لەئاكامی ڕێگرتن لەبەردەم خەونەكانی خانمێكی وەرزشوان خۆی دەكاتە قوربانی فیشەكێك

لەئاكامی ڕێگرتن لەبەردەم خەونەكانی خانمێكی وەرزشوان خۆی دەكاتە قوربانی فیشەكێك
ئا: سانا سلێمان


خۆكوشتن خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی قێزەوەن لەكوردستان بەتایبەتی لەلایەن ئافرەتانەوە، زۆر جاریش قوربانی توندوتیژی و بۆچوونە توندەكانی دەستی پیاو و پیاوسالاری بوون، (هـ)كچە یاریزانێكی بەتوانا و لێهاتووبوو لەبواری وەرزشی، بۆیە چەندین هیوا و خەونی پیرۆزی لەخەیاڵدا گەڵاڵە بوو و لەپێناو هێنانەدی ئەم خەونانە ئەركی زۆری دەكێشا، بەڵام نەیتوانی بەرگەی ڕێگا گرتن لەخەونەكانی بگرێت، بۆیە گیانی خۆی دەكاتە قوربانی فیشەكێك.

(هـ.خ) كچێكی تەمەن 20ساڵەی ڕەنگ گەنمی باڵا بەرزی قژ ڕەش و چاو قاوەییەكی ڕوح سوك قوتابی و وەرزشوانێكی سەركەوتووبوو و ماوەی شەش ساڵ لەڕیزی یانەی ئافرەتانی هەولێر یاری كردووە، دواتر بەهۆی كەمی مووچەی لەیانەكەدا چۆتە یانەی قەڵا و هەروەها قوتابی بووە لەقۆناغی یەكەمی ئامادەیی بازرگانی كچان، ئەو كچە لەڕۆژی 2012/1/25 كاتژمێر 5 ئێوارە لەماڵەوە لەژوورەكەی خۆی بەفیشەكێك كۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.

بەگوێرەی قسەی هاوڕێكانی (هـ) خۆی كوشتووە بەهۆی ئەوەی باوكی ڕێگای نەداوە سەردانی سلێمانی بكات بۆ ئەنجامدانی یاری لەگەڵ یانەكەی و لەیاریكردن دووری خستۆتەوە، بەڵام بەپێی وتەی باوكی ئەو كچە كە عەقیدی خانەنشینە لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی هەولێر داویەتی، ئاگاداری خۆكوشتنی كچەكەی نییە و دەڵێت: من هیچ ئاگاداری خۆكوشتنی كچەكەم نیم كاتژمێر (5:15) ئێوارە كچێكم تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی (هـ) خۆی كوشتووە، ئەوكات من لەدەرەوەی هەولێر بووم ئاگاداری چۆنیەتی ڕووداوەكە نەبووم، باوكی ئەو كچە وتویەتی: كچەكەم عەصەبی بوو، زوو زوو توڕە دەبوو، بەڵام لەماڵەوە هیچ كێشەیەكی نەبوو، ناشزانم بۆچی خۆی كوشتووە، ڕووداوەكە قەزاو قەدەر بوو، لەپێوەندییەكدا گۆڤاری گوڵان هۆكاری خۆ كوشتنی كچەكەی لەباوكی پرسی كە گوایە بەهۆی ئەوەی ڕێگای نەداوە سەردانی سلێمانی بكات لەگەڵ یانەكەی یاری هەبووە بۆیە خۆی كوشتووە، باوكی ئەوەی بەدوور لەڕاستی زانی و بەتوڕەیی گوتی: ئەو قسانە هەمووی دوورن لەڕاستی، كچەكەم لەماڵەوە هیچ كێشەیەكی نەبوو، تەنیا توڕە بووەو ئەو كارەی ئەنجامدا.

ئێمە لەكۆمەڵگایەك دەژین بەردەوام ئافرەت لەپێناو كاركردن و گەیشتن بەئاواتەكانی ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئازار بۆتەوە، یاخود تووشی چەندین جۆرە بەرهەڵستی كردن و توانج دەبێت، تاوەكو ئەمڕۆش پیاوان ئامادە نین دان بەوە بنێن كە ئافرەتیش توانای سەركەوتنی هەیە لەگشت بوارێكدا.

