لەو دەنگە.!

لەو دەنگە.!
چیرۆكی رۆژنامەنووسیی
نوسينی: یاسین قادر بەرزنجی
تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان و كوردستانی نوێ دەینوسێ



نازانم، كە بەتەنیا لەسەر جێگاكەی بەجەستەی شەكەتەوە درێژی دەكەن، ئاخۆ دەچێتەوە بۆ كام رۆژگاری ژیانی پڕ لە رووداو و تاڵی وشیرینی. یان لەگەڵ كام یەك لە یارو یاوەرانی دەست لەملی ژوانێك دەكەنەوەو رازونیازیان بەیەكتر دەگەێنن؟
بەڵام لەوە دڵنیام مێشكە ماندووەكەی بۆ ساتێك ئۆقرە ناگرێ و فیلمی یادو یادەوەرییەكانی بە بەرچاوانیدا دێن و دەڕۆن..
مامۆستا دلێر، لەهەڕەتی گەنجێتی و چالاكییە بێ كۆتاییەكانیدا، سەردەمانێ لە كەركوك دڵی گەرمی وەك ئاگری بابەگوڕگوڕ نێڵەنێڵی بوو، بۆ لاوانی ئەو سەردەمە مامۆستاو هۆگر بوو، پارچەیەك بوو لەپەرۆشی..
لەودەمەوە ئاوێزانی شیعر و ئاواز بوو بوو، كە دەچووەوە (كۆیە)ی زێدی باوباپیران، بەجارێ لەنێو ئاوازەكانی تایەر تۆفیق و سێوەدا دەتوایەوەو خۆیشی رەنگی سروود و گۆرانیی گرتبوو..
هەر زوو بووە دەنگی زوڵاڵ و كاراكتەری سەرەكیی نێو كۆڕی تێكۆشان و بە سروودەكانی سوێی دڵە پڕ لەزامەكانی ساڕێژ دەكرد..
لەشۆڕشدا، دەنگی ئەو لە چیا سەركەشەكاندا دەنگی دەدایەوە و شیعری ئەو بووبووە ئارامبەخشی رۆحی میللەتپەروەران..
كاتێ حەفتاوشەش، جەستەی موبارەكی برا شەهیدەكەی گەیشتەوە ژێر سێبەری هەیبەت سوڵتان، لەبری هەڵڕشتنی فرمێسكی گەرمی، بەئاوازێكی یەكجار بەسۆز پێشوازیی لە (نازدارەكەی كۆیە) كردو ئیدی دەنگی هەڵقوڵینی ئەو كانییە جوان و بێگەردە بەردەوام بیرومێشكی لاوانی ئاودەداو بووە مایەی زیندەگانیی..
مامۆستا هەرخۆی دلێر بوو، لە كۆڕی ماتەمی ئازیزاندا براو لە هەواڵی بێسەروشوێناندا پرسیار و لە شەوە نوتەكەكاندا چرا بوو، چرایەكی گەش.
ساڵانێكە ئەو شیعرە بەسۆزە، ئەو چیرۆكە درێژە، ئە ودەنگە ئەفسووناوییە لەژێر تاشەبەردی ناساغیدا دەناڵێنێ و ئەو دووچاوە پڕ لەبریسكەیەی جاران خامۆشن..
هەر كەئاشناو رۆشنایانی دەچنە لای، بەدڵی پڕ لەسوێ و چاوی تەڕەوە تەماشای دەكەن و دەبینن ئەو(نەورۆز)ە شەڕ لەگەڵ مەرگدا دەكات. هەر كاتێ یەكێك لەخۆشەویستانی بناسێتەوە ئەوا لای جگەرسۆزەكانی دەبێتە شادی و هەرا، دەزانن كە (باواجی) هێشتا هەر دەستلەملی ژیانەو مەرگ لە ئۆیەی نایەت.
وەك زۆرجاری دی، بەدیتنی شادبووینەوە، من و (هاوڕێ)ی گیانی بەگیانیی ئەو، لەگەڵ (عەول)ی (چەهچەهەی بولبول)دا چووینە خزمەتی، مەبەست جەژنە پیرۆزەو هەواڵ پرسینی دڵە گەورەكەی و مێشكە ماندووەكەی و دەست و پەنجەی زێڕینی بوو..
ئەو، بەر لە راپەڕین فرمێسكی بۆ (هاوڕێ) دەڕشت كە لەزینداندا ئازار دەدرا، دوای راپەڕینیش زوو زوو سۆراغی هاوڕێ هونەرمەندەكەی دەكرد. وا هەرسێمان پێكەوە لەمامۆستا دەڕوانین..
زۆرمان كردو زۆرمان كۆشا هیچ كاممانی نەناسیەوە. لەپڕێكدا بەعەولی هاوڕێمم وت، ئادەی با نەورۆزەكەی خۆی بۆ بڵێینەوە.
