گوڵستان و كۆرپەكەی ناوسكی بەدەستڕێژی براكەی دەكوژرێن

گوڵستان و كۆرپەكەی ناوسكی بەدەستڕێژی براكەی دەكوژرێن
ئا: سانە سلێمان



مێردی گوڵستان: بوختانیان بۆ هاوسەرەكەم دروست كرد گوایە پێوەندی لەگەڵ پیاوێكی تر هەبووە

دایكی گوڵستان: خۆم سكاڵام لە دژی كوڕەكەم بەرز كردەوە

باوكی گوڵستان: كوڕەكەم خۆی لەپرسەكە پێوەندی كرد و گوتی من گوڵستانم كوشتووە

عەقید جەمیل محەمەد ئەمین سورچی: تاوانبار لە پەنجەرەكەوە تەقەی لێكردبوون و دایك و كۆرپەكەی كوشتبوون

مێردی گوڵستان: تەنیا مانگێك مابوو كۆرپەی خۆم ببینم بەڵام ماڵیان كاولكردی

(ر، ع، م) تەمەن 18 ساڵ، پیشەی مریشك فرۆشە و 11 مانگە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ گوڵستانی تەمەن 16ساڵە پێك هێناوە، كە ژنی ماڵەوە بووە و لە ماڵۆچكەیەك ژیانێكی كامەران و بەختیاریان پێكهێنابوو، ئەم ژن و مێردە لاوە چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد ماوەیەكی دیكە ببنە دایك و باوك و كۆرپەكەیان لە ئامێز بگرن، بەڵام ئەم ئاواتە نەهاتە دی و لە شیرینی خەودا هەردووكیان(گوڵستان و كۆرپەكەی) بوونە قوربانی فیشەكی دڵڕەقانەی براكەی و كۆتایی بە ژیانیان و كامەرانی ئەو خێزانە هات، سەبارەت بەم ڕووداوە هاوسەری گوڵستان بەمجۆرە دڵی خۆی بۆ گوڵان كردەوەو وتی: (گوڵستان ئامۆزام بوو، كاتێك ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا لە خێزانێكی كامەران و بێ كێشە ژیانمان بەسەر دەبرد و زۆر یەكتریمان خۆش دەویست، خوای گەورە كۆرپەیەكی پی بەخشیبووین كە تەنیا مانگێكی مابوو هەردووكمان وەك دایك و باوك لە ئامێزی بگرین، بەڵام لەشەوی 8-9/11/2011 براكەی بەناوی (ح) لەگەڵ دوو كوڕە پورم بەناوی (س.و.ه) هەڵسان بە كوشتنی خێزانەكەم، دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەریان زانیم لەڕۆژی پرسەكە (س) تەلەفۆنی بۆ خێزانەكەی كردبوو كەدەكاتە (ب)ی خوشكی گوڵستان و قسەی لەگەڵ كردبوو بەشاهیدی خوشكێكی تری بە ناوی (م) كە گوێی لە قسەكانیان بووە، لە تەلەفۆنەكەدا(ب)ی خوشكی گوڵستان بە (س)ی كوڕە پوری منی گوتووە، كە دراوسێیەكیان لەكاتی ئەو ڕووداوە(س.و.ه) بینیووە كە بە سواری ماتۆڕ سكیل لەدەوری ماڵی گوڵستان بوون، هەروەها بەیانی دواتر برای (س) تەلەفۆنی بۆ (ق)ی ئامۆزای كردوەو پێوەندی بە ماڵی باوكی گوڵستان كردووەو وتووبووی كە (ح)ی برای گوڵستان بە ئۆتۆمبێل وەرگەڕاوە، ئەمەش بۆ شوێن بزركردنی ڕووداوەكە، بەڵام دواتر دەرچوو قسەكەی درۆ بووە، دایكی گوڵستان ئێمەی ئاگاداركردەوە كە ئەو قسەیەی (ق) پێی وتوون درۆیە و بۆ ئەوە بووە كە گومانمان لەسەر (ح) نەبێت، هەروەها پێش كوشتنی خێزانەكەم (س)ی كوڕە پورەكەی بوختانیان بۆ دروست كردبوو، بەوەی گوایە گوڵستان پێوەندی لەگەڵ پیاوێك هەبووە، هەروەها (س) بە تەلەفۆن هەڕەشەی لە گوڵستان كردبوو كە(ح) برای دەیكوژێت، هەروەها لە پرسەكەش (ح) تەلەفۆنی بۆ باوكی كردبوو پێی وتبوو من خۆم دەزانم بۆچی گوڵستانم كوشتووە و ڕۆژێكیش دێت پێتان دەڵێم بۆچی كوشتوومە؟ بەڵام من وەكو هاوسەری گوڵستانی جوانەمەرگ سكاڵام لە دژی براكەی هەیە و ئێستاش ڕایكردووەو نەگیراوە».
دایكی گوڵستان:
كچەكەم هاتووچۆی ماڵی براكەی نەدەكرد بۆیە ڕقی لێی هەستابوو
