێكۆلەرەوەی داد لەهەموو نەخۆشخانەكان هەبێت، چونكە پێویستە ئەفسەری بنكەی ئەو گەڕەكە بچێتە نەخۆشخانەكە و لێكۆلەرەوەی دادی بەردەوام لەوێ‌ بێت».
د. سامان ئەوەشی خستە ڕوو كە ئێستا ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوە بە بەردەوامی لەو نەخۆشخانەیە دەوام دەكات و بەشێویەكی زۆرباش و بەوردی چاودێری حاڵەتەكان دەكات، هەر كەیسێك بگاتە نەخۆشخانە ڕاستەوخۆ به هاوكاری لێكۆلەرەوەی دادی ئیفادەكەی وەردەگرن.
كۆمەڵە خەڵكانێك هەن گوشار دەخەنە سەر ئافرەت بۆئەوەی خۆی بسووتێنێت
هودا زەنگەنە چالاكوانی بواری ئافرەتان پێیوایە ئەو ئافرەتانەی خۆیان دەسووتێنن هیچیان بەویستی خۆیان ئەم كارە ئەنجام نادەن و دەڵێت «كۆمەڵێك هۆكار پاڵنەرە تا ئەو كەسە بیر لەخۆسووتاندن بكاتەوه،‌ گوشارە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان وایان لێدەكات ڕوو لەخۆسووتان بكەن‌. هودا ئەوەش دەخاته ڕوو كە ڕۆژ دوای ڕۆژ هۆكارەكانی خۆسووتاندن ڕوو لەزیاد بوونن، هەروەها یاسای(غسل العار) دووبارە هەمواركرایەوە و كۆمەڵێك دەزگای تایبەت بەئافرەتان دامەزرێنران و چەندین بنكە تایبەت بەسكاڵای ئافرەت كراونەتەوە، هودە وتیشی «ئێستا خەڵكانێك هەن گوشارێكی زۆر دەخەنە سەر ئافرەت بۆ ئەوەی ناچار بێت خۆی بسووتێنێت و بەدەستی خۆی كۆتایی بەژیانی بهێنێت، واتا لەبەر ئەوە ئەو كەسانە بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە تووشی لیپێچینەوە نەبن و سزا نەدرێن بەتاوانی كوشتنی ئافرەت، هەوڵ دەدەن بەشێوەیەكی تر وا لەو ئافرەتە دەكەن كەخۆی بكوژێت و كۆتایی بەژیانی بهێنێت، هەر بۆیەشە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی خۆسووتاندنی ئافرەتان لەزیادبوونه،‌ چونكە گوشارەكان لەلایەن كۆمەڵگەوە زیاد دەكرێن بەرامبەر به ئافرەتان».
دكتۆر یوسف حەمه ساڵح سەرۆكی بەشی دەرونزانی له كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین پێیوایە ئافرەت چ خۆی بسووتێنێت یان بیسووتێنن، ئەوا كۆمەڵگە تاوانبارە و دەڵێت «چونكە زۆڵمی كۆمەڵگە و پاڵنەرە دەروونییەكانە كە وا لەمرۆڤ دەكات بكەونە ژێر كاریگەری دەروونی و بڕیاری خۆسووتان بدەن و كۆتایی بەژیانیان بهێنن». د. یوسف ئەوەش دەخاتەڕوو، كە بوونی ئەم ڕێژەیە زۆرەی خۆسووتان نیشانەیەكی زۆر مەترسیداره،‌ چونكە چینێكی سەرەكی كۆمەڵگە بەم شێوە مەترسیدارە ڕوو دەكاتە خۆكوشتن، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگە‌یەكی پیاوسالارییە بۆیە هۆكاری جیاواز هەیە كە وادەكات ئافرەتان بەم شێوەیە ڕوو بكەنە خۆكوشتن و خۆسووتاندن.
Top