بوونی ئافرەت لەنێوان سیاسەت و ئێكسسواردا

بوونی ئافرەت لەنێوان سیاسەت و ئێكسسواردا


ئا: رۆشنە عومەر

ئافرەت و سیاسەت

نووسەر و شاعیر مهاباد قەرەداغی پێیوایە لەم بەشەی كوردستاندا بەشداری ئافرەت لەسیاسەتدا ڕووكەش و بێ كاریگەریشە، دەشڵێت «بەباوەڕی من ئەو هەلومەرجەی كە ئێستا لەكوردستاندا سیاسەتی تێدا پیادەدەكرێت، بەشدار نەبوونی ئافرەت لەسیاسەتدا باشترە و لەبەرژەوەندیدایە، چونكە مەخابن كەلتوورێكی سیاسی زۆر نامۆ بەهونەر و زانستی سیاسەت پیادە دەكرێت و پێوەرەكانی سیاسەت لەوڵاتی ئێمەدا پێوەندییان بەلۆژیكەوە نییە و میزاج دەستنیشانی دەكات. كەشی سیاسی زەلكاوێكە لە ململانێی ناتەندروست، بۆیەمن پێموایە كە ژن لەكوردستاندا بەشداری سیاسەت نییە، زەرەری نەكردووە. هەروەها چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ «لەكۆمەڵگەیەكی خاوەن سستمی پیاوسالاری، ئەوەندەی متمانە بەپیاو دەدرێت بۆ كاری سیاسی و بەرپرسیاریەتی باڵا، ئەوەندە بەئافرەت نادرێت. هەر بۆیەشە ئافرەتان خۆشیان وەك پێویست خۆیانی لێ نادەن».



ئافرەت بکرێت بەسەرکردەش ناهێڵدرێت هیچی لەدەست بێت

ئافرەتی كورد، شانبەشانی پیاو لەزۆربەی بووارەكانی ژیاندا كاردەكات و وێڕای ئەو هەموو ئاستەنگە سیاسی، ئابووری كۆمەڵایەتیانەی بۆی دروست دەكرێت، هەندێك جاریش لەڕەگەزە ڕكابەرەكەی زیرەكتریشە دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لەگۆڕانكاری كۆمەڵگە و دەتوانێت وەكو قیادیەك كاربكات، بەڵام لەبەر بوونی پیاوسالاری و دابونەریتی كومەڵگە، ڕێگا بەئافرەت نادرێت ببێتە سەركردە. مهاباد قەرەداغی لەم بارەیەوە دەڵێت «ئافرەت دەتوانێ ببێتە سەرکۆمار و و سەرۆک وەزیرانیش، بەڵام لەکەشوهەوایەکی تەندروستی سیاسیدا نەک لەکەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەکوردستاندا و لەم هەلومەرجەی ئێستا و بەو هزر و ئاوەزەی کە سیاسەتی پێ بەڕێوە دەچێت، ئافرەت بکرێت بەسەرکردەش ناهێڵدرێت هیچی لەدەست بێت. بەڕووکەش لەناوەندی بڕیاڕە، بەڵام بەداخەوە بەشداری بڕیاڕی سیاسی نییە و هیچی لەدەست نایەت، لەڕووی سەلماندنی ئەم قسەیەوە، کێشەی بەڵگەمان نییە، دەتوانین بۆچوونەکانمان بەڵگەدار بکەین و ئەوە بابەتی لێکۆڵینەوەی زانستیمان دەبێت».



