منداڵێك بەئاگر گوزراشت لەخەمەكانی دەكات

منداڵێك بەئاگر گوزراشت لەخەمەكانی دەكات
ئا: رۆشنە عومەر

ڕەنگدانەوەی ڕووداوێك یان ڕەفتارێكی بەرامبەر زۆر جار ڕەنگە وا لەمرۆڤ بكات پەرچە كردارێك بنوێنێت كە كارەسات یان ڕووداوێكی دڵتەزێنی لێبكەوێتەوە، سەرەڕای قێزەونی ئەم دیاردە و كارەساتانە لەنێو كۆمەڵگەدا، بەڵام بەردەوام لێرە و لەوێ هەیە و هەستی پێدەكرێت و تاڕاددەیەكی زۆریش لای خەڵك دیاردەیەكی دەگمەن نییە و ساڵانە خەڵكانێكی زۆر بەتایبەتی ئافرەتان دەبنە قوربانی.
تا ئێرە بابەتەكە باوە، بەڵام ئەگەر بڵێین منداڵێك كە لەپۆلی چواری سەرەتاییە و دوای ئەوەی چەند لیترێك نەوت بەجەستەی خۆیدا دەكا و لەبەردەم دەرگای ماڵەوە ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدا، بێگومان ئەمە ڕووداوێكی دەگمەنە و پێویست بەهەڵوەستەیەك و شرۆڤە كردنێكی زۆر و وردی ئەم ڕووداوە هەیە، بەڵام دوو هەفتە بەر لەئێستا لەشاری هەولێر (أ،ص،س) كە لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییە لەڕێكەوتی 30/11/2011 دوای ئەوەی لەقوتابخانە دەگەڕێتەوە بڕێك نەوت بەخۆیدا دەكات و خۆی دەسووتێنی.
منداڵێكی زیرەك
(أ) منداڵێكی تا بڵێی زیرەك و بەتوانایە لەڕووی تواناكانی مێشكییەوە، زوو شت لەبەر دەكا و دەیناسێتەوە، هەر كەسێك قسەیەكی ناخۆشی پێدەڵێ زۆر درەنگ لەبیری دەكات، چاوی تیژە، بەپاراوی قسە دەكات هەمیشه پرسیاری گرنگ و قوڵی دەكرد و زۆریش حەزی دەكرد لەشتەكان و زۆر جاریش شەڕ‌ی دەكرد و كاتێك لەگەڵ كەسانی لەخۆی گەورەتر دادەنیشت زۆر بە وردی گوێی لەقسەكانیان دەگرت و تەنانەت زۆر جار ئەوەی گوتراوە بۆ باوكی باس دەكرد و پرسیاری لێدەكات وردبێتەوە‌ ئەمانەش هەموویان نیشانەی زیرەكی منداڵن، بۆیە بەزیرەكی و بلیمەتی ناسراوە، بەڵام (ا) هەندێك هاروهاجە و لەقوتابخانە تەواو پێچەوانەی ماڵەوەیە و ڕقی لەخوێندنە، بەجارێك كە لەقوتابخانە دەگەڕایەوە تەنانەت جلوبەرگی قوتابخانەی لەبەر دابوو تا كاتی نووستن و كتێب و جانتاكەی چۆن دەگەڕاندەوە ماڵەوە بەو شێوەیە فڕێی دەدا تاكو ڕۆژی دواتر دەچوو بۆ قوتابخانە، سەرەڕای ئەمەش باوكی مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی لەیەكێك لەقوتابخانە تایبەتییەكان بخوێنێ.