هاوڕێیەكی تری (هـ) كە قوتابی پەیمانگای تەكنیكی و یاریزانی تۆپی دەستە و ماوەی پێنج ساڵ هاوڕێی(هـ) بووە دەڵێت «ئەو كچە زۆر سەركەوتوو بوو لەیاری تۆپی دەست بەردەوام ئارەزووی سەركەوتنی دەكرد لەو یاریە، بەڵام لەلایەن خێزانەكەیەوە نزیكەی چەند مانگێك دەبێت لەیاری كردن دوورخسرایەوە بەبیانووی ئەوەی تا وانەكانی بخوێنێ، بەڵام دواتر دەستی كردەوە بەڕاهێنان و ڕۆژێك پێش یاریەكە ئینجا ڕاهێنەرەكە پێی دەڵێت ئەگەر خێزانەكەت ڕێگەت پێ دەدات بێی بۆ سلێمانی تۆش دەتوانی بەشداری یارییەكە بكەی لەسلێمانی، بەڵام خێزانی ڕێگەیان پێ نەدابوو، بۆیە خۆی كوشت، ڕەوا ئەو كوڕە گەنجەیە لەگەڵ كۆمەڵێك لەهاوڕێیانی كە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گلەیی لەیەكێتی تۆپی دەستی كوردستان دەكەن و دەڵێن: یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان لەئاست گیان لەدەستدانی (هـ) بێ وەفابوو، هەواڵی كۆچی دوایی (هـ) بۆ ئێمە كوشندە و جەرگبڕ بوو، هەموومانی لەدڵەوە تاساند، چونكە ئەو كەسێكی تابڵێی بەڕێز و سادەو ساكار بوو، ئەو یەكێك بوو لەباشترین یاریزانەكانی عێراق و كوردستان لەتۆپی دەست، (هـ) چەند ساڵێكە خزمەتی ئەو یاریەی كردووە و یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێر و قەڵا و یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی پەروەردەی هەولێر بووە، كۆچی دوایی (هـ) هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی خولی پلەیەكی كوردستان بۆ تۆپی دەست، واتە ئەو ئێوارەیەی (هـ) كۆچی دوایی كرد بۆ بەیانی خولی پلەیەكی كوردستان دەستی پێكرد كەواتە دەبوایە لەگەڵ دەست پێكردنی خولەكە یەكیتی تۆپی دەست بڕیاری دابا سەرجەم یاریزانەكان پەرۆكێكی ڕەشیان لەقۆڵیان بەستابایە لەگەڵ دەست پێكردنیش خولەكێك وەستابان دواتر خولەكە دەستی پێكردبایە وەك ڕێزلێنانێك بۆ گیانی (هـ).

عەقید جەمیل محەمەد سورچی بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوان دەڵێت «كاتژمێر 6ی ئێوارە ئێمە ئاگادار كراینەوە كە كچێك خۆی كوشتووە كە گەیشتینە شوێنی ڕووداوەكە بۆمان دەركەوت كچێكی تەمەن 20 ساڵانەیە و یاریزانی تۆپی دەستە، بەدەمانچەیەكی توركی گولەیەكی لەلای چەپی سنگی داوە و كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، ئێمە دەستمان بەسەر دەمانچەكەدا گرت، هەروەها بەگوێرەی لێكۆڵینەوە و وتەی باوكی لەئەنجامی توڕە بوون ئەو كارەی كردووە».

لەبارەی ژیان لەپێناوی گەیشتن بەئاواتەكان و بەربەستەكانی لەكۆمەڵگای ئێمە، توێژەری كۆمەڵایەتی بەهزاد محەمەد دەڵێت «بێگومان ئەم كۆمەڵگەیەی ئێمە ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لەبەردەم خەونەكانی ئافرەت و سەرهەڵدانی دیاردەی خۆكوشتن، چونكە ئافرەت وەكو بوونەوەرێك سەیر كراوە كە تایبەتە بەخزمەت كردنی پێداویستیەكانی پیاو، بۆیە كاتێك كە خەونێكی جیاوازی هەبێت و هەوڵی بەدیهێنانی دەدات و گشت تواناكانی خۆی لەپێناو سەرف بكات، سەرەتا لەناو خێزانەكەی ڕێگری دەست پێدەكات لەجیاتی هاندان و پشتگیری كردنی، ئینجا وای لێدێت هەموو هەڵسوكەوتەكانی لەئەنجامی كارلێك كردنی لەگەڵ دەوروبەردا دەبێت، بۆیە لێكترازانی خێزان و نەمانی پێوەندییە ڕۆحیەكان لەنێوانیاندا هۆكارێكە بۆئەوەی مرۆڤ هەست بەنامۆیی بكات و گۆشە گیربێت، لەدواییشدا هەست بەئازاری دەروونی دەكات و وای لێدەكات پەنا بباتە بەر خۆكوشتن بۆئەوەی لەم بارودۆخە ئاڵۆزە ڕزگاری ببێت.
Top