بوونی ئەو ئافرەتانە لەنێو پیشەنگاكانی ئۆتۆمبێل بۆ چ مەبەستێكە....؟

بوونی ئەو ئافرەتانە لەنێو پیشەنگاكانی ئۆتۆمبێل بۆ چ مەبەستێكە....؟
ئا: دیار سالار

هەر لەدوای بانگی عەسرەوە پێشانگاكانی ئوتومبێل و هەردوو ناوچەی پیشەسازی لەشاری هەولێر دەبێتە مەكۆیەك بۆ ژمارەیكی زۆر لەئافرەتانی عەبا بەسەر زۆریان وەك سواڵكەر خۆیان پیشاندەدەن یاخود وەك دەستگرەوە و بەشێك لەگەنجەكانی ئەو گوزەرەش ئەم ئافرەتانە بەلەشفرۆش دەزانن، بەجۆرێك پۆل پۆل ئافرەت دەبینی‌ بەكۆمەڵ‌ دەگەڕێن و لەپڕ دابەش دەبن، هەندێكیان لەپاڵ‌ بەختگرتنەوە، كاری‌ لەشفرۆشیش دەكەن، ئەم ئافرەتانە‌ عەرەبن و كەمێك كوردیشیان‌ تێدایە، بەقسەی پیاوەكان ئەم ئافرەتانە تەنیا بۆ لەشفرۆشی‌ دێن.

یەكێك لەو ئافرەتانەی‌ كە دەستدەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەودا كە ئەوان تەنیا بۆكاری دەستگرتنەوە ڕوو لەو شوێنە دەكەن و دەڵێت: ((ئێمە كەخەڵك پێمان دەڵێن دۆم یان قەرەج هیچ پیشەیەك نازانین، لەدێر زەمانەوە ئەمە كاروپیشەمانە، دەست دەگرینەوەو فاڵچێتی دەكەین ڕوودەكەینە ئێرە، چونكە كەسانی دەوڵەمەندی لێیە و پڕە لەو گەنجە هەرزەكارانەی كە دەیانەوێت بزانن بەختیان لەگەڵ ئافرەتاندا چۆنە هەندێكیان پارەمان نادەنێ زۆر ڕەزیلن، بەڵام هەندێكیان هەر ئافرەت ببینن هیچیان لەبیرنامێنێت، ئێمەش هەوڵ‌ دەدەین ئیستغلالیان بكەین)).
ئەو ئافرەتە ئەوەش دەخاتەڕوو كەبەشێكی زۆر لەپیاوە بەتەمەنەكان ڕۆژانە پارەیان دەدەنێ بەبێ هیچ بەرامبەرێك، بەڵام كوڕە هەرزەكارەكان لەزۆرجاردا داوای سێكسیان لێدەكەن.
ژنێكی تر كە عەرەب بوو هەر خەریكی دەستگرتنەوەبوو بۆكۆمەڵە گەنجێك دواتر خۆی بە سەوسەن پێناساندین، سەبارەت بەكارەكەیان سەوسەن باس لەوە دەكات كەئەوان ئەم پیشەیەیان لە باو و باپیریان بۆ ماوەتەوەو هیچ كارێكی تر نازانن، دەڵێت: ((بەبیرەوەریم ئێمە هەر لەوەتی خودا دروستی كردوین هەموومان هەر ئەم كارەمان زانیوەو بژێوی خۆمان پێدابین كردووە و هیچ پیشەیەكی تریش فێر نەبووین)). سەوسەن ئاماژەی بەوەشدا ئەوان چونكە بەقەرەج ناسراون چونكە خاوەن كەلتوری خۆیانن و هەرگیز شوێنی نیشتەجێبوونی دیاری كراویان نەبووە، بەلای ئەوانە دەستگرتنەوە باشترین پیشەیە و ئازادن ئەگەر كاری لەشفرۆشیش بكەن و سەوسەن دەڵێت: ((من هەرگیز كاری لەشفرۆشی ناكەم، هەرچەندە هەندێك‌ گەنج هەیە دەیەوێت لەگەڵماندا ڕابوێرێت‌، بەڵام من خۆم ڕازی نابم هەندێك لەئافرەتەكانی تر لەكاتی بەختگرتنەوەدا دەستبازی لەگەڵ كوڕەكان دەكەن، بەڵام هەرگیز ناهێڵین بگاتە مەسەلەی تر)).
سۆران یەكێكە لەو گەنجانەی كەجارێكیان كەوتووەتە داوی‌ بەختگرەوەیەك و ئاماژە بەوەدەكات كە زۆر دژی‌ هاتنی‌ ئەو ئافرەتانەیە، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە پیاویش هەن لەگەڵ‌ ئەو كچانەشدا ڕێكدەكەون و دەڵێت (من پێمناخۆشە گەنجەكان پارەی خۆیان بەبەلاش سەرفدەكەن لەپێناوی ئافرەتانی قەرەج و دۆمدا).
سەردار كەمال هاتنی‌ ئەو ئافرەتانەی‌ دەستگرەوەو سواڵكەری دەكەن لا ئاساییە و دەڵێت ((ئەمڕۆ خەڵكی هەمووی پارەی هەیە، بەڵام ئەو ئافرەتانە قەرەجن هیچ جۆرە داهاتێكیان نییە، لەبەر ئەوە بۆخۆیان دێنە ئێرە كاسبی‌ خۆیان دەكەن، هەندێكیان سواڵكەرن و بەشێكیشیان دەتسگرەوەن و هەندێكیشیان لەپاڵ ئەم كارانەدا لەگەڵ گەنجەكانی ئێمەدا لەشفرۆشی دەكەن، ئەوەی گرنگە بژێوی خۆیان و منداڵەكانیان دابین دەكەن))، سەبارەت بەوەی كەئەم ئافرەتانە ڕەنگە ببنەهۆی بڵاوكردنەوی ئایدز لەنێو گەنجەكاندا دەڵێت ((گوناهی ئافرەتەكان نیە كە لەشفرۆشن، خەتای گەنجەكانی ئێمەیە كەهەر بەدوای كاری ناپەسەندو خراپەوەن)).
Top