سەرەڕای سووتانی جەستەی خۆی
خەمی نەخۆشییەكەی باوكی بوو
‌(أ) لەیەكێك لەقوتابخانە ئەهلییەكان دەخوێنێت و ئەو ڕۆژە بەیانی ئاسایی دەچێتە قوتابخانە، (ص)ی باو‌كی كە نەخۆشییەكی درێژخایەنی هەیە و سەرەڕای گەورەیی ڕووداوەكه جۆرێك لەئارامی بەسەرو سیمای هەستی پێدەكرێ دەڵێ: من چووم بۆ سەر كاری ڕۆژانەی خۆم كە دەكەوێتە دەرەوەی شار و ئەوەی بەخەیاڵمدا نەدەهات ڕووداوێكی لەم شێوەیە بوو، زەنگی تەلەفۆنەكەم لێیدا كە وەڵاممدایەوە، خوشكم بەهەناسە سواری گوتی زوو فریامان كەوە (ا) سوتاوە وا گیان لەدەستدەدا، ئەوكات دنیام لەبەرچاو تاریك و لەدڵی خۆم گوتم كوڕەكەم گیانی لەدەستداوە، بەڵام پێم ناڵێن، سواری ئۆتۆمبیلەكەم بووم و بەرەو شار گەڕامەوە، هەرچۆنێك بێت وێڕای قەرەباڵغی ڕێگا و بازگەكانی دەرەوەی شار كە تا ڕاددەیەك بوونە هۆكاری دواكەوتنم و نەمتوانی بێم بۆ ماڵەوە، خۆم گەیاندە نەخۆشخانە، كە چوومە ژوورەوە جگەرسۆزەكەم بەم شێوەیە بینی، لەناخەوە ئەو دیمەنە زۆر كاریگەری لەسەر تەندروستیم هەبوو و ئەوەی زیاتر هەژاندمی كاتێك كوڕەكەم منی بەو شێوەیە بینی سەرەڕای ئەوەی سووتانەكەی پلە سێیە دڵی دامەوە و گوتی باوكە: خەم مەخۆ هیچ نییە من چاك دەبمەوە تۆ دەبێ زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆت بی و بەڵێنت پێدەدەم من دەگەڕێمەوە لات و لەتەنیشتتەوە دادەنیشم، ئەم قسانە منیان ڕووخاند و بەناچاری چوومە دەرەوە.
باوكە خەتای من نەبوو
(ص) سەبارەت بەهۆكارەكانی خۆ سووتاندنی كوڕی و چۆنیەتی ڕوودانی دەڵێ: لەنەخۆشخانە كوڕەكەم هەستی بەگەوەریی ئەو كارە دەكرد و بەردەوام دەیگوت: باوكە خەتاكە لەمن نەبوو، و پێدەچوو ئەو ڕۆژە لەكاتی نان خواردنی نیوەڕۆ ڕێگا بەكوڕەكەم نەدرابوو لەگەڵ قوتابیەكانی تر نان بخوات و نازانین هۆكارەكەی چی بوو، ئایا بەئەنجام نەگەیاندنی ئەركەكانی قوتابخانە بووە یان هۆكاری تر بووە، دیارە ڕێگا نەدان بەنان خواردن لەگەڵ قوتابییەكانی دیكە كاریگەری دەروونی هەبووە لەسەری، چونكە ئەم كوڕەم زۆر زیرەكە و تێبینیم كردووە ئەگەر یەكێك ڕۆژێك قسەیەكی ناخۆشی پێ گوتبێت قەت لەیادی نەكردووە و لەدڵیدا پەنگی خواردووه بێ ئەوەی بیدركێنی‌، هەروەها كاتێك بەپاسی قوتابخانە گەڕاونەتەوە دیسان ئەو ڕۆژە لەناو پاس دانەنیشتبوو و بەپێوە وەستا بوو تاكو گەیشتبووە ماڵەوە، جیا لەهەموو ڕۆژانی تر كە هاتبووە ماڵەوە یەكسەر جلەكانی قوتابخانەی فڕێ دابوو و لەژووری سەرەوە بەبراكەی گوتبوو خۆم دەسووتێنم، براكەشی ئەم قسەیەی بەهەند وەرنەگرتبوو، بەقسەی (أ) دوای ئەوەی هاتبووە خوارەوە دەبەیەك نەوتی و بەخۆدا كردبوو، چەندین جار هەوڵیدا ئاگری چەرخەكە داگیرسێنی دانەگیرسابوو تا دوایین جار لەناكاو داگیرسابوو ئینجا بەئاگرەوە ڕایكردبوو بۆ ماڵێكی دراوسێمان و دوای ئەوەی بەشی سەرەوەی لەشی سووتابوو توانیبویان ئاگرەكە بكوژێننەوە و بیگەیەننە نەخۆشخانە، ئێستاش نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجام دراوە.
باوكی (أ) سەبارەت بەبارودۆخی ئێستای كوڕەكەی دەڵێ: ئێستا لەنەخۆشخانەیە و نەشتەرگەرییەكی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام ورەی بەرزە و هەمیشە دڵی من دەداتەوە و پێم دەڵێ باوكە بەخوای خەتاكە لەمن نەبوو، بەڵام تۆ خەمی منت نەبێ و هەوڵ بدە شەكرەت بەرز نەبێتەوە، من بەڵێنت پێ دەدەم دەگەڕێمەوە ماڵەوە و لەتەنیشتت دادەنیشم و لەقسەت دەرناچم و گوێڕایەڵی قسە و ئامۆژگاریەكانت دەبم.
Top