خەم و گرفتەكانی كەم ئەندام و نابیناكان

خەم و گرفتەكانی  كەم ئەندام و نابیناكان
ئا: دیارسالار



وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: پرۆژە یاسای چاودێری و شیاندنی كەم ئەندامان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ پەسەندكردن


(سەرەكیترین كێشەی من كە تائێستا بەدەستیەوە دەناڵێنم پەڕینەوە لەشەقامەكان و یاخود چوون بۆ نهۆمە بەرزەكانە) ئەمە قسەی ئارام سەردارە كە ساڵانێكی زۆرە چاوەكانی دوورە لەڕووناكی و دەشڵێت «ئەو كەسانەی كە چاوەكانیان دوورە لەڕووناكی، واتا نابینان كێشەیان زۆرەو ناتوانن وەكو مرۆڤێكی ئاسایی مامەڵەبكەن، بۆنموونە خوێندنیش بۆنابینا زۆر زەحمەتەو ئاستەنگی زۆرە، نابینایەك هەتا خوێندن تەواو دەكات زۆر ماندوو دەبێت، پێویستی بەهاوكاری دەوروپشتی هەیە بەتایبەتی لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا. نابیناكان زۆر پێویستیان بەهاوكاری چاوساغەكان هەیە». دواتر كارزان عوسمانی نابیناش باس لەتوانایی زیرەكی نابیناكان دەكات و دەڵێت «هەندێك كەسانی چاوساغ هەن باوەڕناكەن كەلەناو نابیناكاندا مرۆڤی سەركەوتوو داهێنەر و بەتوانا هەبێت، چونكە بەشێك لەئەندامانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە تائێستا باوەڕیان بە هێز و توانای كەسانی نابینا نییە، وا بیردەكەنەوە كە نابیناكان كەسانی بێدەسەڵات بن و نەتوانن هیچ جۆرە كارێك جێبەجێبكەن، لەڕاستیدا بەوشێوەیە نییە، چونكە نابینای زۆر بەتواناو سەركەتوو هەیە، كە بەڕاستی ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت دەبنە كەسانی داهێنەر لەگشت بوارەكانی ژیاندا». كارزان ئەوەشدەخاتەڕوو كە پێویستە لەگشت قوتابخانەكان و شوێنە گشتی و تەنانەت فەرمانگەو دەزگاكاندا هەوڵبدرێت خەڵك وشیاربكرێنەوە دەربارەی كەسانی نابینا، چەمكی نابینا بەهەموو لایەك بگەیەنرێت و بزانن كە مرۆڤی نابینا وەك هەموو مرۆڤێكی ئاساییەو توانای كاركردنی هەیە، تەنیا لەڕووی بینینەوە لەتاكەكانی تر جیاوازە.
هەموو نابیناكان بۆخوێندنەوە دەتوانن سوود لە ئینتەرنێت وەربگرن
گوڵزار حەسەن مامۆستا لەپەیمانگای ڕووناكی دەڵێت «سەرەكیترین كێشەی هەموو نابینایەك مەسەلەی هاتوچۆیە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی ئێمە ئاشنا نەبوون بەنابینا و نەیانتوانیوە وەك پێویست هاوكاری نابیناكان بكەن». سەبارەت بەكێشەی خوێندنەوە مامۆستا گوڵزار وتی: «خوێندنەوەو هاتۆچۆ دوو لەگەورەترین كێشەی نابیناكان بووە لەژیانیدا، زۆرێك لە نابیناكان ئارەزووی خوێندنەوەیان هەبووە، بەڵام ئێستا تاڕاددەیەكی باش كێشەی خوێندنەوە كەمبۆتەوە، چونكە سیستەمی كۆمپیوتەری تایبەت بەنابیناكان كێشەی بەشێكی زۆر لەنابیناكانی چارەسەركردووە، هەموو نابیناكان بۆخوێندنەوە دەتوانن سوود لە ئینتەرنێت وەربگرن.
كەم كەس هاوڕێیەتی نابیناكان دەكات
یونس حوسێنی نابینا مامۆستا لەپەیمانگای نابینیان ئاماژەی بەتەنیای و گۆشەگیردا كە گەورەترین كێشەی نابینیانە و دەڵێت: «گەورەترین كێشەی هەموو نابیناكان ئەوەیە كەهەمیشە نابینا هەست بەتەنیایی دەكات، چونكە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی نابیناكان ناتوانن هاوڕێیەتی مرۆڤە چاوساغەكان بكەن، لەبەر ئەوەی تا ئێستا مرۆڤی چاوساغ ئەو هەستەی تیادا دروست نەبووە ببێتە هاوڕێی كەسێكی نابینا، هەمیشە چاوساغەكان خۆیان لەمرۆڤە نابیناكان لادەدەن و نابیناكان بەتەنیایی دەمێننەوە، ئەمە بێجگە لەوەی كە كەسانی نابینا كێشەی تریشان هەیە، كێشەیەكی سەرەكی تر كە ڕووبەڕووی هەموو نابیناكان دەبێتەوە ئەوەیە كە چاوساغەكان هیچ ڕەچاوێكی تایبەتی بۆ نابیناكان ناكەن و هیچ هاوكارییەكیان پێشكەش ناكەن، لەبەر ئەوەی تائێستا تاكەكان لەچەمكی نابینا تێنەگەیشتوون و نازانن كە نابینا بەردەوام پێویستی بەهاوكاری هەیە».