تائەم ساڵانەی دوایی ئافرەت نەیتوانوە بچێتە ناو قیادەی سیاسی حزبەكان

بەشداربوونی ئافرەت لەسیاسەتدا وەكو بوونی ئێكسسواری سیاسەتە بۆئەوەی سیاسەت پێیەوە جوان بێت، سیاسەت شانازی بەئافرەتەوە بكات. لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت «بەداخەوە لەناو سیاسەتدا تائێستا ژن پێگەی گرنگی نەبووە، من پێش ئەوەی گلەیی لەپارتە سیاسییەكان بكەم وەك ئەندامێكی سیاسی ناو حزبێكی دەستەڵاتدار دەڵێم پارتە سیاسیەكانی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتە علمانیە ئازادی خوازەكانن بەدرێژای مێژووی خەباتیان ژنیان تێدابووە و بەردەوام هەمیشە لەشاخ و لەشار ژنیان تێدابووە، باوەڕیان بەئافرەت هەیە، بەڵام بەداخەوە تائەم ساڵانەی دوایی ئافرەت نەیتوانیوە بچێتە ناو قیادەی سیاسی ئەم حزبانەوە، لەبەر ئەوەش ئەگەر ئافرەت پێگەی سیاسی گەورەی نەبێت، لەناو حكومەتیشدا هەر بەدیكۆر دەمێنێتەوە، لەبڕیارە سیاسییەكانیش».
چناریش ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی فەرهەنگی كۆمەڵگە لەلایەك، و تواناو لاوازی خولیای ئافرەتان بۆكاری سیاسی و دەوڵەتداری لەلایەكی تر، بۆتە هۆی ئەوەی كە ڕێژەیەك لەو ئافرەتانەی كە دەگەنە ئاستە بەرزەكانی بڕیاردان، لەلایەن پیاوانەوە زیاتر وەك دیكۆر و كەرستەی جوانكاری سەیر بكرێن.



ئافرەت بەگوڵی سەر مێزی پیاوان دادەنرێت لەسیاسەتدا

ئەڤین ئیبراهیم فەتاح چالاكوان لەبواری ئافرەتان و ڕاگەیاندنكار دەڵێت «ئافرەت وەك دەستەگوڵێك لەسەر مێزی پیاو دادەنرێت، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە هی پیاوانە، كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارییە لەبەر ئەوە هیچ ڕێزێك بۆئافرەت دانانێت، ئەو ژنانەی كە دەگەنە دەستەڵات دەسكە گوڵی پیاوانن لەبەر ئەوەی ئەگەر وەك پیاو بیرنەكەنەوە، ئەوا جێیان نابێتەوە و ئەگەر تەماشا بكەین لەڕاگەیاندندا چەند ژنمان هەیە، بەڵام چەند ژن لەپلەكانی دەسەڵاتدا هەن، لەبەر ئەوەی هەرگیز ڕێگە بەژن نادرێت تواناكانی بەرجەستەبكات و هەمیشە كۆمەڵگە بۆپیاوان خوڵقاوە، ژنەكانی دەسەڵاتیش وەك گوڵی سەرمێزی پیاوانن».
مهاباد قەرەداغی ئاماژە بەوەشدەدا كە لەوڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیادا ژن کە بەشداری سیاسەتە، بەشداری بڕیاڕی سیاسییە، ئەوە لەوڵاتانی نەریتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئافرەت وەک دیکۆر و ئێکسسوار بەکار دەبرێت بۆ جوانکردنی ڕووی دەرەوەی سیاسەت. لەڕاستیدا ئەو ئافرەتانەی کە لەکوردستانیشدا کراون بەسەرکردە، خۆیان پێش هەموو کەسێک دەزانن ئەوان نە پرسیان پێ دەکرێت و نە بەقسەیان دەکرێت، بەڵام بوێری ئەوەیان تێدا نییە بەرهەڵستی بکەن. یەکێک لەسیفەتە سەرەکییەکانی سەرکردە چ بۆ ژن و چ بۆ پیاو بوێری و دلێرییە، ئایا بچووکترین بوێری و دلێریمان لەم سەرکردە ئافرەتانە دیووە کە لەدوو ساڵی ڕابردوودا لەکۆنگرەی حزبەکاندا بەسەرکردە تەعین کران.
Top