چۆن بە بەردەوامیی هاوسەرگیرییەكەت دەپارێزیت؟

چۆن بە بەردەوامیی هاوسەرگیرییەكەت دەپارێزیت؟
ئامادەكردنی: ئاشتی عەبدوڵا


سەركەوتنی پرۆسەی هاوسەرگیری و بەردەوامبوونی خێزان، پێوەندییەكی توندوتۆڵی بە ستراكتۆر و ئامانجەكانییەوە هەیە، ئەم ستراكتۆرو ئامانجانەش بەپێی كۆمەڵ و شارستانییەتەكان گۆڕانی بەسەردادێت، هەروەها سەركەوتنی هاوسەرێتیش واتای جیاواز وەردەگرێت، ئەویش بەپێی جیاوازی كۆمەڵ و چین و توێژەكان لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە. ئەو هاوسەرێتییە كە لەكۆمەڵگەیەكی ڕۆتیندا بەسەركەوتوو دادەنرێت، ڕەنگە لەكۆمەڵگەیەكی كراوەو ئازادیخوازدا بە سەركەوتوو نەژمێردرێت.
لەكۆمەڵگەی سەرەتاییدا جیاوازە، بە بەراوردكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی شارستانیدا. هاوسەرێتی سەركەوتوو لەكۆمەڵگەیەكی كشتوكاڵیشدا جیاوازی هەیە لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی پیشەسازیدا. زۆر لەزاناكانی كۆمەڵناسی لێكۆڵینەوەیان ئەنجامداوە بۆ دیاریكردنی بنەماكانی هاوسەرێتی سەركەوتوو كە دیارە لەمبارەیەوە جیاوازی لە دیدگا و بۆچوونەكانیاندا بەدیدەكرێت كە لێرەدا تیشك دەخەینە سەر گرنگترینیان.
هاوسەرێتی سەركەوتوو بەوە دەناسرێتەوە كە سیمای بەردەوامیی پێوە دیارەو دیاردەكانی هەڵوەشان و بەجێهێشتن و جیابوونەوەی تێدا بەدی ناكرێت، پێوەری بەردەوامی یەكێكە لە پێوەرە گرنگەكانی سەركەوتنی هاوسەرێتی، بەڵام مەرج نییە هەموو پێوەرەكان بێت، چونكە دەیان و سەدان ژن و پیاو هەن كە لەژیانی هاوسەرێتیاندا سەركەوتوو نین و بەردەوامیش لەژیانی هاوسەرێتیاندا لەگەڵ زۆر كێشەو ئاژاوەو نائارامیدا كە ڕۆژانە دێنە ڕێییان و ناتوانن چارەسەریان بكەن، كەچی لەیەكتری جیاش نابنەوە. بۆیە ناكرێت بەردەوامی خێزان بەهاوسەرێتی سەركەوتوو بژمێردرێت.
هەندێك لەهۆیەكانی جیانەبوونەوە و بەردەوامی هاوسەرگیری بریتین لە: لێبووردن و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. بە ئەركی سەرشان زانینی مانەوەیان لەبەر ڕێزگرتن و بەرز ڕاگرتنی خۆشەویستی هەردوولا و دەوروبەر، كە ئەمانە گرنگترین داخوازیی گشتیین. بەرژەوەندی و داهاتووی منداڵەكان. پەسەندكردنی دەنگی جیابوونەوە لەلایەن دەنگی گشتییەوە. ڕێگە نەدانی ئایین و دەوروبەر بە ژن كە جیابوونەوە هەڵبژێرێت. هەروەها كاریگەری چەمكی نەنگەو عەیبەی بنەماڵە بەرامبەر بە وشەی تەڵاق و جیابوونەوە.
بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەیە خێزانی سەركەوتوو دەبێت بۆ گەشەكردن و گەڵاڵە بوون و پەرەسەندنی كەسایەتی ژن و پیاو كار بكات و لەودا هەردووكیان بواری گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەكانیان بۆ بڕەخسێ، كە هەردوولایان توانا و بەهرەكانیان پەرە پێبدەن. ئاشكرایە خێزانی جێگیر و ئارام كە لەسەر هاوسەرێتی سەركەوتوو بونیاد نرابێت و تەبایی و ئاسوودەیی تێدا بێت، دەبێتە هۆی ئارامی كەسایەتی و پەرەدان بەتوانا و بەهرەی ئەندامانی.
Top