(ساڵێكی تریش وا داهاتەوە. رۆژی نەورۆزی كورد هەڵاتەوە)..
بینیمان چاوە ماندووەكانی گەشتربوونەوەو پڕبوون لە بریسك و هوڕ، گۆنای گەشایەوەو زەردەخەنە چووەوە سەرلێوانی..
دەنگ لەسینەوە دەرهات و كەوتە وتنەوەی سروودەكەی، ئێمەش، لەگەڵ خۆشحاڵیمان بەو دیمەنە، هاوكات دڵگەرمیمان بۆی، بە دەم رشتنی ئەسرینەوە بەردەوام بووین..
عەول تێیچریكاندو پڕ بەژوورەكە دەنگی لێ هەڵبڕی:
چەهچەهەی بولبول عەزیزم، ئاهوزاری پێوەیە
هەلهەلەی عەرعەر لە عیشقا، دەردی كاری پێوەیە
نێرگزی شەهلا ئەلەرزێ، عیشوە كاری پێوەیە
دولبەرا ئەمڕۆ نەسیم، بۆنی بەهاری پێوەیە
گوڵ شكۆفەی كردوە، خونچەی بەهاری پێوەیە..
مامۆستا هەموو هەستەكانی لە چاو و گوێیەكانیدا راگرتبوو، چاوی نەدەتروكاندو بڕیبوونیە عەول، لەبەرخۆیەوە وتی (لەو دەنگە)، چاوەكانی گەشتر دەبوونەوە. داوای لێكرد بەردەوام بێ، ئەویش بەدەم قوڵپی گریانەوە هەردوو دەستەكانی مامۆستای نا بەچاوانییەوەو لەسەر سۆزی خۆی بەردەوام بوو..
یادەوەرییەكانی مامۆستا بوونە قسەی سەرزاری و توند دەستی عەولی گرت و وتی:
-لەبیرمە دوای راپەڕین بۆ سەفەری هەندەران ئامێری عودەكەتت فرۆشت. ئای كەخەمم خوارد..
عەول وتی:
-راست دەفەرموویت، پارەم نەبوو بۆ سەفەر، گەلێ شتی خۆمم فرۆشت، خەمت نەبێ، ئێستا دوو عودی زۆرباشم هەیە..
ئێمە بۆ حاڵی مامۆستا، كە كەوتبووەوە قسە، لەسەرێكەوە خۆشحاڵ و لەسەرێكی دیكەوە نیگەران بووین. خودایە، ئەم پیاوە كێوێك بوو لە ورەبەرزی و دەریایەك بوو لە هونەر و داهێنان..
هاوڕێ دڵ لەلاكەی، بەر لەوەی ماڵئاوایی بكەین، بە مامۆستای وت:
-خەریكە خەونی دێرینت دێتە دی و كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی..
ئەو وای وت و مامۆستا دەستی لەملی كردو دوای ماچێكی گەرمی، وتی:
-دەبێ وابێ. دەبێ كورد بەو ئامانجە بگات..
ئێمە ویستمان دوای ماڵئاوایی مامۆستا جێبهێڵین، هەرچەندە ویستیان بەرەو ژوورەوە بیبەنەوە، بەڵام توندتوند دەستی عەولی گرتبوو بەری نەدەدا، تا دەرەوەی دەرگای ژوورەكە بەرۆیشتنە پڕ لە زەحمەتەكەیەوە لەگەڵماندا هات..
لە ژوورترازاین و لە ماڵ ئاوابووین. هاوڕێ و عەول لەناو ئوتومبیلەكەشدا هەر هەنسكی گریانیان دەبیستراو منیش بۆ دڵدانەوەی هەرسێكمان، روومكردە عەول و وتم (لەو دەنگە)...
ئیدی هەرسێ پێكەوە، بەشێ لە ئاوازەكەی مامۆستامان وتەوە.
بۆیەك شەو لای دایە ئەم دێیە رێی وێڵم
بەیانی، خۆرهەڵات، سوار ئەبم جێی دێڵم
پایزە باران لەو ئێوارەیەدا، جوانترین دیاری بوو بۆ سروشت، براكەی من و عەول وتی:
-با جامەكە بكەینەوە، گوناه نییە پیاو لای مامۆستا دلێر بووبێت و بۆنی بارانی پایز نەكات.
***
سەرنج:
-مامۆستا دلێر: ئەدیب و هونەرمەندی گەورە خالید دلێر
-عەول: هونەرمەندی ئازیز عەدنان كەریم (هەرچۆن هاوسەر و منداڵەكانی بانگی دەكەن)
-هاوڕێ: كاك تەحسین قادر
Top