تازە هاوسەران هەڵەیان زۆرترە

تازە هاوسەران هەڵەیان زۆرترە
ئا: ئاشتی عەبدوڵڵا

ئەو هاوسەرە تازانەی دەچنە ژیانی هاوسەرییەوە، دەكەونە نێو هەڵەو گرفتی زۆرەوەو لەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن: دروستكردنی ژیانێكی خەیاڵی ڕەنگاوڕەنگ و دوور لەواقیعەوە. ڕێزنەگرتن و ڕانەگرتنی هەست و سۆزی بەرامبەر. دان نەنان بە هەڵەدا، لێنەبووردنی بەرامبەر و نەبوونی سنگ فراوانی و خۆبەزلزانین. درۆكردن و شاردنەوەی ڕاستی لەبەرامبەر. لەیەكتر نەگەیشتن و نەبوونی دیالۆگ و گفتوگۆی هێمن. هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتی. نەگونجان و جیاوازی لەمیزاج و ڕەفتار و شێوازی ژیاندا.

باسكردنی خراپەی یەكتر و كەموكوڕییەكان بەرامبەر لەبەردەمی كەسوكاری یەكتردا. دەنگ بەرزكردنەوە و هاوار و قیژەكردن بەسەر یەكدا. خەرجی و مەسرەفی زۆر و دەستبڵاوی كردن لەكڕینی شتومەك و كەلوپەلدا بەبێ ئەوەی باری گوزەران و ئابووری و كەمدەرامەتی لەبەرچاو بگیرێت، بۆیە قەرز زۆر دەبێت و بەرنامە بۆ دانەوەی ناكرێت. هەروەها یەكێكی تر لەو كێشەو گرفتانە بریتییە لەگوێنەدان بە پاكوخاوێنی لەش و جەستە، یان ناوماڵ. ئیرەیی و بەدگومانی و ڕژدی و ڕەزیلی یان دڵپیسی لەڕاددەبەدەر. شەڕوشۆڕ دروستكردن لەسەر هۆكاری لابەلا و ناسەرەكی و بچووك. لێنەبووردن و سنگ فراوان نەبوون بەرامبەر بە هەڵەی یەكتر و یەكتر تاوانباركردن و دان نەنان بە هەڵەدا و داوای لێبووردن نەكردن.
Top