بەرنامەی زۆرهەیە بۆباشتركردنی باری گوزەرانی كەم ئەندامان
ئاسۆس نەجیب وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەهەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی كەم ئەندامان دەڵێت «بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی كەم ئەندامان، بەرنامەی زۆری بۆ دانراوەو یەكێك لەهەنگاوە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم بۆچارەسەری كێشەی كەم ئەندامان زیادكردنی مووچەكەیانەو كە پێشتر ئەو كەم ئەندامانەی فەرمانبەر بوون تەنیا 30 هەزار دیناریان هەبوو، هەروەها ئەو كەم ئەندامانەی كە فەرمانبەر نین تەنیا(50)هەزار دیناریان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم مووچەیە زیادكرا، خۆشبەختانە ئەم مووچەیە لە30 هەزارەوە بۆ 100 هەزار و لە50 هەزارەوە بۆ 150 هەزار دینار زیادكرا. لەئێستادا 82917 كەم ئەندامی (نابینا – بیركۆڵ – مەنغۆل –– تالاسیما – ئیفلیجی مێشك – نابیست – كەم ئەندامی فیزیای) كورتە باڵاكان مووچە لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەردەگرن. بۆ كارئاسانی كەم ئەندامان هەڵساین بەتەرخانكردنی فەرمانبەرێك لەپرسگەی هەر فەرمانگەیەك بۆ ڕایی كردنی كاروباری كەم ئەندامان لەو فەرمانگەیەدا. لەئێستادا ئەم بڕیارە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاری پێدەكرێت، لەڕێگەی تابلۆیەك و هەڵواسینی باجێك بەو فەرمانبەرەی تایبەت كراوە. كەم ئەندامان دەتوانن كارەكانیان ڕایی بكەن و ئازارو ماندووبوون نەكێشن».
هەروەها سەبارەت بەپڕۆژە یاسای چاودێری شیاندنی كەم ئەندامان وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی وتی «ئەم پرۆژە یاساییە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ پەسەندكردن، پرۆژەی چاودێری و شیاندنی كەم ئەندامان كۆكراوەی ڕای زۆربەی ڕێكخراوە كەم ئەندامیەكانی كوردستانە. كە لەكۆبوونەوەیەكدا سەرجەم ڕێكخراوەكان ڕای خۆیان لەسەر ئەم پرۆژەیە خستەڕوو و دەنگیان بۆ دا، دواتر بەرزكراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. ئامانج لەم پرۆژەیە پارێزگاری و دەستەبەركردنی ماف و پێداویستیەكانی خاوەن پێداویستی تایبەتە. هەروەها چۆنیەتی مامەڵەكردنیان وەكو كەسێكی ئاسایی و پێدانی كەسایەتی سەربەخۆی خۆیان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەكان. لەبڕگەكانی پرۆژەكەدا باس لەوەكراوە مووچەی كەم ئەندامان بەپێی ڕێژەی كەم ئەندامیەكەیان بێت و لەهەر فەرمانگەیەكی حكومی و كەرتی تایبەتدا ڕێژەی دیاریكراو بۆ كەم ئەندامان دیاری بكرێت بۆ دامەزراندن. هەروەها لەپرۆژەكانی نیشتەجێبوون پشكی كەم ئەندامان لەبەرچاو بگیرێت. جیا لەوەش هاوكاریكردنی كەم ئەندامان لەپرۆژەكانی وەرزشی و ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی تواناكانیان لەو بوارەدا و ئاسانكاری كردن بۆیان)).
Top