ئەو گەمییە چارۆكەدارەی نەگەیشتە ئوسترالیا

ئەو گەمییە چارۆكەدارەی نەگەیشتە ئوسترالیا
ئا: كاندىش
خامۆش و دكتۆر حوسێن لەو گەمییە چارۆكەدارەدا بوون كە بەقاچاغەوە لەڕێی ئەندنوسیاوە بۆ ئوسترالیا دەیان كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، زۆر بە سانایی لە شەوێكی تاریكی ئەنگوستەچاودا، لەبەر لرفەو شەپۆلی ئۆقیانووسی هادیدا، ڕێڕەوی خۆیان گوم كردبوو، لەو شەوەدا ئۆقیانووس بەوشوێنە تاریكانە دەچوو گەر كەسێك لەخەونیشیدا بیدیتبایە، هەستی بە ترس و ونبوون دەكرد، لەو زوقمەسڕەدا وەختبوو هەمووان كەسیرەبن، خامۆش كە هەمووی سێ مانگێك دەبوو شووی بە دكتۆر كردبوو، بە دووگیانییەوە ڕێی ئەو سەفەرە سەختەی گرتبووەبەر، دكتۆر قەمسەڵە چەرمەكەی خۆیشی بەسەرشانی خامۆشا دابوو، خامۆش بە لێوە لەرزینەوە وتبووی: ڕێڕەوەكە نادۆزرێتەوە، ڕێمان پێنادەن بگەین، بۆ وامان بە خۆمانكرد؟
نەختێك نانی برسیشكێن لە گیرفانی جانتاكەیان مابووەوە، دكتۆر بەو ژنەی تەنیشتیانی داوە كە منداڵە سەرما بردەڵەكەی كۆشی لە برسانا دەنووزایەوە، كەتەماشای مناڵەكەی كردووە تیكەی نانەكەی قووت نەئەداو هەر دەگریایەوە، لەڕاستیدا دوای چەندین شەو و ڕۆژی ناو تافە تافی شەپۆلەكانی ئۆقیانووس، برسێتی تەنگی بە هەموو سەرنشینەكان هەڵچنیبوو، دوای تاوێك ژنێكی خەڵكی كەربەلا كە ئەویش لەگەڵ خانەوادەكەیدا بوو لە زیڕژنی داوەو قیژاندویەتی: ئەویلاخ یومما ڕاحەت عەلێننا دونیا.

خامۆشیش لە ترس و سەرمادا دەیەویست وەك ئەو بزریكێنێت، كەچی نووزەی لەبەر بڕابوو، ڕاڕەوی گشت جەمسەرەكان لە هەموو لایەكەوە تاریك و تنووك ببون، دكتۆر كە لەناو خانەوادەیەكی خانەدانی عارەبی شاری سەماوەدا پەروەردەكرابوو، زۆری لەخۆی دەكرد خۆڕاگربێت و نەگرییە، ئەم لە ساڵانی شەستەكاندا دوای ئەوەی داك و بابە دوورخراوەكەی لە بیابانی نوگرەتولسەلمان گیانیان سپاردبوو، خانەوادەیەكی دەوڵەمەندی عارەبەی خەڵكی سەماوە هەر لەڕێی خوا، ئەمیان بە مەلۆتكەیی هەڵگرتبۆوەو ناویان لێ نابوو سەید حوسێن، بەڵام كاتێك كۆلێژی پزیشكی زانكۆی بەغدایان بە سەید حوسێن تەواوكردبوو، ئەوجا ڕاستێتی بنەچەی خۆیان پێ وتبوو، كە ماڵباتی وی بە ڕەسەن كوردن و شەهیدی دەستی غەدر بوون، سەید حوسێنیش كاتێك بەدوای سۆراغی كەسوكاری باوانیدا هاتبووە سولەیمانی، ماوەیەك لە نەخۆشخانەكاندا تیماری نەخۆشانی دەكردو دواتر یەكێك لە خزمانی باوكە شەهیدەكەی خۆی لەگەڕەكی دەركەزێن دۆزیبوەوەو ئەم خامۆشە زراڤ و شیرینەی لێ خواست بوون كە ئێستا لە زەریای هادیدا لەناو تاریكییەكی شەپۆلدارداو بەسەر گەمییەكەوە هەڵتوتاون، سەید باوەشی بە خامۆشدا كردو زۆر بە توندی دەستی یەكتریان گرت و هەستی دەكرد لە هەموو وەختێ زیاتر ئەم و منداڵەكەی ناو سكی خامۆش كە پاشەڕۆژن و ئەو دایك و باوكە نەدیوەی خۆیشی كە ڕابردوون خۆشدەوێن، باوانی بە زەبرو زۆرداری ڕژێمی ئەوسای دژبە كورد، لە