خاتوو(ن،ر)ی تەمەن 57 ساڵ كە دایكی گوڵستانە سەبارەت بەم ڕووداوە پێی وتین: كچەكەم لە مانگی 10/2010 بە دڵی خۆی شووی بە ئامۆزای خۆی كرد و ژیانێكی زۆر خۆشیان هەبوو، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كەس نەبوو، هەروەها گوڵستان نێوانی لەگەڵ هەموو خوشكەكانی خۆش بوو، بەڵام تەنیا گرفتی لەگەڵ (ح) كوڕم هەبوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی (ح) خانووێكی نوێی كردبوو بەڵێنی بە خوشكی دابوو كە دەعوەتی بكات، بەڵام ئەویش ئەو كارەی نەكرد ئیتر كچەكەم سەردانی نەكرد و براكەی هەر لەسەر ئەوە ڕقی لێ هەڵسا تا لەڕۆژی 9/9/2011 كاتژمێر 2:30 شەو مێردەكەی تەلەفۆنی كرد گوتی پلە (ن) گوڵستان لە ژووری سەرەوە خەوتووە دایكم تەلەفۆنی كرد گوتی دەنگی تەقە لە ماڵەوەمان هاتووە چوینەتە ماڵتان چەندی بانگی دەكەین وەڵام ناداتەوە، منیش لەلای (موصل)م بۆ هێنانی مریشك، هەربۆیە لە تاوانا بەو شەوە لەگەڵ كچێكم هەڵساین چووین بۆ ماڵی گوڵستان لە گەڕەكی كوردستان، كە چووین، پێش ئێمە خەسووەكەی و شوبرایەكی گوڵستان گەیشتبوون و پێیان وتین چەند لە دەرگا دەدەین وەڵامی نییە، هەروەها گوێمان لە تەقەیەكی زۆر بوو، دوو پیاویشمان بینی لەسەر پەیژەكە هاتنە خوارەوە دەموچاویان بە دەمامك داپۆشرابوو، یەكیان باڵای بەرز بوو ئەوەی تر باڵای مام ناوەندی بوو، بەڵام نەمان ناسین كێ بوون، بۆیە ئێمەش بەناچاری چووینە سەرەوەو دەرگاكەمان شكاند، بینیم كلیلی دەرگاكەی لەژێر سەری خۆی دانابوو مۆبایلەكەشی لەناو دەستی بوو هەموو لەشی خوێن بوو دەستمدایە گیانی سارد بوو مردبوو، هەر بەو شەوە باوكی لەگەڵ خزمەكانی چووبوونە چوار قوڕنە بۆسەردانی خزمێك، بۆیە من خۆم چووم لە بنكەی پۆلیس سكاڵام لە دژی كوڕەكەم و ئەوانەی لەگەڵی بوون تۆمار كردووە».
باوكی گوڵستان:
(ح) كە توڕە دەبوو دەمانچەی لە خێزانەكەی خۆشی دەردەهێنا
باوكی گوڵستان دەڵێت «لەڕۆژی پێنج شەممە 8/9/2011 لەگەڵ براكانم و خەزوری كچەكەم و چەند خزمێك چووینە چوارقوڕنە بۆ ئاشتبوونەوەمان لەگەڵ خزمێك كە ببوو بە ناخۆشیمان، بەڵام كاتژمێر 3:30 شەو تەلەفۆنێكم بۆ هات ئاگاداریان كردمەوە كە كچەكەم لەخەو كوژراوە، پاش ماوەیەك زانیم كوڕەكەم كوشتوویەتی و بەبڕیاری خۆی ئەوەی كردووە، ئەو كوڕەی من بەبێ هۆكار كوشتوویەتی، بەڵام پێشتر هەستمكردبوو كە بەم دواییانە لەگەڵ هاوڕێی خراپ هاتووچۆی دەكرد، زۆر ئامۆژگاریم دەكرد سوودیشی نەبوو، هەستم پێكردبوو هەڵسوكەوتی زۆر خراپ ببوو لە خێزانەكەی خۆی توڕە دەبوو دەمانچەی لێ دەردەهێنا، من هەر بەبیستنی هەواڵەكە گومانم لە (ح) كوڕە تاقانەكەم كرد و هەروەها لە پرسەكەشی بە تەلەفۆن وتی من كوشتوومە».
تاوانبار ڕایكردووە
عەقید جەمیل محەمەد ئەمین سورچی لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی هەولێر دەڵێت «ئاگادار كراینەوە بەبوونی تەرمی ئافرەتێكی كوژراو لە گەڕەكی كوردستان، ئێمە كە گەیشتینە شوێنی ڕووداوەكە كە لەژوورێكی بچووك بوو، لەلایەن كەسوكارییەوە دەرگای ژوورەكەیان شكاندبوو بۆ ئەوەی كوژارەوەكە لەمردن ڕزگار بكەن و بیگەیەننە نەخۆشخانە، لەبەر ئەوەی تاوانبارەكە لە پەنجەرەكەوە تەقەی لێكردبوون و كوشتبوونی، دوای لێكۆڵینەوە و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە دەركەوت، كوژراوەكە هەتا گەیشتوونەتە سەری خوێنێكی زۆری لەبەر ڕۆیشتووەو بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی، سەبارەت بە تاوانبارەكەش لە پرسەی كوژراوەكە تەلەفۆنی بۆ خانەوادەكەی كردووە و خۆی دانی بەوەداناوە كە ئەو گوڵستانی كوشتووە، هەربۆیە ئەوە ئاشكرابووە كە (ح) ی برای ئەو كارەی كردووە و كوشتویەتی و ڕایكردووە تا ئێستاش لێكۆڵینەوە بەردەوامە و براكەشی دەستگیر نەكراوە.
Top