تینوییەتیدا لەناو بیابان خنكابوون، وادیارە سی و سێ ساڵێك پاش تێپەڕینی ئەو ڕووداوە، ئێستا لەناوچەوان و تەختی بەختی ئەمیش نووسراوە كە ئەم و هاوسەرە خۆشەویستەكەشی وا لەناوشەپۆلەكانی ئاودا بە شەكەتی لەناو زەریادا بخنكێن، بە لوورە لوور بایەكی توند هەڵیكردو وەك دێوەزمە پاڵی بە گەمییەكەوە دەنا، جارێك بۆ پێشەوەو جارێك لە تەنیشتەوەو جاریش هەبوو گەمییەكەی وەك گەڵایەكی ناو گێژەنگی سەرئاو كەوتوو لە شوێنی خۆی دەخولانەوە، چاوی سوورو ترسێنەری ماسییە قرشەكان خۆیان لە مەڵاس دا بۆیان، بروسكەكانی ئاسمان و ئەو چاوە ئەهریمەنیە بریقەدارانەی ناو زەریاكە خامۆش و دكتۆری دائەچڵەكاند، لەو جەنگەی شەوەدا هەمووان كەوتبوونە لووشی لووشی گریان، لە پڕ گوێبیستی نركەو قرچەی تێكشكانی دارو پەردووی گەمییەكە بوون و شەپۆلێك ئاو باڵ و سنگی هەڵبڕی و ناڵاندییە سەر گەمیی و سەرنشینەكانی لە تەمومژدا نغرۆكردو دوای تێكوپێك شكانی هەموو شتێك بە قیژەو ناڵەو گریانەوە كە دەنگیان لەئاست دەنگی تووڕەیی زەریادا لە چپە چپی ناو تەڕچك دەچوون، هەندێك لە سەرنشینەكان سەرئاو كەوتنەوەو بەفیزاح و گریانەوە بانگیان لە یەكتریی دەكرد، یەكێك لەو دەنگانە نوزەنووزی خامۆش بوو: وێنەك سەید، ئەرید ئەشوفەك، سەید لا تتركینی وەحدی. لا لا. نا توخوا نا، دایە گیان تۆ لە كوێی...توخوا فریای سەید بكەون، كوانێ..سەید. ئنتە وێنەك سەید. دایە. توووخوا. خوایەگیان هاوار....
شەپۆلەكانی زەریا، سەیدی لووش دابوو، هیچ پێگەیەكیش بۆ خامۆش نەمابووەوە تا پێی لەسەر دابنێت، بە حاڵە حاڵ خۆی گەیاندە تەختەدارێك و ئامێزی پێداگرت، وا خۆی دەهاتە پێش چاوان سمۆرەیەكی برینداری تۆقیوەو خۆی بە تاڵەپووشێكی دەم تاوەرە بەردێكی هەڵدێرێكەوە گرتبێتەوە، لە خوارەوەشی خەرەندێكی هەزار بە هەزاری تاریكەو هەژدیهای لێ دەفیشكێت، ماسیەكی قرش ددانەكانی لە دامێنی كراسەكەی خامۆش گیركردو هەر دەیزریكاندو تەختەكە سەربەرەوژێر خامۆشی نغرۆی ئاوەكە كرد، خوێنێكی ڕەنگ هەناریی سەرئاو كەوتووو...
ئەمە كۆتایی ئەو بەسەرهاتە بوو كە لە ساڵی دووهەزاردا، لەو هەژدە خێزانە عیراقیە قەوما، كە بە گەمییەكەوە كۆچیانكردبوو بۆ ئوسترالیاو زۆربەی زۆریان لەناو زەریادا خنكان و جگە لە چەند كەسێكیان نەبێت كە لە لایەن پۆلیسی دەریاوانی ئەندنوسیاوە پاش ڕۆژێك لە دوای ڕووداوەكە ڕزگاركرابوون و لە وتەی یەكێك لە ڕزگاربووەكانەوە باسی دكتۆر سەید حوسێن و خامۆش خان كرابوو كە ئەو كەسە خۆی شایەتحاڵی بەسەرهاتەكە بووەو دوا ساتەكانی ڕۆح سپاردنی هەردووكیانی بە چاوانی خۆی دیتووە. هەروەها هۆكاری گومبوونیانی لەناو زەریاكەدا بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە كەشتییەكی پۆلیسی ئوسترالی گەفی لێكردون تا بگەڕێنەوەو و نەچنە نزیك كەنارەكانی ئوسترالیا، بە كشانەوەی گەمییەكە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە قەوماوە.
Top